بە بەڵگەوە... خەزعەلی پێشتر سەدری فرۆشتوه‌ و له‌زنینداندا هەموو شتێكی ئاشكرا كردووه‌

بە بەڵگەوە... خەزعەلی پێشتر سەدری فرۆشتوه‌ و له‌زنینداندا هەموو شتێكی ئاشكرا كردووه‌

948 خوێندراوەتەوە

خەزعەلی هەمیشە لە پشت موقتەدا سەدرەوە دەوەستا، بەڵام تەنها بە دەستگیر كردنی لەلایەن ئەمریكیەكانەوە، خۆی پێنەگیرا و سەرجەم زانیاریەكانی لەسەر ئاشكرا كرد.


"هیچ مەبدەئێكی نیە، تەنها بۆ كۆكردنەوەی دەستكەوتی كەسی كار دەكات، گرنگی بە گەلی عێراق نادات" بەم شێوەیە قەیس خەزعەلی ڕێبەری (عصائب اهل الحق) وەسفی موقتەدا سەدری كرد، ئەو كاتەی كە لە نێوان ساڵانی (2007و 2008)دا لەلایەن ئەمریكیانە زیندانی كرابوو.


كۆنوسی لێكۆڵینەوەكانی ئەمریكیەكان بۆ ماوەی دە ساڵ بە نهێنی مایەوە، بەڵام لە كۆتاییدا دانپێدانانەكانی قەیس خەزعەلی ئاشكرا كرا، كە چۆن هاوكاری لێكۆڵەرە ئەمریكیەكانی كردووە، هەروەها سەرچاوەی پارەی سوپای مەهدی و پەیوەندی موقتەدا سەدر بە قاسمی سولەیمانی ئاشكرا كرد، ئەمە جگە لەوەی بە وردی باسی ئەو وەزارەتانەی بۆ كردوون كە لەلایەن لایەنگرانی موقتەداوە بەڕێوە براون بۆ مەبەستی كەسی بەكارهێنراون.


هەروەها خەزعەلی لە میانەی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا، باسی ئەوەی كردووە كە موقتەدا حەزی كردووە دەست بەسەر ئەو پارەیەدا بگرێت كە ئێران بۆ میلیشیا چەكدارەكانی عیراقی ناردووە.


ئێران و سەدر:

لە كۆنوسی لێكۆڵینەوەكاندا، كە لە پێنجی مانگی ئەیاری 2007دا ئەنجامدراوە، خەزعەلی ڕەتی كردۆتەوە كە زانیاری لەسەر دوو كەس بە ناوەكانی (ئەبو زەر و ئەبو سەلام) ئاشكرا بكات.


بەڵام لەسەر پێدانی هەموو زانیارییەكان لەسەر موقتەدا سەدر و هەردوو هاوكارەكەی عەباس كوفی و احمد شەیبانی هاوكاریەكی تەواوی كردوون ، هەروها زانیاری لەسەر دوو كەسی ئێرانی پێداون، كە كاریان لەگەڵ میلیشیا عێراقیەكان كردووە دژی عیراق.


بەڵگەنامەیەكی دیكە كە لە 20ی مارسی 2007 ئەنجامدراوە

،،

خەزعەلی بە وردی باسی لە دروستبوونی پەیوەندی نێوان موقتەدا سەدر و ئێران كردووە، هەروەها چۆنیەتی گەشەپێدانی پەیوەندییەكەی بۆ ڕوون كردونەتەوە.


خەزعەلی بۆ ئەمریكیەكان دانی بەوەدا ناوە، كە لە ساڵی (2003)دا بۆ یەكەمین جار لەگەڵ موقتەدا سەردانی ئێرانی كردووە، لەو كاتەدا سێ سەركردەی ڕەوتی سەدری لەگەڵدا بووە بە ناوەكانی احمد ئەلشیبانی و موستەفا یەعقوبی و عەباس ئەلكوفی.


خەزعەلی لە دانپێدانەكەیدا وتویەتی سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی ئێرانی بووە، ئامانجیش لەسەردانەكە بۆ ئاشنابوونی زیاتری موقتەدا و سەركردەكانی مەكتەبی شەهید سەدر و سەركردەكانی میلیشیای سوپای مەهدی بووە.


ئاماژەی بەوەش كردووە، كە لەو سەردانەدا چاویان بە هاشمی ڕەفسنجانی و مەحمود ئەلشاهرودی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كەوتووە، لەگەڵیاندا باسیان لە پرسەكانی پەیوەست بە عیراق و نەجەف و شیعە كردووە.


خەزعەلی لە بەشێكی دیكەی دانپێدانانەكەیدا دەڵێت" ئێمە دوای ئەو كۆبوونەوانە بە ئاشكرا لەگەڵ عەلی خامەنەیی ڕێبەری ئێران كۆبووینەتەوە، هەروەها چاویشمان بە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و كەسێكی دیكە بە ناوی حاجی یوسف كەوتووە،لەو سەردانەدا سوپای پاسداران بە وەفدی میوانیان ڕاگەیاندووە، كە حەز دەكەن لە ڕووی مادییەوە هاوكاری سوپای مەهدی بكەن".


خەزعەلی دەشڵێت:" لەو كاتەدا موقتەدا پێشنیارەكەی ئێرانی نە قبوڵ كردووە، نەڕەتیشی كردۆتەوە".


خەزعەلی باس لە درێژەی سەردانەكەیان بۆ ئێران دەكات و دەڵێت:"دوای ئەوە موقتەدا سەدر و شاندی یاوەری چاویان بە قاسم ئەلحائیری كەسایەتی ئاینی عیراق كەوتووە، لەگەڵیدا باسیان لە گەڕانەوەی بۆ عیراق كردووە،بەڵام ئەو كەسایەتیە پێی ڕاگەیاندوون لەبەر خراپی باری تەندروستی و دۆخی ئەمنی ناتوانێت لە ئێستادا بگەڕێتەوە".


هەروەها لە دانپێدانەكەیدا ئاماژە بە ماوەی سەردانەكەیان دەكات كە دە ڕۆژ لە ئێران ماونەتەوە و سەردانی چەندین شوێنیان كردووە.
دوای گەڕانەوەیان سوپای پاسداران بە بڕی 750 هەزار دۆلار بۆ ملیۆنێكی مانگانە هاوكاری بۆ سوپای مەهدی ناردووە، بۆ ئەوەی بەو بڕە پارەیە چالاكیەكانیان ئەنجام بدەن.


خەزعەلی دەڵێت : موقتەدا لە دڵە ڕاوكێی ئەو هاوكاریەدا بووە، ترساوە داواكارییەكانی ئێران كار لە سەر سەربەخۆیی سوپای مەهدی بكات،بۆیە بە ئێرانیەكانی وتووە، بە مەرجێك ئەو هاوكاریە وەردەگرم كە ئێران یان پاسداران دەستوەردان لە چالاكیەكانمان نەكات، ئێرانیش بە مەرجەكەی سەدر ڕازی بووە، هەروەها پارەكە ڕاستەوخۆ موقتەدا وەریدەگرت، لەو بڕە پارەیە بە ڕێژەی لە سەدای 50ی بۆ چالاكیەكانی سوپای مەهدی خەرج دەكرد، بەڵام بەڵگەنامەكە ئاماژەی بە نیوەكەی دیكە نەكردووە كە لە چیدا خەرج كراوە.


سەدر و پڕۆژەی ئێران:

خەزعەلی لە بەشێكی دیكەی دانپێدانانەكەیدا باسی لە پتەو بونی پەیوەندی نێوان ئێران و موقتەدا كردووە، ئێرانیەكان لەو باوەڕەدا بوون كە پڕۆژەی داهاتوویان لە عیراق پەیوەست دەبێت بە موقتەداوە.


" ئێران پێشتر تەركیزی لەسەر محمد باقر ئەلحكیم بوو، بەڵام فەیلەقی بەدر هێندەی ڕەوتی سەدر بەهێز نەبوون، جەماوەرێكی زۆری شەقامیان لەگەڵدا نەبووە، كە وابكات بۆ ماوەیەكی زۆر بمێننەوە".


دەشلێت" ئەندامانی ڕێكخراوی بەدر بە تێپەڕبوونی كات دەچوونە حوكمەوە و بەشداریان لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دەكرد، بەڵام سەدر توانای ئەوەی هەیە كە هەزاران شەڕكەر بۆ پشتگیری لە پرسی ئێران ئامادە بكات، هەروەها توانای ئەوەشی هەیە كە لە ڕووی سیاسیەوە پشتگیری ئێران بكات بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان".
لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 25ی مارسی 2007، خەزعەلی زانیاری لەسەر گرێبەستەكان و مامەڵە داراییەكانی موقتەدا سەدر و ئەندامانی ڕەوتی سەدر و كاركردنیان لەحكومەت و پەرلەماندا كردووە.


خەزعەلی دەڵێت گرێبەستەكان ئەنجام دەدران، هەرچەندە ئەو ڕێكەوتننامانە هیچ سودێكی بە وەزارەتەكان نەدەگەیاند، تەنها بۆ دەستكەوتنی پارە بۆ ئەندامانی ڕەوتی سەدر ئەنجام دەدران.


دووپاتیشی دەكاتەوە، كە بەشێك لەو پارانە دەنێردرا بۆ نوسینگەی سەدر لە شاری نەجەف.


لە 20ی مارسی 2007 لێكۆڵەرەوە ئەمریكیەكان پرسیار لە خەزعەلی دەكەن، كە لەبەرچی لە سوپای مەهدی جیابۆتەوە، ئایا لەبەر لایەنی پارە بووە؟
خەزعەلی لە وەڵامدا وتویەتی هۆكاری جیابوونەوەمان دوولایەنە بووە، هۆكارێكی لەبەر لایەنی مادی بووە، بەڵام هۆكارە سەرەكیەكە لایەنی ئایدۆلۆژی بووە.

خەزعەلی دەشڵێت كە سەدر و میلیشیاكانی جگە لە هاوكاریەكانی ئێران، پارەی دیكەشیان لە ڕێگای كاری نایاسایی و ڕفاندنەوە دەست دەكەوت.


هەروەها خەزعەلی زانیاری تەواوی لەسەر نوسینگەكانی سەدر و ئەو شوێنانەی كە زۆرترین كات تیایدا ماوەتەوە پێشكەشی ئەمریكیەكان كردووە.

ئەم نهێنیانەی خەزعەلی و وەڵامەكانی لە مانگی نیسانی 2018دا ئاشكرا كرا، هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ یەكەم لایەن بوو كە لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا بە وردی زانیارییەكانی بڵاو كردەوە.

میلیشیای بێ ئابڕوو:

شتێكی سەیر نیە، كە پەیوەندی نێوان موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی هاوكارە كۆنەكەی تێكبچێت.

لە كاتی جیابوونەوەی خەزعەلی، كە هەمیشە لە پشت موقتەداوە دەردەكەوت، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستی كرد بە ڕەخنە گرتن لێی و بە میلیشیای نزیك لە ئێران ناوی دەبردن، هەروەها چەندین جار بە (میلیشیای بێ ئابڕوو)ناوزەندی دەكردن، كە مەبەستی میلیشیای (عصائب اهل الحق) بوو.
لە مانگی كانوونی یەكەمی 2017دا قەیس خەزعەلی لە گرتەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەركەوت و گاڵتەی بە قسەكانی سەدر كرد و وتی:

،،

" بەڵێ ئێمە میلیشیای بێ ئابڕووین، بەڵام بێ ئابڕوویمان لەگەڵ حەقدایە دژی ناحەقی".


هێزەكەی خەزعەلی وەك گروپێكی جیابووەوە لە سوپای مەهدی دەركەوتن، كە سەدر پێشتر لە ساڵی 2003دا دژی هێزەكانی ئەمریكا پێكی هێنابوون.
هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2007دا خەزعەلیان بە تۆمەتی تێوەگلان لەهێرشەكەی سەر كۆمەڵگەی حكومی لە شاری كەربەلا دەستگیر كرد، كە بووە هۆی كوژرانی پێنج سەربازی ئەمریكی.


لە كۆتایی 2009دا خەزعەلی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عیراق كرا، هەروەها دوای ئەوەی لەسەردەمی نوری مالیكیدا پەیمانی دا كە هێزەكەی چەك دابنێن، لە ماوەیەكی كورتدا ئازاد كرا.