لەم بارودۆخە دژوار و ئاڵۆزەدا کورد چی دەکات؟

لەم بارودۆخە دژوار و ئاڵۆزەدا کورد چی دەکات؟

316 خوێندراوەتەوە

دوێنێ چەند بیرۆکەیەکی بەپەلەم سەبارەت بەم دۆخەی هاتۆتە کایەوە خستە ڕوو، کە بە سوپاسەوە زیاتر لە دوو سەد هاوڕێ و دۆست تێبینی و لێکدانەوەی خۆیان لە بارەیانەوە نووسی.

زۆربەی تێبینییەکان ئەرێنی بوون و پشتگیرییان لەو بۆچوونانە دەکرد و کۆمەڵێ خاڵی تریش پێشنیار کران. هەندێ تێبینی و کۆمێنتیش لێکدانەوە و قسەی زیاتر هەڵدەگرن،

بۆیەکا بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بیرۆکەکانم بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم:

1.داخوازییەکی وا هەیە کە بیرۆکەکانی من و کۆمەڵێ خاڵی هاوڕییان و نووسەرانی دیکە بکرێنە پرۆژەیەک و ئاراستەی نوێنەرانی گەلی کوردستان بکرێن لە پاڕلەمان، حکومەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و گەلی کوردستان بۆ ئەوەی بیکەن بە بەشێک لە پرۆگرامی کار و هەوڵ بدەن لە گەڵ نوێنەرانی وڵاتانی زلهێزدا بیانکەنە بنەمایەک بۆ پێکەوە کارکردن.

2.ئەم بیرۆکانە تایبەتن بە باشووری کوردستانەوە، چونکە گێژاوەکە لە عێراقدایە و پریشکەکانی ڕاستەوخۆ ئەو بەشەی کوردستان وەک قەوارەیەکی قانوونی دانپێدانراو دەگرنەوە. تێکەڵکردنی بە دۆزی کوردەوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، کە نوێنەرانی خۆیان هەیە و لە پەیوەندییدان لە گەڵ وڵاتاندا، نەک هیچ قازانجێکی بۆ کەس نابێت، بەڵکو دەیکاتە پرۆژەیەكی مردوو و ناواقیعی، چونکە هیچ هێزێک نابینینەوە بیەوێت لە یەک کاتدا لە چەند بەرەیەکدا لە کێشە و پێکداداندا بێت.

.هەندێ لە هاوڕێیان دەڵێن هێشتا هیچ نەبووە و شیعە دوژمنایەتی ڕانەگەیاندووە، بۆچی ئێمە بیانکەین بە دوژمن.

،،

بە گشتی ئێمە لە گەڵ دوژمنایەتی کەسدا نین، بەڵام شیعەکان بە بڕیارە تاک لایەنەکانیان و بە پێی زۆرینە و کەمینە چەندین جارە بڕیار دەدەن و ئەوە دووپات دەکەنەوە کە تەنها خۆیان بە خاوەن عێراق دەزانن و گوێ بە کەس نادەن.

بە سیاسەتی دوژمنکارانەیان لە دژی عەرەبی سوننە شار و دێهاتەکانیان وێران کردن و تا پێیان کرا لاواز و بێ دەرەتانیان کردن. هەرچی کوردە ڕووداوەکانی ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ بەڵگەی ئەوەن کە چی ڕق و کینەیەکیان لە بەرامبەر کورد لە دڵدایە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و قارەمانێتی پێشمەرگە نەبوونایە، نە لە پردێ و نە لە قەرەهەنجیر و نە لە کەلار دەوەستانەوە. ئەوەی لە خورماتوو بەسەر دانیشتوانی کوردیاندا هێنا هەمان سیاسەتەکانی بەعس شۆڤێنی بوو، بەڵام ئەمجارەیان بە سەرپۆشێکی مەزهەبییەوە.

بەڕاستی لە عەقڵی گشتی شیعەدا ئیمامی مەهدی کاتێ پەیدا دەبێ بەشەڕی کورد دەسپێدەکا، ئەمەیان نەشاردووەتەوە و لە گوتاری هەینیدا چەندین جار ئاماژەیان پێ کردووە، لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مەزهەبی شیعەشدا دەیان بۆچوونی ناڕەوا و دژ بە کورد لە ئارادان، هەر هەڵوێستێک کورد دەریبڕێ و بەدڵی شێعە نەبێ، یەکسەر بەو لێکدانەوانەوە گرێی دەدەن.

4.هەندێ لە هاوڕێیان پێیان وایە، نابێ کورد پەلە بکا. دەبێ چاوەڕوان بێ و بزانێ چی ڕوودەدا. دەرفەت و وەرچەرخانە مێژووییەکان چاوەڕێی کەس ناکەن و ئەوەی نەتوانێ بۆ بەرژەوەندی خۆی بیانقۆزێتەوە، ئەوا لە لاڕیدا بەجێ دەمێنێ. هەموو لە دژی پەلەکردن و پەلەقاژێ و هاژوهووژین. بارودۆخەکە پێویستی بەکاری دیپلۆماسی نهێنی، ئارام و هەڵوێستی دووربێنانە هەیە. دەبێ هەنگاوەکان هەمەلایەنە بیریان لێ بکرێتەوە و هەموو ئەگەر و لێکەوتە و مەترسییەکان لەبەرچاو بگیرێن.

5.بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر خافڵگیر نەبێ و هێڕش نەکرێتە سەر خاکەکەی و زیانی گەورە بە خەڵک نەگەیەنرێ، دەبێ ئامادە بێ بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆکانم. کاتێ دەڵێین کورد، مەبەستمان نوێنەرانە لە پاڕلەمان، حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکانم و جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گشتی .

لە بارێکی وای پڕ لە مەترسی و نیگەرانیدا خەڵک ناچارە بێتە سەر شەقام و نیگەرانییەکانی خۆی بە دونیا بگەیەنێ. ئەوە دەربخات کە وەک گەلێک کەوتووەتە بەر هەڕەشەی کۆمەڵێ میلیشیای خوێنڕێژ و دەوڵەتی مەزهەبی کە هەڕەشەن نەک تەنها لە گەلێکی ئاشیخوازی وەک ئەو، بەڵکو هەڕەشەن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە هەموو دونیا.

ئەمە ئەرکی خەڵک و کەسانی خەمخۆر و ڕۆشنبیرە، نەک دابنیشین و هەر بڵێین کام کورد و کام دەسەڵات و کام نازانم چی. کورد، بەو واتایەی ئاماژەمان پێ کرد، دەتوانێ بەدەنگێکی بەرز داوای پاڕاستنی نێودەوڵەتی بکات، بە تایبەتی بۆ ئەمە پێشینەی بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشمان هەیە کە لە ٥ نیسانی ١٩٩١ دەرکراو کوردی لە ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ لە ڕژێمی خوێنڕێژی سەدام حوسێن پاراست.

،،

هەرەوەها کورد دەتوانێت داوای ئەوە بکات، کە لەبەر ئەوەی عێڕاق تەنها یەک پێکهاتە دەیبات بەڕێوە و دوو پێکهاتەکەی تر پەراوێز خراون و هەڕەشەی برسیکردنیان لێ دەدرێ، دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی داهاتی عێڕاق بکات و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو دانیشتواندا دابەشی بکات.

بۆ ئەمەش پێشینەی بڕیاری٩٨٦ ساڵی ١٩٩٥ هەیە، کە بە پرۆگرامی"نەوت بەرامبەر بە خۆراک" دەناسرا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆی بەڕێوەی دەبرد. ئەگەر جاران ئەم کارانە بەتەنها بۆ کورد دەکران، پێموایە ئێستا زۆر لە عەرەبی سوننەش ئامادەن بن لە گەڵ کوردا داخوازی لەو جۆرە بخەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد