سیاسەت لە دونیای ئێمەدا

سیاسەت لە دونیای ئێمەدا

346 خوێندراوەتەوە

سیاسەت لە دونیای ئێمەدا جۆرێکە لە کینەی ڕێکخراو، لە بوغزی وێرانکار، قووڵ بە مەرگدۆستی و خۆوێرانکردنەوە گرێدراوە. کێشەی هەرە گەورەی سیاسەت لە کولتووری کوردی و خۆرهەڵاتیدا ئەوەیە کە دینەمۆ بنەڕەتییەکەی بوغزە.

توڕەیی دیاردەیەکی سروشتی دونیای مرۆڤە، بەڵام ئەوەی توڕەیی ببێتە ئارەزووی وێرانکردن و سڕینەوەی ڕەها و تێکشکاندنی بێچەندوچونی بەرامبەر، ئەوە وادەکات ماشێنێکی فاشستیانە ببێتە دینەمۆی سیاسەت.

بۆیە زۆر دوور ناڕۆم کە بڵێم شتێک لە ڕۆحی فاشییەت لە ناو کۆی ستراکتوری سیاسی لە خۆرهەڵاتدا ئیشدەکات، ئەو مەیلە گەورەیە بۆ وێرانکردنی ئەوی دی، ئەو ئارەزووە کوێرە بۆ دەرکردنی، نانبڕینی، بێموچەکردنی، زەلیلکردنی، شکاندنی شەرەفی بەردەوام لە سیاسەتی کوردیدا ئیشدەکات، لە شەڕی ناوخۆدا ئیشیدەکرد، لە ئێستاشدا بەردەوامە.

ڕیشەکانی ئەم بوغزە زۆر و بەکارن، ڕەگێکی لە چەمکی «بوغزی چینایەتییەوە» دێت کە مارکسییەکان هێنایان، ڕەگێکی دیکەشی لە چەمکی «توڕەیی پیرۆزی نەتەوە»وە دێت کە ناسیونالیستەکان کاریان پێدەکرد،

،،

ڕەگێکی دیکەشی لە بنەمای «تۆڵەی ئیلاهی» ئاینییەوە دێت...

بەڵام ڕیشەکانی هەرچییەک بن ئەم بوغزە هێزێکی ترسناکە بۆ لەکارخستنی هەموو ڕەوتێکی مێژوویی. بەبێ لەکارخستنی ئەو مەکینەی بوغزە، هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە، هەموو هێزێکی سیاسی ببێتەوە بە هێزێکی وێرانکار.

ئەم توڕەییە دروستکەرێکی گەورەی بۆشاییە، لە دۆخی بوغزدا تەنیا پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ناپچڕێن، بەڵکو زەمان دەوەستێت، هەموو هێزێک چاوەڕێی وێرانبوون و کۆتایی ئەوی دییە.