مانا ڕەمزییەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی لە مانا واقیعیی و فیزیاییەکانی گەورەترە

جەنگ یان ناجەنگ

مانا ڕەمزییەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی لە مانا واقیعیی و فیزیاییەکانی گەورەترە

544 خوێندراوەتەوە

کوشتنی قاسم سولەیمانی کردەیەکی سیاسیی پلە یەکە، کوشتنی پیاوێکە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئێرانی دەکرد لەو بەشەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کە ھێزی سیاسیی و چەکداریی سەر بە ئێرانی تێدایە.

قاسمی سلێمانی لە یەک کاتدا ڕۆڵی وەزیری دەروە و وەزیری بەرگریی و نوێنەری سوپی پاسداران و متمانەپێکراوی ژمارە یەکی بەھێزترین کەسی ئێرانی دەکرد: ئایەتوڵا خامەنەئیی.

،،

قاسمی سلێمانی لە ھەموو ئەم کارانەدا نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ”دەوڵەتی قووڵ“ی لە ئێراندا، دەکرد.

بەم مانایە مانا ڕەمزییەکانی کوشتنی ئەم پیاوە لە مانا واقیعیی و فیزیاییەکانی گەورەترە. ئەوەی پەلامار ئەدرێت تەنھا ژەنەڕاڵێکی خاوەن نفوز نییە، بەڵکو کۆی ئەو ھەموو شتانەیە لە پشتی ئەوەوە.

ھاوکات ئاماژەیەکی بەرچاویشە بۆ قبووڵنەکرنی ئەو ڕۆڵە سیاسیی و سەربازییانەی ئێران لە ناوەچەکانی کەنداوی عەرەبیی و لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا دەیبینێت.

کوشتنی ئەم ژەنەڕاڵە لەم ئاستەدا مانای ھەوڵدانی ئەمریکا و دۆستەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆ گەڕاندنەوەی کاریگەرییەکانی دەوڵەتی ئێرانی بۆ ناو سنوورەکانی ئێران خۆی. ماوەی چەند ساڵێکە دەوڵەتی ئێرانی لە ژێر فشارێکی ئابوریی و سیاسیی و سەربازیی گەورەدایە.

دۆخی ئابوریی وڵاتەکە وێرانە، بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەی تەواو ھەژارکەوتون، ئاسایشی ناوخۆ لە دۆخێکی تەواو ناجێگیردایە، بوونی چەندان دەزگای سێبەری تەریب و بەھێز، بە دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت،. مانایەکی ئەوتۆی بۆ بوونی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمان و وەزارەت و دەرکەوتە فەرمییەکانی تری دەوڵەت، نەھێشتۆتەوە. ئابوری سێبەر، حکومەتی سێبەر، دەزگای سێبەر، سوپای سێبەر، ئەو شتانەن کە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن.

ھەرچی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکایە پەیوەندییەکی پەڕگیر و ڕادیکاڵ و نائاساییە. بەر لە شۆڕشی ئیسلام شای ئێران ڕۆڵی پۆلیسێکیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەگێڕا و دۆستی ژمارە یەکی ئەمریکا بوو، کە خومەینی ھات ئەم پەیوەندییە بۆ دیوە پەڕگیرەکەی تری قڵپبووەوە و ئەمریکا، لانیکەم لە ئاستی گوتاردا، بوو بە ناحەزی ژمارە یەکی ئێران. ئەوەی دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕوویدا فڕێدانی بەنزینە بۆسەر ئاگری ئەو پەیوەندییە پڕ لە خاڵ و ئەگەری تەقئنەوە.

بەڵام وەک زۆرێک باوەڕیان وایە، ئەگەری ڕوودانی جەنگ زۆر لاوازە، زەحمەتە جەنگ ببێتە فۆرمی ئەو پەیوەندییە پەڕگیرە لە ئێستادا. ئایەتوڵاکانی ئێران نایانەوێت بڕوخێن، بۆیە مەحاڵە ئەم دۆخەی ئێستا بگەیەننە ئاستی جەنگ و پێکدادان.

ئەوان دەزانن جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا مانای کۆتاییھاتنی خۆیان و جمھورییە ئیسلامییەکەیان. کەس ئەم ڕاستییە سادە نەزانێت، ئایەتوڵا ملییۆنێرەکانی ئێران و ئەفسەرە گەورەکانی سوپای پاسداران و ھێزە چەکدار و ئەمنییەکانی ڕژێم، ئەم ڕاستییە دەزانن.

ھەموو پێکھاتەکانی ”دەوڵەتی قووڵ“ لە ئێراندا ئەم ڕاستییە دەزانن.

ئێرانییەکان ئەو ڕاستییەش باش دەزانن کە بەشێکی گەورەی خەڵکی عێراق و لوبنان، دەستخستنە سیاسەتی ناو وڵاتەکەیان لەلایەن ئێرانەوە قبووڵناکەن و داوای پاشەکشەی ئێران لە وڵاتەکەیان دەکەن.

،،

ئەمریکییەکانیش لە خەمی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی ئێراندا نین، ئەوان لە چەندان بۆنەدا ئەم مەسەلەیەیان ئاشکراکردوە.

ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت قرتاندنی نینۆکە ئەتۆمیی و موشەکیی و ھێزە پرۆکسیی و لەبرییەکانی ئێرانە.

بەڵام ئەوەی حوکمی سیاسەت دەکات، مەرج نییە ھەمیشە عەقڵانیەت و بیرکردنەوەی لۆژیکیی بێت، جەنگ دەشێت لە سایکۆلۆژیایەکی شەخسیی و لە وەڕسبوون و ڕقێکی لەمێژینەوە دروستببێت.

لە دۆخی ڕوودانی جەنگدا بۆ ماوەیەکی درێژ شتێک لە ئێران و عێراقدا بەناوی دەوڵەتەوە بوونی نامێنێت، ناوچەکە دابەشدەبێت بۆ چەندەھا ئیمارەتیی بچووک بچووک، کە تیایدا گەورە بچوک و بەھێز بێھێز دەخوات.

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا