واشنتۆن وتاران

واشنتۆن وتاران

242 خوێندراوەتەوە

گۆڕانی سروشت و ڕێساکانی ململانێکان وموشەکەکانی ئاشتی

ساڵانێکی زۆرە ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا درێژەی هەیە. ململانێکان لەساتەوەختی ڕوخانی ڕژێمی شاو سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ دا لەم فۆرمەی ئێستایاندا دەستیان پێ کردووە. واتە لەسایەی جەنگی ساردی نێوان خۆرهەڵات وخۆرئاوادا.

ئەم ململانێیانە چەندین قۆناغیان بڕیوە. بەڵام بەگشتی مۆرکی زاڵ بەسەریاندا ناڕاستەوخۆیی بووە. بەتایبەتیش لەڕووی سەربازیەوە. لەم ڕوەوە شەڕی بەوەکالەت وەك خەسڵەتێکی قۆناغی شەڕی ساردو چۆنێتی بەڕێوەبردنی ململانێکان لەو قۆناغەدا، حوکمی پەیوەندی نێوانیان و بەڕێوەبردنی ململانێکانی کردووە.

ئەمەریکا لەهەشتاکاندا لەڕێی پشتیوانی لەئێراق کاری لەسەر لاوازکردن و تەنانەت ڕوخاندنی ڕژێم لە تاران دەکرد. ئێرانیش هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئەمەریکای لە ناوچەکەو ناردنە دەرەوەی شۆڕش و ڕوخاندنی ڕژێمەکانی دۆستی واشنتۆنی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەدا.

بەڵام هەموو ئەوە ڕێگەی لێ نەگرتوون لەکاتی یەکگرتنی بەرژەوەندییەکاندا جۆرێ لە هاوکاری یەکتر بکەن .لەوێنەی هاوکاری کردنی یەکتر لەکاتی ڕوخاندنی هەردوو ڕژێمی بەعس و تاڵیبان لە لایەن ئەمەریکاوە. بەگشتیش لەدوای ڕوخانی ڕژێم لەئێراقدا لەیەکتێگەیشتن وململانێیەکی تێکەڵ حوکمی پەیوەندی هەردوو وڵاتی کردووە.

،،

جەنگی دژ بە داعشیش دەرفەتێکی تری هاوکاری نێوانیان بوو.

گەیشتن بەڕێکەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ تاران بە خاڵێکی گرنگی سەرەڕێی پەیوەندی نێوان تاران و واشنتۆن دادەنرێت. بەگوێرەی ڕێکەوتنامەکە ئێران دەیتوانی ڕۆڵی هەرێمایەتی خۆی بگێڕێت. بەشێکی زۆری گەمارۆکانی لەسەر هەڵگیرا.

واتە توانی زیرەکانە دۆسێی ئەتۆمی بەقازانجی لابردنی گەمارۆکان بەکاربێنێت و پول و پارەیەکی زۆریش بە دەست بخات. ئەو ساتەوەختەش دەرفەت بوو بۆدووبارە بیناکردنەوەی پەیوەندی هەردوولاو چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوانیان. بەڵام مەسەلەکە بەوجۆرە نەشکایەوە. تموحە هەرێمایەتی و دەستێوەردانەکانی ئێران لەناوچەکەدا زۆرتربوو. تەلئەبیبیش لە ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە ناڕازی بوو کاری لەسەر لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی دەکرد.

هاتنە سەرکاری ترەمپ خواستەکەی ئیسرائیلی هێنایە دی. ئەمەریکا لەڕێکەوتن نامەکە کشایەوە. سەرلەنوێ سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. بەوەش دۆخێکی ئابوری سەخت بۆئێران پێشهات.

دۆخەکە بووە ماکی تەقاندنەوەی ناڕەزایی سیاسی ناوخۆیی. ئێران لەپێناو فشارخستنە سەر واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لەماوەی ڕابردوودا چەند ئامانجێکی لە کەنداو بەئامانج گرت. فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاشی خستە خوارەوە.

ئەمەریکیەکان بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکانیانەوە کاردانەوەی پێویستیان لە خۆیان نیشان نەدا. ئەم دۆخەو کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا بەو شێوازەی بینیمان ئێرانیەکانی زیاتر هاندا لەڕێی دەست و پێوەندەکانیان لە ئێراق هەوڵی بەئامانج گرتنی ڕاستەوخۆی ئەمەریکیەکان بدەن و ئاماژەش بەوە بکەن لەڕێی فراکسیۆنە دۆستەکانیان لە پەڕلەمانی ئێراق هەوڵی دەرکردنی هێزە ئەمەریکیەکان لەم وڵاتە بدەن.

لەم خاڵەدا بە دیاریکراوی ئەمەریکاو سەرۆکەکەی ڕێسای ململانێکانیان بەشێوازێکی ڕادیکاڵانە دەستکاری کردوو ڕەمزی ئا مادەبوونی ئێرانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دوژمنایەتیکردنی ئەمەریکا لەڕووی مەیدانیەوە، واتە جەنڕاڵ قاسمی سلێمانیان پاکتاوکرد. ئیدی لێرەوە ، هەڵبەت پێش ئەوەش بە هەفتەیەك ، هێڵە سورەکانی نێوان هەردوولا نەمان و ڕووبەڕووبوونەوەکان مۆرکی ڕاستەو خۆیان وەرگرت. ئەوەش ئێرانی خستە دۆخێکی نوێ و دژوارەوە. بەحوکمی ئەوەی لەژێر ئابڵۆقەیەکی ئابوری توندایە.

لەگەڵ هەڵگیرساندنی هەر جەنگێکیش لە گەڵ ئەمەریکادا ژێرخانی وڵات بەرەو کاول بوون دەچێت وچارەنووسی خودی ڕژێم دەکەوێتە بەر مەترسی. هەربۆیە ئێرانیەکان بەتێگەیشتن لە گۆڕانی ڕێساکان و ناهاوسەنگی هێزو دۆخی تایبەتیان، کوشتنی سلێمانیان زۆرتر بە ئاقاری ناوخۆو هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی سەرچاوەکانی ڕەوایەتی نیزام بەکارهێنا.


جەنگێکی گەورەی دەروونیان ڕێکخست. وەڵامدانەوە سەربازییەکەشیان، هێندەی ڕەوانەکردنی پەیامی ئاشتی و خۆبواردن بوو لەشەڕو فراوانبوونی ململانێ سەربازییەکان، بەواتای وشە بۆ تۆڵە کردنەوە نەبوو. کاریان بەوڕێسا کۆنە کرد کەدەڵێت : مانەوەی ڕژێم لەخودی خۆیداو بەدەر لەهەر شتێکی تر سەرکەوتنە. ڕەنگە داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئێراقیش هەرواکارێکی سانا نەبێت و بایەخە تاکتیکیەکەی لە دەست بدات.

لەئێستاشدا پرسیار ئەوەیە: داخۆدوای ئەوەی ئێران وەڵامێکی سەربازی شکڵی دایەوە دەتوانێ بۆ تۆڵە کردنەوەی ڕاستەقینەو زیاتر فشارخستنە سەر ئەمەریکا چرای سەوز بۆ میلیشیا کانی سەربەخۆی لەناوچەکەو لەوانەش ئێراقدا هەڵبکات بۆئەوەی پەلاماری بنکەو سەربازو بەرژوەندییە ئەمەریکیەکان بدەن ؟واتە سەرلەنوێ بگەڕێتەوە بۆململانێی ناڕاستەوخۆ بەو جۆرەی پێشتر لەئارادابوو؟

پێدراوەکانی ئێستاو ستراتیژی نوێی کۆشکی سپی پێ ناچێت زۆر ڕێگە بەمە بدەن.

چونکە واشنتۆن ڕاستەوخۆ تاران تۆمەتباردەکات و تۆڵە لەو دەکاتەوە.

،،

ڕەنگە ئەمەریکیەکان تەنها بەوەش واز نەهێنن بەڵکو هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بڕینی دەستی ئێران لە ناوچەکەدا و فشاری زۆرتر بخەنە سەر میلیشیاکانی نزیك لە تاران و بەئامانجیان بگرن.

لەم نێوەندەشدا ئەگەری دەستێوەردانی لایەنی سێهەم لەڕێی پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە لەژێر ناوو لۆگۆی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دێتە پێشەوە.

هەرچۆنێك بێت لێدانی بارەگاکانی حیزبوڵڵا لە ئێراق و کوشتنی سلێمانی وموهەندیس ململانێکانی ئێران و واشنتۆنی لانی کەم لە قۆناغەدا بردۆتە قۆناغێکی نوێ و ڕێساکانی گەمە کەشی گۆڕیوە. ئەمەش وادەکات قۆناغی داهاتوو لە یەککاتدا قۆناغی بیرکردنەوە لەڕێکەوتن و لەهەمان کاتدا نیگەرانی و ناجێگیری و ناڕوونی ڕێساکانی ململانێ سیاسی و سەربازی و ئەمنیەکان بێت و دۆخەکە پێویستی بەدووبارە خۆپێناسە کردنەوە هەبێت.

 

author photo

نوسەر و توێژەر