فراكسیۆنى یه‌كگرتوو  كۆمه‌ڵێك داتا رووبه‌رووى حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌

فراكسیۆنى یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵێك داتا رووبه‌رووى حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌

895 خوێندراوەتەوە

سەختترین جۆرەکانی گۆڕین و چاکسازی ئەوەیە کە بە داتاو لۆجیك فشاری بۆ بکەیت چونکە پشوو درێژی و پرۆفێشناڵی و بوێری دەوێت.
ئەمە ھەندێک لەو زانیارانەی حکومەتی ھەرێم خۆیەتی کە دامانه‌تێ و بۆمان سەلماندن کە دەتوانن زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار مانگانەی بەھەدەردراو بگێرنەوە و ٢٠٠ ھەزار گەنجی بێکاری پێ دابمەزرێنن و کەمترین مووچەی خانەنشینی لە ٤٠٠ ھەزار دینار کەمتر نەھێڵن.

یه‌كه‌م:
- موچەی پەرلەمانتار ٨ ملیۆن کەم بکرێت بۆ ٤ ملیۆن ساڵانە (٤٤٤) ملیۆن بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە
- موچەی سەرۆکی پەرلەمان (١٦) ملیۆنە کەم بکرێت بۆ (٦) ملیۆن ساڵانە (١٢٠) ملیۆن بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
- ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتار کە چوار ساڵ دەکاتە (٥٥٥) ملیۆن بۆ ھەر ساڵێک (١٣٩) ملیۆن بۆ حکومەت دەگەرێتەوە.
‎کۆی گشتی(٤٤٤+١٢٠+١٣٩)=٧٠٣ ملیۆن دینار حکومەت دەتوانێت تەنھا بەم پارەیە ساڵانە (١١٠٠) کەس دابمەزرێنێت بەموچەی (٧٠٠)ھەزار.

دووه‌م: خانەنشینی سەربازی نزیکەی ١٠٠ ملیار دینارە مانگانە کە بەپێی بایۆمەتری بێت ئەوا ٤٠٪‏ ئەو ژمارەیە بەنایاسایی کراون و دوای ئەم چاکسازیە پێشبینی گێڕانەوەی زیاتر لە چل ملیار دینار مانگانە دەکرێت.

سێیه‌م: لە وەزارەتی ناوخۆ ١٢٩ لیوا ھەیە کە بەپێی بایۆمەتری پێشبینی دەکرێت ٢٥٪‏ یان بە نایاسایی کرابن کەئەگەر راستبکرێنەوە پێشبینی گێڕانەوەی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دینارمانگانە دەکرێت.

چواره‌م: مانگانە بڕی ٩٩٥،٤٧٠،٠٠٠ دینار دەدرێتە بەخشین لە لایەن وەزارەتی شەھیدانەوە کە پێشبینی دەکرێت چوارسەد ملیۆن دیناری بەم چاکسازیە بگەرێتەوە دارایی گشتی.

پێنجه‌م: زیاتر لە شانزە ھەزار خاوەن پێگەی نایاسایی ھەن لە حکومەتی ھەرێم دا بە ھۆکاری حزبی کە ھەریەکەیان بەلای کەمەوە مانگانە زیاتر لە دووملیۆن دیناروەرئەگرێت بەھۆی ئەوپێگە نایاساییەیەوە وئەگەرچاکبکرێتەوە زیاتر لە دەملیاردینارمانگانە دەگەرێتەوە.

شه‌شه‌م: بە پێی بایۆمەتری زیاتر لە پەنجا ھەزار فرە مووچە ھەیە نەک بەخشین کە ئەگەر یەک مووچەیان بۆ بمێنێتەوە ئەوا پێشبینی گەرانەوەی زیاتر لە بیست وپێنج ملیاردینار مانگانە دەکرێت.

حه‌وته‌م: ئەمانە جگە لە داھاتی چاکسازیەکانی کەرتی نەوت و گازو سیستمی گومرگی و چاکسازیەکانی تر.

داھاتی تریش ھەن بەڵام ئەوەندەم نووسی کە دەکاتە گێرانەوەی زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار مانگانە کە دەکرێت کەمترین خانەنشینی ١٣٠ ھەزار خانەنشینی پێبکەین بە ٤٠٠ ھەزار دینار مانگانەکە تەنھا چل بۆ پەنجا ملیار دیناری پێویستە مانگانە.... بە ھیوای چاکسازی لە مووچەی کەمترین خانەنشینی بۆ ٤٠٠ دینار مانگانە.

د.شێرکۆ جەودەت
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان