لە پرۆژە یاساى چاکسازیدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كى  تێدانییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان

پارتى بەڵێنى بە چارەسەرکردنى کێشەى فەرمانبەرانى یەکێـتى داوەو گۆڕانیش پەلەى رزگاربوون لە ئیحراجیەتى و کۆمەڵ و یەکگرتووش بەخۆڕایی رەدوى کارەکە کەوتون

لە پرۆژە یاساى چاکسازیدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كى تێدانییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان

262 خوێندراوەتەوە

سەرتیپ وەیسى

دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌سه‌ر جێگیركردنى هه‌ردوو بڕگه‌ى كه‌مترین موچه‌ى خانه‌نشینى و دانه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران رێككه‌وتن و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش په‌سه‌ندى كرد. پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌، لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان دواین راپۆرتى خۆى له‌باره‌ى پڕۆژه‌ یاسایى چاكسازى پێشه‌كه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات، وابڕیاریشه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دواین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامبدات.


به‌پێى زانیارییه‌كان حكومه‌ت و په‌رله‌مان زۆر په‌له‌یانه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌، فشاریشیان له‌ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ماوه‌ى دوو كاتژمێردا دواین راپۆڕتى خۆيان پێشه‌كه‌شى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌مڕۆش ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان له‌گه‌ڵ 6 لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیدارى په‌رله‌مان ئه‌نجامده‌دات، هه‌ر ئه‌مڕۆش بانگهێشتى په‌رله‌مانتاران بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى تایبه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ى دوووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسایى چاكسازى.


ئه‌و بڕگه‌یه‌ى كه‌ تایبه‌ت به‌ دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وت و كردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى تایبه‌تى بانكى بۆ فه‌رمانبه‌ران هیچ گه‌ره‌نتییه‌كى تێدانییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، سپێردراوه‌ به‌ قه‌ده‌ر و داهاتوو( ده‌خرێته‌ حساب بانكى باتڵ و وه‌همى بۆ داهاتوو به‌پێى رێنمایى وه‌زاره‌تى دارایى ) ، بڕگه‌ى كه‌مترین موچه‌ى خانه‌شینیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌.

ئه‌و په‌له‌یه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و رێگه‌ نه‌دان بۆ ئه‌وه‌ى یاساكه‌ باشتر دیراسه‌ بكرێت و به‌ رێككارى یاسایى باشتر تێپه‌ربێت، هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ دواتر یاساكه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا قوڕس ده‌بێت و رووبه‌ڕووى كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ره‌هه‌ندى ئابوورى و دارایى زۆرى هه‌یه‌ ره‌نگه‌ خه‌ڵكانێكى شایسته‌ زه‌ره‌رمه‌ندبن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌رچوونى ئه‌و یاسایه‌ 16 یاسایى دیكه‌ى به‌ركارى هه‌رێمى كوردستان نابێت كاریان پێبكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا تێكده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووى كێشه‌مان ده‌كاته‌وه‌ له‌ داهاتوو.


پارتى له‌ ژێره‌وه‌ به‌ڵێنى به‌ یه‌كێتیى داوه‌ كه‌ به‌شێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ رووبه‌رووى فه‌رمانبه‌رانى ئه‌و حزبه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆى یاسایى چاكسازى بۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، گۆڕانیش خوا خوایه‌تى به‌هۆى ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌ خه‌ڵكیان داوه، كه‌ ئةوان به‌هۆى تێپه‌راندنى یاساكه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو حكومه‌ت، ده‌یانه‌وێ زوو ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕببێت و له‌و ئیحراجى و رووگیریه‌ى تووشى بوون رزگاریان بێت. به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش به‌خۆرایى و به‌ ماده‌ و بڕگه‌ى لاستیكى ڕه‌دووى كاره‌كه‌ كه‌وتوون.