كاندیده‌كان، خێمه‌کانی خۆپیشاندەران گه‌رم ده‌كه‌ن

كاندیده‌كان، خێمه‌کانی خۆپیشاندەران گه‌رم ده‌كه‌ن

2173 خوێندراوەتەوە

 دیوێكى دیكه‌ى خۆپیشاندانەکانی‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ هه‌ركاتێك ئه‌نجام ده‌درێت، بریتییه‌ له‌وه‌ى بازارێكى گه‌م و باش ده‌بێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵاى سیاسییه‌كان، كاڵایه‌ك كه‌ بیانه‌وێ عه‌زرى بكه‌ن و دواتر ڕه‌واج په‌یدا بكات. 

لە ئێستاشدا کە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی دووەمیدا بەردەوامە، كاندید‌ی هەموو قەوارەکانی هەڵبژاردن، وه‌ك موشته‌رى سه‌ره‌كى قەرە‌باڵغى و گردبوونەوە و ئەم خۆپیشاندانانە دەبینرێن، تاوەکو زۆرترین خەڵک بیانناسێت بە ئامانجی بە دەستهێنانی دەنگ وەک هەندێک لە خۆپیشاندەران ئەمە دەڵێن.

خۆپیشانده‌ران و هاوڵاتیان له‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ هه‌م نیگه‌رانن هه‌م خۆشحاڵن، ئه‌وانه‌ى نیگه‌رانن پێیانوایه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌ت كاندیده‌كان مه‌رامیان هه‌یه‌ به‌ هاوڵاتیان  و ده‌نگه‌كانیان، بۆ بەرژەوەندی خۆیان دێنە ناو خۆپیشاندەرانەوە نەک بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ئەوان. 

له‌ به‌رامبه‌ردا، بەشێکی دیکەی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان ئەمە بە کارێکی ڕەواو ئاسایی دەبینن، پێیانوایە ئەوان وەک هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە بچنە ناو خۆپیشاندانەکان و وەک کاندیدیش بۆیان هەیە بانگەشە بکەن و دەنگ کۆبکەنەوە.

 

VNI
خۆپیشاندانی مامۆستایان و موچەخۆران ـ دهۆک

،،

هاوڕێ محەمەد،‌ هاوڵاتییه‌كى دانیشتووى شاری هه‌ولێره‌، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت:" سه‌ر به‌هیچ گروپ و حزبێك نییه‌ به‌ڵام پێىوایه‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران هۆشیاربن و بزانن ده‌نگ به‌ كێ ده‌ده‌ن شتێكى زۆر ئاساییه‌ كاندیده‌كانیش نمایشى خۆیان بكه‌ن له‌نێو ئاپۆرا جه‌ماوه‌رییه‌كاندا".

 

هاوڕێ محەمەد،‌ هاوڵاتییه‌كى دانیشتووى شاری هه‌ولێره‌، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت:" سه‌ر به‌هیچ گروپ و حزبێك نییه‌ به‌ڵام پێىوایه‌ ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران هۆشیاربن و بزانن ده‌نگ به‌ كێ ده‌ده‌ن شتێكى زۆر ئاساییه‌ كاندیده‌كانیش نمایشى خۆیان بكه‌ن له‌نێو ئاپۆرا جه‌ماوه‌رییه‌كاندا". 

دەشڵێت:" دونیاى دیموكراسی وایه‌ رێگه‌ ده‌دات به ‌تۆ ئازاد بیت له ‌ده‌نگدان و بیركردنه‌وه‌ و ڕێگه‌ به ئە‌وى دیكه‌ش ده‌دات خۆى نمایش بكات و پێت بڵێت  كێیه‌ و چییه‌ تا بیناسیت". 

ئاوێز تاهیر، خوێندكاری زانكۆى سلێمانییه‌ و دانیشتووى ناحیه‌ى بازیانه، ئەو ڕه‌شبینه‌ به‌رامبه‌ر داهاتووى سیاسه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا و هیچ هیوایەکی بۆ ئەوە نییە.

دەربارەی ئەو پرسیارەی، ئایا كاندیده‌كان بۆ خه‌ڵك دێنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران  یان بۆ خۆیان؟ ئاوێز تاهیر لە وەڵامدا دەڵێت:" ئەمە رێژه‌ییە ‌ و ده‌كرێت له کاندیدێکەوە بۆ كاندیدێکی دیكه‌ بگۆرێت به‌ڵام بە گشتى كاندیده‌كان له‌به‌ر خۆیان دێنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ده‌یانه‌وێت بانگه‌شەی سیاسیی بۆ خۆیان بكه‌ن".

،،

"بە گشتى كاندیده‌كان له‌به‌ر خۆیان دێنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و ده‌یانه‌وێت بانگه‌شەی سیاسیی بۆ خۆیان بكه‌ن".

 

DVT
خۆپیشاندان لە بەردەم دادگای سلێمانی ـ  ٢٠١٨.٣.٣١

فاتیح سه‌نگاویی، کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر لیستى یه‌كگرتووى ئیسلامیی پێیوایە، لەئێستادا دوو جۆر كاندید بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن جۆرێكیان پێشتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ناو خۆپیشانده‌رو هاوڵاتیاندا نه‌بوون و ده‌یانه‌وێ ئێستا نمایش بکەن و خۆیان وا نیشان بده‌ن خه‌مخۆرى هاوڵاتیان.

بە بڕوای سەنگاویی، هه‌رچى جۆرى دووه‌میشه به‌ده‌ر له‌وه‌ى كه‌ كاندیدن، پێشتریش هه‌ر له‌نێو هاوڵاتیاندا بوون و به‌ده‌م خه‌ڵكییه‌وه‌ بوون، دەشڵێت:" هه‌ندێك كاندید بێتامیان كردووه‌ له‌ بانگه‌شه‌ كردن و خۆده‌رخستن لاى هاوڵاتیان". 

ڕه‌زوان حه‌سه‌ن، ده‌رچووی زانكۆیه‌ و خەریکی کەسابەت کردنە، پێىوایه‌ هاوڵاتیان له‌وه‌ هۆشیارترن كه‌ كاندیده‌كان بیانه‌وێ خۆڵ بكه‌نه‌ چاویان، دەڵێت:" كاندیده‌كان زۆربه‌یان جێگه‌ى متمانه‌ى هاوڵاتیان نین و وه‌ك ئه‌وانه‌ى پێشووتر كه‌ چوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و دواتر زۆربه‌یان به‌ده‌م  ده‌نگده‌رانی خۆیانه‌وه‌ نه‌بوون". 

ئه‌حمه‌د یاسین، کە ڕۆژانە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکات لە شاری سلێمانی، باس لەوە دەکات،"کاندیده‌كان بۆ خۆده‌رخستن و كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ دێنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران تاوەکو سبه‌ینێ له‌ هەڵمەتی هه‌ڵبژاردندا نمایشى بكه‌ن، هەندێک کاندیدیش وه‌ك بازار سه‌یرى مه‌یدانه‌كانى خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن".

،،

فاتیح سه‌نگاویی، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامیی بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق: لەئێستادا دوو جۆر كاندید بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن جۆرێكیان پێشتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ناو خۆپیشانده‌رو هاوڵاتیاندا نه‌بوون و ده‌یانه‌وێ ئێستا نمایش بکەن و خۆیان وا نیشان بده‌ن خه‌مخۆرى هاوڵاتیان.

 

موئمین زەڵمیی،‌ كاندیدى لیستى هاوپه‌یمانییه بۆ دیموکراسیی و دادپەروەرییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێچەوانەی ئەو ڕایە قسە دەکات کە کاندیدەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن تەنها بۆ دەنگ کۆکردنەوە دەچنە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، دەڵێت:" خۆپیشاندانه‌كان موڵكى گشتیی و شتێكى جه‌ماوه‌رییه،‌ بۆیه‌ ئاساییە كاندیده‌كانیش له‌وێ به‌شداربن و مافێكى تایبه‌تی خۆیانە، به‌مه‌رجێك نه‌بن به ‌بارگرانی و سه‌رئێشه‌ بۆ خۆپیشانده‌ران".

 

CVT
خۆپیشاندانی موچەخۆران و مامۆستایانی ناڕازی ـ هەولێر

گه‌شاو محەمەد، مامۆستایه‌كى نارازییه‌ و وەک خۆی دەڵێت لە هه‌موو خۆپیشاندانه‌كاندا به‌شداری کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەوان ماندوو ده‌بن و هه‌ندێ كاندید سبه‌ینێ به‌رهه‌مه‌كه‌ى ده‌خۆن.

،،

موئمین زەڵمیی،‌ كاندیدى لیستى هاوپه‌یمانیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق: خۆپیشاندانه‌كان موڵكى گشتیی و شتێكى جه‌ماوه‌رییه،‌ بۆیه‌ ئاساییە كاندیده‌كانیش له‌وێ به‌شداربن و مافێكى تایبه‌تی خۆیانە، به‌مه‌رجێك نه‌بن به ‌بارگرانی و سه‌رئێشه‌ بۆ خۆپیشانده‌ران.

 

ئەو مامۆستایە دەڵێت:" هه‌ندێك كاندید ته‌نها بۆ وێنه‌ گرتن و خۆنمايش كردن دێنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و دواى چه‌ند خوله‌كێك خۆپیشانده‌ران جێدەهێڵن".

خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئازارەوە دەستیپێکرد، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بە هەولێری پایتەختیشەوە، لە ئێستاشدا خۆپیشاندانەکان پێیناوەتە هەفتەی دووەم و لە سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان