كوژرانی قاسمی سلێمانی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات؟

كوژرانی قاسمی سلێمانی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات؟

959 خوێندراوەتەوە

ئیسحاق عەلائەدین

ماوەیەكی زۆرە خاكی عێراق بۆتە ململانێی وڵاتانی زلهێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ، بەشێوەیەك هەر وڵاتێك بییەوێت ئەتوانێت بێ‌ هیچ مەرجێك بێتە ناوخاكی عێراق و كاری هەواڵگری خۆی بكات ، هاوڵاتیانی عێراقیش ناتوانن رێگری لێ‌ بكەن ، تەنانەت وڵاتی وا هەیە كە هەمو پێكهاتە جوگرافیاكەی ئەوەنەی شارێكی كوردستان نابێت ، بەڵام بەئارەزوی خۆی كاری هەواڵگری لە شارەكانی عێراقدا دەكات و دەوڵەتی عێراقیش ناتوانێت ڕێگری لێ‌ بكات .


ئەو ململانێیە دوای هێرشی ئەمریكا و تیرۆركردنی قاسمی سلێمانی و ئەبو موهەندیس زیاتر چڕ بویەوە و ئاگرەكە بڵێسەی داگیرسا و كڵپەی سەند ، لە هەمان كاتیشدا ئەبێت ئەوە بزانین كە پێشتریش ئەو ململانێیە بونی هەر هەبو واتا هەمیشە پشكۆی ژێر خۆڵەمێش بو بە كوشتنی قاسم سلێمانی خۆڵەمێشەكە نەماو ئاگرەكە گەشایەوە .


بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بەتەواوەتی شڵەژاوە ، ئەگەری ڕودانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریكا لە ناو خاكی عێراقدا ئەگەرێكی زۆرە ، ململانێكە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بەرەو ئاڵۆزبونی زیاتر هەڵكشاوە و گرژی زیاتری دروست كردووە .

،،

ترسێكی زۆری بۆ هاوڵاتیانی عێراقی دروست كردووە ، ئەترسن شەرێكی تر بەرۆكیان بگرێت كە شەڕی ئەوان نیە ، و بۆ بەرژەوەندی عێراقیەكانیش نیە ، شیعە و سوننە و كورد دەستیان بە دارێكەوە گرتووە بە هەرلایەكدا بیجوڵێنن نەك دەستیان ئەسوتێنێت بەڵكو مال و خاكیشیان دەسوتێنێت .


لێرەدا ئاماژە تەنها بە هەندێك لە لێدوانە توندەكانی یەك ڕۆژی بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكی و ئێرانی و عێراقی لەسەر كوشتنی قاسمی سلێمانی دەكەین كە چۆن لێدوانی ئاگرین و توندیان لە دژی یەك داوە ، لەگەڵ لێدوانی چەند بەرپرسێكی باڵای چەند وڵاتێكی تر لە دوای كوشتنی قاسمی سلێمانی و بارودۆخی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .


ڕاوێژكار عەلی ویلایەتی:

بریاری ترامپ بە تیرۆركردنی قاسم سلێمانی هەڵەیەكی ستراتیژی بو وای لێدەكەین لەسەر ئەوە پەشیمان بێتەوە .
ڕاوێژكار عەلی ویلایەتی: پێویستە ئەمریكا لە عێراق برواتە دەرەوە ، ئەگەرنا عێراقی بۆ ئەكەینە ڤێتنامێكی تری تازە لە ناوچەكەدا .
ئەمینداری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیەكانی ڕژێمی ئێران: ئەگەر ئەمریكا هەڕەشەی لێدانی ئێران بكات ئەوە یەكەم هەنگاومان سرینەوەی ئیسرائیل ئەبێت لەسەر زەوی .


عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوەی عێراقی:

پێویستە پەرلەمان ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ دەركردنی هێزەكانی بیانی لە عێراق .


ئەنجومەنی پسپۆرانی سەركردەكانی ئێرانی:

هۆشداری ئەدەینە هێزەكانی ئەمریكی لە ناوچەكەدا بەو زوانە ڕوبەروی تۆڵەی جەرگ بڕ ئەكرێنەوە .دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا: ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر هێزەكانمان لە عێراق ئەوە ئێمەش هێرش ئەكەینە سەر پێگە ڕۆشنبیریەكانی ئێران .

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا:

ئێمە بۆ یارمەتیدانی سەروەری عێراق و لەناو بردنی تیرۆر لە عێراقین ، وە عادل عەبدل مەهدیش سەرۆك وەزیرانی لەسەركار لادراوە .


وەزارەتی دەرەوەی سینی:

زۆر دودڵ و نێگەرانین لەسەر ئەو بارودۆخەی لە كەنداو دروست بووە ، تێكچونی بارودۆخەكە كێشەیە بۆ هەمو جیهان


نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل:

لەگەڵ ئەمریكا دەوەستین لە شەڕ كردن بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە جیهاندا .


ئەنحومەنی پسپۆرانی سەركردەكانی ئێرانی :

پێویستە شۆرشگێرەكانی جیهانی ئیسلامی ئامادەكاری بكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا .


حەسەن نەسروڵا سەرۆكی حزبوڵای لوبنانی:

ترامپ و ئیدارەكەی نازانن چی دەكەن .


سەركردەی تازەی فەیلەقی قودس "جێگرەوەی قاسمی سلێمنی" دەڵێت:

شەڕ دەكەین تا ئەمریكا بەیەك جاری لە ناوچەكە دەردەكەین .
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا : بە كوژرانی سلێمانی جیهان زۆرترین ئاشتی و ئارامی بۆ دەستەبەر بووە ، وە هەمو ڕاپۆرتە هەواڵگریەكانیش دوتای ئەوە ئەكەنەوە.

،،

ترامپ لە تویتێكدا هەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی سەر بەغدا دەكات.

موقتەدا سەدر سەرۆكی تەیاری سەدری:

داوا لە هێزە چەكدارەكان ئەكات بە كۆبونەوەی خێرا و دروست كردنی فەوجەكانی بەرگری كردنی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێزەكانی ئەمریكا .


قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق:

عێراقیەكان لەسەر كوشتنی سەركردەكانی و بە ئامانج گرتنی زەویان كۆتایی دەهێنین بە هێزەكانی بیانی وئەمریكی لە عێراقدا .


عادل عەبدول مەهدی:

لەبەردەم دو بژاردە داین یەكەم بە خێرایی كۆتایی بە هێزەكانی بیانی بهێنرێت ، دووەمیان یان جەدوەلێكی كاتی بۆ كشانەوەیان دیاری بكرێت.


عادل عەبدول مەهدی:

دوای لێدان لە قاسم سلێمانی و هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا فرۆكەكانی ئەمریكا بەبێ‌ پرس و ئاگاداری ئێمە بەسەر ئاسمانی عێراق و بەغدا دەسورێنەوە .


ئاژانسی ڕوەیتەرز:

هاوپەیمانی ناتۆ بەپەلە كۆبونەوە لەسەر بارودۆخی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست دەكات .


هەروەها شایەنی باسە هەر ئەمڕۆ ڕۆژی (6/1/2020) فراكسیۆنە شیعەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی بە تەواوەتی لایەنگیری خۆیان وەكو دەوڵەتی عێراقی لەدەست دا و پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران لە دژی ئەمریكا دەربری .


بە دانانی پرسە لە ناو پەرلەمانی عێراقی بۆ قاسمی سلێمانی و بەرزكردنەوەی وێنەی قاسمی سلێمانی لە ناو پەرلەماندا و تێپەڕاندنی یاسای دەركردنی هێزی بیانی لە خاكی عێراقدا و هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریكا .


ئەوەش وا لە وڵاتی عێراق ئەكات بێ‌ لایەن نەبێت و بە ئاشكرا لە دژی وڵاتی ئەمریكا لایەنگیری وڵاتی ئێران یكات .


ئەوە تەنها لێدوانی ڕۆژی (6/1/2020)ی بەرپرسە باڵاكانی ئێرانی وئەمریكی و عێراقی و چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی بو ، بە سێ‌ ڕۆژ لە دوای كوژرانی قاسم سلێمانی كە ڕۆژی هەینی (3/1/2020) قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بە بۆردومانی هێزەكانی ئەمریكا لە شاری بەغدا كوژرا.

 

author photo

شارەزای کاروباریی عێراق