بە یاساکەی خۆتان و بەغداد خانەنشینمان بکەن

بە یاساکەی خۆتان و بەغداد خانەنشینمان بکەن

643 خوێندراوەتەوە

گوڵاڵە سدیق

ماوەی دوو ساڵ زیاترە یاسای چاکسازی لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستاندا ئەمسەر و ئەوسەری پێ دەکرێت، یان ڕاستر بڵێین یاسای شەرعاندنی خانەنشینی پلە باڵاکان.

کە هەریەکە لەو کەسانەی کە مەعنین بەو کارە وەک هەنگوینیان لە کلۆرەی داردا دۆزیبێتەوە، هەریەکە بەجۆرێک مەدح و سەنای ئەم یاسایەدا دەکات، وەک بڵێیت ئیتر کێشەی دارایی خەڵک ناهێڵێت!

ئێمە دەزانین یاسایەک هەیە لە عێراقدا کە پێی دەگوترێت یاسای خانەنشینی یەکگرتوو (کە زۆرترین دادپەروەری تێدا ڕەچاو کراوە)، بەپێی ئەم یاسایە هەمو تاکێک کە فەرمانبەری حکومەتە (لە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، وەزیر، پەرلەمانتار بگرە تادەگاتە فەرمانبەرێکی ئاسایی)، بەپێی ئەم یاسایە خانەنشین دەکرێت کە بریتییە لە: کۆی موچە + ٢٠٥ * ساڵانی خزمەت + دەرماڵەی بڕوانامە.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێی ئەم پرۆژە یاسایە چەند جۆرێک یاسای خانەنشینی هەیە (یاسای تایبەت بە خانەنشینی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یاسای تایبەت بەو پەرلەمانتارانەی ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، یاسای تایبەت بەو پەرلەمانتار و پلە تایبەتانەی تەمەنیان کەمترە لە ٤٥ ساڵ و خزمەتیان نییه)

هەرچی خەڵکە یاسایەکی تایبەتی بۆ دانراوە بۆ خانەنشین بوون کە کەمترین مافەکانیان تێدا جێی کراوەتەوە، بەم شێوەیە:

ــ ئەو کەسانەی پلە باڵان و ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەت یان زیانریان هەیە بە هەمان یاساکەی بەغداد خانەنشین دەکرێن، کە یاسایەکە تا ڕادەیەکی باش دادپەوەروەری کۆمەڵایەتی تێدایە.

ــ هەمو ئەو کەسانەی پلە تایبەتن و تەمەنیان لە ٤٥ ساڵ کەمترە و ساڵی خزمەتیان کەمە، بە %٤٠ کۆی موچەکانیان خانەنشین دەکرێن، کە دەکاتە نزیکەی سێ ملێون و نیو دیناری عێراقی، هەتا ئەو کاتەی تەمەنیان دەگاتە ٤٥ ساڵ، ئەو کاتە ئوتوماتیکی دەچنەوە سەر یاساکەی سەرەوە و زیاتر سودمەند دەبن. (واتە ئەمانیش دەچنەوە سەر یاساکەی بەغداد)

ــ بەڵام هەرچی فەرمانبەری ئاسایی هەیە وەک (مامۆستا، ئەندازیار، دکتور، فەرمانبەر... هتد) بە یاسایەک خانەنشین دەبن کە بریتیە لە %٨٠ موچە بنەڕەتییەکانیان، کە کەمترین مافی تێدا ڕەچاوکراوە، چونکە هیچ خوێندنەوەیەک بۆ ساڵانی خزمەت و دەرماڵەی بڕوانامە نەکراوە!!

ــ ئەمە جگە لە خانەنشینانی سەربازی کە بە بڕیاری تایبەت و پلەی جۆراوجۆر خانەنشین کراون.

لەم یاسایانەدا دەبینین غەدرێکی یەکجار گەورە دەرهەق بە مافی خانەنشینانی مەدەنی و هاوڵاتیان کراوە، ئەویش بە هەژمارکردنی تەنها %٨٠ موچە بنەڕەتیەکانیانە، بەبێ ڕەچاوکردنی دەرماڵەی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت.

ئەمە لەکاتێکدا ئەم توێژە زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن! لە هەمو وڵاتێکێدا یاسای خانەنشینی یەکگرتوو هەیە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەهەمان یاسا خانەنشین دەکرێت

،،

ناکرێت لە سیستمی دارایی هیچ وڵاتێک زیاتر لەیەک یاسای خانەنشینی هەبێت.

چجای لە هەرێمێکی سێ پارێزگاییدا، زیاتر لە سێ جۆر یاسای خانەنشینی هەیە، هەر چین و توێژێکی پلە باڵا چونکە خۆیان یاسا دەشەرعێنن، هەر توێژە و بەباڵای خۆی یاسا بۆ خۆیان دەردەکەن، وە ناکرێت هەمویان (بێ جیاوازی) ئەو خەڵکە لەیاد بکەن کە بەهۆی دەنگدانی ئەو خەڵکە جەنابیان پلەی عالی مەقامییان وەرگرتوە.

لەسەرەتای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنەوە دیارترین دروشم کە بەرزکرابێتەوە، دروشمی (دادپەروەری کۆمەڵایەتی) بوە، هەر پەرلەمانتارێک لەکاتی کاندیدبونی بە (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) ئەگەر بێتو لە ئێستادا ڤیدیۆکانی کاتی بانگەشەیان بۆ لێبدەیتەوە، هەمویان تەئکیدیان لەوە کردوەتەوە کە کاردەکەن بۆ هاوتاکردنی موچەی پلەباڵاکان لەگەڵ هاوڵاتیاندا، وە کاردەکەن بۆ نەهێشتنی خانەنشینی پلە تایبەتەکان.

ئەم دروشمە ببوو بە دروشمی هەمو حزبە سیاسیەکان بە ئۆپۆزسبۆن و دەسەڵاتەوە. لەبەرئەوە; کاک و خوشکی پەرلەمانتار، ئەگەر یاساتان بۆ خۆتان دەرچواندوەو تێدا لە خەمی داهاتووی خۆتان و مناڵەکانتان بوون دەستان خۆش بێت، بەڵام ئەزیەت بکێشن و داوا بکەن کە هاوڵاتیانیش با بەهەمان یاساکەی جەنابتان خانەنشین بکرێت.

ناکرێت فەرمانبەرێک پاش تەواوکردنی زانکۆ و خزمەتی زیاتر لە ٤٠ ساڵ، هێشتا بۆ خانەنشینکردنەکەی یەک لەسەر چواری خانەنشینی پەرلەمانتارێک یان پلە تایبەتێک وەرنەگرێت کە تەمەنی هێشتا ٣٠ ساڵەو تەنها ٤ ساڵ خزمەتی پلە باڵای هەیە.

،،

لە ئێستادا چەسپاندی دادپەوەری کۆمەڵاتیەتی ئەرکی هەمو هێزە سیاسیەکانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنەوە، هیچ داوای زۆرتان لێ ناکەین تەنها دەڵێن بە هەمان یاسای خانەنشینی خۆتان خانەنشینمان بکەن، ناکرێت یاساکە بۆ ئێوەی بە جۆرێک بێت و بۆ هاوڵاتیان جۆرەکەی تر.

هەروەک چۆن لە پێناو دەرچواندنی ئەم یاسایەدا هەموو پەرلەمانتارەکانی خولەکانی پێشو و ئێستا، کە تەمەنیان گەنجە، بێ جیاوازی بیروڕا و ئایدۆلۆجیا، لەپێناو بەرژەوەندی خۆتان و داهاتوی مناڵەکانتان، هەموتان یەکتانگرتوە و لە خەمی خانەنشینی خۆتانن و تا ئاستی هەڕەشەکردن بە دەنگنەدان بەیاساکە لەبەرژەوەندی خۆتان هەڕەشەتان کردوە، ئەرک بکێشن شەڕ لەسەر ئەو خەڵکەش بکەن کە دەنگی پێداون و بەهۆی دەنگی ئەوانەوە سەرکەوتن بۆ پەرلەمان.

ئەگەر ئەم کارە نەکرێت لەوەی ئێستا کە هەیە زیاتر سیاسەت و سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان متمانەی خۆی لەدەست دەدا، لەمەشدا زەرەرمەندی یەکەم هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی جاران و ئێستایە، بەو پێیەی کە خەڵک و دەنگدەر زۆرترین ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوون. داوای زۆرتان لێناکەین تەنها دەڵێن بە یاساکەی خۆتان و بەغداد خانەنشینمان بکەن.