گۆڕان، محامى ده‌سه‌ڵاتێكى گه‌نده‌ڵ

پاسه‌وانى پاراستنى پاره‌كانى یه‌كێتى و پارتى

گۆڕان، محامى ده‌سه‌ڵاتێكى گه‌نده‌ڵ

774 خوێندراوەتەوە

 هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى گۆڕان گردى زه‌رگه‌ته‌یان كردۆته‌ قه‌ڵاى به‌رگرى كردن له‌و حكومه‌ته‌ى كه‌وا له‌ماوه‌ى رابردوو خۆیان به‌دزو جه‌رده‌ ناویان ده‌برد.

 

دواى ئه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد، گۆڕانكارییه‌كى خێرا له‌ ئاراسته‌و دیدگاى سیاسی  بزووتنه‌وه‌كه‌ بینرا، كه‌ بووه‌ هۆى نیگه‌رانى زۆرێك له‌ دۆست و هه‌واداره‌كانى.

،،

 گۆڕان له‌لاى ده‌نگده‌رو هه‌واداره‌كانى هێنده‌ دوور كه‌وتۆته‌وه‌ نزیكه‌ نه‌یناسنه‌وه‌.

 

گۆڕان له‌كوێوه‌ بۆ كوێ؟

له‌لاى زۆرێك له‌ ده‌نگده‌ران و ئه‌ندامه‌كانى بزووتنه‌كه‌، گۆڕان ئه‌و گۆڕانه‌ى جاران نییه‌، كه‌ به‌هه‌موو شتێكى یه‌كێتى و پارتى ده‌گوت نه‌خێر، به‌تایبه‌ت به‌ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌گوت: تاڵانچى و دیكتاتۆر و قه‌زه‌م و هیچ له‌بار نه‌بووى سیاسی..

 

ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌ دروسته‌كه‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌مرۆ گۆڕان ده‌یكات، به‌ڵام هێشتا به‌ ئاسانى بۆ خه‌ڵكى هه‌زم ناكرێت، كه‌ گۆڕانێكى توره‌ و عیناد، ئه‌مرۆ ئه‌و گۆڕانه‌ له‌سه‌رخۆ و رازییه‌ى لێ به‌رهه‌م هاتبێت، كه‌ به‌بیانووى به‌شدارى كردن له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت چاو له‌ زۆر شت دابخات.

 

گۆڕان پارێزه‌رى ده‌سه‌ڵاتى گه‌نده‌ڵ

ئه‌مرۆ ئه‌و به‌رپرسانه‌ى گۆران كه‌ پۆستیان وه‌رگرتووه‌ له‌ كابینه‌ى نوێ، ناچارن پینه‌وپه‌رۆ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌ن كه‌ خۆیان به‌ شكستخوارو وه‌سفیانده‌كرد.

 

بزووتنه‌كه‌ له‌ هه‌ندێ كه‌ناڵه‌وه‌ ناچار بووه‌ مهو‌قیف بنوێنێ كه‌ دواجار به‌ زه‌ره‌ر بۆ ئێستاو داهاتوو گۆڕان ده‌شكێته‌وه‌، ئه‌وانیش:

 

،،

وه‌زیرى دارایی له‌سه‌ر پشكى گۆڕان، ناچاره‌ رۆژانه‌ پینه‌وپه‌رۆ بۆ ئه‌و قاسه‌یه‌ بكات كه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌تاڵیان كردووه‌.

 

یه‌كه‌م: وه‌زاره‌تى دارایی

یه‌كێتى و پارتى ده‌یانه‌وێت، له‌ رێگه‌ى وه‌زیرى داراییه‌وه‌ هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كان به‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران بگه‌یه‌نن، هه‌واڵه‌ گرنگه‌كانیش له‌ڕێگه‌ى به‌رپرسه‌كانى خۆیانه‌وه‌.

 

دیارى كردنى چه‌ند واده‌یه‌كى جیا جیا بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرى داراییه‌وه‌، زۆر به‌خراپى له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت هێنده‌ به‌رپرسه‌كانى گۆڕانى ئیحراج كردووه‌ ناچار ئه‌ندام په‌رله‌مانێكى وه‌ك عه‌لى حمه‌ساڵح دێته‌ سه‌رخه‌ت و ئه‌ویش واده‌یه‌كى دیكه‌ بۆ موچه‌ دیارى ده‌كات، تاكو عه‌سابى گه‌رم و پرى هاوڵاتیان سارد بكاته‌وه‌.

 

دووه‌م: میدیاكانى گۆڕان

میدیا راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆكانى بزووتنه‌كه‌ ناچارن رۆژانه‌ ئه‌و هه‌واڵ و به‌ڵێنه‌ ناراست و‌ چه‌واشه‌كارانه‌ بڵاو بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانى حكومى به‌ هاوڵاتیانى ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ گۆران به‌ته‌واوى بچێته‌ بازنه‌ى یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌.

 

سێیه‌م: پرۆژه‌ یاسای چاكسازى

 

له‌ پرۆژه‌ یاساى چاكسازى، گۆڕان هه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كات له‌ حكومه‌ت و له‌په‌رله‌مان كه‌ یه‌كێتى و پارتى ده‌یكه‌ین، به‌ بیانووى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت هیچ قسه‌یه‌كى جیاواز ناكه‌ن، له‌كاتێكدا گۆڕان به‌ڵێنى به‌ هاوڵاتی و ده‌نگده‌رى خۆیدابوو كه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌نگێكى جیاواز ده‌بن.

 

،،

ئه‌گه‌ر گۆڕان ئاگادارى سیاسه‌ته‌كانى نه‌بێت، پێده‌چێت هه‌ڵبژاردنى دابێ باجێكى قورستر بدات.

 

ئه‌و پرۆژه‌ یاسای كه‌ باس له‌ چاكسازى ده‌كات، و ده‌نگدانه‌وه‌ و نیگه‌رانى زۆرێك له‌ شه‌قامى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌و ئه‌مرۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ ده‌كرێت له‌ په‌رله‌مان، به‌ هاوكارى گۆڕان، یه‌كێتى و پارتى كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

 

دواجار گۆڕان ئه‌مرۆ بیه‌وێ یاخود نا به‌ده‌ستى خۆی، كه‌وتۆته‌ زاوییه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌رگرییه‌كى ته‌واو ده‌كات له‌ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ مانگانه‌ و ساڵانه‌ پاره‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتى به‌هه‌ده‌ر ده‌بات.