ابه‌شكردنی ئێراق بۆ سێ پارچه یاخود‌ چوار پارچه‌؟!

ابه‌شكردنی ئێراق بۆ سێ پارچه یاخود‌ چوار پارچه‌؟!

905 خوێندراوەتەوە

د. كامه‌ران مه‌نتك

 
زۆر له‌وانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی دابه‌ش بوونی ئێراق ده‌نووسن و داخێون، هه‌میشه‌ باس له‌ دابه‌ش بوونی ئه‌و‌ وڵاته‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌تنیكی و ئاینزایی، واته‌ دابه‌شكردنی بۆ سێ پارچه‌، كوردو شیعه‌و سوننه‌!.

ئه‌م بیركردنه‌وه‌ ته‌قلیدیه‌ به‌ كه‌سانی ئاسایی نه‌وه‌ستاوه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر له‌ هزرمه‌ندو سیاسه‌تمه‌داری گه‌وره‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بیرده‌كه‌نه‌وه‌‌!.

له‌ راستیدا ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ بنه‌مایه‌ له‌سه‌ر تێڕوانینیكێ سه‌رپێ و نه‌بوونی شاره‌زاییه‌كی قووڵ ده‌رباره‌ی ئێراق و پشت به‌ شێوازی دامه‌زراندنی ئێراق ده‌به‌ستێت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكێشه‌ی (كورد + سوننه ‌= شیعه‌).

له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعه‌ له‌ ئێراقدا زۆرینه‌ پێكده‌هێنن و به‌ ته‌نیا و له‌ رێگای دیموكراتیه‌وه‌ ده‌توانن به‌ بێكوردو سوننه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی بیانه‌وێت بیده‌ن، دوا دانیشتنی په‌رله‌مانی ئێراق و بڕیاردان له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئێراق راستی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

،،

دوای رووخانی رژێمی سه‌دام شیعه‌ هه‌موو وڵاته‌كه‌ی وابه‌سته‌ی ئێران كرد و كوردو سوننه‌ی پشتگوێخست!.


بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ به‌رله‌هه‌موو شتێك پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ هۆكاره‌كانی دابه‌شكردنی ئێراق بكرێت، كه‌ نه‌گونجان و نه‌بوونی كه‌لتووری به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان و یه‌كتر قبووڵكردنه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری جیاوازی قووڵایی ستراتیژی هه‌ریه‌ك له‌و پێكهاتانه‌، كه‌ بۆته‌ سۆنگه‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌رێمی و به‌رژه‌وه‌ندی زۆر ده‌وڵه‌تی له‌م ناوچه‌یه‌ چڕكردۆته‌وه‌!. سوننه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌شتا ساڵ حوكمی ئێراقی كرد، كوردو شیعه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ركوت كران، دوای رووخانی رژێمی سه‌دام شیعه‌ هه‌موو وڵاته‌كه‌ی وابه‌سته‌ی ئێران كرد و كوردو سوننه‌ی پشتگوێخست!. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئێراق هێنده‌ی له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كانی ئه‌و كاته‌ دروستكراوه‌، هێنده‌ ره‌چاوی سه‌قامگیری و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كراوه‌.

واته‌ ئێراق له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پووچ بوونیاتكراوه‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پووچیش بوونیات بنرێت هه‌میشه‌ پووچ ده‌رده‌چێت. له‌گه‌ڵ ئه‌و پووچیه‌شدا دابه‌شكردنی ئێراق كارێكی وا ئاسان نیه‌و په‌یوه‌ندی به‌ مه‌نزومه‌یه‌كی هه‌رێمی و جیهانیه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌گه‌ر گریمانی ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌و مه‌نزومه‌یه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهات و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی هێنایه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وا دابه‌شكردنی ئێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سێ پارچه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست ناهێنێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی شیعه‌كان دوو هێنده‌ی ده‌وڵه‌تی كوردو سوننه‌ ده‌بێت و هه‌میشه‌ هه‌وڵی لرف كردنیان ده‌كات.

چونكه‌ ئه‌و دوو پارچه‌ به‌ به‌ به‌شێك له‌خۆی ده‌زانێت و هه‌میشه‌ هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌دات!.

به‌ لایه‌نی كه‌م له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی دابه‌شكردنه‌كه‌‌، ئه‌گه‌ر بێتوو دابه‌شكردنه‌كه‌ كۆگیر نه‌بێت و ده‌وڵه‌تانی تری هه‌رێمه‌كه‌ش، وه‌كو ( توركیاو ئێران و سوریا ) نه‌گرێته‌وه‌!.

،،

چونكه‌ شیعه‌كانیش له‌ناوخۆیاندا كێشه‌یان هه‌یه‌و به‌ شێك بۆ قووڵایی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی تریشیان بۆ قووڵایی فارسی!.


بۆیه‌ له‌ پێناو هێنانه‌دی سه‌قامگیری ده‌بێت شیعه‌كانیش بكرێن به‌ دوو پارچه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كه‌كه‌ی دوو به‌قه‌ده‌ر كوردو سوننه‌ هاوسه‌نگیان پێكراوه‌، واته‌ (كورد + سوننه ‌= شیعه‌). ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت دابه‌شكردنه‌ هاوسه‌نگ بێت ده‌بێت هاوكێشه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ دابڕێژرێته‌وه‌ (كورد + سوننه‌ + شیعه‌ +شیعه‌= سه‌قامگیری)، چونكه‌ شیعه‌كانیش له‌ناوخۆیاندا كێشه‌یان هه‌یه‌و به‌ شێك بۆ قووڵایی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی تریشیان بۆ قووڵایی فارسی!. بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر دابه‌شكردنی ئێراقه‌ بۆ چوار پارچه‌، ناوه‌ڕاست و باشوور بكرێت به‌ دوو پارچه‌ به‌غداشیان له‌گه‌ڵ بێت، كوردو سوننه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ی خۆی.

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هاتنه‌ دی ئاسته‌نگ بوو، ئه‌وا ده‌كرێت به‌غدا وه‌كو ئێستا به‌ سه‌نته‌ر بمێنێته‌وه‌ پارچه‌كانی تریش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆنفیدڕاڵی رێككه‌وتنێك ئه‌نجام بده‌ن!.

یاخود به‌غداش به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر شێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو بكرێت به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و كاته‌ ئێراق ده‌بێت بۆ پێنج پارچه‌ دابه‌ش بكرێت!. هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌موو حاله‌ته‌كاندا ئه‌م پارچه‌كردنه‌ به‌ بێ قوربانیدانی زۆر نایه‌ته‌ به‌رهه‌م و له‌ رووی جیۆپۆله‌تیكشه‌وه‌ ده‌روازه‌ی ده‌ریای ئه‌و ناوچه‌یه‌ (شاری به‌سره‌) ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی شیعه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادكردنی هه‌ژموونی هه‌رێمی ئێران ده‌بێت!.