فایەق گوڵپی: یاسای زیادکردنی داهاتی حکومەت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی کوردستانە

فایەق گوڵپی: یاسای زیادکردنی داهاتی حکومەت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی کوردستانە

474 خوێندراوەتەوە

مووچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەباڵاکانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی حەڤدە هێندەی مووچە و خانەنشینی کارمەندان و خانەنشینانی هەرێم دەبێت. ئەم جیاوازی مووچەیە لە نێوان پلەباڵاکان و کارمەندی ئاساییدا، لە هیچ وڵاتێکی تری جیهاندا نابینرێت،ئەمە هۆکارێکی گرنگی نادادپەروەرییە لە هەرێمی کوردستاندا.

فەلسەفەی ئەم نادادپەروەرییە، لە هزری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، وە بە تایبەتی لە هزری دەسەڵاتدارانی پدک سەرچاوەی گرتووە، لەبەر ئەوەی ئەو حزبە بە ڕوونی بروای بە جیاوازی چینایەتی هەیە وخزمەتی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا(ئاغا و سەرمایەدار) دەکات، لەم نادادپەروەریەدا حزبەکانی تر وەگەڕ پدک کەوتوون.

،،

خاڵێکی تری ئەو مووچە و خانەنشینییە بەرزەی چینی سەرەوە، سیاسیە، ئیمتیازاتی دەسەڵاتە بۆ نوخبەی سیاسی هەرێم، بۆ ئەوەی ئەو نوخبەیە بە خۆیەوە گرێبدات و پشتیوانی مسۆگەر بکات.

بەرامبەر بە نارەزایی خەلکی کوردستان لەو ناداپەروەریە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی هەریمی کوردستان کرد، رۆژی ١٦-١-٢٠٢٠ پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر یاسای چاکسازی دا، هەر یەک لە لای خۆیەوە سەرنجی خۆی لەسەر یاساکە دا،

منیش دەڵێم ئەگەر ئەم یاسایە بۆ چاکسازی بوایە دەبوو:

١.بە گوێرەی ئەم یاسایە مووچەی ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان و پلەبالاکان کەم بکرایەتەوە.

٢.بە گوێرەی ئەم یاسایە مووچە و خانەنشینی کارمەندانی حکومەت زیاد بکرایە.

٣.بە گوێرەی ئەم یاسایە داهاتی هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا دیاریبکرایە.

٤.بە گوێرەی ئەم یاسایە باس لە پاشەکەوتی مووچە بکرایە و رێوشوینی گەراندنەوەی ئەو پاشەکەوتە دانرایە. کە یاساکە ئەمانەی تێدا نەبوو، زەحمەتە بە یاسای چاکسازی مووچە و خانەنشینی ناوببرێت. ئەم یاسایە یاسای زیادکردنی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵخەڵتاندنی خەڵکی کوردستانە.