پیاوە مەترسیدارەكەی ئێران... ئەمریكا شكستی هێنا و نەیتوانی لەگەڵ قاسمی سولەیمانیدا بیكوژێت

پیاوە مەترسیدارەكەی ئێران... ئەمریكا شكستی هێنا و نەیتوانی لەگەڵ قاسمی سولەیمانیدا بیكوژێت

712 خوێندراوەتەوە

وەرگێرانى:گۆران قادر
وتەیەكی باو هەیە كە دەڵێت:" شكست هەتیوە و سەركەوتن هەزار باوكی هەیە"،ئەم پەندە تەواو بۆ دوو ئۆپراسیۆنی ئەمریكا گونجاوە كە لە یەكێكیاندا سەركەوتنی بەدەستهێانە و لە دووەمیاندا شكستی هێنا،چونكە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە ڕاگەیاندنەكانی جیهان تیشك دەخەنە سەر ئۆپراسیۆنە سەركەوتووەكەی ئەمریكا كە بووە هۆی كوشتنی قاسمی سولەیمانی، كە ئەمریكا توانی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی سەركەوتوودا بیانكوژێت،بەڵام هیچ بەرپرسێكی ئەمریكی لە ماوەی دە ڕۆژدا وشەیەكی بەسەر لێویدا نەهات و باس لە كارێكی شكستخواردوویان بكات، كە نەیانتوانی هەمان شەو سەركردەی سێیەمی ئێران (عەبدولرەزا شەهلایی) بكوژن.


لە كاتێكدا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و ئیدارەكەی بۆ كوشتنی قاسمی سولەیمانی و پێكانی ئامانجەكەیان ئاهەنگی سەركەوتنیان دەگێڕا،بەڵام لەو كاتەدا ریبیكا ریبرچ وتەبێژ بە ناوی پنتاگۆنەوە (ئۆپراسیۆنێكی زۆر نهێنی) ئاشكرا كرد كە لە سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوە، كە ئۆپراسیۆنەكە لە كوشتنی عەبدولرەزا شەهلایی سەركەوتوو نەبووە، كە فەرماندەیەكی باڵای سوپای قودسی ئێرانە.


بەرپرسانی ئەمریكا لە پنتاگۆن و فەرماندە سەربازیەكان لە فلۆریدا لە یەك كاتدا چاودێری دوو ئۆپراسیۆنی سەربازییان دەكرد، چاوەڕوان بوون هەواڵی سەركەوتنی هەردووكیان بگات، لە سەرەتادا زانیاریەكان وا گەیشتن كە هەردوو كارەكە بە باشی دەڕوات و بێ كێشەیە.
هەرچەندە گڵۆپی سەوز بۆ هەردوو ئۆپراسیۆنەكە لە یەك كاتدا هەڵكرابوو، بەڵام ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك باسی لە ئۆپراسیۆنی سەر شەهلایی نەكرد، چونكە ئۆپراسیۆنەكە ئەنجامدرا و بێ بەرهەم بوو، بەرپرسێكی باڵا دەڵێت:" ئەگەر ئەو شەوە ئەویشمان بكوشتایە، ئەوا هەر ئەو شەوە بە شانازییەكی گەورەوە باسمان دەكرد".

 


هێزەكانی ئەمریكا لەبری شەهلایی كەسێكی دیكەیان بە هەڵە كوشت:
چوار بەرپرسی ئەمریكا باس لە شكستی ئۆپراسیۆنەكەی سەنعا دەكەن، بەڵام ڕۆژ هات و ڕۆیشت هیچ زانیاریەكی ئەوتۆیان لەسەر ئۆپراسیۆنەكە ئاشكرا نەكرد، تەنانەت وەزارەتی دەرەوە و كۆشكی سپی خۆیان لەو پرسیارانە دەدزیەوە كە باسیان لەو هەوڵەی ئەمریكا دەكرد، تا ئەو كاتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە بەیاننامەیەكی كورتدا ڕایگەیاند:" ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە سەرەتای مانگی یەنایەر (كانونی دووەم) هێرشێكی ئاسمانی لە یەمەن ئەنجامداوە"، لە گەڵ ئاماژەدان بە یەمەن بەوەی" بۆتە شوێنێكی لەبار بۆ تیرۆرستان و لایەنی دیكە كە دژایەتی ئەمریكا دەكەن".


بەرپرسێكی ئەمریكا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕی (زە ئینترسبت) ڕاگەیاند، ئەمریكا لە ئۆپراسیۆنەكەی سەنعادا كەسێكی دیكەی بە هەڵە كوشتوە،بۆیە شەهلایی لە هێرشەكە ڕزگاری بووە و توانیویەتی خۆی حەشار بدات، ئەو كەسەشی بە هەڵە كوژراووە، ئەفسەرێكی پلە نزمی سوپای قودس بووە.
دوای تێپەڕبوونی كاتێكی كەم، ئەمیر تۆماج، شارەزای كاروباری ئێران لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی ڕایگەیاند ، تەلەفزیۆنی حكومەتی ئێران كوژرانی (مستەفا محمد مەرزەعی) ئەندامی فەیلەقی قودسی ئاشكرا كرد، كە بەوتەی بەرپرسێكی ئێرانی مستەفا لە (بەرەی بەرخۆدان)دا كوژراوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە كوژرانی ئەو ئەفسەرە پەیوەندی بە هێرشەكەی ئەمریكا لە عیراق نەبووە.


دەزگا ڕاگەیاندنەكانی ئێران ئاماژە بەوەش دەكەن، كە كوژرانی مەرزەعی پەیوەست بووە بە هێرشەكەی ئەمریكا لە عیراق نەك سەنعا،هەروەها بەشی ئینگلیزی ئاژانسی هەواڵەكانی فارس لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە كوژرانی (شەهیدی بەرخۆدان) لە ڕووی كات و مەبەستەوە هاوكاتی هێرشەكەی سەر قاسمی سولەیمانی بووە.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە رۆژنامەی واشنتن پۆست دەرئەنجامێكی لەسەر ئۆپراسیۆنەكە بڵاو كردەوە، لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، كە كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس وا دەردەكەوێت بەشێك بێت لە ئۆپراسیۆنێكی فراوانتر، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا كە دەڵێن قاسمی سولەیمانی مەترسیەكی جدی هەبووە، بۆیە كوژراوە.


ڕۆژنامەكە دەپرسێت" ئایا ئۆپراسیۆنەكە بۆ ڕێگری بووە لە هێرشێك بۆ سەر ئەمریكیەكان یان جوڵەیەكی سەربازی بوو بە ئاڕاستەی بە ئامانجگرتنی فەرماندەكانی سوپای قودس؟".
لەلایەكی دیكەوە سۆزان مالۆنی شارەزا لە كاروباری ئێران لە پەیمانگای برۆكینجز، وای بۆ دەچێت كە كوشتنی عەبدولرەزا شەهلایی تەحەدایەكی ئیدارەكەی ترامپ بوو،پلانێكی دوور مەودا تر و فراوانتر بوو بۆ هێنانەدی ئامانجێكی گەورەتر كە ئەمریكا باسی نەكردووە.
ئەو توێژەرە دەڵێت:" ئەگەر ترامپ ڕاست دەكات بەوەی قاسمی سولەیمانی نیازی هێرشی هەبووە، بۆ سەر هاوڵاتیان و سەربازی ئەمریكا، خۆ لە باكوری یەمەن كە حوسیەكان كۆنتڕۆڵیان كردووە، هیچ سەربازو بنكەیەكی ئەمریكا بوونی نیە تا بكرێنە ئامانج ،چونكە واشنتن لە ساڵی 2013ەوە باڵیۆزخانەكەی لەوێ چۆڵ كردووە، بۆیە هەوڵی كوشتنی ئەو فەرماندەیە بۆ ئەوە بووە كە ڕێگا لە ئێران بگرێت،چیدیكە هاوكاری حوسیەكان نەكات.

 

بۆچی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا 15 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاشكرا كردنی زانیاری لەسەر شەهلایی دیاری كرد؟
نزیكەی مانگێك پێش هێرشەكە بە دیاری كراوی لە (6/12/2019) وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەك بەخشیش بۆ هەركەسێك دیاری كرد، كە زانیاری لەسەر شەهلایی بە ئەمریكیان بدات، كە لە ڕاپۆرتەكەدا بەوە وەسف كرابوو بەوەی (پیاوێكی سوپای پاسدارانە لە یەمەن).
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بریان هۆك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران وتی" ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە بوونی ئەو كەسە لە یەمەن، هەست بە نیگەرانیەكی زۆر دەكات، چونكە ڕۆڵێكی گرنگ لە وەدەستخستنی چەكی پێشكەوتوو بۆ حوسیەكان دەگێڕێت".
لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێین دوور لە سەركەوتن و شكست، هێشتا ناوی شەهلایی لە لیستی ئەمریكادا ماوە، كە بڕیاری كوشتنی بۆ دەركراوە، چونكە ئەمریكا ئەو كەسە بە بەهێزترین كەسی ئێران لە یەمەن دەزانێت، كە پلانی بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا داڕشتوە، بۆیە بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەسەری ملیۆنەها دۆلاری وەك بەخشیش داناوە، لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، كە بە دژایەتی شەهلایی بۆ ئەمریكیەكان و هەوڵی كوشتنی لەلایەن ئەمریكیانەوە، ململانێی ئەو دوو وڵاتە بە كوێ دەگات؟