چاکسازی ــ ئیفلاس پێکردنی سلێمانی

چاکسازی ــ ئیفلاس پێکردنی سلێمانی

545 خوێندراوەتەوە

زۆرێکمان هێشتا سەرقاڵی موچەو خانەنشینی پارلەمانتارانین، ئاگاداری پرۆژە یاساکانی داهاتوو و کاریگەریەکانی نین بەسەر داهاتووی ژیانی خەڵکەوە.

ئەو پرۆژانەی بەناوی چاکسازییەوە دەخرێتە ناو خەڵکەوە، لەڕاستیدا پێوویستیان بە تەشریعی پارلەمان نییە، بۆ نمونە بە فەرمانی وەزیرێک یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانبەرێک پلەیەکی وەزیفی پێدراوە، پێویست بە پرۆژە یاسا ناکات لەپارلەمانەوە دەستکاری پلە وەزیفییەکە بکرێت و ناوی چاکسازی لێبنرێت، چونکە بەهەمان فەرمانی وەزاری دەتوانرێت پلە وەزیفیەکەی لێ وەربگیرێتەوە.

کەواتە چی دەگوزەرێت؟! لە قۆناغی دوای کەوتنی کۆمارەکەی سەدام و سەردەمی بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستاندا، لێشاوێک لە چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵگە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز دامەزرێنراون ( بەبن دیواری بێت یان بە دوامی کاملەوە ) ئەو لێشاوە دامەزراندنە کۆمەڵێک پلە و ئیمتیازاتی پێوە بەستراوە بۆ ئەوەی وەک دەرماڵە حسابکرێت و موچەکەی پێ بەرزبکرێتەوە.

،،

کەسانێک هەن بە پلەی ئەفسەر لە سوپادا دامەزرێنراون، بەڵام خوێندەواری نییە ! هەیە بەپلەی مودیر دامەزرێنراوە بەڵام بڕوانامەی ناوەندی هەیە.

ئەو پلە وەزیفیانەی لەپێناو زیادکردنی دەرماڵە و موچەکاندا بەخشراوە لەئێستادا پێداچوونەوەی پێدادەکرێتەوە و دەرماڵەکان ( کە نیوەی بودجەی موچەخۆرانی هەرێمە) دەبڕدرێن.

زۆرینەی ئەو دەرماڵە بێسەروبەرانە دەکەونە زۆنی سەوزەوە، ئەمەش مانای ئەوە نییە لە زۆنی زەرددا نەکرابێت، بەڵکە جیاوازییەکە لە چۆنیەتی زیادکردنی دەرماڵەکاندایە، لەزۆنی سەوزدا نزیکەی ١٠٠ هەزار موچەخۆری سەربازی و مەدەنی هەیە دەرماڵەکانیان بەپێ ی پلەی وەزیفی پی بەخشراو بەرزکراوەتەوە، موچەکانیان لە ٩٠٠ هەزار دینارەوە تا ٥ ملیۆن دینار دەبێت، لەم پێداچوونەوەیەدا موچەکانیان دەرماڵە تەزویرەکانی لێدەردەکرێت، دادابەزێت بۆ لە ١٤٠ هەزارەوە تاوەکو ٥٠٠ هەزار.

جیاوازیەکە گەورەیەو کاریگەریش لەداهاتی دەیان هەزار خێزان دەکات.

بەڵام لەزۆنی زەرددا بە سیستەمێکی تر دەرماڵەیان بۆ موچەخۆرەکانی خۆیان زیادکردووە ئەویش بە زیادکرنی ساڵی خزمەت.

لێرەدا تا ڕادەیەکی زۆرباش دەرماڵەکان وەک خۆیان دەمێننەوەو پیداچوونەوەکە کاریگەری ناکاتە سەر موچەخۆرانی ئەوێ لە هەردوو کەرتی مەدەنی و سەربازیدا.

کەمبوونەوەی موچەی زۆنی سەوز بەهۆی هەڵەی زیادکردنی دەرماڵەی تەزویرەوە دەکاتە کەمبونەوەی توانای کڕین لەناو بازاڕ و ئابووری سلێمانی دا، بەمەش ئابووری سلێمانی بەیەکجاری بەرەو ئیفلاسبوون و وشک بوونەوە دەچێت، بەناوی چاکسازیەوە لەسەر دەستی عەرابەکانی گۆڕانکاری لە زۆنی سەوزدا.