سەرۆك كۆمار دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئێستای عێراق پێشكەش دەكات و ڕێبەرانی خۆپیشاندەرانیش بەشداری دەكات

سەرۆك كۆمار دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئێستای عێراق پێشكەش دەكات و ڕێبەرانی خۆپیشاندەرانیش بەشداری دەكات

670 خوێندراوەتەوە

تەها ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، سەرۆك كۆماری عیراق لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستپێشخەرییەكی نیشتیمانیی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی ئێستای وڵات پێشكەش دەكات.

 

تەها ئەمین لەوبارەیەوە وتی:" بەرهەم ساڵح نامەیەكی بۆ نێردە و ڕێبەرانی خۆپیشاندانەكان لە بەغداد و پارێزگاكانی دیكە ناردووە، بۆ ئەوەی ڕۆژی سێ شەممەدا لە لە كۆبوونەوەیەكدا ئامادەبن،كە بۆ قسە كردن لەسەر دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێیە".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی:"دوای كۆبوونەوەكە سەرۆك كۆمار، داوا لە سەركردەی پارتە سیاسیەكان و كوتلە پەرلەمانیەكان دەكات، كە لەكۆبوونەوەیەكی فراواندا ئامادە بن،بۆ ئەوەی تەوافوق لەسەر كاندیدێك بكەن و ڕەزامەندی مەیدانەكانی خۆپیشاندەرانیشی لەسەر بێت".

لەلایەكی دیكەوە ئەندامێكی هاوپەیمانێتی سائرون كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات ڕایگەیاند:" دیاری كردنی سەرۆك وەزیران بە تەوافوقی كوتلە سیاسیەكان و سەرۆك كۆمار دەبێت".

بەدر زیادی لە هاوپەیمانێتی سائرون دووپاتیشی كردەوە كە" دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار لە ئیتاڵیا دەگەڕێتەوە، هەفتەی داهاتوو كەسێك بۆ سەرۆك وەزیران دیاری دەكات ،كە دەبێتە موفاجەئە بۆ گشت لایەك،چونكە دوور دەبێت لەو كەسانەی كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە ناویان دەهێنرێت".

هێزە سیاسیەكانی عیراق تاكو ئێستا نەیانتوانیوە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكەن، كە ڕەزامەندی هێزەكانی دیكە و خۆپیشاندەرانییشی لەسەر بێت.