چه‌كدارن به‌ڵام به‌ كڵاوی شینه‌وه‌... نهێنی دامه‌زراندنی میلیشیا نوێیه‌كه‌ی سه‌در

چه‌كدارن به‌ڵام به‌ كڵاوی شینه‌وه‌... نهێنی دامه‌زراندنی میلیشیا نوێیه‌كه‌ی سه‌در

355 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانى:گۆران قادر

كڵاو شینه‌كان به‌ دواین زنجیره‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی میلیشیاكانی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در داده‌نرێت، كه‌ له‌ ساڵی (2003)ه‌وه‌ به‌ ڕه‌نگ و شێوه‌ی جیا جیا ده‌ستی به‌ دامه‌زراندنی گروپی چه‌كداری هه‌مه‌جۆر كردووه‌.

 

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، خۆپیشانده‌ران چه‌ندین پێشێلكاری میلیشیاكانی كڵاو شینه‌كانیان تۆمار كردووه‌، كه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی داوا تایبه‌ته‌كه‌ی سه‌در دژ به‌ خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامیان داوه‌.

له‌ شاری نه‌جه‌ف شوێنكه‌وتوانی سه‌در گولله‌یان به‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشانده‌راندا ته‌قاند، كه‌ دژی ڕاسپاردنی محد تۆفیق عه‌لاوی ده‌یانویست ڕێگاكان دابخه‌ن.

ناوی كڵاو شینه‌كان له‌ كۆتایی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوودا وه‌ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ سه‌در داوای له‌ به‌شێك له‌ شوێنكه‌وتووانی كرد له‌ مه‌یدانه‌كانی خۆپیشانده‌ران به‌ تایبه‌ت مه‌یدانی ئه‌لحبوبی له‌ سه‌نته‌ری شاری ناسریه‌ له‌ باشووری عیراق ئاماده‌بن.

,,

 كڵاو شینه‌كان ڕێكخستنێكی بێ چه‌كن كه‌ له‌سه‌ره‌یا ئه‌لسلام له‌ دایك بوون، كه‌ ئه‌ویش به‌شێكه‌ له‌ میلیشیاكانی سوپای مه‌هدی كه‌ موقته‌دا سه‌در له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ دایمه‌زراند

 

 

ڕۆڵی كڵاو شینه‌كان زیاتر له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌مدا وه‌ده‌ركه‌وت، ئه‌و كاته‌ی به‌ لێشاو ڕوویان له‌ مه‌یدانی ته‌حریری به‌غدای پایته‌خت ده‌كرد.

كاری ئاشكرای كڵاو شینه‌كان بۆ نێوبژیوانی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ نێوانیان و پێكدادان له‌ نێوانیاندا ڕوو نه‌دات، ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌دا بوو كه‌ سه‌در پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كرد، پێش ئه‌وه‌ی بۆچوونی له‌سه‌ر خۆپشانده‌ران بگۆڕێت و ده‌ستبه‌رداریان ببێت.

ڕۆژی 25ی كانوونی دووه‌م، سه‌رپه‌رشتیاری خۆپیشاندانه‌كانی عیراق موقته‌دا سه‌دری به‌ (خیانه‌ت له‌ شۆڕش) تۆمه‌تبار كرد، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی له‌ خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌ كشانه‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر مه‌یدانی خۆپیشانده‌ران و بڵاویان پێكردن، ئه‌مه‌ش گومانی لای چالاكوانان دروست كرد كه‌ سه‌در له‌و پلانه‌دا تێوه‌ گلاوه‌.

مهدی الغزی شاره‌زای گروپه‌ شیعیه‌كان له‌باره‌ی كڵاوشینه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت:" كڵاو شینه‌كان ڕێكخستنێكی بێ چه‌كن كه‌ له‌سه‌ره‌یا ئه‌لسلام له‌ دایك بوون، كه‌ ئه‌ویش به‌شێكه‌ له‌ میلیشیاكانی سوپای مه‌هدی كه‌ موقته‌دا سه‌در له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ دایمه‌زراند".

سه‌در پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه‌ میلیشیایه‌كی چه‌كداری بۆ شه‌ڕ و دژایه‌تی ئه‌مریكیه‌كان به‌ ناوی (سوپای ئیمان مه‌هدی) داده‌مه‌زرێنێت، كه‌ دواتر 10 گروپی شیعه‌ی چه‌كداری لێجیا بوویه‌وه‌، به‌ڵام سه‌در سوپای مه‌هدی و هێزه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی دوای ته‌قینه‌وه‌كانی هه‌ردوو گڵكۆی ئیمام عه‌سكه‌ری له‌ ساڵی 2006دا سڕ كرد.

 

,,

كاری ئاشكرای كڵاو شینه‌كان بۆ ئه‌وه‌بوو خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ یه‌كتر داببڕن، بۆ ئه‌وه‌ی پێكدادان له‌ نێوانیاندا ڕوو نه‌دات، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات كاره‌كه‌یان بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران گۆڕی

 

سه‌رایا ئه‌لسلام:

سه‌در دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2006 میلیشیاكانی خۆی هه‌ڵوه‌شاندووه‌، دژی هه‌موو چالاكیه‌كی میلیشیایی بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش شاری موسڵی كۆنتڕۆڵ كرد، دووباره‌ ده‌ستی به‌ چالاك كردنه‌وه‌ی میلیشیاكان كرده‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ سه‌رایا ئه‌لسلامی دامه‌زراند.

سه‌رایا ئه‌لسلام به‌ لقێكی سوپای مه‌هدی داده‌نرێت، كه‌ ئه‌ویش به‌شێكه‌ له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ بۆ جه‌نگی دژی داعش له‌ ساڵی 2014دا دامه‌زراون، سه‌رایا ئه‌لسلام له‌ ناو حه‌شددا له‌ دوو لیوا پێكدێن، ئه‌وانیش لیواكانی( 313 و 314)ن.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوودا،سه‌در دامه‌زراندنی كڵاو شینه‌كانی ڕاگه‌یاند، كه‌ له‌ ره‌حمی سه‌رایا ئه‌لسلامه‌وه‌ له‌ دایك بون، كڵاو شینه‌كان هه‌ندێك ئاماژه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌ی به‌غدای سه‌ره‌یا ئه‌لسلامن.

خۆپشانده‌ران له‌ كاتی خۆپیشاندانی ملیۆنیدا، كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامدرا، چه‌كدارێكی سوپای مه‌هدیان به‌دی كردووه‌ كه‌ نازناوی (ابو درع)ی پێدراوه‌، ئه‌م چه‌كداره‌ به‌ هۆی ڕۆڵی له‌ ململانێی تائیفی له‌ عیراقدا، بۆته‌ كه‌سێكی ناسراو، چونكه‌ ڕۆلێكی سه‌ره‌كی له‌ ڕفاندن و كوشتنی هاوڵاتیانی سونیدا بینیوه‌، سه‌در له‌ ساڵی 2011دا ئاشكرای كرد كه‌ ئه‌بو درع به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوان بۆ ئێران هه‌ڵاتووه‌.

ئه‌و شاره‌زای گروپه‌ شیعیه‌كان ده‌ڵێت:" كاری ئاشكرای كڵاو شینه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ یه‌كتر داببڕن، بۆ ئه‌وه‌ی پێكدادان له‌ نێوانیاندا ڕوو نه‌دات، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات كاره‌كه‌یان بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران گۆڕی".

كڵاو شینه‌كان زیاتر له‌ گه‌نجانی كه‌م ته‌مه‌ن پێكدێن، فه‌رمانده‌كانیشیان ته‌مه‌نیان 40 ساڵ و به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا فه‌رمانده‌ی سه‌رایا ئه‌لسلام یان سوپای مه‌هدین

هه‌ینی ڕابردوو موقته‌دا سه‌در داوای له‌ شوێنكه‌وتووانی كرد ، به‌ چڕی به‌شداری له‌ خۆپیشاندانه‌كانی مه‌یدانی ته‌حریری به‌غداد بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌ چه‌كداره‌كان و بێ ڕه‌وشته‌كان بپارێزن، به‌ڵام ئامانجی سه‌در ئه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌وه‌ بوو به‌و هۆیه‌وه‌ كۆنترۆڵی مه‌یدانه‌كانی خۆپیشانده‌ران بكات و ڕێكه‌وتنێكی پڕ ده‌ستكه‌وت له‌گه‌ڵ محمد تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌نجام بدات.

هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ كڵاو شینه‌كان ڕوویان له‌ خێوه‌تگه‌ و بینای چێشتخانه‌ی توركی له‌ مه‌یدانی ته‌حریر كرد، ئه‌وان ته‌نها مۆڵه‌تی 48 كاتژمێریان به‌ خۆپیشانده‌ران دا، كه‌ ئه‌و شوێنانه‌ چۆڵ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا به‌هێز ده‌ریان ده‌كه‌ن.

له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی سه‌در ئه‌نجامی دا، پشتكردن بوو له‌ خۆپیشانده‌ران و ڕووكردن بوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سیه‌كانی، به‌مه‌ش هاوسۆزی خۆپیشانده‌ران و خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانی له‌ ده‌ستدا، ده‌ركه‌وتنی كاری سه‌ره‌كی كڵاوشینه‌كانیش كه‌ ته‌نها بۆ دروستكردنه‌وه‌ی میلیشیا و هێرش كردنه‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران بوو، ئه‌وه‌ندی دیكه‌ ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی موقته‌دای نیشانی هاوڵاتیانی عیراق دا.