لە ئەڵمانیا چی ڕوودەدات؟

لە ئەڵمانیا چی ڕوودەدات؟

400 خوێندراوەتەوە

كودەتای كۆنزەرڤاتیڤ-لیبراڵ و فاشیستەكان لە تۆرینگن

لە 27ی ئۆكتۆبەری 2019 هەڵبژاردنی هەرێمی تۆرینگن (تۆرینیا) لە ئەڵمانیای خۆرهەڵات كرا، تیایدا پارتی چەپ (Die Linke) توانی پلەى یەكەم بە ڕێژەى 32%، ببێتە براوەى هەڵبژاردنەكان؛ دووەم حزب، پارتی تازە دەركەوتووی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (AfD)، توانی پلەى دووەم بەڕێژەى 23% و پاشان پارتی كۆنزەرڤاتیڤەكان (یەكێتیی دیموكراتیی ئەڵمانیا-حزبەكەى ئەنگێلا مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا)، بگاتە پلەى سێیەم بەڕێژەى 23% و دواتر بە ڕیزبەندیی سۆسیال دیموكراتەكان 8.9% و سەوزەكان 5.6% و دیموكراتە ئازادەكان (نیۆلیبراڵەكان) بەڕێژەى 5.6% بێن.

بەگوێرەى دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان، پارتی چەپ دەبوو هاوپەیمانیی لەگەڵ هەردوو پارتی سۆسیال دیموكرات و سەوز پێكبهێنێت كە بەهاوپەیمانێتیی سوور-سوور-سەوز ناسراوە، و لە زۆر هەرێمی دیكەى ئەڵمانیادا ئەم هاوپەیمانێتییە هەیە، وەك براندنبورگ، هامبورگ، بەرلین، و برێمن. بۆدۆ ڕامیلۆڤ، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا سەرۆكی هەرێمی تۆرینگن بووە و بەپێی هەموو ماددە دەستوورییەكان، دەتوانێت بۆ خولی دووەمیش ببێتەوە بە سەرۆك، و لەڕووی زۆرینەى هەڵبژاردنیشەوە، تەنها كاندید بوو مافی بوون بە سەرۆكی هەبوو.

بۆ بوونەوەشی بە سەرۆك، پێویستی بە یەك دەنگی ئیزافیی هەبوو، ئەم دەنگە وایكرد كودەتای بەسەردا بكرێت و بەشێوەیەكی نهێنیی و ڕێككەوتنی ژێر بەژێری حزبەكەى مێركڵ و فاشیستەكان و لیبراڵەكان، تۆماس كەمەریش، كە بەگوێرەى مافی هەڵبژاردن، ئەو مافەى نەبوو ببێتە سەرۆك، بەنهێنیی هەڵبژێردرا و بە هاندانی فاشیستەكان بووە سەرۆكی هەرێمەكە، كە تەنها ڕێژەى دەنگەكانی سەدا 5 بوو، لەكاتێكدا بۆدۆ ڕامیلۆڤ سەدا 32. ئەمە چۆن ڕوویدا و چی بەدوای خۆیدا هێنا؟

لاتان سەیر نەبێت ئەمجۆرە ساختەكاریی و كودەتایە لە ئەمریكاش بەشێوەیەكی هاوكات ڕوویدا، ئەویش لە هەرێمی ئیۆوا لە هەڵبژاردنی هەرێمەكەدا، لەكێبڕكێی نێوان پیتە بۆتیگیگ، بێرنی ساندەرس، جۆ بایدن و ئەلیزابێس وارن، ساندەر (لە دیموكراتەكان و ڕابەری بزووتنەوەى سۆسیالیزمی دیموكراتیی) بەگوێرەى دەنگەكان یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو، كەچی دەرەنجامەكان بۆ زیاتر لە 24 سەعات لە خەڵك شاردرابوونەوە و لەناكاو ڕاگەیەنرا كە پیتە بۆتیگیگ بەڕێژەى 0.1 لە ساندەرسی بردۆتەوە، لەكاتێكدا بەگوێرەى ژماردنەكانی ڕۆژی هەڵبژاردن ساندەرس بەڕێژەیەكی زۆر لەپێش بۆتیگیگەوە بوو. ئێستا كە بە ئاشكرا دوای دووبارە ژماردنەوە دەركەوت ساندەرس براوەی یەكەمە.

بەهەرحاڵ، لە ئەمریكا داواكاریی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان لە هەڵكشاندابوو، لەلاكەى دیكەشەوە، ڕووداوەكەى ئەڵمانیا، تووڕەیی، ترس، تۆقین و نیگەرانیی گەورەى بەدوای خۆیدا هێنا و هەر سەعاتێك بەسەر ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنەكەدا تێپەڕ نەببوو كە خەڵك لە سەرجەمی شارەكانی ئەڵمانیا دژی ئەم كودەتایە ڕژانە شەقامەكانەوە. خەڵك دەیانگوت ئەمەیە زەنگە مەترسییەكە!

بۆ یەكەمجار، لە تۆرینگن پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (ڕاستڕەوە توندڕەوە تازەكان) توانیویانە لەڕێگای دەستەواژەگەلی نازیی، ئامانجگەلی نازیی و میتۆدگەلی نازییەوە هەوادارانێكی زۆر بۆ خۆیان كۆبكەنەوە.

هەموو حزبەكان لە تۆرینگن دەنگیان لە دەستداوە، جگە لە پارتی چەپ نەبێت، كە ڕێژەكەى بەڕادەیەك بە جێگیریی مابووەوە. بەڵام مقۆمقۆ و دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لەناو ڕیزەكانی حزبەكەی مێركڵدا لەو هەرێمە هاوسۆزییەكی زۆر بۆ پارتە فاشیستییەكە هەیە. هەموو ئەمانە وەك دەنگۆ و تارمایی مابوونەوە تا ڕۆژی 5ی شوباتی 2020.

بۆدۆ ڕامیلۆڤ، سەرەڕای حزبەكەى، بە شەخسییش لە پێنج ساڵی ڕابردوودا توانیبووی مەحبوبییەت بۆ حزبەكەى پەیدا بكات و بەگوێرەى ڕاپرسییەكی چەند ڕۆژی ڕابردوو، 81%ی كۆی دانیشتووانی هەرێمەكە پێیانوابووە ڕامیلۆڤ ڕۆڵێكی ئەرێنیی و گرنگی هەبووە، بەهەرحاڵ، ڕامیلۆڤ گوتارێكی نەرمی هەبووە و ئەم گوتارە نەرمەشی هەڵەی لە ستراتیژ و تاكتیكی حزبەكەدا دروستكردووە و بێ ئاگا، حزبە نازییەكە سەریهەڵداوەتەوە.

لەلاكەى دیكەشەوە، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا دووەم حزب بوو، چێژی لە سەركەوتنەكەى خۆى وەردەگرت كە گەیشتبووە 23.4%ی دەنگەكان و خاوەنی 22 كورسیی لە كۆی نەوەد كورسیی پەرلەمانی هەرێمەكە. سەرەڕای ئەوەش، هەموو پارتەكانی دیكە، گوتبوویان، هەرگیز، هەرگیز، هەرگیز، بیر لە هاوپەیمانیی و كاری پێكەوەیی لەگەڵ فاشیستەكاندا ناكەوە! كەواتە تەنها یەك ڕێگا هەبوو بۆ دەرچوون لەم قەیرانەی زەروورەتی یەك دەنگی زیاتر بۆ بۆدۆ ڕامیلۆڤ، ئەویش ئەوە بوو كە ڕامیلۆڤ دەتوانێت وەك پێشوو بە هاوپەیمانێتیی سوور-سوور-سەوز بەردەوام بێت، كە بەهاوپەیمانێتیی چەپەكان ناسراوە، وەك حكومەتێك كە لەكۆی دەنگی 50 كۆ 1، بە 50 دەتوانێت بڕوات. واتا، یەك دەنگ كەم لە بوون بە زۆرینەى حكومەت.

مشتومڕی ئەوەش لە ئارادابوو ڕەنگ بوو دەنگێكی نیۆلیبراڵەكان یاخود كۆنزەرڤاتیڤەكان بۆ ڕامیلۆڤ بڕوات و ببێتە حكومەتی زۆرینە. لەهەر حاڵێكدا بێت، حكومەتێكی زۆرینەى موتڵەق نەدەبوو. بەڵام جگە لە ڕامیلۆڤیش، مەحاڵی مەحاڵ بوو هیچ كەسێكی دیكە بیر لە پێكهێنانی حكومەت بكاتەوە، چونكە ڕامیلۆڤ، بەگوێرەى دەنگەكان، و كورسییەكان، براوەى یەكەم و موتڵەقی پەرلەمانەكە بوو. لەپشتی ئەم دیمەنەوە، مانۆڕێكی دیكە بەنهێنیی دەهات و دەچوو. بانگ بۆ دەنگدانی نهێنیی كرابوو.

لە یەكەم دەنگداندا هیچ كاندیدێك زۆرینەى نەبردەوە، لە دەنگدانی سێیەمدا، ئەو چاوەڕوان بوو دەنگدانەكە بباتەوە. پاشان لەناكاو، دژە-كاندیدێك بازی دایە ناو مەیدانەكە، كە بەگشتیی پێشتر ناسراو نەبوو، تۆماس كەمەریش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتە ئازادەكان (نیۆلیبراڵەكان)، كە تەنها خاوەنی 5%ی دەنگەكان بوو، كە دەنگی حزبەكەى بەدەستهێنا، بەڵام لەم مانۆڕە نهێنییەدا ئەو بەتەنها نەبووە خاوەنی دەنگەكانی حزبەكەى، بەڵكو سەرجەمی ئەندامانی دووەم حزب، ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا دەنگەكانیان خستە گۆزەكەى ئەوەوە، و دواتر دەركەوت كە حزبەكەى مێركڵیش بەنهێنیی بەڵێنیان پێدابوو لە قۆناغی سێیەمی پرۆسەى دەنگدانەكەدا، دەنگ بەو دەدەن، كە لە ئەسڵدا دەبوو دەنگ نەدەن، چونكە بەگوێرەى پرۆسەكە، لە قۆناغی سێیەمدا، كورسییەكە بۆ ئەو كەسە یەكلایی دەبێتەوە كە خاوەن زۆرینەى پەرلەمانییە، ئەویش بۆدۆ ڕامیلۆڤ بوو، سەرۆكی پارتی چەپ.

،،

كەس چاوەڕوانیی ئەمەى نەكردبوو، نە سیاسییەكان، نە خەڵك و نە میدیاش. كەمەریش بە 45 دەنگ بەرانبەر بە 44 دەنگ، دەرچوو.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەرەنجامەكاندا، سەرجەمی كۆمەڵگا و میدیا و پارتەكان و سیاسییەكان تووشی شۆك بوون، چونكە لە دوای 1930ـەوە هیچ ڕووداوێكی لەم چەشنە ڕووینەدابوو، لە 1930 هیتلەر بە هەمان شێوە دەنگەكانی حزبەكەى خستبووە ناو سندووقی پارتی سەربەخۆ (لیبراڵەكانەوە)، چونكە پێیوابوو بەمجۆرە بەپشتگیریكردنی حكومەتێكی لاواز، خۆی دەتوانێت كۆنتڕۆڵی حكومەت بكات و لیبراڵەكانیشی وەك بووكەڵە بەكاردەهێنا.

بۆیە ئەم دەستەواژەیە هەمیشە دروستە كە دەڵێت، ئەوانەى لەمێژووەوە فێرنابن، مەحكومن بە دووبارەكردنەوەى. ئەمە لە تۆرینگن بەهەمان پرۆسە و هەمان شێوە نەك لە 1930 بەڵكو لە 2020دا ڕوویداوە. ڕامیلۆڤ دەركرا! ئیتر وەك هەورە بروسكە ڕوون و ئاشكرایە لەناو ئەم حكومەتەدا، نەك بەشێوەیەكی ڕەسمیی، بەڵام ناڕاستەوخۆ پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا حوكمڕانیی دەكات و خاوەن مافی ڤیتۆی ڕەسمیی حكومیش دەبێت.

تا ئێستا، لەدوای 1944ـەوە، وەك تابوویەك سەیردەكرا، كاری هاوبەش لەگەڵ فاشیستەكان بكرێت، بەڵام پارتەكەى مێركڵ، بەڕێژەى سەدیی، حزبی یەكەمی ئەڵمانیا، لەناوچەی هەرێمییدا، ئەم تابووەی شكاند بەهۆى كاری نەك ئاشكرا، بەڵكو نهێنیی و ڕەش لەگەڵ فاشیستەكاندا. تابوویەك كە شكا، پێكەوە نالێكێندرێتەوە. گۆزەیەك كە شكا، پارچەكانی بەیەكەوە ناچەسپێنرێنەوە. شتی دیكەش ڕوویاندا، كە دواتر باسی دەكەم.

سەرۆك و ڕابەری ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، لە بەرلین فووی بە كەڕەنای سەركەوتندا كرد: "دواجار ڕوون بووەوە لە ئەڵمانیا زۆرینەیەك، نەك تەنها لەسەر كاغەز، بەڵكو لە واقیعدا هەیە دژی باڵادەستیی و هەیمەنەى هاوپەیمانیی چەپەكان... دژی ئەوانەى بانگەشەى لەپیشەسازییخستن دەكەن، دژی ئەوانەى ڕقیان لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیلە، دژی ئەوانەى هیستریای گۆڕانی كەش و هەوا بڵاو دەكەنەوە، هەروەها دژی باندەكانی بانگەشەكردن بۆ جێندەر و دژی توندوتیژییەكانی ئەنتیفا (بزووتنەوەى دژەفاشیستەكان)".

هەر دەڵێی ساڵی 1930ـیە، لە هەرێمی تۆرینگن، "سەر سەوز" و بە گرد و دارستانە قیت و قۆز و سەرنجڕاكێشەكانییەوە، بە قەڵا سەرسامكەرە كۆنەكانی و شارە مێژووییەكانییەوە – ڤایمار، ئایزناخ، ئێرفورت، یەنا – كە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا سەركەوتنی خۆى تۆمار دەكات، وەك چۆن هیتلەر بە هەمان ئەو كارەى لە 1930دا لە تۆرینگن كردبووی، سەرۆكی پارتە فاشیستەكە لە تۆرینگن، بیۆرن هۆیكە، بەدناو بەهۆى بڵاوكردنەوەى گوتاری ڕق، سوكایەتیكردن بە جولەكە، نكوڵیكردن لە هۆڵۆكۆست، جوێندان بە ئەفریقییەكان، هێرشكردنە سەر چەپەكان، دەهۆڵی سەركەوتنی دەكوتا. هەر ئەو كەسەى لە 2019دا نەك 1930، دەیگوت:

"مەسیحییەت و جولەكایەتیی دوژمنی یەكترن. ئا لەبەرئەوەیە من لە زاراوەی ‘ئەوروپای مەسیحیی-جولەكەیی‘ تێناگەم". هەر ئەو كەسەى سەبارەت بە مۆنۆمێنتی قوربانیانی هۆڵۆكۆست لە بەرلین، دەیگوت: "ئێمە ئەڵمانەكا، ئێمەى گەل، تەنها گەلێكین لەسەر ئەم هەسارەیە مۆنۆمێنتی شەرمەزارییمان لەناو چەق و دڵی پایتەختەكەماندا بونیادناوە". ئینجا هۆیكە دەشیگوت: "من نامەوێت ئەڵمانیا تەنها خاوەن هەزار ساڵەیەكی ڕابردوو بێت. ئەڵمانیام دەوێت هەروەها خاوەن هەزار ساڵی داهاتووش بێت" (ئەوە هیتلەر بوو بەبەردوامیی باسی لە هەزار ساڵەى ڕایشی سێیەم دەكرد!).

هۆیكە هەروەها بە ڕوانین لە داهاتووی حوكمڕانیی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، دەیگوت: "هەندێك ڕاستكردنەوە و چەند ڕیفۆرمێكی چكۆلە بەس نین، بەڵكو ئەڵمانیا بەشێوەیەكی چەسپیو گەرەنتیی ئەوە دەكات كە ئێمە بەدەقیقیی و بەشێوەیەكی بنچینەیی كاروباری شتەكان بەدەستەوە دەگرین. كاتێك گۆڕانكارییەكان ڕوویاندا، ئێمەی ئەڵمانەكان هەنگاوەكان تا نیوەى ڕێگا هەڵنانێین، بەڵكو خەیاڵ و بیركردنەوەى زبڵئاسای مۆدێرنیزم بەتەواویی هەڵدەگرین و لەناوی دەبەین". هەر هەمان كەس لە ساڵی ڕابردوودا لە چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنیی "ZDF"دا كاتێك بەڕێوەبەری بەرنامە ڕەخنەى لێگرت، ئەویش ئاوا وەڵامی دایەوە: "دڵنیات دەكەمەوە ئەم ڕەفتارەت كۆمەڵە دەرەنجامێكی گەورەى بەدواوە دەبێت... لەوانەیە ڕۆژێك، لەم وڵاتەدا ببمە كەسێكی گرنگ و كەسایەتییەكی سیاسیی بەناوبانگ: ئەمەش ڕوودەدات. و ئەوسا هیوادارم لە پیشەكەتدا سەركەوتوو بیت".

ئیتر ڕێك هەڵسایە سەرپێ و ستۆدیۆی لە بەرنامەى ڕاستەوخۆ بەجێهێشت. دووبارە با ئەوەشتان بەبیر بهێنمەوە، لە مێژوودا یەكەم حكومەتی نازیی لە 1931، بە پشتیوانیكردنی حكومەتێكی لاوازی لیبراڵەكان لە 1930، دروستبوو، حكومەتی ساڵی 1931ی نازییەكان، دەروازەیەكی باشی پروپاگەندە بوو بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن هیتلەرەوە لە 1933دا.

تا ئێرە هەم لایەنی مێژوویی و هەم ڕووداوەكەى ئەم چەند ڕۆژەمان شیكردەوە. باشە ئەی چی ڕوویدا؟ ئایا خەڵك لە خوارەوەى كۆمەڵگا، بێدەسەڵات و ناچالاك تەنها لەماڵەوە دانیشت؟ نەخێر، یەك سەعات دوای هەڵبژاردنەكە، خەڵك لەسەرتاپای ئەڵمانیادا هاتە سەر شەقامەكان و داوای دەستبەجێ ڕووخاندنی ئەم حكومەتەیان كرد، یەك دەنگ دژی فاشیزم هاواریان دەكرد.

،،

دەرەنجامی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە ئەوە بوو، مێركڵ بە ڕەسمیی هاتە سەر خەت و گوتی هەرگیز ئەم پرۆسەیە قبوڵ ناكەین.

سەرۆكی حزبی دیموكراتە ئازادەكان، كریستیان لیندنە، باسی لەوە كرد لە ئەگەری هەڵبژاردنی دووبارەدا، قبوڵی دەكات، سەرۆكی حزبەكەى مێركڵ، ئانەگرێت كرامپ-كارنباوە (ئاكاكا)، بە ڕەسمیی ڕەتیكردەوە، سەرۆكی پارتی كۆمەڵایەتیی مەسیحیی (پارتە دەستەخوشكەكەى مێركڵ لە هەرێمی باڤاریا) پاوڵ تسیملیك و سەرۆكی هەرێمی باڤاریا، مارك زۆیدەر، ڕەتیانكردەوە. لەژێر ئەم فشارانەدا، ئەمڕۆ تۆماس كەمەریش، سەرۆكی بەشێوەیەكی ساختە و فێڵبازانە هەڵبژێردراو، تەنها دوای 24 سەعات، دەستی لەكاركێشایەوە.

بزووتنەوەی گەورەى جەماوەریی، ڕۆژی 15ی شوباتی 2020، لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەرەو شاری ئێرفورتی پایتەختی هەرێمی تۆرینگن مارش دەكات، و بەگوێرەى ڕاپرسیی دەزگای فۆرسا (دەزگای هەڵبژاردن)، پارتی چەپ ڕێژەى دەنگەكانی لە 32% بۆ 38% بەرز دەبێتەوە، حزبەكەى مێركڵ 10%ی دەنگەكانی لەدەستدەدات و پارتی نیۆلیبراڵەكانیش دادەبەزنە سەر 4% كە ئیتر دەچنە دەرەوەى بازنەى پەرلەمانییەوە. ڕووداوەكان خێران، و خێراتریش دەبن.

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ لەبواری فیكری سیاسیی، ئابووریی و بیری چەپ.
تا ئێستا 34 كتێبی نووسراو و وەرگێڕدراوی بڵاوكردۆتەوە.
 سەرقاڵی خوێندنی زانستە سیاسییەكانە لە بەرلین.