مەرجی کورد چیە بۆ پشتگیریی لە حکومەتەکەی عەلاوی؟

مەرجی کورد چیە بۆ پشتگیریی لە حکومەتەکەی عەلاوی؟

530 خوێندراوەتەوە

وا بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردا تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت و داواكانی كورد بكات كورد بۆ بەشداری و پشتگیری لە حكومەتەكەی محمد تۆفیق عەلاوی كە لە 23 وەزراەت پێكدێت،تەنها یەك مەرجی هەیە، ئەویش ئەوەیە حكومەتی نوێ پابەندی ئەو ڕێكەوتنانە بێت كە عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەری ڕێك كەوتووە.

لەو بارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی (ی.ن.ك) بۆ مەدا دەڵێت:

" محمد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، تاكو ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەت هیچ دانوستانێكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەنجام نەداوە"

. وتیشی:" كورد هیچ كاندیدێكی پێكهاتەی شیعە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕەت ناكاتەوە". دەربارەی دانوستانی چاوەڕوانكراوی نێوان محمد تۆفیق و سەركردایەتی كورد

،،

سەعدی ئەحمەد پیرە وتی:" هێزە سیاسیەكانی كوردستان تەنها یەك مەرجی سەرەكیان بۆ پشتگیری حكومەتەكەی محمد تۆفیق هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو ڕێكەوتانامە جێبەجێ بكات كە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە ساڵی ڕابردوودا ئیمزا كراوە".

وتیشی: " پرسەكانی دیكە قابیلی دانوستان و گفتوگۆیە". مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هەناردەكردنی نەوت ڕێك كەوتن، كە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە 250 هەزار بەرمیل بنێرێتە دەرەوە، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ناوەند موچەی تەواوی فەرمانبەران و ڕێژەی لە %13 لە بودجەی عیراق بۆ هەرێم بنێرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەربارەی سەردانی سەرۆك كۆماریش وتی:" سەردانی د. بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر و سلێمانی بۆ باس كردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بووە، پێش ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو چاوی بە لایەنە سیاسیەكان بكەوێت".

لەلایەكی دیكەوە فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ئەوە ئاشكرا دەكات كە" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەوەیە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی ئایندە سەردانی هەرێم بكات، كە بۆ دانوستان و گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەبێت".

عەبدوڵڵا خەربیت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كوتلەی هێزە عیراقیەكان دەڵێت:" شێوەی حكومەتی نوێ دوای چاوپێكەوتن و دیدارەكانی نێوان سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و هێزە سیاسیەكانی عیراق دەبێت، تاكو ئێستا لایەنەكە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، كە حكومەتی نوێ هەمیشەیی دەبێت، یان ڕاگوزەر".

گرنگترین ئەو پرسانەی ڕووبەڕووی حكومەتەكەی محمد تۆفیق دەبنەوە، ئەوەیە كە حكومەتەكە هەمیشەیی دەبێت یان ڕاگوزەر، ڕێكەوتنامەی نێوان حكومەتی پێشوو و وڵاتی چین، دەركردنی هێزە بیانیەكان و چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاری ئابووری.