خوانەکەی فراکسیۆن و قەدەغەکردنی تڕلێدان

خوانەکەی فراکسیۆن و قەدەغەکردنی تڕلێدان

1236 خوێندراوەتەوە

ئەم خوانەی لە بەردەم سەرۆک وئەندامانی فراکسیۆنی پارتیە، نرخەکەی زۆر زۆربێت بایی (٦۰۰دۆلارە).

دەگێڕنەوە پاشایەک هەبوو، ویستی باج و سەرانە لە سەر خەڵکی زیاد بکات، لیستێک لەلایەن ڕاوێژکارەکانەوە ئامادەکرا، پاشا وەزیرەکانی کۆکردەوە، پێشنیارەکەی خستە بەردەمیان هەر وەزیرەو بەپێی دەسەڵاتی خۆی بڕیاری جێبەجێکردنیدا

وەزیرێک هەستاو وتی: پاشام من پێشنیارێکم هەیە.

پاشا وتی: پێشنیارەکەت بڵێ.

وەزیر وتی: پاشام با تڕ لێدانیش قەدەغەبێت، هەرکەسێک تڕی لێدا دەبێت سزای ماددی بدرێت.

پاشا ووتی: ئەمە چ پێشنیارێکە؟ تڕلێدان و باج چ پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە؟.

وەزیر ووتی:قوربان تۆ بڕیار بدەو چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکە.

پاشا جاڕچیەکانی ناردە شەقام کوچەوکۆڵانەکان، بڕیارەکانی پاشایان گەیاند بە خەڵکی، ئەوەی سەیر بوو، خەڵکی هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەوە بوو خەڵکی کۆڕو مەجلیسی نهێنیان دەبەست بۆ خۆشی خۆیان تڕیان لێدەداو هیچ باجێکی تڕلێدانەکەشیان نەدەدا، وایان دەزانی سوکایەتیان بە پاشا دەکرد، بەڵام لەولاشەوە دەیان لیرەیان باج وسەرانە دەدا.

پاشا دوای چەند مانگێک لە حیکمەتی قەدەغەکردنی تڕلێدان حاڵی بوو. ئینجا ئەم بابەتی خوانەش وەک قەدەغەکردنی تڕلێدانەکە وایە

،،

ڕۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار لە داهاتی ئەم وڵاتە ون دەبێت، سەدان فەزاحەت وگەندەڵی و دزی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، خەڵک فۆکەسی کردۆتە سەر خوانێکی (٦۰۰دۆلار)ی، لە کاتێکدا خوانێکی میوانداریشە.

ڕۆژانە خەڵک باجی زیاتری دەخرێتە سەر شان، باری ژیانی قورستر دەبێت، بەڵام هەمووی کردۆتە قوربانی ئەم مێزە بچوکە، چونکە دڵنیام ئەم بابەتە تا دوو هەفتەی تر بابەتی گەرمی هەموو خەڵکە. خەڵکانێکی نزیک لە دەسەڵات بە ئەنقەست و بۆ لە بیر بردنەوەی بابەتە هەستیارەکانی تایبەت بە دۆخی ژیانی هاوڵاتیان.