چوار دەردە بێ دەرمانەکەی عێراق

چوار دەردە بێ دەرمانەکەی عێراق

179 خوێندراوەتەوە

پاش گۆڕانی ڕژێمی عێراق لە نیسانی ٢٠٠٣دا، خەڵکی عێراق و ھەموو دنیا چاوەڕوانی سەرلەنوێ بونیادناوەی دەولەتی عێراقی نوێ بوون، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ١٧ ساڵ بەسەر تەمەنی گۆڕانکاریدا دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەچەندین ھەنگاو بەرەو وێرانی و داڕوخان و نائارامی ڕۆشتوە بەجۆرێک توانای بەراوردکرنی بە نیوسەدەی مێژووی سیاسی عێراق ڕابردووی نیە، شکستی نوخبەی سیاسی لە بونیادنانەوەی عێراقی پاش گوڕانی ٢٠٠٣.

چەندین فاکتەری لەپشتەوەن:

١-شکست و ناکارامەیی نوخبەی سیاسی ئیسلامی شیعی کە لەسەردەمی مجلس حوکمەوە تا ئێستە موقەدەراتی سیاسی عێراقیان بەدەستبووە، بەتایبەت حزبی دەعوەی ئیسلامیی. ناکارایی و لێنەھاتنی ئیداریی و سیاسی ئەم نوخبە سیاسیە تینوەی دەسەڵات، حکومەت و دەوڵەتی عێراقی غەرقی دەریای گەندەڵی ودزی و گزی کردوە بەھەموو ئاست و ڕەھەندەکانیەوە، تەنھا بۆنموونەی یەک لە ھەزاران، مەزھەر محمد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: چەندین پرۆژەی تۆمارکراو لای حکومەت ھەیە بەکولفەی ٢٢٢,٣ ملیار دۆلار لەسەر زەوی ھیچی دیار نیە.

٢-شەڕ و کێشەی مەزھەبی وتایفی بەھەردوو جۆری گەرم و ساردی کوشتن و ڕاگواستن و مەحرومکردن لەمافی ھاوڵاتی بوونی یەکسان، دابەشبوونە کۆمەڵایەتیەکەی بەجۆرێک قوڵکردووەتەوە، توانای پێکەوە ژیانی ئەم دوو پئکھاتەیەی ئەستەمکردووە، چونکە لەپشت ئەم پرۆسەیەوە گیانی تۆڵەی مێژوویی و ئێستای پەیوەندی مەزھەبی ھەمیشە ناکۆکی شیعە و سوننە ئامادەیی ھەبووە و ھەیە.

٣-ئیرھاب و توندوتیژی بەردەوامی بێ بەزەیی و کوێرانە کە بۆساتێکیش بەرۆکی حکومەت و کۆمەڵگەی عێراقی بەرنەداوە، بەزۆری وەک کاردانەوەی ڕەفتاری تایفی و مەزھەبی نوخبەی حاکمی عێراق لێکدەدرێتەوە، لە بەرامبەردا لەبری بەھێزکردنی دامودەزگەی سەربازی و ئەمنی و موخابەراتی یاسایی و دەستوریی فەرمی وڵات کە پارێزگاری لە سەقامگیری گشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵکەی عێراق بکات، بەدەیان جۆر ھێزی چەکداری میلیشیایی بەفەرمانی مەرجەع و وەک باڵی سەربازی حزب و ڕێکخراوە سیاسیە شیعیەکان پێکھینراوە کە بوونەتە سەرچاوەی بڕیاری عەسکەری و سیاسی و دارایی، لەبری حکومەت لەناوچەکانی نفوزی خۆیاندا.

٤-دەستێوەردانی دەرەکی لەسەر ھەردوو ئاستی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا بەھۆکار و بیانوو و پاساوی جۆروجۆر، سەرەنجام سەروەری عێراقی خستوەتە ژێر پرسیاری ھاوڵاتیان و نەوەی نوێی پاش سەردەمی گۆڕانی ٢٠٠٣.

بەتایبەت ئەگەر ئەوڕاستیە لە بەرچاو بگرین کە گۆڕانی ڕژێمی پێشوو بە ھیزی دەرەکی ئەمریکابوو ، ئەم نوخبە سیاسیە حاکمە شانازیەکی ئەوتۆیان لەم بوارەدا پێنەبڕاوە.

ئێستە خۆپیشاندانەکانی پارێزگا شیعەنشینەکان دەرەنجامی ئەوشکستەی نوخبەی حوکمڕانی ئیسلامیی شیعی عێراقن کە نە ئارامی و سەقامگیریان دەستەبەرکرد و نە ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵگەی عێراق بەھەموو پێکھاتەکانیەوە.

،،

ئەم دەردانە«شکستی نوخبەی سیاسی ئیسلامیی شیعی، کێشەی مەزھەبیەت و تایەفەگەریی، ئیرھاب و میلیشاگەریی، دەستێوەردانی دەرەکی » سەرچاوەی ھەموو دەرد و قەیران و داڕمانەکانی پرۆسەی سیاسی و شکستی بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقە پاش گۆڕانی ٢٠٠٣ .

ئەم قەیرانە قوڵ و ڕیشەییانە بە بڕیاری پەرلەمان و گۆڕینی سەرۆک وەزیران چارەسەر نابن ، چونکە وەک دەبینین قوڵترن لەوەی لەڕوکاری سەرەوەی کۆمەڵگە و پرۆسە سیاسیەکەدا دەبینرێت.