کەی توڕەیی هەڵەبجەییەکان دەتەقێتەوە؟

کەی توڕەیی هەڵەبجەییەکان دەتەقێتەوە؟

420 خوێندراوەتەوە

لای هەموولایەک روونە لەئێستادا کوردستان بەقەیرانێکی قولی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەلایەتیی و تەندروستییدا دەروات! هەڵەبجەش وەک پێنجەمین پارێزگای کوردستان، پشکی شێری لەم قەیرانانەدا بەردەکەوێت! سەرەرای ئەوەی دەبوو حکومەتی هەرێم جیاواز لەسەرجەم پارێزگاکانی دیکە، گرنگییەکی تایبەتی بدایە بەهەڵەبجە بەڵام زۆر بێباکانە ئەم شارە نەک گرنگی بەڵکو پشتگوێ خراوە! ئەگەر کەرتی تەندروستی لە هەلەبجەدا بەنمونە وەربگریین دەبینین بە قەیرانێکی قوڵدا تێپەر دەبێت!

کەمی دەرمان و نەبوونی پزیشکی پسپۆر، دەرمانی ماوە بەسەرچوو! لەدیارتریین کێشەکانی تەندروستی هەڵەبجەن! ئەمە جگە لەنەبوونی جیهازی پێویست لە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجەدا. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لەئێستادا لەناو طەواری پارێزگای هەڵەبجە، کۆمەڵێک جیهازی گرنگی تەندروستی بوونیان نییە!

لەئەنجامی ئەمەشدا زۆرتریین نەخۆش ئاراستەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکرێت! لەکاتێکدا سەرەتاییتریین مافی شارێکە لەناو نەخۆشخانەکانییدا ئەم جیهازانە بوونیان هەبێت! ئەو جیهازانەی لەنەخۆشخانەی هەلەبجە ( طەواری ) بوونیان نییە! _ جیهازی فەحسی گوێ _ جیهازی بۆری هەناسە _ جیهازی گەرم کردنی خوێن _ جیهازی دانانی کانۆلا _ تیوبی قەفەزەی سینگ _ چەقۆی عەمەلیات. بەداخەوە بەرپرسانی ئەم شارەش وەک هەمیشە بێدەنگییان هەڵبژاردووە!

بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەسالی ۲٠۱۹ بلاوکرایەوە سەبارەت بەکێشەکانی هەلەبجە و قەیرانەکان! رێژەی کۆچکردنی خێزانەکانی هەلەبجە بۆ دەرەوەی هەڵەبجە لەبەرزبونەوەدایە! نزیکەی ٦٤٠ خێزان لەساڵی ۲٠۱۹ هەڵەبجەیان جێهێشتووە!

رێژەی بێکاری لەم شارەدا لەئاستێکی بەرزدایە و زۆربوونی کافتریا و چا خانەکان ئاماژەیەکی روونن بۆ زیادبوونی بێکاری لەم شارەدا!

،،

ئەمە جگە لەوەی بەپێی هەمان راپۆرت، نزیکەی ۳٠٠ گەنج کۆچییان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە و نزیکەی ۳٠٠٠ خانوو لەم شارەدا چۆڵن!

سەرباری هەموو ئەو قەیرانانە حکومەتی هەرێم لەدیاریکردنی ئەو بودجەی بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان دیاریکردبوو، پشکی هەڵەبجە ٪ ۲ پارەی بۆ تەرخان کرابوو! بێجگە لەوەی حکومەتی عێراقی لەدیاریکردنی یاسای هەلبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراقدا، هەڵەبجەی وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ دیاری نەکردووە! هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو راستییەن سەرجەم حکومەتە یەکلەدواییەکەکان و حیزبەکان بێمنەتن بەرامبەر ئەم شارە!

بەتایبەتی یەکیەتیی و پارتیی بەرپرسیارەتی یەکەمیان دەکەوێتە ئەستۆ لە وێرانبوونی ئەم شارەدا! هەلەبجە لەبەرچاوی حکومەت و حیزبەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا لەسەرخۆ ئەکەوێت! رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە!

هەمیشە رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی لەکۆمەڵگاکانی دنیادا رۆلێکی بەرچاویان دیوە لەخزمەتکردنی کۆمەڵگە و فشار خستنە سەر حیزبەکان و حکومەتەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگاکانیان! بەلام بەداخەوە لەهەرێمی کوردستاندا بەگشتیی و لە هەلەبجەدا بەتایبەتی نەیان توانیوە بەرۆڵی خۆیان هەستن!هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆئەوەی سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی لەم شارەدا سەربە حیزبەکانن!

بەپێی راپۆرتێکی شیکاری لەسەر ئەنجومەنی رێکخراوەکانی هەڵەبجە ئەنجامدرابوو لەسالی ۲٠۱٥ دا ، سەرجەم رێکخراوەکان بەحیزبی دانراون کەژمارەیان لەو ساڵەدا لەناو ئەنجومەنەکەدا ۲۹ رێکخراوبوون!

بەجۆرێک ئەو پرسیارانەی ئاراستەی خەلک و فەرمانگە حکومیەکان و نوێنەری رێکخراوەکان کراوە! لە وەلامدا ٪ ۱٠٠ باوەریان وابووە ئەم رێکخراوانە سەربە حیزبەکاننوو ئینتیمای حیزبییان هەیە! بۆیە ناکرێت خەڵکی هەڵەبجە چاوەرێی ئەم رێکخراوانە بکات بۆ فشار خستنە سەر حیزبەکان و حکومەتەکان بۆ خزمەتکردنی ئەم شارە! وەک چۆن گەنجانی دوزخورماتو خۆیان بەرامبەر داعش وەستانەوە !

،،

وەک چۆن گەنجانی شیلادزێ بەرامبەر داگیرکەری تورکیا وەستانەوە! ئاواش با خەڵکی ئەمشارە بەرامبەر بێمنەتی حکومەت و حیزبەکان بوەستیتەوە!

یادی ۳۲ هەمین کارەساتی هەڵەبجە باشتریین دەرفەت دەبێت بۆ خەلکی ئەم شارە تۆڵە لە حکومەت و حیزبەکان و سەرجەم لایەناکان بکاتەوە!چۆن لە ساڵی ۲٠٠٦ دا و لەساڵیادی کیمبارانکردنی هەڵەبجەدا سەرجەم حیزبەکان و کاربەدەستانی حکومیان لەم شارە کردە دەرەوە!

۱٦ / ۳ ی ئەمساڵ دەرفەتێکی زێرین دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئەمشارە!لەبەرئەوەی ئەم یادە نەک لەناوخۆو عێراقدا گرنگی تایبەتی پێدەدرێت بەلکو لەجیهاندا بەگرنگییەوە لەم کارەساتە ئەڕوانن! چاوی زۆربەی میدیاکانی جیهان لەسەر هەڵەبجە دەبێت لەم ساڵدا!

بۆ ئەوەی رەنج و ماندونەبوونی خەڵکی هەڵەبجە بە فیرۆ نەروات! بۆئەوەی خوێنی شەهید کوردە و بریندارەکانی سالی ۲٠٠٦ بەفیرۆ نەروات! بۆ ئەوەی ئەو بێباکییەی حکومەتوحیزبەکان هەیانە بەرامبەر هەڵەبجە ریسوا بکرێت! با خەڵکی هەلەبجە وەک ساڵی ۲٠٠٦ لەم ساڵدا بەهیچ جۆرێک رێگە بە یادکرنەوەی ۳۲ هەمین ساڵیادی کیمبارانکردنی هەلەبجە نەدات!

نوێنەرەکانی حکومەتوو سەرجەم لایەنەکان لەو یادەدا بکاتە دەرەوە، تورەیی خەڵکی ئەمشارە و گەنجی ئەم شارە با لە یادی ۳۲ هەمین ساڵیادی کارەساتی هەلەبجەدا برژێت بەسەر حکومەت و حیزب و سەرجەم لایەنەکاندا!

هانا ئارێنت، لەباسکردنی تێگەشتن لەدەسەڵاتدا دەڵێت: جەماوەر و خەلک بەهێزتریین ئامێر و ئامرازی نێو سیستەمێکی تۆتالیتاریین، چونکە هیچ دەسەلاتێکی تۆتالیتار سەرکەوتونابێت، ئەگەر جەماوەرێک نەبێت پالپشتی بکات! باخەڵکی ئەم شارە و جەماوەری ئەم شارە نەبێتە ئامێر و ئامرازی پارێزەری ئەم سیستەمە تۆتالیتارەی کوردستان!