مەلا هەڵۆ و مەلا هەڵۆکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان

مەلا هەڵۆ و مەلا هەڵۆکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان

1054 خوێندراوەتەوە

ڕەنگە ئەم ناونیشانە تووشی سەر سوڕمانت بکات و بڵێیت ئاخۆ ئەم سیانە چ پەیوەندیەکیان پێکەوە هەیە؟ پەیوەندیان پێکەوە هەیەو زۆریش.

زۆربەمان ئەو ڤیدۆ تۆمارکراوەی چەند مانگی پێشووی مەلا هەڵۆمان بینیوە لە کاتی سەردانی مەککەدا لەگەڵ کۆمەڵێ حەجاج دانیشتوەو قسەیان بۆ دەکات، باسی ڕووداوەکەی ئەشکەوتی سەوریان بۆ دەکات.

مەلا هەڵۆ پێچەوانەی هەموو ئەو زانیارییانەی هەزار ساڵە مەلاکان دەیگوازنەوە بۆ خەڵک قسەدەکات. دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک نەکۆتر هێلانەی کردووە لەبەردەم ئەشکەوتەکەداو نە جاڵجاڵۆکەش تەونی کردووە بەفەرمانی ئیلاهی تا کافرەکان سەریان لێ بشێوێ و پێغەمبەر نەدۆزنەوە.

،،

مەلا هەڵۆ دەڵێت ئەمە هیچ بنەمایەکی نییەو درۆیەکێ پەتییەو سەرتاپای خورافیاتە

جا تەماشا بکە ئەگەر سی چل ساڵێ لەمەوبەر ڕەخنەگرێکی ئاینی ئەم قسەی بکردایە، دەست بەجێ لەلایەن مەلاو هێزە سیاسیە ئیسلامییەکان و کۆمەڵگای موسڵمانەوە تەکفیر دەکراو تۆمەتی بێباوەڕی دەدرایە پاڵ. دیمەنی دووەم:سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت: دادگاکان و داواکاری گشتیمان وا بەحیزبی کردووە کەس ناتوانێ بڵێ هیچ بڕیارێکمان حیزبی نییە!

هەروەها مەلا بەختیار دەڵێ ژێرزەمینەکان پڕن لە پارە، تەماشا بکە لەسەرەتای ١٧ ی شوباتی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی شەقام هەر ئەم قسانەیان دەکرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە تەخوین دەکران و بە ناحەزو ئاژاوەچی دەشوبهێنران و خەڵتانی خوێن دەکران.

دیمەنی سێیەم: نێچیرڤان و مەسرور بارزانی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، وتیان ڕیفراندوم هەڵە بوەو ئەنجامدانیشی بۆ سەربەخۆیی نەبووە !

تەماشا بکە، سەردەمی ڕیفراندوم، ئەوکەسانەی پێیانوابوو ڕیفراندوم هەڵەیەو مەبەست لە ئەنجامدانی تەنها ئەو دۆخە ئیحراجیەیە کە پارتی تێیدا قەتیس بوە، بۆ هەڵلوشینی ئەو هەمو دەنگە ناڕازی و پڕ و بێزارەیە لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە لە سیی ساڵی ڕابردودا کە نەیانتوانیوە تەنها ساڵێک حکومڕانیەکی جوان پێشکەش بکەن، بەڵام ئەم خەڵکە دەست بەجێ لەلایەن پارتی یەکێتی و کادرەکانیانەوە هێرش دەکرایە سەریان و تەخوین دەکران و بەزۆڵە کورد ناو دەبران.

دیمەنی چوارەم بزووتنەوەی گۆڕان: لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا لە دیدارە فیکریەکەی کە جەماعەتی گۆڕانی گردەکە ڕێکیان خستبوو، چەند دەنگێکی ناڕەزایی لە مەڕ ڕێکەوتنی پارتی و گۆڕان و سیاسەتی گۆڕان و بەڕێوەبردنی گۆڕان هاتنە گۆ، تەماشا بکە لەماوەی ساڵانی ڕابردودا پێش هەموو کەس ڕەخنەمان لەڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان و بەشداریکردنی گرت، پێمانوابوو ئەمە جگە لەدەستبڕینی گۆڕان و بەرژەوەندیچێتی چەند کەسێک هیچی تری لێ سەوز نابێت، لەسەر بەڕێوەبردنی گۆڕانیش قسەو تێبینی خۆمان خستبووە ڕوو، بەڵام ئەوکات هەر دەست بەجێ لەلایەن کەسانێکی نەفەس کورت و کورتبین و بەرژەوەندپەرست تەخوین و تەکفیری سیاسی کراین.

وەلێ ڕۆژگار ئەوەی سەلماند کە تەنها ڕای ئەوانە دروستە، کە لەباوەڕێکی پتەو و ڕاستگۆیانەوە ڕەخنە دەگرن و ئامانجیان دەربازبوونە لە واقیعی چەواشەکاری و هەونگاونانە بەرەو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاو ئایندەیەکی باشتر، بەڵێ تەنها ئەو ڕەخنەگرە بەسەلیقانە زووتر دەرک دەکەن و باشتر دەبینن کە ئازادن و ناکەونە ژێر کاریگەری بەرژەوەند پەرستی شەخسی و فەزای مەجازییەوە.

ئەم چوار دیمەنە چیمان پێ دەڵێن؟

،،

ئەم چوار دیمەنە ئەگەر وەک نمونەیەکیش وەریگرین، پێمان دەڵێن مەترسەو کۆڵمەدە لە ڕەخنەگرتن و ڕونکردنەوەی ڕاستیەکان.

 

دڵنیابە ڕۆژێک دادێ کە ئەوانەی ڕاستیەکان دەشارنەوە لەپێناو هەندێ شتی کاتی، دڵنیابە ڕۆژێک دێ دەگەنە ئەو حەقیقەتی تۆ و ڕاستی قسەکانت دەسەلمێنن، بەڵام ئەو جیاوازییەی جێ دەمێنێ لە نێوان تۆ و ئەوەندا، تۆ مێژوویەکی جوانت بۆ خۆت تۆمار کردوە کە شانازی پێوە بکەیت، ئەوانیش سەرەڕای دانپیانانیان، مێژوویەکی ڕەش و شەرمەزارییان نەخشاندووە .

هەموو ئەو ئەفکار و ئاکارانەی کە ڕێگە نادەن ڕەخنەیان لێبگیرێت، یاخود چەواشەکاری دەکەن ڕاستیەکان لەبەرچاوی خەڵک ون دەکەن.

لەکۆتایدا دەگەنە وێستگەیەک دۆزەخێک بۆ خۆشیان دروست دەکەن کە دەربازبوون لێی زۆر ئەستەمە، هەرخۆیان گیردەخۆن بەدەست بیر و ئاکارو ڕەوشتەکانی پێشویانەوە.

وەک چۆن ئەگەر هەر لەسەرەتاوە ئیسلامیەکان و مەرجەعی ئیسلامیەکان گەر ڕێگەیان بدایە ڕەخنەگرە ئاینییەکان بابەتەکانیان بخستایەتە بەر ئەقڵ و ئاوەز، ئێستا مەلا هەڵۆ و مەرجەعە ئیسلامیەکان گیریان بەدەست بابەتێکی وەک ئەوەی مەلا هەڵۆ دەیڵێ نەدەخوارد کە نازانن چۆن خۆیانی لێدەرباز بکەن.

وەها بۆتە شەرمەزاریەک کە چۆن زیاد لەهەزار ساڵە ئەم بابەتە خورافیە بەسەر ئەو هەموو کەسەدا تێپەڕیوە. بۆ یەکێتی وپارتی و حکومڕانییەکەیان لەماوەی سیی ساڵی ڕابردوودا هەر بەهەمان شێوە دروستە، ئەگەر لێگەڕابان خەڵکانی ئاقڵ ڕەخنەیان گرتباو کارەکانیان بخستایە بەردەم ئەقڵ و ئاوەز، ئەوا ئێستا سەرانی پارتی و یەکێتی گیریان بەدەست ئەم بابەتانەوە نەدەخوارد کە خۆشیان نازانن چۆن پینەی بکەن، بووەتە شەرمەزاری بۆیان وای لە پاساودانی وای لە دانپێدانانی.

بۆ بزوتنەوەی گۆڕانیش کە وەک حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخواز دروست بوو هەمان شت ڕاستە، ئەگەر بەرژەوەندچیەکانی ناو گۆڕان لێگەڕابان ڕەخنەگرەکان هەموو کارو بۆچونەکانیان بخستایەتە بەر مناقەشەی ئەقڵ و ئاوەزەوە، وە زۆر بۆ دەڕپەڕاندیان نەهێنرایەو تەخوین نەکرانایەو خەنجەری تەخوین و ناحەزییان بۆ هەسان نەدانایە، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان توشی ئەم سەرلێشێوانە نەدەبوو وە ئەو ڕۆژگارە ڕووناکانەیشی لەدەست دەرنەدەچوو، وە تووشی ئەم شەرمەزاری دانپێدانانەیش نەدەبوو.

ئەم ڕوداوانەو ڕوداووگەلەکانی مێژوو پێمان دەڵێن هەر بیرێک هەر بڕیارێک هەر جوڵەیەک گەر نەخرابێتە بەر خوێندنەوەی ڕەخنەییانەو ئەقڵ و ئاوەزەوە دەرگای ڕەخنەیەکی ئازادی بەڕودا نەکرابێتەوە، ئەنجامەکەی هەڵە کەوتۆتەوەو سەرئەنجامی پەشیمانی بووە، بەڵام پەشیمانی دوای چی؟ دوای لەدەستچوونی فرسەتەکان کە ئێستاش ئامادە نەبیت هەڵەکان ڕاست بکەیتەوە.