لە ١٦ی ٣ی ئەمساڵ خوێی زیاتر مەکەنە سەر برینی هەڵەبجە

لە ١٦ی ٣ی ئەمساڵ خوێی زیاتر مەکەنە سەر برینی هەڵەبجە

293 خوێندراوەتەوە

هەر کە لەیادی شانزەی سێ نزیک دەبینەوە خەڵکی هەڵەبجە هەستێکی باشیان نیەو زیاتر نیگەرانی باڵدەکێشێ بەسەریاندا. نیگەرانی نەبونی خزمەتگوزاری پێویست و نیگەرانی بەڵێنی درۆینەی بەرپرسان و نیگەرانی چەقینی شار لەناو قوڕێکی خەستی گیراوە دا کە ناهێڵێت شارەکە تەک و جم بکات و تادێ بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.

زیاتر لەوەش نیگەرانی لەهەڵوێستی هونەرمەندان و میوزسیانان و شانۆکاران و گۆرانیبێژان کە ساڵانە بۆبەرهەمە هونەرییەکانیان پارەیەکی زۆر دەماشنەوە و لە (پێنج) دەفتەرەوە تا (بیست) وەرەقە لە ساڵانی رابردوو وەرگیراوە بۆ تاکە کەسێک یان بەرهەمێکی هونەری بەناوی هاوسۆزی و هاوخەمی بۆ شارەکە لە شانزەی سێ دا؟

خەمی بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە بەناو میوانداری وخواردن و خواردنەوە و هۆتێل گرتن و کەیف و سەفا یان لانی کەم ساڵانە (پێنج ) بۆ (دە) ملێۆن دینار بۆ سمێڵ چەور کردن بەناوی هاوسۆزی بۆ کەس و کاری شەهیدان گۆشت و پڵاو خواردن لەسەر ئێسک و پروسکی سەدان خانەوادەی شەهید، پرسیارەکە لەوەدایە ئایا یادی هەڵەبجە بەم شێوەیە بەرز رادەگیرێت؟ ئایا کەس وکاری شەهیدان ئەمەیان پێ خۆشە؟

هەقە ئەو بەڕێزانەی بەشدارن لە یادی ئەم مەرگەساتە و لە شاکاریان هەیە و دەیانەوێ ئازاری نەتەوەکەیان بناسێنن بە دونیا، تەنها ئەوەیان بیر بێت ئێرە (مارکێت) و شوێنی وەبەرهێنان و بەهەدەردان نیە، لێرە (5000)مرۆڤ بە دڕندانەترین شێوە جینۆساید کراون و تا ئێستاش شارەکە هیلاکی هیلاکە و دنیایە کەم و کوڕی هەیە لە بواری ئاوەدانیدا.

سایکۆلۆژیای خەڵک لێوان ڕێژە لە هەستی فەرامۆش کردنی شارەکە و هەموان سەرباری ئازارەکانیان هەمیشە لە هەلێک دەگەڕێن تا جێی بهێڵن و بڕۆنە شارەکانی تر لە تا پشویەک بدەن و هەست بە ژیان بکەن و لەناو تەمی پرسە و مەرگ و فەرامۆشی بێنە دەرەوە.

،،

واتە هەڵەبجەی پێش شانزەی سێ هێشتا ونبوە ڕاستەقینەکەی هەموانە .

بەکورتی و پوختی شانامە و شیعرو پیاهەڵدان و بەڵێنی ناڕاست لە ڕابردودا هیچیان نەبەخشی بە هەلەبجە و بگرە برینەکانیان قووڵتر کردەوە، تکام وایە بەرپرسان بیر لەوە بکەنەوە یادەکە بە کەمترین تێچوو بەرز ڕاگرن و شارەکە بە زۆرترین هەوڵ و دڵسۆزی ئاوەدان بکەنەوە، تکایە تەشریفات و خۆنواندن و هەتیومچەیی ئیتر با بەس بێت! خوێی زیاتر مەکەنە سەر برینی ئەم شارە!