حزبەكان پشت لەخۆپیشاندەران دەكەن‌و شەقام بەتەنیا دەهێڵنەوە

بەهۆی پاشەكشەی ناراستەوخۆی گۆڕانەوە لە خۆپیشاندانەكان، ئەگەری شكاندنی بایكۆت هەیە

حزبەكان پشت لەخۆپیشاندەران دەكەن‌و شەقام بەتەنیا دەهێڵنەوە

1261 خوێندراوەتەوە



مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی ناڕازی، گلەیی ئاڕاستەی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەكەن كە لەگەڵ توندبوونەوەی فشارەكان لەسەریان، پشتیانكردووەتە خۆپیشاندەران‌و ئەوانیان بەتەنها لەشەقام بەجێهێشتووە.


لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانی 25ی ئازاری مامۆستایان‌و تەندروستكاران‌و فەرمانبەراندا، هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات پاڵپشتی‌و پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی‌و لە ئاستی باڵاشدا چوونە نێو خۆپیشاندەرانەوە.


خۆپیشاندان‌و نارەزایەتییەكانی مامۆستایان‌و مووچەخۆران پێ دەنێتە هەفتەی دووەمەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە پارێزگاكانی دهۆك‌و هەولێر‌و زۆنی زەرد بایكۆت شكێنراوەو لە پارێزگای سلێمانیش پارێزگارو بەرێوەبەری گشتی‌و بەڕێوەبەری پەروەردەكان داوای شكانی بایكۆتیان كردو شكانی بایكۆتیان ڕاگەیاندو مامۆستایانی ناڕازی‌و تەندروستكاران‌و مووچەخۆرانیش سوورن لەسەر درێژەدان بە بایكۆت‌و خۆپیشاندان.


ئەمڕۆ لە نێو ئاپۆرەی خۆپیشاندانی مامۆستایان‌و تەندروستكاران‌و مووچەخۆرانی سلێمانییەوە، توڕەی‌و نیگەرانی ئاڕاستەی ئەو هێزە سیاسییانە كرا كە لەڕۆژانی سەرەتادا پاڵپشتی‌و پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەبڕیبوو، وە هاتبوونە ناو خۆپیشاندەرانەوە، ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لەو هێزە سیاسییانە تووڕەبوون كە ئەوانیان لەسەر شەقام بەتەنها جێهێشتووە.

 

،،

" ئەمجارە زۆر زوو حیزبەكان دەستیان لێبەرداین ئەگەر سبەینێ هێزە ئەمنییەكان خوێنیان ڕشتین لەگەردنی ئەواندایە، ئەگەر حیزبەكان بەجدی لەگەڵماندا بوونایە، ئەوا ڕۆژمان بەم رۆژە نەدەگەشت‌و مافە ڕەواكانمان بەدەست دەهێنا".

دانەر مەحموود كە مامۆستایەكی نارازییە لەسلێمانی‌و ئەندامی دەستەی مامۆستایانی نارازییە، گلەیی ئاڕاستەی ئەو حیزبانە دەكات‌و بە " دیپلۆماتیك مەگەزین"ی وت:" بزوتنەوەی گۆڕان پاشەكشەییەكی زۆری كردووە لەخۆپیشاندانەكان‌و ئەندامەكانیان نایەنە ناو خۆپیشاندەران‌و كۆمەڵی ئیسلامیش هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستاش زۆر لەگەڵماندا نەبوون، تەنها قەوارەی هاوپەیمانی‌و ئەندامەكانیان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لەئێستادا لەناو خۆپیشاندەران ماونەتەوەو پشتگیریمان دەكەن"

ئەو مامۆستا نارازییەش ئاماژەش بەوە دەكات هەرچەندە حیزبەكان وەك سەرەتا تەواجودیان نەماوە، بەڵام ئێمە هەر بەردەوامین لەسەر شەقامەكان‌و بەردەوامبوون لەسەر بایكۆت، چونكە ئێمە لەگەڵ حیزبەكان رێك نەكەوتووین بێینە سەرشەقام‌و بەواز هێنانی ئەوانیش ناچینەوە ماڵ.

مامۆستا دانا عەبدول، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی‌و یەكێك لەڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی پارێزگای هەڵەبجە، ئاماژە بەوە دەكات هەر لەسەرەتاوە حیزبەكان هەڵوێستیان ڕوون نەبووە لەگەڵ خۆپیشاندەرانداو بەنوسراوی رەسمی پشتگیری خۆپیشاندانەكانیان نەكردووە‌و داوایان لە ئەندامانیان نەكردووە كە بێنە سەرشەقام.


دانا عەبدول، باسلەوەش دەكات كە لەئێستاداو لەكۆتایی خۆپیشاندانەكاندا سەرەرای ئەوەی ئەندامی هەموو حیزبەكان لەناو خۆپیشاندەراندا بەدی دەكرێن، بەڵام وەك سەرەتا گەرم‌و گوڕنین‌و ڕیزی خۆپیشاندەران جێدەهێڵن.

خۆپیشاندان‌و بایكۆت‌و مانگرتنی مامۆستایان‌و فەرمانبەران، ئێستا لە ڕۆژە یەكلاكەرەوەكانیدایەو فشارێكی زۆری دەسەڵات هەیە بۆ شكاندنی بایكۆت‌و كۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەكان.

،،

ئەمڕۆ لە نێو ئاپۆرەی خۆپیشاندانی مامۆستایان‌و تەندروستكاران‌و مووچەخۆرانی سلێمانییەوە، توڕەی‌و نیگەرانی ئاڕاستەی ئەو هێزە سیاسییانە كرا كە لەڕۆژانی سەرەتادا پاڵپشتی‌و پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەبڕیبوو، وە هاتبوونە ناو خۆپیشاندەرانەوە، ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی لەو هێزە سیاسییانە تووڕەبوون كە ئەوانیان لەسەر شەقام بەتەنها جێهێشتووە.


بەهرە عەلی، یەكێك لە بەشدارانی چالاكی‌و خۆپیشاندانەكانی سلێمانی، باسلەوە دەكات كە حیزبەكان دەستیان لەخۆپیشاندەران بەرداوەو پشتیان تێكردوون، بەهرە كەڕۆژانە بەشداری خۆپیشاندانەكانی كردووە سەبارەت بە پشتێكردنی حیزبەكان بۆ خۆپیشاندەران، بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت:" ئەمجارە زۆر زوو حیزبەكان دەستیان لێبەرداین ئەگەر سبەینێ هێزە ئەمنییەكان خوێنیان ڕشتین لەگەردنی ئەواندایە، ئەگەر حیزبەكان بەجدی لەگەڵماندا بوونایە، ئەوا ڕۆژمان بەم رۆژە نەدەگەشت‌و مافە ڕەواكانمان بەدەست دەهێنا".


ساڵح حەمە ڕەشید، ئەندامی دەستەی تەندروستكارانی ناڕازیی چەمچەماڵ، سەبارەت بەهەڵووێستی حیزبەكان سەبات بەپشتتێكردنی خۆپیشاندەران‌و بەجێهێشتنیان لەشەقام، ئاماژەی بەوە كرد كە حیزبەكان لە ترسی هەڕەشەكانی دەسەڵات پشتیان لە خۆپیشاندەران كردووە، ساڵح بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەڵێت:" حیزبەكان لەبەر ترس‌و لەرزو چاو سووركردنەوە لەئەندامەكانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە، لەئێستادا خۆپیشاندەران بەجێ دەهێڵن‌و خۆپیشاندەران تەنها دەكەن".


ئەو ئەندامەی دەستەی تەندروستكارانی چەمچەماڵ، ئاماژەش بەوە دەكات كە حیزبەكان وەك سەرەتا لەگەڵ خۆپیشاندەرو خۆپیشاندانەكانیتردانین‌و بەهەر بیانوویەك بێت ئەندامەكانیان لە خۆپیشاندانەكان دەكشێننەوە، ئەوە لەكاتێكدا دەبوو حیزبەكان پشتی خۆپیشاندەرانیان بەرنەدایە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان