لەنێوان موفتی زادە و ئۆجەلاندا

دوو دیدى جیاواز بۆ به‌رگریكردن له‌گه‌لێك

لەنێوان موفتی زادە و ئۆجەلاندا

673 خوێندراوەتەوە

 

- هەستی نەتەوایەتی وەک ئەنگیزەیەکی ناوەکی، پاڵت پێوه دەنێت لەبری، ئۆجەلان بڵێیت: "ئاپۆ"، لەبری موفتی زادەش بڵێیت:"کاکە ئەحمەدی موفتی زادە".

 

- بەمە نەدەبى بە مارکسیزم و پەکەکە نەدەبى بە مەکتەب قورئانی، كه‌ وەک دوو مەدرەسەی فکری و تەنزیمی، ئەندامان و هەوادارانى ئاپۆو کاک ئەحمەد ئەدای خۆیانی تێدا دەکەن.

 

- چونکە هەردووکیان تەنها موڵکی ئەو دوو مەدرەسەیە نین بەڵکو گەشتوون بە ئاستێک گەورەتر لەوە، و بوون به‌ موڵکی گشتی و گەلێک، ده‌كرێ له‌جیهانبینیه‌كى گه‌وره‌تره‌وه‌ سه‌یر بكرێن.

 

،،

 موفتى زاده‌ له‌ رۆژهه‌ڵات و ئۆجه‌لان له‌ باكور, هه‌ڵگرى یه‌ك خه‌من به‌ دوو شێوه‌ى جیاواز

 

- ده‌كرێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، ئایا دوو ئایدۆلۆژیاو فكرى جیاواز كاتێك به‌رگرى له‌ گه‌لێكى دیاریكراو ده‌كه‌ن له‌كوێدا یه‌ك ده‌گرن؟ و ئه‌گه‌ر یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ ئایا ده‌بن به‌یه‌ك؟ دەبێ چ وێکچوون و نزیکییەک هەبێ لەنێوانیان؟

 

- من ئەوە باش دەزانم ئاپۆو کاک ئەحمەد لەڕووی فکرییەوە نەک دوور بگرە جیاواز جیاوازن، ئاخر مارکسیزم و ئیخوانیزم یان لائیک و ئیسلامی لەجیاوازی تێدەپەڕن و بەرەو دژایەتیش دەرۆن و ڕۆشتووشن. وه‌ك له‌ پێكهه‌ڵپرژانى نێوان ماركسییه‌كان و مه‌كته‌ب قورئانیه‌كان له‌ سنه‌ له‌ ساڵانى ئینقلان بینرا.

 

- بەڵام، بێئاگاییەکی تەواویشه لەنێوان خەباتی نەتەوایەتی  و زیندان و غەدری دوژمنان و بێ کەسی و بێنازی دۆستان و بێدەنگی وڵاتانیش، وێکچوون نەدۆزیتەوە لەنێوان دوو شۆڕشگێڕی گەلێک، كه‌ ته‌نها یه‌ك ئامانجیان هه‌بووه‌ ئه‌ویش "به‌رگرى كردن بووه‌ له‌گه‌لێك".

 

- موفتی زادەی زیندان کاتێک لەسەر گەل و نەتەوەکەی ئازار دەدرێت زۆر له ئاپۆیەک دەچێ کەتاکە گوناهی لەزینداندا کوردبوون و داوای حەقی گه‌له‌كه‌یه‌تى.

 

،،

موفتى زاده‌ له‌پێناو گه‌له‌كه‌یدا ژیانى دانا، ئۆجه‌لانیش ته‌مه‌ن و گه‌نجى.

 

- ئاپۆی کتێبی "ئورفا لەنێوان پیرۆزی و نەفرەت" کاتێک تێزی ڕیفۆرمی ئایینی دەخاتە ڕوو لەهەندێ بڕگە وا هەست دەکەی کاک ئەحمەد قەڵەمەکەی لێ وەرگرتووە و تەواوی کردووە، كه‌واته‌ ده‌كرێ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ هه‌ندێ كات دوو فكرى دژ به‌یه‌ك له‌ هه‌ندێ شوێن بكات به‌یه‌ك.

 

ـ موفتى زاده‌ى كتێبى (خود موختارى بۆ كورد)، كت و مت له‌ ئاپۆیه‌ك ده‌چێت كه‌ له‌ كتێبى (به‌رگرى كردن له‌گه‌لێك) داواى مافى ره‌واى كورد ده‌كات، كه‌ هه‌ردووكیان باس كورد ده‌كه‌ن نه‌ك گه‌لێكى دیكه‌.

 

ـ بۆیه‌ ده‌توانین ئه‌وه بڵێین: له‌یادى ئیدانه‌كردنى ده‌ستگیركردنى ئاپۆ كه‌ ئه‌مرۆ بوو، یادى وه‌فاتى موفتى زاده‌ش به‌رز رابگرین كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو بوو، چونكه‌ گه‌ر له‌ فكرو تێروانین جیاواز بین ئه‌وا له‌ دوژمنى ده‌ره‌كى و خه‌مى نیشتمان هاوخه‌م و خه‌باتین.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان