مەلا بەختیار لە یاداشت و کتێبەکانی نەوشیروان مستەفاو مام جەلال و بەهادین نوری دا

مەلا بەختیار لە یاداشت و کتێبەکانی نەوشیروان مستەفاو مام جەلال و بەهادین نوری دا

1239 خوێندراوەتەوە

باست عوسمان

مەلا بەختیار وەک کارەکتەرێکی سیاسی دیاری ناو شۆرشی نوێی کوردی، وە بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی و کارەکتەرێکی دیاری ناو یەکێتی نیشیمانی کوردستان، لە دوای هەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا هەلوێستەکانی لەناو ئەو حیزبەدا زۆر جار بەرزو نزمی بەخۆیەوە بینییوە، بەجۆرێک لەهەندێک قۆناغدا هەوڵی جیابوونەوەی داوە لەیەکێتی و خۆی بەخەتێکی جیاواز لەهەرسێ باڵەکانی یەکێتی ناساندووە.

،،

ئەم نوسینە شکاندنی کەسایەتی بەرێز مەلا بەختیار نییە! تەنها بۆئەوەیە خوێنەری کورد ئاگاداری ژیانی سیاسیی و هەلوێست و ڕابردووی کەسایەتییە سیاسییەکانی بێت! دنیابینینی و ئاستی رۆشنبیریی و فکری ڕوون بێت لەلامان!

باشترین کار ئەوەیە بگەرێینەوە بۆ یاداشت یان کتێب و نوسین و یادەوەرییەکانی سەرکردەکانی کورد بەتایبەت هاورێ نزیکەکانی مەلابەختیار. لەکتێبی " لەکەناری دانوبەوە بۆخری ناوزەنگ"ی نەوشیروان مستەفا دا، لەوبەشەی تایبەتە بەگەڕانەوەی مام جەلال لەئەوروپاوە!( ل. ۱٦٤،۱٦۷ ) دا، دەڵێت : هێزێکم ئامادەکردبوو بۆئەوەی بڕۆم بۆپێشوازی مام جەلال!

بەبێ پرسی ئێمە هەواڵێکم بۆهات، تاقمێک بەرپرسی یەکێتی بەسەر ئێمەدا گەشتبوونە ( ماسیرۆش ) و داوایان لەخەڵکی کردبوو بیانبەن بۆسوریا! نەوشیروان مستەفاش بەپەلە ئەگاتە لایان، دوای بەخێرهاتنیان و خۆناساندنی پێیان دەڵێت : ئێوە کێن!و بۆچی هاتونەتە ئێرە بەبێ ئاگاداری ئێمە! مەلابەختیار هەڵی دایەو وتی: من مەلا بەختیارم نوێنەری کۆمەڵە، ئەوەش فازیل جەلالە نوێنەری قیادەموقەتە، وتیان ئەڕۆین مام جەلال ئەبینین و کێشەی ئێوەو قیادەموقەتە چارەسەر ئەکەین! بەبێ وەستان نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ئەگەر ئەتانەوێت کێشەکە چارەسەر بێت هەردوولای کێشەکە لێرەین پێویستە لێرەوە دەستپێبکەین! وەئەگەر بۆ بینینی مام جلال ئەڕۆن، پێویست ناکات برۆن بۆسوریا ئەمڕۆ ئەگاتەئێرە".

لەلاپەرە ۲٥۱ ی هەمان کتێبدا ئەوبەشەی تایبەتە بەگیرو گرفتەکانی کۆمەڵە باس لەکەسایەتی مەلابەختیار و سالار عەزیز دەکات: تموحیان لەلێوەشاوەیی خۆیان زۆر زیاتر بوو! مەلا بەختیار لەدوای کوژرانی ئارام ( شاسوارجەلال ) وای دەزانی هەرکەسێک جێگیر بێت لەقەرەداخ ئەبێتە سکرتێری کۆمەڵە! بۆیە بەهەڵەداوان چوبوو بۆقەرەداخ هەندێک لەکادیرەکانی کۆمەڵەی کۆکردبوویەوە!

پرسیار ئەوەیە ئەگەر کەسایەتی مەلابەختیار بەو جۆرە بوبێت! چۆن نەوشیروان مستەفا توانی تەمەنێک لەناو یەکێتیدا لەگەل مەلابەختیاردا هەڵبکات!؟ ئایا ئەکرێت جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆران یەکێک لەهۆکارەکانی ئەم جۆرە کەسایەتیانە بووبێت لەناو یەکێتیدا کە نەوشیروان مستەفا نەیتوانیوە لەگەڵیان هەڵبکات! پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە بۆچی لەناو گۆراندا و لەسەردەمی نەشیروامستەفادا سالار عەزیز و کۆمەڵێک سەرکردەی دیکەی هەمان جۆری مەلابەختیار ئامادەبوون لەناو گۆراندا ؟

مام جەلال لە ( دیداری تەمەن ) بەرگی دووەم، ل.ل ۱۱۳_۱۱٤ دا، باس لەجیابوونەوەی ( ئالای شۆرش ) دەکات بەسەرکردایەتی مەلابەختیارو دەڵێت: بەداخەوە لەناوکۆمەڵەدا تاقمێک پەیدابوبوون مەغرور بوبوون بەو سەرکەوتنانەو بەو مەرکەزانەی درابویانێ، هەیان بوو خەویشی بەوەوە نەدەبینی، تەکەتولێکیان دروستکردبوو بەناوی تەکەتولی ئارامەوە! لەڕاستیدا ئەوان هیچ فڕێکیان بە رەوشتو بیروو باوەری ئارامەوە نەبوو! ئارامیان کردبوو بەکراسەکەی عوسمان! لەڕووی شەخسییەت و مەبدەئیشەوە زۆر جیاوازبوون ! ئارام زۆر دژی سەرکردایەتی بارزانیی و مالی بارزانی بوو! کەچی ئەوان( مەبەستی مەلابەختیار و هاوریکانی) پەنایان بردە بەر ماڵی بارزانی بۆدژایەتی کۆمەلەو یەکیەتیی.

بۆچی مام جەلال تەسفییە حسابی لەگەل نەکردوەو نەیکردووەتە دەرەوەی یەکیەتی!! لەهەمان کتێبدا لە ل،۱۱٦ دا، مام جەلال دەڵێت: لەکاتی گرتنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن حزبی سۆسیالیستەوە، ویستییان ( مەبەستی مەلا بەختیار و هاوریکانیەتی) سود وەرگرن، کەوتنە ئیستفزازکردنی سۆسیالیست و وایان دەویست بەڵکو نەوشیروان بکوژن....... بەراستی هەموویان وارەفتاریان دەکرد ئیستیفزازی حسک بکەن، بۆئەوەی نەوشیروان بکوژن و رزگاریان بێت لێی.

مام جەلال دەڵێت: هەرچی بۆ یەکیەتی خراپ بوایە و دژی یەکیەتی بوایە ئەوەیان پێباشبوو. لە روودا خۆیان بەدۆست و لە بنەوە هەرچییان پێبکرایە دەیان کرد.ل، ۱۱۷، دیداری تەمەن. لەکاتی گیرانی هەنێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵە( کوتلەی سجن ) مەلابەختیار بەهەلی دەزانێت و بابەتێکی بەناوی مەلا ئاوارەوە لەسەرنوسییبوون.

بەهادین نوری لەبیرەوەرییەکانی ( پرسی کوردو ئەزمونی کوردستانی ئێراق) لەوبەشەی تایبەتە بەجیابوونەوەی ئاڵای شۆرش لە ل ٦٤،٦۷ دا. بەدرێژی باس لەگیرانەکەی مەلابەختیار دەکات و دەڵێت : رۆشتم بۆسەردانی مام جەلال و داوای بینینی مەلابەختیارم کرد، رێگەیان دام بیبینم. بەمەلا بەختیارم وت: نامەیەکت نوسیوە ( پاکانە نامە ) سەرکردایەتی یەکیەتی بڵاوی کردۆتەوە ( لەونامەیەدا دانی بەهەڵەی خۆیدا ناوە).

،،

مەلا بەختیار لەوەڵامدا دەڵێت: ئەگەر ئەوەم نەکردایە ئیعدامیان ئەکردم! جا توخوا ئەبو سەلام پیاو لەپێناوی چیدا ئیعدام بکرێت !

کەواتە ئەوقسەیە دروستە کاتێک دەوترێت جیابوونەوەی ئالای شۆرش بەسەرکردایەتی مەلا بەختیار! لەبەر جیاوازی فکری نەبووە، بەڵکو لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بووە! بەلگەش بۆ ئەم قسەیە لەدوای ماوەیەک زیندانی، پشت ئەکاتە هاورێکانی و پاشگەز ئەبێتەوە لەدروستکردنی ئاڵای شۆرش.

نەوشیروان مستەفا لە کتێبی ( خولانەوە لەناوبازنەدا ) ل.ل ۹٦،۹۹ دا. باس لەوپلان و موئامەرەیە دەکات کەمەلا بەختیار لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەو یەکێتیدا لەناوەوە و دەرەوەی وڵات ئەنجامیان داوە، لەسەرەتای مفاوەزات لەگەڵ رژێمی بەعسدا، مەلابەختیار یەکێک بووە لەبەشداربووان، بەڵام بەنهێنی ( ئاڵای شۆرش ) بەیاننامەو پروپاگەندەیان دەرد.

و دژی مفاوەزات بوون، بەئسلوبی موئامەرە کاریان دەکرد، لە روو لەگەڵت بوون و لەژێرەوە شتێکی تر. لەکۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵەدا لە ساڵی ۱۹۸٥، مەلا بەختیار بەدەنگێکی کەم دەرئەچێت و دواتر هەڕەشە دەکات كۆمەڵە و شۆڕش بەجێدەهێڵێت.

نەوشیروان مستەفا دەڵێت گەشتە تینم بەمەلا بەختیارم وت کاتی خۆی کەمن بووم بە کۆمەڵە، دواتر بەیەکێتی و دەسمان کردەوە بەشۆرش! نەمبیستبوو کابرایەک هەیە ناوی مەلابەختیارە، ئەگەر ئەمێنیتەوە زۆرباشە ئەشڕۆی خواحافیزت بێت، بەبێ تۆش کۆمەڵە و یەکێتی و شۆرش بەردەوام ئەبێت ).ل.ل ۱۹۸،۱۹۹ پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن.