سلێمانى شارێکى نیمچە مردوو یاخود شارێکى بێهۆشکراو

سلێمانى شارێکى نیمچە مردوو یاخود شارێکى بێهۆشکراو

1586 خوێندراوەتەوە

دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی

بەداخەوە ئەمە یەکەم جارە لەژیانمدا بابەتێک بەم شێوازە بخەمەڕوو، کە خۆم لێى دوودڵم، تا ئەم ساتە لەخستنەڕووى بابەتەکان شوناسى مرۆڤایەتیم پێش هەموو چەمکەکانى ترى ژیان خستووە.

بەڵام ئەمجارە لەبەر هەستیارى و ترسناکى بابەتەکە کەپەیوەندى بەژین و ژیان و ژینگەى هاوڵاتی شارەکەم هەیە، ئەم یاسایە بۆ یەکجار پێشێل دەکەم، باس لەتاوان و خەمساردى و بێباکى دەسەڵاتى سیاسى حیزبى کۆمپانیایى شۆڕشگێڕى کوردى دەکەم بەرامبەر بەشارى سلێمانى و دانيشتوانى وەک ژين وژینگەو شارستانى.

،،

شارى سلێمانى لەژێر دەسەڵاتى شکستخواردووى نەوە بۆرجواى شۆڕشگێرى کوردى واتا نەوەى فیۆدالیزمى (دەرەبەگى) کوردى نوێ سیماى شار و شارستانیەتى لەدەستداوە، چرکە لەدواى چرکە نیمچە مردوو دەکرێت.

هەرگیز لەو بڕوایەدانیم شار وەک ژینگەو شارستانیەت بمرێت لەژێر دەسەڵاتى ڕەهاى کۆمەڵیک گەمژەى بازرگانى حیزب و سەرکردە بەناوى شەرعیەتى شۆڕشگێڕى، بەڵام دەکرێت بۆ کاتێکى دیاریکراو سڕو نیمچە مردوو بکرێت و لەشارستانى دوورى بخرێتەوە.

بەڵى دەکرێت ژینگەى شارو شارستانیەت و نەتەوەى میللەتێک بخرێتە مەترسیەوە، بەڵام دواجار ئەوە نەوەکانى شارن ژینگەو شارستانیەت سەرلەنوێ دەژێننەوە دوور لەئەجینداى بۆگەنى گەمژە بارزگانە قەزمەکانى سەرکردە وحیزب.

کارەسات لەوەدایە کەس نازانێت هەڕەمى دەسەڵات و بەرپرسیارێتى لەم شارەدا لاى کێیە!، کەس نازانێت بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەستیارەکانى شار هاوار بۆ کێ بەرێت و لەگەڵ کێ قسەبکات، لەوە دەچێت ئەم شارە بەرپرسێکى مرۆڤدۆستى دڵسۆزى نەبێت!.

هەموویان سەرقاڵن بەشەڕى پاراستنى دەسەڵات و زیادکردنى سامان و بەرژەوەندى خودەوە، شار و شارستانیەت و دانیشتوانى سلێمانیان پشتگوێ خستووە، ئاگایان لەئاسایش و پەروەردە و تەندروستى دانیشتوانى شار نەماوە.

تەندروستى ئادەمیزاد لەم شارەدا کەوتۆتە مەترسیەوە ! بۆ ڕاستى و دروستى ئەم مەترسیە بڕۆن نەخۆشخانە تاقانەکەى فریاکەوتنى شار ببینن لەچ ئاستێکى خزمەتگوزاریدایە!. کاتێک تەندروستى و پەروەردە و ئاسایشى شار دەکەوێتە مەترسیەوە هیج مانایەک بۆ ژین و ژیان و ژینگەى مرۆڤ نامێنێتەوە. هەرچەند من وەک خۆم بڕوام بەمرۆڤى نموونەیى نییە و نەبووە، چونکە ئەوە سیستم و یاسایە مرۆڤەکان دەخاتە چوارچێوەیەک کەهەموویان وەک یەک نموونەیى بن.

بەڵام وەک ئەرکێکى مێژوویى ئەم بابەتە دەوروژێنم بۆ ئەوانەى خۆیان بەکەسایەتى نموونەیى شارى سلێمانى دەزانن لەدەسەڵاتدارى ( سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى ) تا بەئاگا بێنەوەو چیدى شارى سلێمانى نەکەنە قوربانى بەرژەوەندى خودو کەمینەیەکى کۆمپانیایى حیزبى قەزمى هەلپەرست.

لەوە دەچێت لەئێستادا ئەم شارە خاوەنى هیچ جۆرە هەرەمێکى دەسەڵات و بەرپرسیارێتى نەبێت، بەهاکانى شارستانى و مرۆڤایەتى لەمەترسیدان، کۆى پرۆسەى ژین و ژیان بووە بەبازرگانى ڕەها، کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەئارەزووى خۆیان وە بەوپەرى دەستکراوەیى لەدەزگاو دامەزراوە بەناو حکومیەکان یارى وتەراتین دەکەن و بونەتە خاوەنى حکومەت.

ئەگەر بڵێین لەم شارە دەسەڵات و حکومڕانى میانڕەوى عەقڵانى غائیبەو بوونى نییە! ئەوە درۆناکەین چونکە کاتێک کارى هەموو کەس کارى کەس نەبێت (everybody’s job is nobody’s job) ئەوە گەڕەلاوژێى حکومڕانیە.