ده‌ست و دیارییه‌كه‌ی نێچیرڤان بۆ چه‌مچه‌ماڵ

ده‌ست و دیارییه‌كه‌ی نێچیرڤان بۆ چه‌مچه‌ماڵ

494 خوێندراوەتەوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

ساڵی 2007 نێچیرڤان بارزانی كه‌ ئه‌و ده‌م سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو، له‌ هه‌ولێر رێكه‌وتنێكی له‌ ته‌ك دانا غازدا واژوو كرد، رێكه‌وتنه‌كه‌ رێكه‌وتنی ده‌رهێنان و فرۆشتنی غازی چه‌مچه‌ماڵ بوو بۆ دابینكردنی كاره‌باو ده‌ستكه‌وتگه‌لی دیكه‌، ئه‌وكاته‌ ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ دانا غاز دواتر شاری غازی کوردستان له‌ نزیك چه‌مچه‌ماڵ دروستده‌كات و هه‌زاران ده‌ستی كار له‌ خۆ ده‌گرێت "راستی ئه‌مه‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ بوو تا ئێستا ئه‌و شاره‌ له‌ خه‌یاڵیشدا بوونی نیه‌ "

،،

به‌و جۆره‌ قسه‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌كرا كه‌ 30 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌ جێبوون و هه‌موو پێویستیه‌كی تێدا دابین ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها درۆی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ له‌ كۆرو مۆره‌وه‌ تا ناو چه‌مچه‌ماڵ جاده‌ی دوو ساید و سه‌وزای به‌ ستانداردی جیهانی دابین ده‌كرێت، دواتر ئه‌م درۆیه‌ هه‌ر له‌وه‌دا كورتكرایه‌وه‌ كه‌ گیرفان و ورگی هه‌ندێك به‌رپرس و خۆ به‌ زلزانی لۆكاڵی پڕبكرێت و هیچیتر.

له‌ كاتی واژوو كردنه‌كه‌دا ئاشتی و نێچیرڤان هێند خه‌نی بوون ده‌میان بۆ كۆ نەدەكرایه‌وه‌، نێچیر دوای واژووكردنه‌كه‌ گوتی:

" ئێمه‌ دڵخۆشین به‌ چوونه‌ نێو ئه‌م هابه‌شی و شه‌ریكایه‌تیه‌ ستراتیژیه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دانا غاز " هه‌موو بینیمان له‌ دوای ئه‌و شه‌ریكایه‌تی و هاوبه‌شییه‌ ستراتیژییه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی كورد له‌و گه‌مه‌یه‌ جگه‌ له‌ دۆڕاندنی ملیۆنه‌ها دۆلار هه‌ر ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ماڵباتی بارزانی ساڵانه‌ بۆ فۆرمۆلا وه‌ن و گه‌شت و گوزار ده‌چنه‌ ئیمارات و هیچیتر، راستی من گومانم له‌ گه‌مه‌ی دۆڕان و قه‌ره‌بووه‌كانی دانا غازیش هه‌یه‌، به‌ڵام رێگه‌ نادرێت به‌ دوادا چوونی ورد بكرێت.

خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ و شۆڕشی ئه‌نفالزه‌ده‌ تا ئێستا هیچ ده‌سكه‌وتێكیان له‌و غازه‌ نه‌بووه‌و بگره‌ هه‌ندێك جاریش بۆیان بووه‌ به‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و ترساندن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ویستیان كێشه‌یه‌ك بۆ عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك دروستبكه‌ن، كاتێك داوای مافه‌كانی خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵی كرد له‌ كاره‌باو رێگه‌و بان و نه‌خۆشخانه‌و هتد.

،،

ئه‌وه‌ی نێچیرڤان له‌ كاتی حوكمڕانیدا به‌ چه‌مچه‌ماڵی كرد، دوژمنیش هه‌ر ئه‌وه‌یان پێكردووه‌.

ئاخر نێچیرڤان به‌و سته‌مه‌ی له‌ چه‌مچه‌ماڵ سته‌می له‌ پارتیه‌كانی ئه‌و شاره‌ش كرد كه‌ یه‌كه‌مین قوربانی شۆڕشی ئه‌یلول و باشترین پێشمه‌رگه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ن.

ئه‌وه‌تا ئێستاش نه‌ ئاوی گۆپته‌په‌، نه‌ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ت قه‌ره‌وێڵه‌یی، نه‌دوو شه‌قامی رێك و پێك له‌ شاره‌كه‌دا نیه‌و خراپی و بێكه‌ڵكی جاده‌و بانی ناحیەكانیش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ‌.

دۆستێك نامه‌یه‌كی بۆ ناردووم براده‌رێك له‌ ئێران ده‌خوێنێ‌ له‌ شاری سنه‌ی روگه‌ی كوردستان، به‌ 40 رۆژ كرێی غاز كه‌ هه‌موو كارێكی پێده‌كرێت و بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ش به‌ كاردێت و به‌ بۆڕی براوه‌ته‌ هه‌موو ماڵێكه‌وه‌ 400 دیناری عیراقی بۆ هاتوه‌ته‌وه‌، واته‌ كه‌متر له‌ پاره‌ی پسكیتێكی شمایڵ كه‌ جاران هه‌شتیمان پێده‌گوت، چه‌مچه‌ماڵیش بتڵێ‌ غاز به‌ 7هه‌زارو پێنجسه‌ت دیناره‌ یانی له‌ سنه‌ به‌ پاره‌ی ئه‌و بتڵه‌ غازه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵ ده‌گوزه‌رێنی و نه‌وتیشت گه‌ره‌ك نییه‌!!.