چین ئەمەریکا تۆمەتبار دەكات بەوەی کە لەپشت ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە

چین ئەمەریکا تۆمەتبار دەكات بەوەی کە لەپشت ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە

1984 خوێندراوەتەوە

‎و:گۆران قادر

لە كاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەندین وڵاتدا بڵاو بۆتەوەو قوربانی لێكەوتۆتەوە، لەناوەندە ڕاگەیاندنەكانیشدا باس لە سەرچاوەی ئەو ڤایرۆسە دەكرێت و پرسیاری ئەوە دەكەن" تۆ بڵێی ئامانجێكی لە پشتەوە بێت و ئێمە نەیزانین؟".

 

گۆڤاری ئینترست لە ڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێدەچێت ڕەهەندێكی جیۆسیاسی هەبێت، چاودێرانی سیاسی لە ڕووسیا پێیانوایە ڤایرۆسەكە" چەكێكی بایۆلۆژی ئەمریكایە" دژی مۆسكۆ و پەكین بەكاردەهێنرێت.

‎گۆڤارەكە باس لە لێدوانی بەرپرسانی ڕوسیا دەكات و بەشێوەیەك کە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا بە هاوكاریكردنی حكومەتی چین و هاوخەمی قوربانیان باسی لە ڤایرۆسەكە كرد و نەچووە وردەكاری و هیچ لایەنێكی تۆمەتبار نەكرد.

ماڵپەڕی (Zvezda)ی ڕوسی كە وەزارەتی بەرگری پشتگیری مادی دەكات ، وتارێكی بە ناونیشانی " ڤایرۆسی كۆرۆنا: جەنگی بایۆلۆژی ئەمریكا دژی ڕوسیا و چین" بڵاو كردەوە.

لە سەرەتای وتارەكەیدا ئاماژەی بە زیانەكانی ڤایرۆسەكە كرد، كە بەهۆیەوە ئابووری چین زیانێكی زۆری بەركەوتووە، هەروەها بە چەندین بەڵگەوە باسی لە (پلانگێڕی ئەمریكا) كرد، كە ئامانج لێی لاواز كردنی چینە، بۆ ئەوەی لەگەڕی داهاتووی دانوستانی بازرگانی نێوانیان، واشنتۆن مەرجەكانی خۆی بەسەر پەكیندا بسەپێنێت.

 

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، گۆڤارەكە ئاماژەی بەو گومان و قسانە كردووە، كە گومانی لای ڕووسەكان لەسەر بوونی تاقیگە بایۆلۆژیكیەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دروست كردووە، چونكە ئەمریكا لە جۆرجیا و ئۆكرانیا و ئۆزباكستان تاقیگەی بایۆلۆژی هەیە، هەرچەندە ڕێكەوتننامەی ژنێفی دەربارەی چەكی بایۆلۆژی لە ساڵی 1975دا ئیمزا كردووە.

دەشڵێت:" ئەو تاقیگانە نیازێكی پیس لە پشتیانەوەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین ڕاپۆرت باسیان لەوە كرد، كە تاقیگەی زیندەگی ئەمریكا لە جۆرجیا چەكێكی بایۆلۆژیان تاقیكردۆتەوە، كەبۆ هاوڵاتیانی جۆرجیا كوشندەیە.

لە لایەكی دیكەوە ڤلادیمێر جیرینفۆكی سەركردەی پارتی لیبڕاڵی ڕوسیا، لە لێدوانێكیدا بۆ وێستگەیەكی مۆسكۆ وتی:" كۆرۆنا ڤایرۆسێكە ئەمریكا بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەكی دەرمان لە پشتیەوەیەتی، ئامانجیش بۆ ئەوەیە كە پەتایەكی ترسناكی ناوخۆیی بڵاو ببێتەوە، كە لە ناوچەیەكی دیاری كراو بدات و نەگاتە وڵاتانی دیكە".

هەروەها ئیگۆر نیكۆلین ئاماژە بەوە دەكات، كە دیاریكردنی شاری ووهان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو شارە پەیمانگای وهان بۆ زانستی ڤایرۆسەكانی لێیە، كە واشنتۆن و دەزگا هەواڵگریەكی هەوڵیانداوە ئەزموونی بایلۆژیان لێوەربگرن.

دەشڵێت:" ئەو تاقیگانەی كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێكردن، هەستاون بە كۆكردنەوەو چارەسەری بۆماوەیی بۆ دانیشتوانی ڕوس و چین، بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە گەشە پێبدەن، بۆ بە ئامانج گرتنی چەند گەلێكی دیاری كراو ئەو كارەیان كردوە".

ڤیكتۆر بارانیتس پسپۆڕی سەربازی پشتگیری ئەو بۆچوونە دەكات و دەڵێت:" جەنگی بایۆلۆژی بۆتە چەكێكی نوێ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئامانجی زاڵ بوون بەسەر نەیارەكانیدا بەكاری دەهێنێت".

بەڵام تاكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكی زانستی نیە، كە ئەم بۆچوونانە پشت ڕاست بكاتەوە، هەروەها قورسە باوەڕ بەوە بكرێت، كە ڤایرۆسێك بە جیهاندا بڵاو بووبێتەوە، تەنها چەند گەلێكی دیاری كراو بە ئامانج بگرێت.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر ئاماژەی بەوە كرد بوو، كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، ڤایرۆسێكی ئاژەڵیە، بەهۆی بەریەك كەوتنی مرۆڤ بە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە، ڤایرۆسەكەش بە هۆی خواردنە دەریایی لە شاری ووهانەوە سەری هەڵداوە.