هێزە جیهانییەکان لەسەر پێشێلکاریەکانی لیبیا هاتنە دەنگ

هێزە جیهانییەکان لەسەر پێشێلکاریەکانی لیبیا هاتنە دەنگ

514 خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێشێلکردنی پڕچەککردنی لایەنە چەکدارەکان بووەتە گاڵتە و ئەو وڵاتانەی ئەنجامی دەدەن پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

،،

ڕۆژی یەکشەممە لە میونخ وەزیرانی دەرەوەو بەرپرسانی باڵای دیکەی کۆمەڵێک وڵاتی جیاواز کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی لیبیا و دووپاتکردنەوەی پابەند بوونیان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی وەستاندنی ناردنی چەک کە تا ئێستا چەندین جار پێشێلکراوە و بۆ پاڵپشتی کردنی ئاگربەستێکی یەکجارەکی.

ستێفانی ویلیامس، جێگری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا ڕایگەیاند:" پێشێلکردنی ڕێککەوتنی وەستاندنی ناردنی چەک بووەتە گاڵتەیەک و ئێمەش پێویستە لێرە دەستتێوەردان بکەین.

بابەتەکە ئاڵۆزە چونکە چەندین پێشێلکاری لەڕێگەی زەمینی، ئاوی و ئاسمانیەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە چاودێری و لێپرسینەوە هەبێت." کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەڵمانیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێکخرا وەک داواکاریەک بۆ بەردەوامیدان بە فشار بۆ بڕینی پاڵپشتی سەربازی دەرەکی بۆ لایەنە شەڕکەرەکان لە لیبیا.

هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند:" شتێکی ئاشکرایە کە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا پێشێلکاری بەرچاوی ڕێککەوتنی وەستاندنی ناردنی چەک هەبووە.

ڕوونکردنەوەی تەواو جیاواز و دژیەک لەلایەن لیبیاوە دراوە سەبارەت بە هۆکاری ئەو پێشێلکاریانە، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی گرتوومانەتە بەر کە بریتیە لە دابڕینی لایەنەکانی جەنگەکە لە پاڵپشتەکانیان، تا ئێستا تاکە ڕێگەیە ئەگەری دەرەنجامێکی سەرکەوتووی هەبێت لە کۆتایی هێنان به جەنگی ناوخۆ لە لیبیا.

" ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، بە بەردەوامیدان بە ناردنی چەک و هەڵگیرساندنی جەنگ ڕێککەوتنێکی پێشوو کە لە بەرلین ئەنجام درا بەردەوام پێشێلکراوە.

،،

لەساڵی ٢٠١١ بەولاوە وڵاتی لیبیا لە دۆخی جەنگدا بووە کاتێک جەنگێکی ناوخۆ موعەمەر قەزافی، دیکتاتۆری لەمێژینەی لیبیای لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە کە دواتر کوژرا.

دوو ئیدارەی دژ بە یەکتری لە وڵاتەکە بوونیان ھەیە: حکومەتی ڕێککەوتنی نەتەوەیی لە تەڕابلس کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانە دانی پێدانراوە، وە ئیدارەیەکی دیکە لە شاری تەبروک لە ڕۆژھەڵاتی لیبیا، کە پاڵپشتی کودەتای سەربازی فەرماندە خەلیفە حەفتەر دەکات.

حکومەتی ڕێککەوتنی نەتەوەیی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت کە لەم دواییەدا هەزاران سەربازی بۆ لیبیا ناردووە. حەفتەر، کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی هێرشێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری تەڕابلسی پایتەختی لیبیا دەست پێکرد، لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێت.

وەرگێڕانی: محەمەد ڕەحمان سەرچاوە: Al-Jazeera English