دەسەڵات چۆن گه‌لێك ژێرده‌سته‌ ده‌كات؟

دەسەڵات چۆن گه‌لێك ژێرده‌سته‌ ده‌كات؟

449 خوێندراوەتەوە

 بیرمه‌ندی مه‌زنی ئه‌مریكی چۆمسكی له‌ ده‌ خاڵدا باس له‌و ستراتیژانه‌ ده‌كات ده‌سه‌ڵات گه‌لێك(نه‌ته‌وه‌یه‌ك)ی پێ ژێرده‌سته ده‌كات، ناوبراو ئه‌م ده‌ خاڵه‌ی له‌ نامیلكه‌یه‌كی نهێنی به‌رده‌ست كه‌وتووه‌ كه‌ ساڵی 1979ز نووسراوه‌ و ساڵی 1986ز پێی زانراوه‌، نامیلكه‌كه‌ به‌ ناوی( چه‌كی مسۆگه‌ر بۆ چوونه‌ ناو جه‌نگێكی ئارام)‌:

یه‌كه‌م: سه‌رقاكردن و خه‌ریككردنی جه‌ماوه‌ر به‌ كێشه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بواری بیركردنه‌وه‌یان نه‌بێت له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كان و ئه‌و هۆیانه‌ی ریشه‌ و بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانن.

دووه‌م: گرفت و قه‌یران دروست ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ری بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له‌ كاتی قه‌یراندا كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌ربكه‌ن(تێپه‌ڕێنن) كه‌ له‌ بێ قه‌یرانیدا جه‌ماوه‌ر به‌و بڕیارانه‌ رازی نابن،

،،

به‌ڵام به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كه‌وه‌ زه‌مینه‌ی زه‌ینی و ده‌روونی بۆ قبووڵكردنیان ده‌سازێت.

سێیه‌م: قۆناغبه‌ندی له‌ ده‌سته‌مۆكردنی جه‌ماوه‌ر: بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌مۆكردنه‌كه‌ جێگه‌ی قبووڵ كردن بێت پێویسته‌ دڵۆپ دڵۆپ ده‌رخواردی جه‌ماوه‌ری بده‌ی تاكو به‌رچه‌كردار له‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات سه‌رهه‌ڵنه‌دات، زیادبوونی بێكاری، مووچه‌ی ناشایسته‌، ناجێگیری له‌ نرخ و له‌ بازاڕ، به‌ كه‌رتی تایبه‌ت كردنی كه‌رته‌ گشتییه‌كان كه‌ ماڵ و سامانی جه‌ماوه‌رن، به‌ موڵككردنی زه‌وی و زاری گشتی، هه‌موو ئه‌مانه‌ گه‌ر به‌ یه‌كجار بڕیاری لێبدرێ په‌رچه‌ كرداری توندی لێوه‌ په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵام سیاسه‌تی دڵۆپ دڵۆپ ده‌سته‌مۆكردنه‌كه‌ فه‌راهه‌م ده‌كات.

چواره‌م: دواخستن: هه‌ر بڕیارێك لای جه‌ماوه‌ر جێگه‌ی قبووڵ نه‌بوو، له‌ ئێستادا زه‌مینه‌ی بۆ بسازێنه‌ و بیده‌ به‌ گوێیاندا گوایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ زه‌رووره‌ و داهاتووی ئێمه‌ پێویستی به‌ ئاوا بڕیارێكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ بریاره‌كه‌ بۆ داهاتوو دواده‌خه‌ین، كه‌ له‌ داهاتوو بڕیاری لێ ده‌درێت كه‌مترین په‌رچه‌كرداری جه‌ماوه‌ری بۆ دروست ده‌بێت.

پێنجه‌م: وه‌ك منداڵ قسه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر بكه‌، به‌ كوردییه‌كه‌ی خۆمان په‌نجه‌ له‌ ده‌میان بنێ، له‌ رووی زانستی ده‌روونییه‌وه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵ وه‌ك منداڵێكی دوازده‌ ساڵ قسه‌ و مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ی كه‌سه‌كه‌ هه‌ستێكی ده‌روونی بۆ دروست ده‌بێت ئه‌و ته‌مه‌نی دوازده‌ ساڵه‌ و راسته‌قینه‌ی خۆی له‌بیرده‌چێته‌وه‌.

شه‌شه‌م: لایه‌نی سۆزباوی به‌كاربهێنه‌ له‌ جێگه‌ی لایه‌نی تێفكرین و تێڕامان، بۆ بازدان به‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی لۆژیكی و هه‌ستی ره‌خنه‌گری تاكه‌كان به‌گشتی لایه‌نی سۆزباوی به‌كاربهێنه‌، درامای سۆزباویی ده‌یان ئه‌ڵقه‌یان بۆ په‌خش بكه‌، به‌كارهێنانی ئه‌م لایه‌نه‌ نه‌ستی ناوه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ چاندنی بیر و حه‌ز و ترس و نیگه‌رانی و هاندان بۆ هه‌ستان به‌ كۆمه‌ڵێك ئاكاری دیاریكراو.

حه‌وته‌م: خه‌ڵكی به‌گشتی له‌ دۆخێكی نه‌زانی و گه‌مژه‌ییدا بهێڵه‌ره‌وه‌: بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێ په‌روه‌رده‌ و فێركردن دواكه‌وتوو و قه‌ڵب و ناباش بێت، به‌ جۆرێك بۆشایی گه‌وره‌ له‌ نێوان چینی خواره‌وه‌ و چینی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌رهه‌ڵبدات، ئه‌وان په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ زانكۆ باڵاكانی جیهان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و چینه‌ هه‌ژاره‌كه‌ش به‌ خراپترین په‌روه‌رده‌ و فێركردن ئاشنا بكرێن.

هه‌شته‌م: هاندانی جه‌ماوه‌ر بۆ رازیبوون به‌ نه‌زانی خۆیان. هاندانی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاساییه‌ نه‌زان و گه‌مژه‌ بن و بێبه‌ش بن له‌ فێربوون،

،،

ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی قێزه‌ون كردن و بێنرخ كردنی شه‌هاده‌ و سه‌رئه‌نجامی خوێندن، چونكه‌ هیچ به‌رهه‌مێكی لێوه‌ سه‌رهه‌ڵنادات.

نۆیه‌م: یاخیبوون له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌رووندا بكرێت به‌ هه‌ستكردن به‌ گوناه، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ دۆخێكدا تێپه‌ڕێنن‌ هه‌ست بكات هۆی په‌ستی و هه‌ژاری و مه‌ینه‌تییه‌كان بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات، به‌م جۆره‌ له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات یاخی بێت له‌ناو هه‌ستكردن به‌ په‌ستی و نزمی نغرۆ ده‌بێت و جۆرێك له‌ بێهیوابوون رووی لێ ده‌كات و ناتوانێت به‌ كارێك هه‌ڵبستێت، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ خواردنه‌وه‌ی مادده‌ مه‌ستكه‌ر و هۆشبه‌ره‌كان.

ده‌یه‌م: ناسینی كه‌سه‌كان زیاتر له‌وه‌ی خۆیان ده‌ناسن: پێشكه‌وتنی زانستی سه‌ریكێشاوه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێوان مه‌عریفه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌گشتی له‌گه‌ڵ مه‌عریفه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار، بۆیه‌ وردترین و پێشكه‌وتووترین ته‌كنه‌لۆژیا ده‌هێنن و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر كه‌سه‌كان و چاودێری كردنیان و زۆرجاریش ئاراسته‌ كردنیان به‌و جۆره‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌كاریده‌هێنن، ئه‌مه‌ و به‌كارهێنانی زانستی ده‌روونناسی و زینده‌وه‌رزانی بۆ هه‌مان مه‌رام.

ئه‌مانه‌ ئه‌و ستراتیژه‌ قێزه‌ونانه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك بۆ ده‌سته‌مۆ كردنی جه‌ماوه‌ر ده‌یانگرێته‌به‌ر.

 

author photo

 نوسەر  و  وەرگێڕ

بەکالۆریۆس لە زممانی ئینگلیزی