تا 30 ساڵی دیكه‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رز نابێته‌وه‌ و زه‌وی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخی به‌سته‌ڵه‌كی

تا 30 ساڵی دیكه‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رز نابێته‌وه‌ و زه‌وی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخی به‌سته‌ڵه‌كی

2606 خوێندراوەتەوە

و:گۆران قادر

زانایه‌كی گه‌ردوونی هۆشداری ده‌دات، كه‌ زه‌وی ڕووبه‌ڕووی كه‌شوهه‌وایه‌كی ساردی دژوار و به‌فربارین و زریان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا زه‌وی كه‌مترین چالاكی خۆر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌و زانایه‌ ده‌ڵێت، ئه‌م كه‌شه‌ سارده‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ خۆر ده‌چێته‌ قۆناغی (مت بوون- سڕبوون)ی سروشتی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خۆراك كه‌م ببێته‌وه‌ و پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا داببه‌زێت.

 

ساڵی مت بوونی خۆری

به‌پێی ڕاپۆرتێك كه‌ ڕۆژنامه‌ی (the sun) ی به‌رتیانی بڵاوی كردۆته‌وه‌، زه‌وی ڕووبه‌ڕووی مت بوونی خۆر ده‌بێته‌وه‌، كه‌ قۆناغێكه‌ خۆر وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وزه‌ و گه‌رمی نابه‌خشێت. به‌پێی ئاژانسی ناسا، خۆر له‌ ماوه‌ی 200 ساڵی ڕابردوودا به‌و شێوه‌یه‌ نزمترین ئاستی چالاكی تۆمار نه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌م نزمبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 2020ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

ڤالانتینیا زاركۆڤا پسپۆڕ له‌ زانكۆی نورسمبریا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ، كه‌ له‌وه‌یه‌ ببێته‌ هۆی دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌ك به‌درێژایی 12 مانگه‌كه‌ شه‌پۆلێكی سه‌رما گۆی زه‌وی بگرێته‌وه‌.

ڤالانتینیا ده‌شڵێت:" خۆر له‌ قۆناغی مت بوون نزیك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ كه‌مترین چالاكی خۆر ده‌گاته‌ زه‌وی، هه‌روه‌ها وزه‌ و تیشكی خۆریش كه‌متر ده‌گاته‌ گه‌ردون و زه‌وی".

دووباره‌ بوونه‌وه‌ی دیارده‌كه‌

قۆناغی كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكی خۆر، دیارده‌یه‌كی سروشتیی خۆره‌ و هه‌ر 11 ساڵ جارێك ڕووده‌دات، به‌ڵام مت بوونی ساڵی 2020 زۆر له‌ حاڵه‌تی سروشتی خۆی ساردتر ده‌بێت .

ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مجاره‌ دیارده‌یه‌كی ناوازه‌ ناسراو به‌ (مت بوونی خۆری گه‌وره‌) ڕووده‌دات، كه‌ وزه‌و تیشكی خۆر له‌ حاڵه‌تی سروشتی خۆیان كه‌متر ده‌بن.ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ (مت بوونی خۆری گه‌وره‌)ناسراوه‌، كه‌ هه‌ر 400 ساڵ جارێك ڕووده‌دات، لێكه‌وته‌كانیشی هیچ زیانێكی ئه‌وتۆیان نابێت.

ئه‌و پسپۆڕه‌ هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ قۆناغی به‌سته‌ڵه‌كی و هاوینی باراناوی له‌وه‌یه‌ تاوه‌كو ساڵی 2053 به‌رده‌وام بێت.

 

نزم بوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی به‌هۆی مت بوونه‌وه‌

ڤالانتینیا زاركۆڤا بۆ ڕۆژنامه‌ی زه‌ سه‌نی به‌ریتانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما له‌سه‌رانسه‌ری گۆری زه‌ویدا، هاوینی سارد و باراناوی ده‌بێت، زستانیشی سارد و باراناوی ده‌بێت، زوقمێكی گه‌وره‌ ڕووده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌كه‌ندا هه‌یه‌، پله‌ی گه‌رمیش له‌ هه‌ندێك شوێن ده‌گاته‌(-50) ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای متبون ده‌بێت و بۆ ماوه‌ی 33 ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت.

دواین مت بوون كه‌ له‌ زه‌ویدا ڕوویدابێت مت بوونی موانده‌ر بوو، كه‌ له‌ ساڵی 1645 ده‌ستی پێكرد و تا ساڵی 1715 به‌رده‌وام بوو.له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێره‌ویه‌ ئاوییه‌كانی وه‌ك كه‌ناڵه‌ ئاوییه‌كانی تایمز و ئه‌مستردام به‌ستی.

 

 

ئه‌گه‌ری ڕوودانی به‌ستن

ئاماژه‌ و خوێندنه‌وه‌كانی ناسا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ گۆی زه‌وی له‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 2025دا بكه‌وێته‌ حاڵه‌تی به‌سته‌ڵه‌كیه‌وه‌

ڤالانتینیا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هیوادارن ئه‌م متبوونه‌وه‌ وه‌ك موانده‌ر نه‌بێت، چونكه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر خۆراك جێده‌هێلێت، سه‌وزه‌مه‌نی و میوه‌كان كاتی پێویستی گه‌رمیان نیه‌ بۆ گه‌شه‌كردن و پێگه‌یاندن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كان خۆراكی پێویستیان ده‌ست نه‌كه‌وێت هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دوو ساڵی ڕابردوو له‌ مانگه‌كانی نیسان و ئایار له‌ ئیسپانیا و یۆنان بینیمان.

به‌ڵام زانایانی دیكه‌ بۆچوونیان جیاوازه‌ و پێیان وایه‌، كه‌ ئه‌م مت بوونه‌ كاریگه‌رییه‌كی كه‌م له‌سه‌ر كه‌شو هه‌وا دروست ده‌كات.

ماسیۆ ئاوینز، شاره‌زا له‌ بواری وزه‌ی خۆر به‌ ڕۆژنامه‌ی (the sun)ی وتووه‌ كه‌: " پێناچێت مت بوونی خۆر كاریگه‌ریه‌كی زۆر له‌سه‌ر پله‌ی گه‌رمی زه‌وی به‌جێبهێڵێت، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ چالاكیه‌كانی مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ك ده‌ركردنی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن بۆ به‌رگه‌ هه‌وا، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت كاریگه‌رییه‌گی ئه‌وتۆ جێبهێلێت".

سەرچاوە:عربیە بوست