هێڵى گۆڕانكارى داواى چى له‌ سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟

هێڵى گۆڕانكارى داواى چى له‌ سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟

781 خوێندراوەتەوە

هه‌رچه‌نده‌ باره‌گاى تایبه‌ت‌و جیاوازیان كردووه‌ته‌وه‌و سه‌رردانى حیزبه‌كان ده‌كه‌ن‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حیزبه‌كان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، خۆیان به‌خاوه‌نى بزوتنه‌وه‌ ده‌زانن‌و ده‌یانه‌وێت حیزبه‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیزى ڕابه‌رى كۆچكردووى پێشووى بزوتنه‌وه‌.

له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌گه‌ڵ دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین، ئاسۆ نامیق، لێپرسراوى به‌شى میدیاو ڕاگه‌یاندنى " هێڵى گۆڕانكارى" بزوتنه‌وه‌، ده‌رباره‌ى نیگه‌رانییه‌كانیان له‌سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى ده‌دوێت‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕابه‌رى بزوتنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سى حیزبی بچووک کردووه‌تەوە.

دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین: بەدیاریکراوی گلەیی و نیگەرانییەکانی هێڵی گۆڕانکاری بەرانبەر سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی چییە؟

ئاسۆ نامیق: ئێمە لەهێڵی گۆڕانکاری ئامانجمانە بزوتنەوە ببێت بە حیزبی موئەسەسات، ئەمانەوێ بزووتنەوە ڕزگارکەین لە تاکڕەوی ئیداری گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئەو حیزبەی تا دوێنێ ئێمە لە ئاستی ناوخۆدا هیچ گۆڕانکارییەک نەدەبوو بزووتنەوە قسەی خۆی دەکرد حسابی بۆ دەکرا لەسەر ئاستی ئەقلیمی و نێودەوڵەتی ڕاوێژی پێدەکرا، بەڵام ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ئەو بەرپرسانەی ئێستا بزوتنەوە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن لەپاشەکشەدایە، چەندەها کادیرو قیادەی بزووتنەوە دوور کەوتوونەتەوە.

دەپرسین بۆچی ؟

وەڵامەکەی ڕوونە ئەویش نەبوونی دڵسۆزی بزووتنەوەی بەو ئاقارەدا بردووە چەندین جار لەکۆبوونەوەی کراوەو تایبەتدا مەترسی ئەو شێوازە لەحیزبایەتیمان ڕاگەیاندووە، بەڵام زۆر نابەرپرسانە گوێیان نەگرت لێمان، هیچ باکیان بە ناڕەزایی کادیرو قیادەی بزووتنەوە نەدا تا دواجار گەشتینە ئەو باوەڕەی کە بزووتنەوە لەمەبدەئی خۆی لایداوەو ئەو شێوازە لە بەرپرسیاری خزمەتی ڕابردوو و ئێستاو داهاتووی حیزبەکە ناکات، بۆیە ئێمە زۆر جدین و دەبێت شێواز کاری بزووتنەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم قۆناغەی کاردا بگونجێت و متمانە بگەڕێتەوە بۆ ئەندامان‌و دۆستانی بزووتنەوە.

،،

بۆ ئەوەی چیتر بزووتنەوە باجی سیاسەتی هەڵەی کۆمەڵێک نابەرپرس نه‌دات کە بزووتنەوەیان تەنها وەک ناو دەوێت بۆ بەکارهێنانی بۆ دەستکەوتی کەسی و هیچیتر.

دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین: هێڵی گۆڕانکاری گوزارشت لەبەشێکی چەندی پێکهاتەی بزوتنەوە دەکات، چەند کەس لە سەرکردایەتی بزوتنەوە لەگەڵ هێڵی گۆڕانکاریدایەو لەسەر ئاستی ئۆرگانەکانیتر چەند کەس لەگەڵ ئەم هێڵەدایەو پشتیوانی دەکات؟

ئاسۆ نامیق: هێڵی گۆڕانکاری خواستی خەڵکانی هێجگار دڵسۆزو غەم خۆری ناو ئەو کاروانە پڕ شکۆیەیه‌، ئێستا زۆرێک لەدۆستانی ناو بزووتنەوە لەگەڵ جۆری فیکرەکەدایە خەڵکێکی باش لەهەرە قیادە دڵسۆزەکانی کە ئێستا لەکاردان و زۆرێک لەکادیرو خەڵکی دڵسۆز لە ڕەوتەکەدا کاردەکەن، وەڕۆژانە پشتیوانی فراوان لەپرۆژەکە دەکرێت، لەبەرئەوەشە ئێمە نامانەوێت لەدەرەوەی ئۆرگانەکان حیزبێکی دیکە ئیعلان بکەین تەنھا ئامانجمان دەربازکردنی حیزبە لە ئەو دۆخە نەخوازراوەیە کە بزووتنەوەی تێکەوتووە و حیزبیان بچوکردۆتەوە لە خزمەتکردنی کۆمەڵێ خەڵکی دیاری کراو و حیزب چی بەسەر دێ باکیان نییە، بەڵگەشمان دوور کەوتنەوەی بزووتنەوەیە لەسەر جەم کۆڕو کۆبوونەوەکان و حسابی حیزبە بچوکەکانی بۆ ناکرێت، کە ئەمەش هەموومانی نیگەران کردووە.

دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین: هێڵی گۆڕانکاری لەگەڵ سەرکردایەتی بزوتنەوەدا گفتوگۆ دەکات، یاخود گەشتوونەتە بن بەست و بڕیاری جیابوونەوەتان داوە؟

ئاسۆ نامیق: نەخێر ئێمە گازندەیەکیشمان هەبێت لە ئەدای کاری ڕابەر و کۆمەڵێک لەکارەکانییەتی کە حیزبی بچوک کردۆتەوە لەسەر حسابی بەرژەوەندی کەسی، وەگەرنا ئێمە بەردەوام لەگەڵ خەڵکی بزوتنەوە لەسەر هێڵین بۆ دەربازکردنی حیزب لە تاک ڕەویی،

،،

سەبارەت بەدروستکردنی حیزبێکی تازە بە هیچ جۆرێک بیرمان نەکردۆتەوە لەدروست کردنی حیزبێکی تازە، بەڵام نیگەرانین لە دۆخی ئێستای بزووتنەوە،وە زۆر جدین لە گۆڕانکاری

وە لەسەر هەڵوێستەکانمان بەردەوام دەبین و لەگەڵ دۆستەکانمان لەناو سەرجەم ئۆرگانەکاندا تا حیزب بگەێنینەوە سەر ڕێڕەوی خۆی، گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی رابەری پێشوو، شێخ عسمان عه‌بدولعه‌زیز ڕەحمەتی خوای لێبێت.

دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین: کردنەوەی بارەگا لەلایەن هێڵی گۆڕانکارییەوە بەمانای بڕیاری جیابوونەوە نایەت، لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆتان کردووە بۆ ئەوەی بچنە ناو کۆمەڵەوە؟

ئاسۆ نامیق: سەبارەت بەکۆمەڵی ئیسلامی براو دۆستی هەمیشەیی ئێمەن لە ڕۆژگارە سەختەکان هاوسەنگەرو برا بووین دەمانەوی ئەو برایەتییە ئیمانیە بەردەوام و بتەو بێت، سەبارەت بە گفتوگۆ نەک لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکانێکی زۆری کادیرو قیادەی پێشووی ئێسلامی لە گفتوگۆو ڕاوێژی بەردەوامین، ئەمانەوێ بزووتنەوە بەهێز بکەینەوە و بەهیچ جۆرێک بیرمان لە جێهێشتنی نەکردۆتەوەو جێی ناهێڵین .