توركیا شه‌ڕى نه‌وت به‌ ئاو ده‌كات

پرۆژەی گاپ چیەو مه‌ترسییه‌كانى بۆ سه‌ر كوردو ناوچه‌كه‌ چییه‌؟

توركیا شه‌ڕى نه‌وت به‌ ئاو ده‌كات

949 خوێندراوەتەوە

زمناكۆ محه‌مه‌د

وشەی( GAP) کورتکراوەی projesi Guneydogu Anadoiu واتا پرۆژەی ئەنادۆڵی مەزن، وشەی ئەنادۆڵ باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا و باکوری کوردستان دەگرێتەوە.


کە هەموو حکومەتەکانی تورکیا بەشێک لەو پرۆژەیان جێبەجێ کردووە، یان خەریکی جێبەجێکردنن، چونکە دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دامەزراوییە بەو واتایەی بەگۆڕینی حکومەت سیاسەتە ستراتیژیەکان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت،بەتایبەت ئەو پڕۆژانە کە لەڕوانگەی ئاسایشی نیشتمانی بۆ تورکیا زۆر گرنگن.


سەرەتای پرۆژەی گاپ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەتاتورک کە بەدوای سەرچاوەک دەگەڕان بۆ دابینکردنی کارەبا، لەساڵی 1936 کاتێک دەزگای EWSA بەمەبەستی بەرهەم هێنانی کارەبا لەسەرچاوەی ئاوییەکان دەستی بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری کرد، لەکاتێکدا ئەم جۆرە پڕۆژانە لە تورکیا ئەنجام نەدراوە، گەورەترین پرۆژەی مەودا درێژە لە مێژوی تورکیا .


لێکۆڵینەوە سەرتاییەکان بە باری جیۆلۆجی و تۆپۆگراپی حەوزی دیجلەو فورات لەناوجەی گاپ لە ساڵی 1938 دەستیپێکرد، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ پرۆژەیەکی ئابووری مەزن لەناچەکانی باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا کە بە هەژارترین ناوچەی تورکیا دادەنرێت.

بایەخدانی حکومەتی تورکیا بە پڕۆژەی گاپ لە ساڵی 1950وە زیاتر بوو

لەنێوان ساڵەکانی 1950بۆ1960 دا بواری پشکنین و توێژینەوە لە هەردوو حەوزی دیجلەو فوڕات لەلایەن EWSAوە ئەنجامدرا.

دیزاینکردن و داڕشتنی پڕۆژەکە لەلایەن کێ وە ئەنجامدرا؟

دیزاینکردن و داڕشتنی پڕۆژەکە لەسەر دەستی پسپۆڕێکی ئاودێری ئیسڕائیلی بەناوی (شارۆن ئالوزوروف) دانراوە، ئەندازیارەکەیشی (یوشع کال) ی ئیسڕائیلی بوو، لە ساڵی 1966پرۆژەکە دەستیپێکرد کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

ئەم پڕۆژە لەچی پێکدێت؟

ئەم پڕۆژەیە لە 22بەنداو 13 پڕۆژەی سەرەکی، کە 14بەنداو7 پڕۆژەی لەسەر ڕووباری فوڕاتەو،8 بەنداو 6 پڕۆژەیان لەسەر ڕووباری دیجلەیە.
ڕوبەری پڕۆژەی گاپ 75 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە نزیکەی %10 ڕووبەری گشتی تورکیا پێکدەهێنێت، 9پارێزگای باکوری کوردستان دەگرێتەوە، کە تێچووی پڕۆژەکە لەنێوان %6-9 بوجەی گشتی تورکیایە، سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکە 32ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرا.

یەکەم بەنداو کە تەواوبوو ساڵی چەندبوو؟

سەرەڕای ئەو کودەتاو کێشانەی ڕووبەڕوی وڵاتی تورکیا بووەوە بەڵام ئەم پڕۆژە لە کارکردن بەردەوامبوو
ساڵی 1973یەکەم بەنداو دروستکرا بەنداوی کیبان .
پڕۆژەی گاپ جگە لەوەی گەورەترین پڕۆژەی ئاوی تورکیایەو یەکێکیشە لە پڕۆژە گەورەکانی جیهان، هەروەها بەچوارەم گەورەترین بەنداوی جیهان ئەژمار دەکرێت، بەنداوی ئەتاتورک کە ساڵی 1994 تەواوبوو گەورەترین بەنداوە لەسەر ڕوباری فوڕات و بە شەشەمین بەنداو دادەنرێت لە جیهاندا، 400هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە، وا چاوەڕوان دەکرێت 1ملیۆن و700هەزار هەلی کار لەو ناوچەیە بڕەخسێنێت.

گەورەترین بەنداو لەسەر ڕوباری دیجلە تەواوبوو ساڵی چەند بوو؟
بەنداوی ئیلسۆ گەورەترین بەنداوە لەسەر ڕوباری دیجلە دەکەوێتە ناوچەی حەسەن کیفی پارێزگای باتمانەوە ساڵی 2016تەواوبووە %40 ئاوی دیجلە گل دەداتەوە

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە چییە؟

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بە دروستکرنی دەیان بەنداو وێستگەی ئاوی بەرهەمهێنانی کارەبا کە وابڕیارە لەساڵی 2025 تەواوبێت و بڕی 27هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت لە ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکوری کوردستان)، سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی لەم ناوچەیە بۆ دووهێندە پێشبخات، بێکاری کەمبکاتەوە، سۆزی کوردانی باکور بۆ لای دەوڵەتی تورکیا ڕابکێشێت.

بەڵام ئایا ئەوە تەنها ئامانجی دەوڵەتی تورکیایە؟
کێ دەتوانێت باوەڕ بەوە بکات دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت باکوری کوردستان لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازیەوە پێش بخات؟ پارتی کرێکارانی کوردستان pkkهەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە دژایەتی خۆی ڕاگەیاند.

زیانەکانی پڕۆژەکە بۆ باکوری کوردستان چین؟

ڕاگواستنی خەڵکی ئەم ناوچەیە کە مەزەندە دەکرێت بە6 ملێۆن کورد لە شوێنی خۆیان، کۆچکردنیان بۆ ناوچە تورکەکان بێ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، داپۆشینی شوێنەواری مێژووی کە ژمارەیان لە 82 شوێنەوار زیاترە، کە گرنگترینیان شوێنەواری حەسەن کێفە ،ئەوەی بەچەک تورکیا نەیتوانی شۆڕش و خەباتی ئەم ناوچانە کوردیانە لەناوبەرێت ئەوا بەم پڕۆژەیە ناوچەکان لەیەک دادەبڕێت کە شوێنی شۆڕشی کوردانە.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا چی دەڵێت بەرامبەر ئاو نرخی ئاو؟

سولێمان دمێری سەرۆک وەزیرانی پێشوی تورکیا دەڵێت ئاو بەرامبەر نەوت بەکارده‌هێنین وەک ئاماژەیەک بۆ وڵاتانی خاوەن نەوتی ناوچەکە کە چیتر ئاو بێبەرامبەر نابێت.
بڕی ئاوی پاشە کەوتکراوی دیجلەو فوڕات لەبەنداوەکانی تورکیا زیاتر لە 120ملیار مەتر سێجا، ئەمە لەکاتێکدایە کە داهاتی ئاوی ساڵانەی ئەم دوو ڕوبارە دەگاتە 47ملیار مەتر سێجا.
بە پێی هەندێک ئامار لەساڵی 1975تا 2007لە %80 ئاوی ڕوبارەکان کەمی کردووە.


ئایا تورکیا دەیەوێت بە باشترین شێوە ناوچەیی جیۆپۆڵیتیکی خۆی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئاوی ناوچەکە بکات؟

ئەگەر وا بکات لە وڵاتانی هاوسێی تورکیا چی ڕوودەدات؟

کۆنتڕۆڵ کردنی ئاوی ناوچەکە لەلایەن تورکیا چ کاریگەرییەکی لەسەر باڵانسی هێز دەبێت لە ناوچەکە؟

پڕۆژەی گەورەی گاپ زیانەکانی ئەم پڕۆژەیە لە ژینگەو ژیانی ملیۆنان خەڵکی ئەو وڵاتانەیە کە لەدەوروبەری تورکیا دەژین، لەوەتەی ئەم پڕۆژەیە بڕیاری لەسەر دراوە هەموو جارێک تورکیا بەڵێن بە دراوسێکانی دەدات کە ئاوی پێویستان بۆ بەردەداتەوە، بەڵام هەرگیز بە بەڵێنەکانی پابەند نەبووەو نابێت.
کەمبوونەوەی ئاوی دیجلەو فوڕات وچەند ڕوبارێکیتر دەبێتە هۆی وشکبوون و بەبیابان بوونی ملیۆنان دۆنم زەوی، بێکاربوونی ملیۆنان خەڵکی ئەو ناوچانە، کۆچی ملیۆنی خەڵکی گوندەکان بۆ شارەکان لە چەند ساڵی داهاتوودا، دروستکردنی یەک لەدوا یەکی بەنداوەکان لەلایەن تورکیاوە وشکە ساڵی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێت کە لە 900ساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە و نەبینراوە.


زۆر جار وشەی جیۆپۆڵیتیکمان گوێ لێدەبێت بەواتای کاریگەری جیۆگرافیای لەسەر سیاسەت دێت ،کاتێک دەوڵەتی تورکیا بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆگرافیای خۆی بەجۆرێک سیاسەت دەکات کە ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، ئەوەی پێیدەڵێن جیۆپۆڵیتیک ،بەڵام ئەگەر لەو جیۆگرافیایە سەرچاوەی ئاوی گرنگی وەکو ڕوبار یان دەریا هەبێت لەبەر گرنگی ئاو بۆ ژیانی مرۆڤ ئەم جارە هایدرۆپۆڵیتیک گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت ، هایدرۆپۆڵیتیک بە لێکدانەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەت دێت، لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لەناو سنوری خۆیان.

تورکیا چی پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ فرۆشتنی ئاو؟
تورکیا دوای چەندین کۆبونەوەی لەگەڵ ئیسڕائیل وئەردەن و سعودیە بۆ ئەوەی ئاویان پێ بفرۆشێت لەڕێگەی ڕاکێشانی ئاو بەو وڵاتانە بەڵام بەهۆی زۆری خەرجی پڕۆژەکە شکستیهێنا.

سەبارەت بە پڕۆژەی گاپ ڕاستە سەرچاوەی ڕووبارەکانی دیجلەو فوڕات لەناو تورکیایە، بەڵام %72 ڕووباری فوڕات و %88ڕووباری دیجلە لە ناو عێراق و سوریا تێپەڕ دەبن و تەنها %28فوڕات و%12دیجلە لەناو خاکی تورکیادان، کاتێک دەبینن تورکیا دەست بە دروستکرنی دەیان بەنداو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر سەرچاوەکانی ئاو کردووە و دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ئاوی ناوچەکە بکات، ئەوە دەریدەخات کە بە بەکارهێنانی هایدرۆپۆڵیتیک دەیەوێت خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەرزبکات.

مەترسی لەسەر عێراق؟

دوای تەواوبوونی بەنداوی ئیلیسۆ کە تورکیا ئاوی دیجلەی بەڕێژەیەکی کەم گرتۆتەوە ئەویش دوای فشارەکانی حکومەتی عێراق کە پڕکردنەوەی ئەو بەنداوە خاوبکاتەوە،بەڵام لە وەرزی هاویندا لە هەندێک شوێنی ڕوباری دیجلە مرۆڤ دەتوانێت بێترس لە ڕوبارەکە بپەڕێتەوە، ئەگەر ئەم بەنداوە بەتەواوی بکەوێتە کار ئەوا 30-35%ئاوی دیجلە کەم دەکات ،بەوەش مەترسی ئەوە هەیە 890هەزار هیکتار زەوی کشتوکاڵی وشک ببن چونکە دیجلەو فوڕات 98%ئاوی عێراق پێک دەهێنن ،ئەگەر ئێرانیش بەشداربێت لەو جەنگە ئاوەی کە تورکیا دەیکات ،ئەوا لە پێنج ساڵی داهاتوودا مەترسی زۆر گەورەی ژینگەی و مرۆیی ڕوو لە عێراق دەکات.


پێش ئەوەی تورکیا دەست بەم پڕۆژەیە بکات 31,83ملیار مەتر سێجا ئاو لە فوڕاتەوە دەڕژایە خاکی عێراقەوە، هەروەها ساڵانە 20,3ملیار مەتر سێجا ئاوی دیجلە دەڕژایە خاکی عێراقەوە ،ئەگەر ئەم پڕۆژانە تەواوببن بە هەردووکیانەوە 31,694ملیار مەتر سێجا ئاو لەعێراق ئەگیرێتەوە ،ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی 9ملیۆن دۆنم زەوی لەعێرق ببن بە بیابان .


تاوەکو ساڵی 2025ڕوباری فوڕات هەشت ئەوەندەی ئێستا ئاوەکەی کەم بکات، تاوەکو ساڵی 2040شاری بەسرە ببێتە بیابانی خوێ، لە ئێستادا ئاوی عێراق ڕێژەی خوێی تێیدا زۆر بووە خۆڵبارین زیادی کردووە، شاری بەسرە لەئێستادا حاڵی زۆر خراپە بەدەست کەم ئاوی وبەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ.

لەڕووی دینەوە
ئەوەی جێگەی باسە زۆرێک لە شارەزایانی دینی وشکبوونی ئاوی فوڕات دەبەستنەوە بەیەکێ لە نیشانە گەورەکانی کۆتایهاتنی دونیا باس لەوە دەکەن بەوشکبوونی ئەم ڕووبارە شاخێک لە زێڕ لە ڕێڕەوی ئەم ڕووبارە دەردەکەوێت و ئاژاوەیەکی زۆر لەسەر ئەم زێڕە پەیدادەبێت.
ئەم پڕۆژەیە لەڕووی دینەوەو لەڕووی سیاسییه‌وه‌ لەهەموو بوارێکدا بەگشتی بووەتە جێگای ترس و تۆقین و وێرانبوونی بەشێکی زۆری ناوچەکانی میزۆپۆتامیا.