كوردستان لەسەردەمی حوكمڕانی ئامۆزاكاندا

كوردستان لەسەردەمی حوكمڕانی ئامۆزاكاندا

985 خوێندراوەتەوە

بە هەڵبژاردنی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی پَیی نایە قۆناغی فەرمانڕەوایی ئامۆزاكانەوە.لەكاتێكدا لەسەرەتای 2019 پارتی دیموكراتی كوردستانیش پۆستی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی لە نێوان دوو ئامۆزاكەی بنەماڵەی بارزانی دابەشكرد.

دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان،لە زۆر ڕوەوە درێژكراوەی دەسەڵاتی میرنشینە كوردییەكانی سەدەی 18 و 19 یە و لەڕوی مێنتاڵیتییەوە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە،تەنها جلەكانی بەریان گۆڕدراوە.

پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی و خێڵەكی گونجاوە بۆ حكومڕانی لەسەدەی بیستویەكدا؟

بەپێیی فاكتە مێژوییەكان یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی لاوازبون لەناوچونی میرنشینە كوردییەكان كێشەی دەسەڵات و دابەشكردنی دەسەڵات بووە لە نێوان بەرەبابەكانی بنەماڵەی میردا و زۆرجار لە نێوان كوڕو باوك یان براو برا یان براو ئامۆزاكان ململانێی گەروە لەسەر دەسەڵات فەرمانڕەوایی دروستبوە و سەرەنجام بە لەتبون و وەستانەوە دژی یەككتری و روخاندنی فەرمانڕوایەتیەكە كۆتایی هاتووە.

كاتێك سەیری باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەكرێت بە تەنیشتی یەكەوە دەبێت ئەوە بزانرێت كە دۆستایەتی و خۆشەویستی ئەوانی كۆنەكردۆتەوە.بەڵكو ملنەدان بۆ یەكتری و رازی نەبونی هیچ كامیان بە براگەورەیی ئەوی دیكە كۆی كردونەتەوە.واتە خاڵی بەیەك گەیشتنیان رازی نەبونە بە یەكتر نەك خۆشەویستی یەكتر.هەربۆیە قۆناغی داهاتویان دوای دورخستنەوەی ركابەرەكانی دیكە بریتی دەبێت لە ململانێی یەكتر و باڵادەستی یەكێكیان بەسەر ئەوی دیكەدا.

 

ئەگەر سەیری ئەزمونی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بكەین لە بنەماڵەی بارزانیدا دەبینین زۆر زوتر لەوادەی پێشبینی كراو ململانێی نێوان دوو ئامۆزاكە تاوی سەند،وادایارە مەسرور بارزانی زۆری پەلە بێت بۆ پەڕوباڵكردنی ئامۆزاكەی و هەر شتێك كە بۆنی ئەوەی لێبێت لە حكومەت و دامودەزگاكاندا.

دواین نمونەش لەرەگوریشە دەرهێنانی یەكێك لە نزیكترین كەسەكانی خۆی بوو لەسەر ئەوەی گومانی لە پەیوەندی و خۆشەویستی هەبوو بۆ نێچیرڤان بارزانی.

لەراستیدا لابردنی نەزهەت حالی دۆڵەمەڕی ترۆپكی ناكۆكیەكانی نێوان دوو ئامۆزاكەی لەناو بنەماڵەی بارزانی نیشاندا.

 

حوكمڕانی ئامۆزاكان لە هەرێمی كوردستاندا بەهەموو پێوەرێك سەردەمی پاشەكشەكردنی كوردستان دەبێت لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە.

دەسەڵاتی ئامۆزاكان و حوكمڕانی خێڵەكی ناكۆكە لەگەڵ دیموكراسی و حوكمی رەشید و دەوڵەتی دامەزراوەیی.هەروەها لەڕوی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و هەڵبژاردن و ئازادی رادەربڕینەوە پێشبینی كوردستانێكی دیموكراسی پارێزەری مافەكانی مرۆڤ ناكرێت.

لەهەموشی مەترسیدارتر ئەوەیە لەسەردەمی ئەم نەوە نوێیەی حیزبە حوكمڕانەكاندا ئاشتی و سەقامگیریی و كوردستانێكی بەهێز لە مەترسیدایە.

سەركردایەتی شاخی یەكێتی و پارتی دوای 20 ساڵ شەڕ و ململانێی یەكتری تێگەیشتن كە ناتوانن یەكتری بسڕنەوە و ناشتوانن بەبێ‌ یەكتری خێروبێری ئەم وڵاتە بخۆن،ناچاربون رێكەوتن و گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەیەكەوە دەتوانن بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن.

ئێستا لەسەردەمی حوكمڕانی ئامۆزاكاندا لەهەردولا نەوەیەكی كەم ئەزمون و توند و پڕ لە تموحی سیاسی و ئابوری هاتونەتە پێشەوە، لەوانەیە پێویستیان بە 20 ساڵی دیكەی شەڕ و ململانێی یەكتری بێت تاوەكو تێدەگەن بەبێ‌ یەكتری ناتوانن داهاتی ئەم وڵاتە بخۆن.

هەرێمی كوردستان لەسەردەمی حوكمڕانی ئامۆزاكاندا پاڵیوراوە بۆ ململانێی توندی ناوخۆیی و دروستبونەوەی گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم و تەنانەت دروستبونی مەترسیش لەسەر ئەزمونی كوردستان.

 

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری