" شۆڕش حاجی" وەك قسەکەر یان سیاسیی؟

" شۆڕش حاجی" وەك قسەکەر یان سیاسیی؟

584 خوێندراوەتەوە

ساڵێك زیاتر لەمەوبەر کاك شۆڕش حاجی پەیوەندیی پێوەکردم؛ حەزدەکەم سەرێکم لێبدەیت، پێکەوە هەندێ قسە بکەین، دڵنیام ئەم بزووتنەوەیە لە ئاست پێداویستیی ئەم قۆناغەدا نیە، بەڵام مەرج نیە «دوورکەوتنەوە» دەرمانی هیچ دەردێك بکات، تۆ وەرە لێرە درێژەی ئەم گفتوگۆیە ئەکەین.

ڕۆژی ٢٢/١/٢٠١٩ بەدەم داواکارییەکەیەوە چووم، بەو پێیەی کە سەرەتای #ڕێککەوتنی_پارتیی_و_گۆڕان بوو، لۆدێکی زۆری سیڤی ناردن لەسەر گردەکە هەبوو، کۆمەڵێك کارەکتەری هەلپەرست(تەنانەت لەوانەش کە لەسەر ناڕازییەکانی گۆڕان هەژمار ئەکران، بەگەرمی هاتوچۆی ئەوێیان ئەکرد و ئەم ژوور و ئەو ژووریان بوو!) بۆ من پڕ ئازار بوو لەو تەوقیتەدا سەردان بکەم، بەڵام پێم نا بەجەرگی خۆمدا و لە نیوەڕۆیەکی تاڕادەیەك چۆڵدا خۆم کرد بە ژوورەکەی کاك شۆڕشدا.

زۆر ڕێزی گرتم و زۆرترین کاتی پێدام، بۆ ئەمە سوپاسی ئەکەم، ئەوە یەکەمجار نەبوو گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، هەموو جار پێکەوە ڕاشکاو بووین.

لەسەر دۆخی ڕێکخراوەیی گۆڕان و پڕۆسەی سیاسیی لەکوردستان و گرفتەکانی بەردەم گۆڕانکاریی قسەی کرد، زۆبەی قسەکانی پاڵپشت بەلۆژیك و مەعقول بوون، بەڵام بە گشتیی لۆبیی بوون بۆ «مانەوە» لەناو بزووتنەوەکەدا و ڕەواییدان بوون بە مانەوە نەك جێهێشتنی حیزبەکە.

بۆ ئەم مەبەستە سەرنجێکی وت:(کاری سیاسیی پشوودرێژیی پێویستە، هەڵبژاردنی تەوقیت گرنگە، خۆ ئەگەر دەرفەت نەبوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانت نابێت هیوا لەدەست بدەیت، مام جەلال کە کراوە بە ڕابەری قوتابخانەی «جەلالیی» و تاسەر ئێسقان دژی مەلا مستەفا و «مەلایی» ململانێی کرد، بەڵام خودی خۆی«مەلایی»ـیەکی موخلیس بوو، لەبەرامبەردا نەوشیروان مستەفا«جەلالیی»ـیەکی سەرسەخت بوو، ئەمە بۆیە ئەڵێم؛ مەرج نیە کە من لێرەم کەواتە ڕازییم بە هەموو شتێك، لێرەم و بەرەنگاریی ئەکەم) زیاتر دوا و گلەیی لەم بارودۆخە کرد کە گۆڕانخوازانی تێدایە:(ئەوانەی کە ئەیانەوێت کوردستان خراپ بکەن با زۆریش نەبن، بەڵام هاوڕان و یەکگرتوون، ئەمە بۆ گۆڕانیش ڕاستە، بە داخەوە دڵسۆزان و ئەوانەی دژی گەندەڵین پەرتەوازە و ناتەبان...تد) پاشان گوێی لە من گرت

سەرەتا پێمووت: ئەگەر ڕاشکاو و ڕاستگۆیانە لەگەڵت بدوێم، لەلام قورس بوو ئەم دیدارە و لەم گردەدا، چونکە هەست ئەکەم ئیتر ئێمەومانان نامۆین لەم شوێنەدا، فیعلەن بە دزەشارکێ خۆم گەیاندە لات، بۆ ساتێك حەزم ئەکرد وەك بوونەوەرێکی ئەفسووناوی لەچاوی هەموواندا ون بم و کەس نەزانێت کە هاتووم بۆ ئێرە!

وتی: بۆچی تا ئەو ڕادەیە؟! وتم: (فڵان) کە ئەیناسیت(یەکێك لە بۆدی گاردەکانی گردەکەم مەبەست بوو)، دوێنێ شەو لە فەیسبووك پۆستێکی هەڕەشەئامێزی نووسیوە، بەکورتیی و بە زمانی ناڕەوانی خۆی ئەڵێ: (ماوەیەکە هەست ئەکەم کە کۆمەڵێك دەموچاوی ناڕازیی سەردانی گردەکە ئەکەنەوە، کاتی چنینەوەی ئیمتیازاتە و ڕوونە ئەوانە بۆچی دێن، نەیخۆن تاڵە!مەگەر ئێمە بمرین بهێڵین ئەوانە پۆست وەرگرن!)

پاشان وتم: تۆ وتەبێژی ئەم بزووتنەوەیەیت، حەتمەن هەندێ جار بۆ گۆڕینەوەی بۆچوون و ڕا و دنیابینیتان، کەسانی نەیار بەم حیزبە دێنە ئێرە و پێکەوە گفتوگۆ ئەکەن، مەعقولە ئەمە ئاسایی بێت بەڵام هاتوچۆکردنی هەڵسوڕاو یان بەرپرس و لە هەندێ باردا سەرکردەیەکی گۆڕان خۆی(جا با زۆر ناڕازییش بێت) بەو لۆژیکەی ئەو برادەرە لێك بدرێتەوە؟!

کۆسە کۆسەیەك دروست بکرێت کە گۆڕەپانەکە یەکلابێت بۆ خۆیان و گۆڕانخوازە ڕاستەقینەکان تەنێکی نامۆبن بەسەر جەستەیەکی نامۆوە؟! دیارە بەڕێزی زۆر ناڕازیی بوو بەو زمانە نالایەقەی ئەو فەیسبووکەوانە، بەتوندی وتی: جا ئەو چ کارەیە؟!

وتم: کاك شۆڕش ئەو برادەرە یەکێکە لە بەردەستەکانی چیا و لەخۆیەوە ئەم «فەرمایشتە»ی نەنووسیوە، با ڕووڕاست بین؛ من و تۆ چ کارەین؟! ئەمە ئەو دەردە بێدەرمانەیە کە تۆ ناتەوێت هەستی پێبکەیت، ئێوە ناوتان لێنراوە «خانەی ڕاپەڕاندن » و لەڕووکاردا دەستەبژێری سەرکردایەتی بزووتنەوەکەن، بەڵام بڕیاردەر و خاوەنی حەقیقی کەسانیترن، ئاریشەی«تەوریسی سیاسیی» گرفتێکی بونیادییە و سەری هەموو کێشەکانە، کۆمەڵە مرۆڤێکی قەزەم بنەماڵەیەکیتریان بۆ کورد ڕاست کردەوە و بە مانەوەتان لەم جێگایەدا بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغەتان بەرئەکەوێت.

ئەو کە دیاربوو کەیفی بەوە نەئەهات لەو پۆلێنەدا ناوی بهێنرت

،،

دیسانیش وتی: من باوکم پیاوی مەلا مستەفا و مام جەلال بووە، خۆیشم پیاوی مام جەلال و کاك نەوشیروان، بەڕاستیی بە هیچ جۆرێك نامەوێت کوڕ و نەوەکانم پیاوی نێچیر و مەسرور و بافڵ و نما و چیا بن!

گفتوگۆکەی ئێمە درێژەی هەبوو، ڕاشکاوانە زۆر قسەمان کرد کە ئەکرێت مەحرەمانە بەشێکیان بمێننەوە، بەڵام بۆ مێژوو پرسیارێك کە لەوم کرد، ئەشێت لە ئەو و زۆرێك لە برادەرەکانی ئەویشی بکەین؛ بەڕێزی وەك سیاسییەکی موخەزرەم لە سەرەتای هەشتاکاندا بڕوانامەی لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە، خەباتی پێشمەرگایەتی هەیە، ڕەگەزنامەی عەریقترین وڵاتی هەیە، دەستپێشخەریی دروستکردنی مینبەری جیاواز(ڕەوتی گۆڕینی دیموکراتیی_ڕەگ)ـی لەناو یەکێتیی هەبووە، ئەندامی گەڕان و جیاکردنەوەی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق بووە لە ئەمریکا، ماستەر و دکتۆرای وەرگرتووە و هەلی بۆ ڕەخساوە کە مامۆستای زانکۆ بێت، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە و خانەنشینییەکی زۆری هەیە، لەناو گۆڕاندا لە بازنەی لوتکەی دەسەڵاتدا بووە، وتاربێژێکی بە توانایە، نووسەرە و توانای توێژینەوەی هەیە...تد.

پێم ناڵێن؛ بۆچی ئەبێت تا لە پۆست و پێگەی گرنگدان ئەم سەرمایە ڕەمزیی و پڕ بەهایانە ناخەنەگەڕ و سنوورێك بۆ ملهورِیی مناڵ و شازادە جێنشینەکان دانانێن؟! شۆڕش حاجی وتارێکی درەنگ وەختی نووسیوە؛ گەر گۆڕانکارییتان پێناکرێت گۆڕەپانەکە چۆڵکەن.

،،

نووسینەکە دەرخستەیەکی باشە بۆ حاڵی ئێستای گۆڕان، بەجۆرێك لە جۆرەکان«إرحل»ـی لە سەرانی ئێستای گۆڕان کردووە، بە مەرجێك ئەگەر ناتوانن گۆڕانکاریی بکەن!

هەڵبەت بۆ خۆی بەقووڵیی ئەو وەڵامەی لایە کە هیچ موقەوەماتێکی گۆڕانکاریی لەو هێزەدا نەماوە بزووتنەوەیەك سەراپای ئەوانەی تیایدا ماونەتەوە هیچ پاساوێکی بابەتییان نەماوە جگە لەبەرگرییکردن لە دەستکەوتە کەسییەکانیان، یان چاوەڕێی پشکی خۆیانن لە غەنیمەتەکە، بۆچی ئەبێت تازە بێین و بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بگەڕێین؟!

ئێستا بەم نووسینە تەنیا ئەیەوێت بڵێت «منیش قسەی خۆمم کرد» یان بە پێچەوانەوە ئامادەیە شان بداتە بەر بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە؟! قۆناغێك کە سیاسیی خۆنەویست و ئەکتیڤیستی ئەوێت نەك تەنیا قسەکەر!