هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران

به‌شداری كه‌م و پێشبینی بردنه‌وه‌ی پارێزگاران

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران

324 خوێندراوەتەوە


هاوڵاتیانی ئێران ڕۆژی هه‌ینی بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان ده‌نگیاندا،به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كاندیدانی ڕیفرۆمخواز و میانڕه‌وه‌كان، پێشبینی ده‌كرێت پارێزگاران سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.

بنكه‌كانی ده‌نگدان كاتژمێر (8:30) خوله‌كی شه‌و به‌ كاتی ناوخۆیی به‌ ڕووی ده‌نگده‌راندا داخران، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێنج جار ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بۆ به‌شداری زیاتری هاوڵاتیان كاتی ده‌نگدانیان درێژ كرده‌وه‌، ئه‌و ده‌نگدانه‌ی كه‌ ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ (جیهادی گشتی) ناوزه‌ندی كرد.

ئه‌نجامی كۆتایی:
ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی فارس كه‌ له‌ پارێزگارانه‌وه‌ نزیكه‌ ئاشكرای كرد، كه‌ ڕێژه‌ی به‌شداری تا كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا گه‌یشتۆته‌ (40%)، واته‌ تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ پێویست بوو بنكه‌كانی ده‌نگدان دابخرێت.

،،

به‌ڵام ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن ڕێژه‌ی به‌شداری له‌ (25%) تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ درێژایی مێژووی ئێران كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌شدارییه‌.


پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی هه‌ینی به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێشبینی كرد، كه‌ نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س له‌ كۆی 58 ملیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی 290 نوێنه‌ر، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامی كۆتایی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پێشبینیه‌وه‌ بوو.


پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند،به‌ درێژایی چل ساڵی ڕابردوو له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراندا، ڕێژه‌ی به‌شداری له‌ 50% كه‌متر نه‌بووه‌.


له‌ باشووری تاران تا ڕاده‌یه‌ك هاوڵاتیان ڕوویان له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان كرد، بۆیه‌ كاندیدانی پارێزگاران له‌و به‌شه‌ چانسی زیاتری سه‌ركه‌وتنیان ده‌بێت، به‌ڵام له‌ باكوری تاران كه‌ حه‌سه‌ن ڕوحانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2013 و 2017 ده‌نگێكی باشی لێهێناوه‌، هاوڵاتیان به‌شدارییه‌كی كه‌میان هه‌بوو.

كۆرۆنا... و به‌شداری له‌ ده‌نگدان
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئاشكرایان كرد، كه‌ دوو كه‌سی دیكه‌ به‌هۆی توشبوونیان به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌مه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ چوار كه‌س به‌رزبوه‌وه‌.

،،

به‌ڵام ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی (ئیرنا) دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر به‌شداری حه‌ماسیانه‌ی خه‌ڵكی له‌شاری قومدا نه‌بووه‌.


له‌ دوای شۆڕشی 1979 ئه‌مه‌ یانزه‌مین جاره‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته‌ بۆ په‌رله‌مان ئه‌نجامده‌درێت، كه‌ 290 كاندید ده‌بنه‌ نوێنه‌ری شاره‌كانی ئێران، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژییه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكرانی و كوشتنی فه‌مانده‌ی فه‌یله‌قی قودس.
به‌شێك له‌ هاولاتیانی شاری تاران به‌ فرانس پرێسنیان ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ نایانه‌وێت به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن.
ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ڕۆژی هه‌ینی سروشتی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران دیاری ده‌كات، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن ڕوحانی بتوانێت چه‌ندین مانۆڕ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ ئه‌نجام بدات.


پارێزگاره‌ توندڕه‌وه‌كان هه‌موو دانوستانێك له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، داواش ده‌كه‌ن وڵاته‌كه‌یان به‌ ته‌واوی ده‌ستبه‌رداری ڕێكه‌وتنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ بێت، كه‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2018دا له‌و رێكه‌وتنه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران پێی وایه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ كه‌ له‌ساڵی 2015دا ئیمزا كراوه‌، هیوایه‌كه‌ بۆ ئێران كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بچێته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر.

سزای نوێ:
عه‌لی ره‌زا هاشمی كه‌ كارمه‌ندی یه‌كێك له‌ نوسینگه‌كانی كڕین و فرۆشتنی خانوبه‌ره‌یه‌ بۆ فرانس پرێسی وتویه‌تی:" دوای ئه‌وه‌ی ڕوحانیمان هه‌ڵبژارد هه‌موو شتێك داڕما، ڕێكه‌وتنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ خراپ بوو، له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا دانوستانیان كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گه‌ره‌نتیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ به‌ده‌ست بهێنن".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ی كاری دارایی(غافی) ڕۆژی هه‌ینی ئاشكرای كرد، كه‌ هه‌موو ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێرانداسه‌پێنراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ تاران هیچ ڕێكارێكی بۆ ڕێگری كردن له‌ سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ و پاره‌داركردنی تیرۆرستان نه‌گرتۆته‌ به‌ر.


له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م ڕه‌خنه‌ و كێشانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئێران بۆته‌وه‌، گروپی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌سه‌ن ڕوحانی داوایان له‌ هاوڵاتیان كرد، كه‌ به‌ گه‌رمی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن، گه‌رچی له‌ كاره‌كانی حكومه‌تیش رازی نه‌بن، سه‌رۆك كۆماریش له‌ كاتی ده‌نگدانیدا وتی:" ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ لێواری خۆشبه‌ختیداین، چونكه‌ ڕۆژێكی گه‌وره‌مان خسته‌ سه‌ر مێژووی وڵاته‌كه‌مان".