ئارام قادر بۆ دیبلۆماتیک: هاوپەیمانی نیشتیمانی حیزب نییە

ئارام قادر بۆ دیبلۆماتیک: هاوپەیمانی نیشتیمانی حیزب نییە

728 خوێندراوەتەوە

گفتوگۆ: گۆران عوسمان

لەم دیدارەدا لەگەڵ " دیبلۆماتیك مەگەزین" ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی، دەربارەی دۆخ‌و سیستم‌و ژیانی حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان‌و ئاماژە بەوە دەكات كە حیزبەكانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەیان كەرت‌و پەرت كردووەو دەیانەوێت هەموو كۆمەڵگە بكەنە حیزبی.

،،

سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئاماژەش بەوە دەكات كە ئەوان بە مانا كلاسیكییەكەی حیزب نین‌و بەڵكو پرۆژەیەكن كە هەڵگری دیدگای نیشتیمانییە.



دیبلۆماتیك مەگەزین: هۆكار چییە، لە هەرێمی كوردستاندا سیستمی حزبایەتی، ئیسلامیی، عەلمانی، ڕاست و چەپ، تاڕادەیەكی زۆر یەك شكڵ و فۆڕمن؟
ئارام قادر: بەداخەوە سیستمی حزبایەتی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا، زیاتر وەرگیراوە لە سیستمی حزبە چەپەكان، كە لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا، هەتا ئێستاش ئەو سیستمە بەردەوامە، ئەوەش سستمێكی حزبی داخراو جێگیر پیادە ئەكرێت، زیاتر بۆ حزبە نهێنیی و ژێر زەمینییەكان و ئایدۆلۆژییەكان داڕێژراوە، ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، گەر گۆڕانكاری لە یاسای حزبە سیاسییەكان بكرێت، گۆڕانكاری لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئیدارەی حزب، ڕەنگ دەداتەوە لە ئیدارەی حكومەت و كاروباری وڵاتدا، بۆیە لە زۆرێك لە وڵاتەكان ئێستا سیستمی حزبی سنوردار پیادە ئەكرێت، واتە ژمارەی ئەندامەكانیشی سنوردارە، ژمارەی بارەگاش سنوردارە، بەو واتایەی كە حزب یەكێكە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پێویستە كۆمەڵگا بەرەو مەدەنی بوون بەرێت، بەڵام حزبە سیاسییەكان لە عێراق و هەرێم دەیانەوێت هەموو كۆمەڵگا راپێچی حزبەكەی خۆیان بكەن، لەجیاتی بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگا، كۆمەڵگا بەرەو حزبی بوون دەبەن، جگە لەوەی تێڕوانیانوایە كە هەموو كۆمەڵگا بەرەو حزبەكەی خۆی رابكێشێت، تەنانەت لە بواری كاری رێكخستنەكانیشیاندا، رەنگە بڵێت ئێستا خۆ ئێوەش حزبتان راگەیاندوەوە، بەڵام ئێمە لە هاوپەیمانی ئەوە پیادەناكەین، ئێمە رێكخستنمان نییە، پەیكەرێكی زۆر سادەمان هەیە، كاروباری ئیداری حزب بە رۆتینیات ناڕوات بەڕێوە، بیر لەوە ناكەینەوە كە هەموو خەڵكی لەناو هاوپەیمانیدا كۆبكەینەوە، بیر لەوەش ناكەینەوە كە هەر هەمووی كۆپیكراوی یەكدی بن، بە پێچەوانەوە، هاوپەیمانی قەوارەیەكی بێ فەلسەفەیە، بێ ئایدۆلۆجیایە، ئەو بابەتانەی هەمووی تێپەڕاندووە، نیشتمان، مرۆڤ سەنتەریمانكردووە بە دروشمی خۆمان، تا خەڵكی لەسایەیدا كۆبێتەوە.


دیبلۆماتیك مەگەزین: تا ئێستا نەحكومەت و نە لایەنە سیاسییەكان لە هەرێم نەیانتوانیوە دەستورێكی گشتگیری هەمەلایەنە بنووسنەوە، وا هەستناكەی كە لە بەرژەوەندییان نییە، چونكە پابەندی هەندێك یاسایان دەكات دژ بەخۆیان؟
ئارام قادر: یەكێك لە بۆشاییە هەرە گەورەكانی هەرێمی كوردستان نەبوونی دەستوورە، لەكاتێكدا ئێمە باس لە دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەكەین، یەكێك لە سیماكانی دەوڵەتی فیدڕاڵ ئەوەیە كە هەموو هەرێمەكان دەستووری خۆی هەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا دەستورمان نییە كە ئەوەش ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێم و پەرلەمان و هاوڵاتیانی كوردستانە كە ئەبێت خاوەنی دەستوور بن، بەڵام تا ئێستا ئێمە ئەم بۆشاییەمان هەیە، پێویستە لە زووترین كاتدا هەم حكومەت هەم پەرلەمان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە زووترین كاتدا ئەم خواستە بهێننە دی كە خاوەنی دەستورێك بین،ئەگەر دەستور هەبێت ئەبێت هەموو یاساكان لە چوارچێوەی ئەو دەستورەدا بێت، دادگاكان ملكەچی ئەو دەستوورە بێت، حكومەت ملكەچی ئەو دەستورەبێ، بۆیە پابەندبوون دروست دەكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر دەستوور نەبێت پابەندبوونیش نابێت، لە رووی كاروباری یاساییەوە، بۆیە لەبەرژەوەندیی هەندێك لە حزبەكان نییە، دەستوورپرسێكی نیشتمانییە، لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە بە گشتی .


دیبلۆماتیك مەگەزین: یاسایی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە بەراورد لەگەڵ هەرێم چۆنە، بۆچوونت چییە لەو بارەیەوە؟
ئارام قادر: من پێم باشە، یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بكرێتە هەمان یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق كە تازە هەمواركراوەتەوە، كە لەسەر بنەمای تاكە كەسییە، چونكە زیاتر ئازادی بە تاك دەبەخشێ‌، دەنگ نافەوتێ‌، هەموو خەڵك نوێنەری خۆی دەناسێ، بەڵام بەمانای ئەوەنییە سلبیاتی نییە، هەموو یاسایەك باشە و خراپەی خۆی هەیە، بەڵام ئەو یاسایە بۆ ئێستای عێراق و كوردستان بە یاسایەكی گونجاو باش دەزانم.


دیبلۆماتیك مەگەزین: بیرۆكەیەكی نیشتمانیت گەڵاڵەكرد، چەندین وڵات گەڕایت، ئەو گرێبەستە سیاسیی و ئەخلاقییە چیی بوو لە نێوان ئێوە و (د. بەرهەم)دا، وا ئەو پڕۆژەیەت خستەبەردەستی؟
ئارام قادر: ئێمە پڕۆژەمان تەسلیمی ئەو نەكردووە، بەردەوامین لەسەر پڕۆژەكە، دكتۆر بەرهەم سەرۆكی ئەو قەوارەیە بووە و رۆشتووە، بەڵام ئێمە بەردەوامین، كە ئەو گەڕایەوە نێو یەكێتی نیشتمانی ئەو خەڵكە مایەوە، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەی ئەو نەبووە، پڕۆژەكە هی ئەو خەڵكەیە كە لە دەوری كۆبۆتەوە، بۆیە ئێمە گرێبەستەكەمان بریتییە لە بەردەوامی لەسەر ئەو پرۆژە نیشتمانییەی ڕامانگەیاند كە خەڵك لەسەر بنەمای مرۆڤ سەنتەری و نیشتمان كۆبكەینەوە، بە جیاوازی ئایدۆلۆجیا و دین و مەزهەب و نەتەوەو پاشخانی سیاسیی، چونكە ئێمە لەناو هاوپەیمانی باوەڕمان بەوەیە كە كوردستان لە ئەنجامی ناكۆكییە حزبیی و سیاسییەكان كۆمەڵگا كەرت و پەرت بووە، پێویستمان بەهێزێك هەیە ئەو خەڵكە كۆبكاتەوە، باشترین پڕۆژەش بۆ ئێستا بریتییە لە دیدگای نیشتمانی كە بە جیاوازی بیروبۆچوون و ئاراستە سیاسییەكان، ئەو خەڵكە لە دەوری نیشتمان كۆدەبنەوە، هەمووی كاربكات لەسەر ئەوەی كە چۆن ئەم نیشتمانە ئاوەدان بكەینەوە، چۆن ڕزگاری بكەین لە گەندەڵێ‌ و قۆرخكاری.


دیبلۆماتیك مەگەزین: پێتوانییە پەلەتان كرد لە ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە، واتە زەمینەسازییەكی چڕوپڕتان بۆ نەخولقاندن، بۆیە بەو ئەنجامەگەشت كە دواجار بویە حزب؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی حزب نییە بەمانا كلاسیكییەكەی، چونكە هەموو حزبێك پێویستە فەلەسە و ئایدیایەكی تایبەت بەخۆی هەبێت، حزب یا نەتەوەییە یا ئایدۆلۆجییە، یان فەلسەفەیەكی دیاریكراوی هەیە، بەڵام هاوپەیمانی ئەوەی نییە، بەڵێ‌ ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ وەك قەوارەیەكی سیاسیی تۆماركراوین، بەڵام هاوپەیمانی لە هەمانكاتدا كە ئەیەوێت ململانێی سیاسیی بكات، بەڵام پڕۆژەیەكی كۆمەڵایەتی فیكری رۆشنبیرییە، چونكە ئێمە ئێستا چەند ئەمانەوێت ململانێی سیاسیی بكەین، بەڵام زۆربەی كات و زۆربەی وزەكانمان لەوەدا خەرج دەكەین كە ئەم پڕۆژەیەمان سەقامگیربێت لە پێناو پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری، چونكە لەو باوەڕەداین كە كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە بنیادنانەوی هیوا و ئومێدە، كۆمەڵگای كوردی پێویستی بە بنیادنانەوەی تاكە، پێویستی بەوەیە كە ئەم كلتوورە سیاسییانەی دروستبووە لە ئەنجامی مومارەسەی سیاسیی حزبە سیاسیەكان، پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، لەبەر ئەوە پەلەمان نەكردووە، بەڵكو كاتی خۆیەتی، چونكە هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتووە لەوڵاتان، توركیایە, مەغریب, مالیزیا ,تونس، زۆربەی زۆریان پڕۆژەی نیشتمانیان نەك دەست پێكردووە، بەڵكو چەسپاندیان و جێبەجێشیانكرد، گەشتونەتە ئامانجی خۆیان،ئایا ئەو كەسانەی كە بە ئێمە دەڵێن پەلەیان كرد، خۆیان پڕۆژەیان هەیە تا ئێمە چاوەڕێی بكەین؟ هەمیشە هەموو پڕۆژەیەك بە كەمینەیەك دەست پێدەكات، دواتر فراوان دەبێت و ئەگاتە ئامانجەكانی خۆی، مەرج نییە پڕۆژە بەلەدایكبوونی بگاتە ئامانجەكانی، بەڵكو گۆڕانكاری كۆمەڵگا، گۆڕانكاری لە تاكەكاندا پیۆیستی بەكات و پشوو درێژی هەیە، پێویستی بە هەنگاوی زۆر هەیە، چونكە زۆرێك لە حزبەكان لە عێراق و هەرێم یەكێك لە كاریگەرییەكانیان روخانی ئومێد بووە لەناو دڵ و دەرونی خەڵكدا، شكۆی مرۆڤەكانیان تێكشكاندووە، وایان لەخەڵك گەیاندووە كەئیتر بەهیچ شێوەیەك گۆڕانكاری دروست نابێتەوە، بنیادنانەوەش پێویستی بە ماندووبون و قوربانی زۆر هەیە.


دیبلۆماتیك مەگەزین: ئێوە دەڵێن شەڕی كورسی ناكەین، بەڵام لە هەڵبژاردندا بەشداری ئەكەن، لە كاتێكدا دەتانەوێ‌ لە رێگەی حزبەكەتانەوە پڕۆژەكە جێبەجێ بكەن، ئەم پڕۆژەیە كەی دەبێتە ئەمری واقع؟
ئارام قادر: نەخێر هاوپەیمانی ئامانجی گەورەی ئەوەنییە، هاوپەیمانی نیشتمانی گەورە بكات، بەڵكو ئامانجی گەورەی ئێمە ئەوەیە كە پڕۆژە نیشتمانییەكە گەورە بكەین و بەهێزی بكەین، لەگەڵ گروپ و رێكخراو سەنتەر و كەسایەتیانەی كە خەمی هەرێمی كوردستان و عێراقیانە، بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین پرۆژەیەكی نیشتمانی بنیاد بنێن.


دیبلۆماتیك مەگەزین: بۆچی حزبەكان لەكاتی ڕاگەیاندنیدا بەدەم پڕۆژەكەتانەوە نەهاتن، بەتایبەت حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان تا گەورەتربێت، چونكە ئەوان بانگەشەی چاكسازیی و پاكسازیی دەكەن، ئایا پڕۆژەكەتان لە بەرژەوەندیی حزبەكانیاندا نەبوو؟
ئارام قادر: لە بنەڕەتدا هاوپەیمانی حزب نییە، واتە ئێمە بانگەشەمان نەكردووە تا كۆمەڵێك حزب بەیەكەوە هاوپەیمانێتییەك بنیات بنێین، هاوپەیمانی نیشتمانی بریتییە لە كۆمەڵێ كەسایەتی پاشخان جیاواز، كۆمەڵێ‌ كەسایەتی كە بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەیەكەوە ئەم پڕۆژەیەمان راگەیاندوە، ئامانجەكە پێكهێنانی حزب نییە، ئامانجمان پەرەپێدانی پڕۆژەی دیدگای نیشتمانییە، بۆیە ئامانجەكە ئەوە نییە كۆمەڵێ‌ حزب كۆبینەوە و بەرەیەكی حزبی دروست بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەوڵێ‌ خۆمانماندا، رێككەوتنێكیش واژۆكرا، لە نێوان گۆڕڕان كۆمەڵ یەكگرتوو و هاوپەیمانیدا، بەڵام بەداخەوە پابەندی دروست نەبوو بۆ ئەو ڕێككەوتنە، ئێمە ئێستا لە جووڵەو كارو هەوڵداین كە چۆن چارەسەری بارودۆخەكە بكەین، بەڵام ئەوە سەلما كە بە هاوپەیمانێتی لە نێوان حزبەكان چارەسەری كێشەكانی عێراق و هەرێمیش ناكرێت.


دیبلۆماتیك مەگەزین: بە بڕوای ئێوە لەوڵاتی ئێمەدا كارێزمابوونی كەسی، لە پێش پڕۆژە و فیكر و نیشتمان بوونەوە نییە، وەك دەبینین، هەنگاوی داهاتووتان چییە؟
ئارام قادر: ئێمە ئینكاری ئەوە ناكەین و بەرپەچی ئەوەش نادەینەوە كە بڵێن كاریزمایی رۆڵی نییە، بەدڵنیاییەوە رۆڵی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام دەبێ‌ كۆمەڵگەی ئێمە پەروەردەبكرێت و ڕابهێنرێت لەسەر ئەوەی كار لەسەر پڕۆژە و دامەزراوە بكات، نەك تاك و كاریزما، چونكە یەكێك لە مەترسییەكانی تێكشكانی زۆرێك لە حزبە كوردستانییەكان كاریزما بوونە، بۆیە دەبێت ئاڕاستەی خەڵك بگۆڕین بۆ ئەوەی لەدەوری پڕۆژە و دامەزراوە كۆببێتەوە، هەنگاوی داهاتووی ئێمە ئەوەیە بەردەوامین لەسەر پڕۆژەكەی خۆمان، كە هەوڵدانە بۆ بەرفراوانكردنی پڕۆژەی نیشتمانیی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.


دیبلۆماتیك مەگەزین: چۆن بەو بڕوایە گەشتن كە حزبی ئیسلامیی سیاسیی زیادەو پێویست نییە، لەكاتێكدا حزبە عەلمانییەكان لە ئەزموونەكانیاندا سەركەوتوو نەبوون، لەبەرامبەردا حزبە ئیسلامییەكان نەتەوەیتر و دیموكراتی تر دەردەكەون؟
ئارام قادر: ئێمە تەنها باسی یەك حزبمان نەكردووە، وتومانە ئەحزابی ئایدۆلۆجی، بە ئیسلامیی و عەلمانی و نەتەوەییەكانیشەوە، ئەگەر سەری گوتاری نیشتمانیمان بكەیت، ئێمە دەڵێن هاوپەیمانی نیشتمانی هەموو بزاڤە ئایدۆلۆجییەكان بە ئیسلامیی و نەتەوەی و عەلمانییە وە تێپەڕێنین، بەو مانایە نا ئەوانە زەڕبی سفر دەكەین، یان ئەوان خەباتیان نییە، یان ڕابردویان بێ بەها بكەین، نەخێر ئێمە دەڵێن هەرێمی كوردستان قۆناغێكی نوێی و ڕاگوزەری پێویستە، كە كاری ئەحزابی سیاسیی لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی بنیاد بنرێت، واتە كەرتبوونەكانی كۆمەڵگا كۆبكرێتەوە، وەك دەبینین لە ناوەڕاست و باشووری عێراق روودەدات، كە خۆپێشاندەران كە هەموو حزبە قەومی و مەزهەبی و ئایدۆلۆجییەكانیان تێپەڕاندووە و باس لە نیشتمان دەكەن، باس لەوەدەكەن كە نیشتمان ناونیشانی هەموو لایەك بێت.


دیبلۆماتیك مەگەزین: دوای چوونە دەرەوە لە كۆمەڵ، كەخۆت یەكێك بووی لە دامەزرێنەرانی، ئێستا ئەو حزبە لە كوێی ئەو پڕەنسپانەدایە كە ساڵی 2000، كردووتنتە پاساو بۆ جیابوونەوە لە بزووتنەوەی یەكبوون؟
ئارام قادر: بەشێكی پرسیارەكە دەبێت كۆمەڵ خۆی جواب بداتەوە، بەڵام سەبارەت بەوەی كە لە 2001دا روویدا، قۆناغێك بوو، چونكە بارودۆخی بزووتنەوەی یەكبوون گەشتە ئەوڕادەیەی ناچار بووین كۆمەڵی ئیسلامیی رابگەیەنین، ئەمە كاردانەوە نەبوو بەرامبەر كەسێك یان كەسایەتییەك، یاخود گروپێك، لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئەوكاتەی بزووتنەوەی یەكبوون گەشتبویە رادەیەكە كە توانای بەڕیوەبەردنی خۆی نەمابوو.


دیبلۆماتیك مەگەزین: دەگوترێ‌ ئێوە لە كۆنگرەی پێشووی كۆمەڵدا پڕۆژەتان هەبووە، كۆنگرە تێكچووەو چەندین ئەندام بەشداریان نەكردووە، بە بۆچوونی تۆ ئێستا كۆمەڵ بۆ كۆنگرە دوادەخات؟
ئارام قادر: ئەوپرسیارە رووبەرووی كۆمەڵ خۆیان دەبێتەوە، بەڵام سەبارەت بەخۆم، من و چەند هاورێیەكم بایكۆتی كۆنگرەمان كرد، بەڵام بەردەوام پڕۆژەم هەبووە بۆ چاكسازیی سیستمی سیاسیی، پڕۆژەم هەبووە بۆ چاكسازیی حزبی ئیسلامیی، پڕۆژەی چاكسازیم هەبووە لە بواری رێكخستن‌و لەبواری ئیداریی، بەردەوام پێشكەشم كردووە، گفتوگۆم لەگەڵ هاوڕێكانمدا كردووە، بەڵام كە زانیوەمە پڕۆژەیەكەم هاوڕێكانم بەدڵیان نەبووە، كێشەم نەخولقاندووە زۆر ئاسایی بووە لەلام، چونكە دیموكراسیەت و شورا رای زۆرینەی كردۆتە پێوەر، لەگەڵ ئەوە نیم بەزۆر داخوازی و فیكرەی خۆت بسەپێنی، بەڵێ‌ هەموو پڕۆژەكانم بۆ بەرژەوەندیی كاری ئیسلامیی بووە، بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و خەڵك بووە، ئێستاش بەردەوامین، چونكە هەموو حزبێك بەردەوام پێویستی بە هەنگاوی نوێ و گۆڕانكاری نوێ‌ هەیە.


دیبلۆماتیك مەگەزین: بۆ لەناو كۆمەڵدا وەك ئۆپۆزسیۆنێكی درێژخایەن نەمایتەوە، وەك دەگوترێ‌ ئێوە هاوسەنگی هێزتان ڕاگرتبوو، وەك مەرجەعێك نەهزەكان لەتۆیان دەڕوانی، دژ بە تاكڕەوی؟
ئارام قادر: نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بۆچی هاتمە دەرەوە، چی بووە و چی نەبووە، چونكە ئەوە بووەتە رابردوو، ئەوەی من زۆرتر جەختی لەسەر دەكەمەوە داهاتووە، دەمەوێت بۆ داهاتوو بڕوانم كە چۆن هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە قوڵە سیاسیی و ئابووری و گەندەڵییەی هەیە چارەسەری بكەین و رزگاری ببێت، ناگەڕێمەوە بۆ ناكۆكییە فیكری و رۆشنبیرییەكان، ئەوە بابەتێكە تێپەڕیوە، نەك تەنها لای من، ئاڕاستەیەكی گشتی هەیە، پێویستە ئەحزابی سیاسیی ئیسلامیی كاروباری بانگەواز و پەروەردە لە چوار چێوەی رێكخراوە ناحكومییەكاندا كاری خۆیان بكەن، كاوباری سیاسیی لە چوار چێوی حزبدا بمێنێتەوە.


دیبلۆماتیك مەگەزین: دوای هەڵبژاردنەكانی هەرێم، گرژی دروست بوو، بۆچی هەندێ‌ حزب چوون بۆ گردەكە، ئەو شەوە بەگشتی چی روویدا؟
ئارام قادر: لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی و گۆرڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، دەرئەنجامەكانیمان پەسەند نەكرد، چونكە زانیمان ساختەكارییەكی زۆر زۆر كراوە، ساختەكاریەكانیش بەرامبەر بەم هێزانە كرابوو، بۆ ئەوە چووین كە دەنگمان یەكخەین، هەنگاوەكانمان یەكخەین، تا ئەو دەرئەنجامانە نەسەپێنرێت، تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتووبووین، لەوەی كە توانیمان دیكۆمێنتی زۆر كۆبكەینەوە، گەیاندمانە لای زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەفارەتی ئەمریكا و بەریتانیا و زۆرێك لە وڵاتەكانی دیكە، ئەمەش وایكرد بوو بە فشارێك كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیان وەلانا، ئیقالەیان پێكردن، لەپەرلەمان بوو بە بڕیار.