حكومەتەكەی عەلاوی  لە نێوان پشتگیری و هەڕەشەى لایەنەكاندا

حكومەتەكەی عەلاوی لە نێوان پشتگیری و هەڕەشەى لایەنەكاندا

672 خوێندراوەتەوە

بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی لە ماوەی دەستوردیدا ، محمد تۆفیق عەلاوی تەنها سێ ڕۆژ مۆڵەتی دەستوری ماوە، بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا كابینەكەی پێكبهێنێت، هەرچەندە وا بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەدا بە كابینەكەی كۆببێتەوە، بەلام هێشتا لەمپەرەكانی بەردەمی ماون و نەیتوانیوە ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەكان وەربگرێت.

لەگەڵ شەڕی كاتدا، محمد تۆفیق عەلاوی ڕووبەڕووی بایكۆتێكی توندی چوار لایەنی سیاسی دەبێتەوە، كە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانین و دژی شێوازی پێكهێنانی حكومەتەكەین.

پەرلەمانی عیراق لە ئێستادا خۆی لە دابەشبوونێكی سیاسی و تائیفیدا دەبینێتەوە، ماڵی شیعەكان لە چەند فراكسیۆنێك پێكدێن،كە گرنگترینیان هاوپەیمانی سائرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چەند فراكسیۆنێكی دیكەن، هەروەها لایەنە سونیەكانیش خۆی لە هاوپەیمانێتی (هێزە عیراقیەكان) و (میحوەری نیشتمانی) دەبینێتەوە، كە مانگی ئایاری ڕابردوو لەیەك هەڵوەشان، لایەنە كوردیەكانیش لە سەرجەم پارتە سیاسیەكانی كوردستان پێكدێن، كەبوونەتە خاوەنی كورسی پەرلەمانی، ئەمە جگە لەوەی لە نێوان ئەم هەموو دابەشبوونەدا لە ناو خودی سێ لایەنە سەرەكیەكەدا (شیعە، سونە، كورد) دابەش بوون هەیە و هاوڕای یەكتری نین.

دابەش بوونی فراكسیۆنەكان و بوونی مەرجەكانیان وایكردووە، كە بۆ سێ جار دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانە دان بە حكومەتەكەی عەلاوی دوابخرێت، چونكە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بریار بوو كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخرا، جارێكی دیكەش بۆ ڕۆژی پێنج شەممە دواخرایەوە، هیچیش ڕوون نیە، كە ئەم جارەش كۆبوونەوەكە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

،،

وەزیرەكانی كابینەكەی عەلاوی سەربەخۆن،بەڵام؟! ئەوەی محمد تۆفیق عەلاوی پڕو پاگەندەی بۆ دەكات كە حكومەتێكی سەربەخۆ و تەكنۆكرات دەبێت، دوورە لە ڕاستیەوە

چونكە حكومەتەكە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی پێكدەهێنرێت و سێ لایەنە سەرەكیە بە قەبارەی خۆیان پشكیان، ئەمە جگە لەوەی پارتە سیاسیەكانیش فشار دەكەن بۆ ئەوەی كاندیدەكان بە ویستی ئەوان دابنرێن و لە پارتەكەی خۆیان بن.

هەرچی پەیوەست بە موقتەدا سەدریشە كە زوو زوو هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكات، ئەوە چاودێرانی سیاسی عیراق پێیان وایە كە موقتەدا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ەوە توشی جۆرێك لە (خۆبایی و بە باوك زانین) دەزانێت، بۆیە بە مەبەستی بەرژەوەندی خۆی شەقام بەكاردەهێنێت و ناتوانێت بۆ حكومەتێكی تەكنۆكرات خۆپیشاندان بكات، پێشتریش بۆ ماوەیەكی زۆر پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی عیراق دەكرد، بەڵام كاتێك هەستی كرد بەرژەوەندییەكانی دەكەوێتە مەترسیەوە، پشتی لە خۆپیشاندەران كرد، بۆیە هەڵوێستە سیاسیەكانی ئەوە دەردەخات، كە ئەو بۆ بەرژەوەندی خۆی كار دەكات، نەك بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی عیراق.

هەرچی پەیوەست بە یەكگرتوویی هاوپەیمانێتی فەتحیشە،ئەوا لە ناوەڕۆكدا وەك ئەوە نیە كە دەبینرێت، چونكە ئەو هاوپەیمانێتیە، چەندین كێشە و ناكۆكی گەورەی لە نێوان هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە و قەیس خەزعەلی پیاوی دووەمی هاوپەیمانێتیەكە هەیە، چونكە عامری پشتگیری لە حكومەتی عەلاوی دەكات، بەڵام قەیس خەزعەلی ویستی بەلای سەدردایە، هەرچەندە لەگەڵ سەدریش چەندین كێشەی هەیە و ناتوانن تا سەر پێكەوە كار بكەن، بۆیە ئەم كێشانە كار لە متمانەدان بە حكومەت دەكەن و لەوەشە ببنە لەمپەر بۆ متمانەدان بە حكومەت و ئەگەری تەواو نەكردنی ڕێژەی یاسایی (نیصاب)ش یەكێك دەبێتە لە ئەگەرە بەهێزەكان.

ئەمریكا دێتە سەر خەت:

لایەنی سونە و كورد تاكو ئێستا هاوڕای شێوازی پێكهێنانی حكومەت نین، لایەنە كوردییەكان بەبێ ڕێكەوتنێكی ئەوتۆ گەڕانەوە هەرێم، سونەكانیش كە محمد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان نوێنەرایەتیان دەكات، بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ئەم شێوازە دەربریوە، تەنانەت بۆ دیاری كردنی وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمان (حەسەن كەعبی) جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان وادەكەی ڕادەگەیەنێت، بەڵام لەم نێوەندەدا ئەمریكا هەر لەسەرەتاوە بۆچوونی ڕوون بووە.

ئەحمەد حمادی چالاكوانی سیاسی لە مەیدانەكانی خۆپیشاندانەكانی بەغداد پێی وایە، هاتنە سەر خەتی ئەمریكا و پەیوەندی تەلەفرۆنی مایك پۆمپیۆ بە محمد تۆفیق عەلاوی گۆڕانكاری دروست دەكات، بەشێوەیەك دەبێت، كە عەلاوی هەندێك سازش بۆ كورد و سونە بكات. ئەگەر عەلاوی لەگەڵ كورد و سوننە ڕێك بكەوێت، ئەوا بۆ ڕۆژی پێنج شەممە گەورەترین لەمپەر لەبەردەمیدا نامێنێت و متمانەدا بە حكومەتەكەی دەبێتە كارێكی حەتمی.

كێن ئەوانەی پشتگیری عەلاوی دەكەن:

هاوپەیمانێتی فەتح سەرباری كێشە ناوخۆییەكانی پشتگیری لە پێكهێنانی حكومەت دەكات، پشتگیری فەتح بۆ عەلاوی كارێكی گرنگ و پڕ بایەخە،چونكە زۆرینەی گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، ڕۆژی یەك شەممەش بە فەرمی پشتگیری خۆی ڕاگەیاند. هەروەها هەموو ئەو هەواڵانەشی ڕەتكردەوە كە باس لە ئامادەنەبوونی هاوپەیمانێتیەكە دەكات لە ڕۆژی متمانەدا بە حكومەت ، لەوبارەیەوە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" هەموو ئەو هەواڵانە ڕەتدەكەینەە كە باس لە ئامادە نەبوونی پەرلەمانتارەكانمان دەكات، ئێمە كە خاوەنی 48 كورسین ئامادەی دانیشتنەكە دەبین".

هەرچی هاوپەیمانێتی سائرونە، ئەوا بە مەرج پشتگیری لە عەلاوی دەكەن، كە خۆی لە دوو مەرج دەبینێتەوە، یەكەم وەزیرەكان پێش متمانەدا سیڤی خۆیان بنێرن، دووەم دوای تێبینی و سەرنجەكان ئنجا دەنگ بە وەزیرەكان بدرێت.

كورد هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە:

هیچ لایەنێك هێندەی كورد ناڕەزایی نین، لە شێوازی پێكهێنانی حكومەت، بەڵام چەند زانیاریەك دزەی پێكراوە

،،

كە باس لە ڕێكەوتنی كورد و عەلاوی دەكەن، بەشێوەیەك كورد سێ وەزارەتی بەردەكەوێت، هەروەها وەزارەتێكی دەوڵەتیش بۆ كاروباری هەرێم بە كورد دەدرێت

ئەو وەزارەتە لە ئەمانەی گشتی بەغداد نوێنەرایەتی هەرێم دەكات، هەروەها لەسەر ئەوەش ڕێك كەوتوون كە كەسانی پیشەیی و سەربەخۆ ببنە وەزیر لە حكومەتدا.

سوننە دابەش بوون:

ماڵی سوننەكان لە نێوان خۆیاندا دابەش بوون، هێشتا لە نێوان پشتگیری و دژایەتی كۆكن نین، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان لە لیستەكانی (هێزە عێراقیەكان و میحوەری نیشتیمانی، دەڵێن لە دانوستانەكانمان لەگەڵ عەلاوی پێشكەوتنی باش بەدی كراوە، بۆیە لە كۆی 64 ئەندام چلیان ئامادەییان بۆ متمانەدان بە حكومەت دەربڕیوە. بەپێی دەستوری عیراق، پەرلەمان لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار ، یان سەرۆك كۆمار یان سەرۆكی پەرلەمان یان سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە ،دەتوانێت كۆبوونەوەی نائاسایی خۆی بۆ متمانەدا بە حكومەت ڕێكبخات، بە ڕێژەی (50+1)ی ئامادەبوانی نەك كۆی گشتی، دەتوانرێت متمانە بە حكومەت بدرێت.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی