خەمیس خەنجەر و دۆستە كوردەكانی بارزانی...!

خەمیس خەنجەر و دۆستە كوردەكانی بارزانی...!

2119 خوێندراوەتەوە

جارێكی تر عەلاوی بۆ ڕێكخستنی كاتی متمانەدان بەكابینەكەی لەپەڕلەمانەوە شكستی هێنا، دیارنیە چارەنوسی كابینەكەی بەڕێكەوتنی بەرپرسانی كورد و سوننە و بەشێك لەشیعەكان كە تا ئێستا كێشەیان لەسەر پۆستە وەزارییەكان لەگەڵیدا هەیە كۆتایی دێت یاخود عەلاوی پێش ئەوەی سوێندەكەی بخوات ماڵئاوای دەكات و بەوەش قەیرانێكی قوڵتر بۆ ئایندەی پۆستی سەرۆك وەزیران بەجێدەهێڵێت.

چەند كاتژمێرێكی كەمی بمێینت بچێتە پەڕلەمان، نەیارەكانی جوڵەیەكی میدیای گەورەیان لەدژی بەرپاكرد، محمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر كە زیاتر وەكو دوو كەسایەتی سوننی دەركەوتن بەئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ كابینە لەدایك نەبوەكەی عەلاوی ڕاگەیاند،

،،

سەرۆكی پەڕلەمان بەئاشكرا ئەوەیدەرخست كورد و سوننە كێشەی پۆستە وەزارییەكانیان لەگەڵ عەلاویدا هەیە تا ئەوە چارەسەر نەكرێت دەنگی پێنادەن.

خەمیس خەنجەریش ئەوەی ڕاگەیاند بەبێ ڕەزامەندی كورد و سوننە كابینەكەی عەلاوی شكست دەهێنێت، لەپشت وتەكانی ئەو دوو كەسایەتیەوە، كەسێكی تری سێبەر دەبینرا كە ئاڕاستەی ڕوداوەكان دەكات، ئەویش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیە، لەسەر كێشەكانی كابینەكەی عەلاویش بارزانی وتبوی با عەلاوی بچێت كابینەكەی بەبێ كورد پێكبهێنیت..!

بەڵام هەڕەشەكانی بارزانی دەركەوت ئامادەكاری تەواوی بۆ كراوە و خەڵكانی تر دەیبەنە سەر ئەرزی واقیع و دەیكەنە هاوكیشەیەكی سیاسی، دەزانین حەلبوسی سەرۆكی پەڕلەمانە و قسەی ئەوەی لەسەرە كارتی سوننە بۆ بازرگانی بەكاردەهێنیت و پۆستەكەشی لەسەر ئەو بنەمایە بەدەستهێناوە، ئەی خەمیس خەنجەر كێیە بەو شێوەیە وەكو دۆستی بارزانی دەردەكەوێت.. خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر سەرمایەدار و سیاسیەكی ناوداری سوننەیە، خەڵكی فەلوجەیە و بەوە ناسراوە بەپارە دەتوانێت هاوكیشە سیاسیەكان بگۆڕێت، ساڵی پار بەتۆمەتی تێوەگلان بەگەندەڵی و پشتیوانی كردنی تیرۆر لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە سزا بەسەر خەنجەردا سەپێنراوە، خەنجەر ڕابردویەكی پڕ لەسەیر و ڕوداوی لەگەڵ بەعس ودەسەڵاتەكانی دواتر هەیە.

ساڵانی نەوەدەكان خەنجەر پەیوەندیەكی تۆكمەی لەگەڵ بنەماڵەی سەدام حوسێندا هەبوە و لەگەل عودەی كوڕیدا قاچاخچێتی جگەرە دەكەن، دوای ئەوەی توشی كیشەیەك دەبێت لەگەڵ ئەو بنەماڵەیەدا بەرەو ئوردن هەڵدێت و ساڵی 2014 لەو وڵاتەشدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەردەكرێت و بەو هۆیەشەوە لەوێش هەڵدێت. ساڵی 2012 هاوسەرگیری لەگەڵ رەغدی كچی سەدام حوسێن دا دەكات و بەو هۆیەشەوە پاسپۆرتی قەتەری دەستدەكەوێت و لەڕێگەی كاری بازرگانیەوە لەو وڵاتەدا پاڵپشتی دارایی بۆ چەند گروپێكی توندڕەوی سوریا پەیدا دەكات. ساڵی 2010 جوڵانەوەی نیشتیمانی عێراقی دادەمەزرێنریت و باس لەوەش دەكرێت لەڕێگەی زاوایەكی ڕافع عیساوییەوە كاروباری بارزگانیەكەی لەهەولێر بەڕیوەدەبرێت.

،،

لەلایەن خۆپیشاندەرانی عیراقیەوە داوای ئەوەی لێكرا بەناوی خۆپیشاندەرانەوە بەهۆی ڕابردوە خراپەكەیەوە قسە لەسەر ناڕەزایەتیەكان نەكات.

ڕەنگە ئەوەندە بەس بێت بۆ ناسینی ئەو پیاوەی كە بەم ساڵانەی دواییە بەئاشكرا پشتیوانی مەسعود بارزانی دەكات و بەتەنها سەركردەی كوردی ئەم سەردەمەی دەزانێت، بەڵام ناسینی دۆستە نەیارەكانی بارزانی لەهەرێم ئەستەمترە، چونكە دەمامكیكی جیاوازتر دەپۆشن. ئەمڕۆ كە ڕۆژی دەستشكاندنەوەی عەلاوی بولەلایەن نەیارە كورد و سوننەكانیەوە، بارزانی پێویستی بەئیعلانكردنی پشتیوانانی هەبوو، بەشێكیان بەدژایەتی ئاشكرای عەلاوی كارەكەیان بۆ بارزانی مەیسەر كرد و بەشێكی تریان دیسانەوە لەژێر پۆشینی دەمامكی نەیاری بارزانی و بەكارهێنانەوەی كارتی دژایەتی بارزانی دەستگیرۆییەكی باشیان لێكرد و فریای كەوتن.

خەنجەر بەئاشكرا و لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی دا ووتی " بارزانی زانیاری باوەڕپێكراوی لەلایە كە دەستوەردانی دەرەكی لەدانانی وەزیرەكانی كابینەكەی عەلاویدا كراوە و كابینەكەی حزبیە و دەیەوێت كورد و سوننە بێ بەش بكات بۆیە ئەوان دژایەتی دەكەن و پشتیوانی ناكەن تا چارەسەر كردنی ئەو كێشانە" ئەم پشتیوانیە بەئاشكرا و بێ پەردە بوو، هەر بۆیە ئەوانەی بەرەی بارزانیان هەڵبژارد و ئامادە نەبون دەنگ بەعەلاوی بدەن، نەچونە هۆڵی پەڕلەمانەوە و بەئاشكراش ووتیان" عەلاوی وەزیری حزبی دانانێت و زیان بەپرسەكانی كورد دەگەیەنێت" بەڵام نەیارە دۆستە كوردەكانی بارزانی، ئەوانەی كە تەنها لەمیدیاوە بۆ چاو بەستكردن دژایەتی بارزانی دەكەن، لەژێر ناوی تردا بایكۆتی كۆبونەوەكەی پەڕلەمانیان كرد، لەوانە پاساوی ئەوەی گوایە لەسەر داوای بارزانی و بۆ ئەگەری ڕێكەوتن وەزیرە كوردەكان ناخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە ئەوان بایكۆتیان كردوە.

بەڵام لەبنەوە كارەكەی ئەوان بۆ جێ بەجێ كردن و پابەندبونیان بە داواكاری و پلانەكانی بارزانیەوە هەبو، ئەم دەمامك پۆشینە لەچەند ڕۆژی داهاتودا باشتر دەكەوێت، گەر یەكێتی و پارتی لەگەڵ عەلاویدا ڕێكبكەون ئەوكات دەنگی بۆ دەدەن، دووریش نیە ئەم دەمامك پۆشانەی نەیارە دۆستەكانی بارزانی ئەوكات لەژێر ناوی تر و پاساوی تردا دەنگی بۆبدەن، هەروەكو چۆن بەفڕۆكەیەكی پارتی چونە بەغدا بۆ ئەوەی دەنگ بۆ فوئاد خوسێن بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بدەن. بەخوێندنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەكاتی گێرمە و كێشەكاندا بەتەواوەتی دەست و قودەرت و ئامانجی نەیارەكانی بارزانی لەهەرێم دەردەكەوێت، زۆربەی ئەوانەی خۆیان بۆ دژایەتی بارزانی و ئەو بنەماڵە ئیعلانكردوە و وایان پیشانداوە لەسەخترین دۆخدا خزمەتێكی گەورەیان بەبارزانی كردوە نەیارە ئاشكراكانی نەیانتوانیوە ئەوەی بۆ بكەن و دۆستەكانی دەروبەریشیان هەر ئەوەیان بۆ كردوە، ئەمە سیمای كەوتنی نەیارەكانی بارزانی لەهەرێم كە تا ئەو شوێنە باوەڕیان بەو نەیارێتیە هەیە لەو ڕێگەیەوە پۆستێك وەربگرن و ئیمتیازاتێك بپچڕن بەتەواوەتی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەردەكەوێت.

ئێستا هەندێك پەڕلەمانتار و نوێنەرانی كورد لەبەغا كەیسەكە كۆنەكە كە جاران لەهەرێم بەكاردەهات بردۆتە ئەو پەیوەندییانەوە ئەویش ئەوەیە( قسەی توند لەسەر بارزانی بكە و سیاسەتەكان لەمیدیاكانەوە ڕەتبكەرەوە، ئەوەی كە ڕەخنەی لێگرتی بەپشتیوان و لایەنگری بارزانی تۆمەتباری بكە، خۆت واپیشانبدە دوژمنی بارزانی و بنەماڵەكەیانی، بەڵام ئەو كاتەی بارزانی توشی كیشەیەك هات ئەوا لەژێر پاساوی جیاواز و تەموموژاویدا فریا بكەوە و ئەوەی ئەو دەێڵێت كتومت بەلەبەرگێكی تردا بۆی جێ بەجێ بكەن).

 

author photo

توێژه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس