له‌ ئیدلب چی ڕوده‌دات؟

له‌ ئیدلب چی ڕوده‌دات؟

951 خوێندراوەتەوە

ڕوسیا له‌ شه‌ڕه‌كانی ئیدلب و حه‌له‌ب پشتی هه‌موو گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانی شكاند، ئه‌و شه‌ڕانه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رێكی ڕوس و به‌ پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی و بنكه‌ی حه‌میم ئه‌نجامدران، كه‌ نوێترین چه‌كی رشوسای تاقی كرانه‌وه‌، هه‌ر چی هاته‌ به‌رده‌میان كرانه‌ ئامانج و هێزه‌كانی توركیاش به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ و به‌ مه‌به‌ست كرانه‌ ئامانج و له‌ یه‌ك شه‌ودا فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی ڕوسیا زیاتر له‌ 33 سه‌ربازی توركیان كوشت، ئه‌م پێشهاته‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ڕوسیا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی ئیدلب پاشه‌كشه‌ ناكات، توركیاش له‌سه‌ر بڕیاری خۆی سوره‌ نایه‌وێت له‌و شاره‌ پاشه‌كشه‌ بكات، له‌م نێوه‌نده‌دا چه‌ندین سیناریۆ بۆ داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕوسیا و توركیا دێته‌ ئاراوه‌، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌ و په‌یامی هێرشه‌كه‌ و گرنگی ئیدلب بۆ توركیا.

له‌م ڕاپۆرته‌ شیكاریه‌دا ده‌مانه‌وێت تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌ و دۆخی شاره‌كه‌ و داهاتووی و په‌یوه‌ندی ڕوسیا و توركیا بۆ خوێنه‌رانمان شی بكه‌ینه‌وه‌. مۆسكۆ هه‌نگاوێكی ناوه‌ و پاشه‌كشه‌ ناكات: هێرشه‌كانی ڕوسیا ته‌نها كرده‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یا و ئاماژه‌یه‌كی به‌هێزی مۆسكۆ بوو بۆ ئه‌نكه‌ره‌، تا پێی بڵێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ بڕیاری كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ئیدلب پاشه‌كشه‌ ناكات ، هه‌روه‌ها ڕێگا به‌ دیمه‌شقیش نادات بۆ سنوره‌كانی سوتچی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌نكه‌ره‌ داوای ده‌كات، بۆ ئه‌م ئامانجه‌ش ئاماده‌یی هه‌موو بژارده‌یه‌كه‌ به‌ كرده‌یی سه‌ربازیشه‌وه‌. ڕوسیا له‌ سوریا هێنده‌ باڵاده‌سته‌، كه‌ توانیویه‌تی سوپای پاسدارانی ئێران و حزب الله لوبنانی، عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با و لیوای ئه‌بو فه‌زل عه‌باسی و تیرۆرستانی لوا زه‌ینه‌بوون پاكستانی و لیوا فاتیمون ئه‌فغانی و گروپه‌كانی دیكه‌ی نزیك له‌ ئێران، له‌و له‌و ناوچانه‌ دووربخاته‌وه‌ و رایانبمه‌ڵێت، كه‌ هه‌موویان تۆمه‌تبارن به‌وه‌ی به‌و په‌ڕی هێزیانه‌وه‌ به‌شداریان له‌ شه‌ره‌كانی حه‌له‌ب كردووه‌.

توركیا تا كۆتایی بۆ ئیدلب ده‌جه‌نگێت:

ڕوسیا بۆ ده‌ركردنی ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردن، هه‌موو توانا مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی خۆی به‌كارهێناوه‌،هه‌موو ئه‌م كارانه‌ی ته‌نها بۆ كۆنترۆِڵ كردنه‌وه‌ی ئیدلب ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه‌، كه‌ وا له‌ توركیا ده‌كات تا كۆتایی له‌ ئیدلب بمێنێته‌وه‌.

یه‌كه‌م: لایه‌نی ئه‌منی ئیدلب به‌د رێژایی (130كم) هاوسنوری توركیا و به‌رده‌وام له‌وێوه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر توركیا، كه‌ بۆته‌ هۆی كوشتنی هاوڵاتی و سه‌ربازی تورك و ناسه‌قامگیری، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر له‌و سنورانه‌وه‌ شوێنه‌ گشتی و بازاڕ و بنكه‌كانی به‌ موشه‌ك كراونه‌ته‌ ئامانج.

دووه‌م: ئاواره‌ سورییه‌كان، ژماره‌ی دانیشتوانی ئیدلب ده‌گاته‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س، ئه‌مانه‌ ده‌مێكه‌ به‌ دوای شوێنێكی ئارامدا ده‌گه‌ڕێن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریاوه‌ له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ دژی حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌سه‌د بوون، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تی گرتنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن سوریا و ڕوسیاوه‌، ئه‌وا ئه‌وان به‌ره‌و سنووره‌كانی توركیا هه‌ڵدێن و، به‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ت بۆ ئه‌نكه‌ره‌ دروستده‌كه‌ن.

ئیدلب پێگه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ توركیا هه‌یه‌ و زنجیه‌ر چیاكانی ئه‌مانۆس له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ بۆ ناو خاكی توركیا درێژ ده‌بنه‌وه‌، له‌م زنجیره‌ چیانه‌دا گه‌ریله‌كانی PKK بوونیان هه‌یه‌، كه‌ له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا له‌و چیانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ناو خاكی توركیا و له‌ هه‌رێمی هاتای چالاكیان دژی سوپای توركیا ئه‌نجام داوه‌، بۆیه‌ پێگه‌ی جوگرافی ئیدلب و پێكهاته‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی بۆ توركیا گرنگه‌، ئه‌م پێگه‌ گرنگیه‌ وایكردووه‌،كه‌ ئه‌و شاره‌ ببێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی به‌لای توركیاوه‌.

ئیدلب بۆ ڕوسیا گرنگه‌:

كاتێك ڕوسیا له‌ ساڵی 2015دا چووه‌ جه‌نگی سوریاوه‌، چوونی ڕوسیا بۆ سوریا بۆ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ هه‌موو سوریا كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌ و هیچ لایه‌نێكیش به‌شدار نه‌كات، به‌ڵام به‌ هۆكاری پاڵپشتی مرۆیی بۆ جه‌نگه‌كانی، ناچار بوو ئێران بكاته‌ هاوبه‌شی خۆی. به‌ڵام به‌شداری ڕوسیا به‌ توركیا، بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پاڵپشتی توركیا له‌ دانوستانه‌كانی ژنێف به‌ده‌ست بهێنێت كه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری سوریا له‌بار به‌رێت، واته‌ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا په‌نا بۆ ڕێگا چاره‌ی سیاسی نه‌برێت.

ئه‌م كاره‌ بۆ ڕوسیا چووه‌ سه‌ر، چه‌ند چانسێكی یه‌ك به‌دوای یه‌كی به‌ ڕوسیا دا كه‌ ڕێگای سه‌ربازی بگرێته‌ به‌ر،بۆیه‌ ڕوسیا به‌ بیانووی وه‌ستانی جه‌نگ له‌ نێوان لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕ هاتووه‌كان دانوستانی ئه‌ستانای بنیاتنا،له‌و دانوستانه‌دا توركیا و ڕوسیا به‌شداربوون و دواتریش ئێران چووه‌ ناو دانوستانه‌كه‌وه‌، ده‌ستی ڕوسیا فراوانتر بوو، هه‌روه‌ها ئه‌ستانا دێگای جنێفی گرته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكاش ته‌واو ڕێگای بۆ ڕوسیا ئاسان كرد و له‌ سوریادا بوو به‌ باڵاده‌سترین هێز، دواتریش له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌ستیان كرد به‌ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی حكومه‌تی سوریادا نین، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌ ڕێگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی (M4,M5)یان كۆنترۆڵ كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م كاره‌یان بووه‌ هۆی توڕه‌ كردنی توركیا، بۆیه‌ ئه‌نكه‌ره‌ هێزی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كرد، توركیا داوای جێبه‌جێ كردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی سوتچی 2018ی ده‌كرد، هه‌روه‌ها داوای كرد كه‌ میلیشیاكان و سوپای سوریا له‌ خاڵه‌ چاودێرییه‌كانی توركیا (11 خاڵن) پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، ڕوسیاش هه‌وڵی ڕێكه‌وتنێكی نوێ بدات، كاره‌كه‌ وه‌ك خۆی چووه‌ سه‌ر، چونكه‌ توركیا له‌و كاته‌دا ده‌ستی به‌ په‌یوه‌ندی به‌ ناتۆ و ئه‌مریكا كرد و هێزی زیاتری به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ نارد، هه‌روه‌ها سودی له‌ ئاواره‌بوونی دانیشتوانی شاره‌كه‌ وه‌رگرت.

،،

ئێستا ڕوسیا ده‌یه‌وێت ئه‌و نیازه‌ی خۆی بهێنێته‌ دی، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆی هاتبوو، ئه‌ویش كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی سوریایه‌

بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سوپای سوریا ده‌ستیان به‌ هێرشێكی فراوان كردووه‌، بۆ هێنانه‌دی ئامانجه‌كه‌یان گوێ به‌ هیچ ناده‌ن ، بێ گوێدان هاوپه‌یمانێتی و ڕێكه‌وتنه‌كان هه‌ر له‌مپه‌رێكیان بێته‌ دی ڕایده‌ماڵن، لێره‌دا چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ قۆناغی داهاتوو دێنه‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ن:

یه‌كه‌م: سیناریۆی ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان: ئه‌م سیناریۆیه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ توركیا و گروپه‌ هاوكاره‌كانی و ئۆپۆزسیۆن هێرشێكی فراوان له‌ چه‌ندین لایه‌نه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی كردووه‌، لێره‌دا مه‌ترسی به‌ریه‌ك كه‌وتنی توركیا و ڕوسیا سه‌رهه‌ڵده‌دات. وه‌دیهاتنی ئه‌م سیناریۆیه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك دووره‌، چونكه‌ هه‌ردوو وڵات چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی سیاسی و سه‌ربازی ئابووری له‌ نێوانیاندا بوونی هه‌یه‌، ناكرێت له‌به‌ر شاری ئیدلب واز له‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بهێنن. به‌ڵام له‌ چوار چێوه‌ی فشاره‌كانی ئه‌نكه‌ره‌دا،له‌وه‌یه‌ سوپای سوریا به‌ پاشه‌كشه‌ ناچار بكات، به‌ڵام روسیا كه‌ تاكو ئێستا هیچ دانوستانێكی نه‌دۆڕاندووه‌، هه‌ر وا به‌ ئاسانی ڕێگا به‌ توركیا نادات ئه‌م كاره‌ بكات، تا دواین هه‌نگاو له‌ دژی ده‌بێت.

دووه‌م: سیناریۆی ئۆپراسیۆنێكی سنوردار: له‌م سیناریۆیه‌دا سوپای توركیا و هاوكاره‌كانی چه‌ند ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی دژی سوپای سوریا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ده‌رچه‌یه‌كیش بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ڕوسیا ده‌هێڵنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانی خۆیان بسه‌پێنن، ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كان به‌ ویستی ئه‌وان نه‌بوو، هێرشه‌كانیان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌.

ڕاسته‌ روسیا پابه‌نده‌ به‌ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی سوریاوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ توركیادا چه‌ندین په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و ستراتیژی و گه‌شتیاری هه‌یه‌،به‌شێوه‌یه‌ك ئالوگۆری نێوانیان گه‌یشتۆته‌ 35 ملیار دۆلار

،،

بۆیه‌ هیچ لایه‌كیان نایه‌نه‌وێت ئه‌م هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بكه‌نه‌ قوربانی دۆخی ئیدلب.

سێیه‌م: سیناریۆی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستان: له‌م سیناریۆیه‌دا دانوستانه‌كان له‌ نێوان توركیا و ڕوسیادا د ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌،ئه‌مه‌ش له‌م دۆخه‌دا شتێكی قورس و مه‌حاڵه‌، ماده‌م ڕوسیا له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی پاشه‌كشه‌ نه‌كات و سازش بۆ توركیا نه‌كات. له‌ كۆتاییدا توركیا وا دیاره‌ نیازی پاشه‌كشه‌ی له‌ ئیدلب نیه‌ و ده‌یه‌وێت سوپای سوریا بۆ سنووره‌كانی ڕێكه‌وتننامه‌ی سوتچی بكشێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی و فشار و هه‌وڵه‌ دیپلۆماسیه‌كانی ده‌بێت، توركیا بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی هه‌موو فشاره‌كان ده‌خاته‌ گه‌ڕ، كه‌ خۆی له‌ فشار خستنه‌ سه‌ر ناتۆ و كردنه‌وه‌ی سنور به‌سه‌ر ئاواره‌كانی سوریا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌وروپا ده‌بینێته‌وه‌، زۆر نزیكه‌ ئه‌م كاره‌ی توركیا به‌ ئاشتی سه‌ر بگرێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌توانن هیچ كارێك بكه‌ن.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی