چیرۆکی گرتن و زینداینکردنی مەلا بەختیار لەلایەن یەکێتییەوە

چیرۆکی گرتن و زینداینکردنی مەلا بەختیار لەلایەن یەکێتییەوە

2443 خوێندراوەتەوە

بەهادین نوری

پاش ١٠ ساڵ لە دامەزراندنی ( یەکێتی ) یەکەم لەتبوونی گەورەی بەخۆیەوە دی ـ جیا بوونەوەی ئاش لە ساڵی ٩٨٥ دا.

یەکەم پرسیار کە لێرەدا دێتە پێش :هۆکاری ئەم جیابوونەوە چیبوو؟ خیلافاتی ئەوانە لەگەڵ یەکێتی چیبوو؟ ڕەگو ڕیشەی خیلافات و لەتبوونی ئاش دەگەڕێتەوە بۆساڵانی حەفتاکان، ئەو کاتە کە شانە سەرەتایيەکانی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی لە کوردستاندا دامەزرێنرا. لە هێندێ کەسم بیستبوو کە تاڵەبانی خۆی دامەزرێنەری کۆمەڵەیە، بەڵام لە گوماندابووم کە ئەمە ڕاستبێ تا ساڵی ١٩٨٦ کە چوومە بارەگاى تاڵەبانی لە یاخسەمەر ـ شارباژێڕ ـ لە گفتوگۆیەکی دووقۆڵی باسمان لەسەر زۆرشت کرد. لەو دانیشتنەدا تاڵەبانی وتی : ( منیش ماوەیەک ماوی بووم ).

لەوقسەیەوە گەیشتمە یەقین کە ڕاستە، تاڵەبانی خۆی دامەزرێنەری کۆمەڵە بووە لە ژێر کاریگەری بیرو بۆچونی ماویزمدا. نازانم بۆ چەند ساڵ تاڵەبانی بە فکری ماویزمەوە مایەوە، بەڵام دڵنیام ئەوکاتە پەیوەندی ڕوحی لەگەڵ ماویزم نەمابوو، چونکە لەو کاتەدا مه لا به ختيار کە بەرپرسی ئاش بوو لە پارێزگای سلێمانی لە خودی یاخسەمەر بەند کرابوو. ( دواتر باسی ئەمە دەکەم ) .

شایانی باسە لەوکاتەدا كه تاڵەبانی لە پێگەی فکری نەتەوەییەوە گواستیەوە بۆ پێگەی مارکسی ـ ماوی چەندین حیزب و کۆڕو کۆمەڵ لە وڵاتانی جیاجیا دا ئەم جۆرە گواستنەوەیان ئەنجام دابوو. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی بیستەم دا. نمونەی ئەمەش فیدڵ کاسترۆ لە کوبا، حیزبی سۆشیالیست لە باشوری یەمەن، بەرەی میللی و بەرەی دیموکراسی لە ناو فەلەستینیەکاندا، هێندێ لە ناسریەکان لە عێراق و وڵاتی دیکەشدا.... هتد. لەناو کوردیشدا تاڵەبانی و باڵێ لەحیزبی دیموکراتی کوردی ڕۆژهەڵات و پ ک ک و.... هتد.

کە تاڵەبانی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی کوردستانی دامەزراند نەیوویست خۆی بخاتە ڕوو. وەهای پێباش بوو خۆی لە پشتی پەردەوە بێ وەکو سکرتیری یەکێتی کە لە ٣ بەش پێکهاتبوو، کۆمەڵە کە نەوشیروان مستەفا سکرتێری بوو + شۆڕشگێڕان کە د. فوئاد معصوم سکرتێری بوو + خەتی پان کە ڕیخستنی تێدا نەبوو، کۆمەڵێ ئاغاو شەخسیات بوون تەرتیبێکی پێکهێنابوو بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەرکەسەو بەشێوەیەک. کاتێ کە ماوی بوو تاڵەبانی هیوای زۆری خسبووە سەر کۆمەڵە، نەوشیروان مستەفای کردبوو بە سکرتێری.

لە نیوزەنگ ساڵی ٩٨١ لەگەڵ نەوشیروان لە خێوەتەکەی ئەو دوو قۆڵی دانیشتبووین. لێمپرسی : ـ تۆ وەکو سکرتێری کۆمەڵە ڕات چیە بەو ڕێکخراوە، چۆنی هە ڵدە سەنگێنیت؟ ـ من قەناعەتم بەم ئیشە نییە ـ نەوشیروان وتی ـ ئەمە مام جەلال سەپاندویەتی بەسەرمدا. منیش قەناعەتم کرد کە ڕاستی کرد. دەیویست خۆی تەرخانکات بەس بۆ کوردایەتی.

،،

لە حەفتاکاندا کە کۆمەڵە دامەزرێنرا ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کورد بە حەماسێکی بەرزەوە چوونە ڕیزەکانی کۆمەڵەی مارکسی ـ لینینی

هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ :

١ـ هەڵویستی چەوتی حزبی شیوعی عێراق پاش هەڵبژاردنی عزیز محمد بە سکرتێر لە ٩٦٤ دا و خۆبەستنەوە بە بەرە کلکایەتییەکەی لە حەفتاکاندا لەگەڵ ڕژێمی سەدام و پشتکردنە میللەتی کورد لە ڕۆژانی سەختی ئاشبەتاڵی ٩٧٥ دا... هتد

٢ـ کاردانەوەی لاوانی کورد دژ بە داڕمانەکەی ٩٧٥ و حەزو ئارەزوویان لەوە کە کوردایەتی و زیندوکردنەوەی خەباتی چەکداری داڕماو گرێدەن لەگەڵ خەباتی هەژاران لە پێناوی یەکسانی و عەدالەت لەسایەی ڕژێمی سۆشیالیستیدا.

هیچ ئامادەکاریەکی جدی لە یەکێتیدا نەبوو بۆ تەسقیفی ئەو لاوانەی دەهاتنە ناو کۆمەڵەو خۆشیان هیچ شارەزاییەکیان نە بوو لە تیۆری مارکسیدا. هەرئەوەندەیان دەزانی کە ئامانجی کۆتایی مارکسيستەکان دامەزراندنی سۆسیالیزمە. تاکو تروکێکیان نەبێ کە بۆیان ڕێکەوتبوو شت فێرببن و شت بخوێننەوە.

بەهەر حاڵبێ ئەو لاوانە بە ئاسانی ڕاکێشران بۆ ڕیزی، کۆمەڵە خۆیان خۆبەخشانە دەهاتن، بەڵام کەس نەیدە توانی بەهەمان ئاسانی دایانبڕێ لە کۆمەڵە. لێرەوە کێشەی کۆمەڵە لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی ( یان لەگەڵ تاڵەبانی ) پەیدا بوو، لێرەوە ڕەگو ڕیشەی خیلافات هاتە ئاراو فکری جیابوونەوە کەوتە نەشونما. مەلا بەختیار کە بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵە بوو لە پارێزگای سلێمانی هەر خۆیشی بەرپرسی چالاکیەکان بوو لە هەوڵی جیا بوونەوەدا. یەکێ لە ئیشەباشەکانی مەلا بەختیار لە ٩٨٣ دا ئەوە بوو کە بە ئاسانی لەگەڵ مندا ڕێکەوتین کە یاخی ببین هەرکەس لە سەرکردایەتی خۆی و پێشمەرگەکانمان ڕاپێچی ئەو شەڕە نەکەین.

بێگومان ڕێکەوتنەکەمان بەدەرنەبوو لەوە کە هەردوکمان چەپخوازبووین، لە ڕوانگەی چەپایەتیشەوە ئەو هەڵوێستەمان وەرگرت و هەردوکیشمان سزا دراین. ئەو سزایەش پاڵنەربوو بۆ مه لا به ختيار کە لە یەکیەتی جیاببێتەوە. دیارە کە لە ٩٨٥ دا کە بە خێزانەوە گواستیەوە بۆ گوندی " تەکیە" لە قەرەداخ، پرۆژەی جیابوونەوەی لە مێشکی خۆیدا گەڵاڵە کردبوو. بەڵام من هیچ زانیاریەکی کۆنکرێتیم نەبوو لەسەر پرۆژەکەی هەتا سەفەرێکی کرد بۆسەرکردایەتی خۆیان و بە ڕویەکی خۆشەوە هاتەوە، وتی : ـ ڕێکەوتین لەگەڵ سەرکردایەتی یەکیەتی. ئێمە لە ڕووی ڕێکخستنەوە جیادەبینەوە، لەڕووی سەربازیەوە هیچ جیابوونەوەیەک ناکرێ. گۆڤارێ دەردەکەین بە ناوی ئاڵای شۆڕش .

لیژنەی سەرکردایەتیمان ٣ کەسن، من و پشکۆ و شێخ علی ( خولە کەشکۆڵ ). دیاربوو مەلا بەختیار زۆر دڵخۆش بوو بەم ڕێکەوتنە. منیش پیرۆزبایم لێکرد. شتێکی ئاساییە کراوە ئەگەر شتێ لە دیموکراسی هەبێ. بەڵام لەگەڵ نەبوونی دیموکراسیدا جیابوونەوە لە حیزب تاوانە و سزای قورسی بەدوادا دێت. ئەو ڕۆژە کە مه لابه ختيار سەرگەرمی چاپکردنی ( ئاڵای شۆڕش ) و گواستنەوە بوو بەرەو شارباژێڕ، بۆ بارەگای حیزبی تازەی لە پڕ هێزی چەکداری مەڵبەند بە سەرۆکایەتی جەبار فەرمان و شەوکەتی حاجی موشیر هاتنە " تەکێ" و ئابڵوقەی ماڵی ناوبراویان داو گرتیان و دەستیان گرت بەسەر هەموو شتێکیدا لەو گوندە.

نامەیەکیشیان پێنووسی بۆ مەفرەزەکەی کە چەکەکانیان ڕادەستی یەکێتی بکەن. بەم شێوەیە ڕێکەوتنەکەی مەلا بەختیارو سەرکردایەتی ینک پێشێلکراو دەرکەوت کە جیابونەوە لە ینک ( وەک لە پارتی و لە حشعیش ) قەدەغەیە. لەو ڕۆژانەدا دەنگۆیەکیش هاتە ئارا کە نەوشیروان مستەفا لەسەرەتاوە ئاگای لەم ڕێکەوتنە نەبوو، دوایی کە پێیزانی هەڵیوەشاندەوە.

کە لە ٩٨٦ چوومە لای تاڵەبانی گلەیم لێیکرد لەسەرگرتنی مەلا بەختيار و هەردوو هاوڕێکەی پشکۆ و خولە کەشکۆڵ، وتم : ـ بەناهەق ئەوانەتان گرتووە. بەقسەی مه لابه ختيار ئەوان ڕێکەوتبوون لەگەڵتان کە جیاببنەوەو ئاڵای شۆڕش دروستبکەن وەکو حیزبێ بۆخۆیان و هیچ هێزی چەکدار جیانەکەنەوە. هێز بە یەکگرتوویی بمێنێ لای ینک. جیابوونەوەی حیزبی مافێکی سروشتی خۆیانە. تاڵەبانی وەڵامی دایەوە، وتی : ـ مەلا بەختیار داوادەکات بەریدەین و بیبەینە وڵاتێکی ئەوروپی و دوای ئەوەش مووچەی مانگانەی لەسەر ئێمەبێت.

ڕێگەم بدە بچمە لای و قسەی لەگەڵ بکەم ـ من داوام کرد. تاڵەبانیش یەکێکی بانگکردو فەرمانیدا بمبەن بۆسەردانی مەلا بەختيار. پاش ١٠ خولەک گەیشتمە لای. لە ژورێک کە مەترێک خۆڵی کرابووە سەر لەسەیتەرەی بارەگای خودی تاڵەبانی. لەو ژوورەدا دووقۆڵی کەوتینە قسە، پێموت : ـ سەرکردایەتی یەکیەتی ژمارەیەکی زۆری لەنامەکەت فۆتۆ کۆپی کردووەو ناردویەتی بۆ ئەم و ئەو. ـ ئەگەر ئەوەمان نەکردایە ئیعدامیان دەکردین. جا توخوا ئەبو سەلام پیاو لە پێناوی چیدا ئیعدام بکرێ؟ ئەم وەڵامە نالۆژیکیە زۆر پەستی کردم.

،،

بەڵام من لێرەدا لەگەڵ حەپسێکدا قسەدەکەم کە بە ناهەق گیراوە. جگە لەمەش خۆی حیزبەکەی خۆی ـ ینک ـ باش دەناسێت و دەزانێت پیاو کوشتن لەلایان ئاساییە.

بابەتی قسەم گۆڕی، پرسیم : -مامەڵەيان لە گەڵتدا چۆنە؟ ـ زۆر باشە، هیچ عەیبی تێدا نیە. ـ تاڵەبانی دەڵێ : م ب دەیەوێ بیبەینە وڵاتێکی ئەوروپا و لەوێش مووچەی مانگانەی بدەینێ، ئێمە بەخێویکەین. ـ شتی وەهام نەوتووە. با لەم دەرگایەوە بمکەنەدەرەوەو پارەی خواردنی ئەم ماوەیەی سجنیشم لیوەرگرنەوە.

چوومەوە لای تاڵەبانی و هەموو قسەکانی م ب م بۆ گێڕایەوە. تاڵەبانی وتی : ـ ڕاستی ئەوەیە نەوشیروان پێیداکوتاوە. بڕۆ قەناعەتی پێبکەو هەر ئیستە بەری بدەن. پاش مانگێ مەلا بەختیارو سالار عەزیز یەکتر دەدەنە بەرشەق و هەڵدەوەشێنەوە. ڕۆژی دواتر چووم بۆ بارەگای نەوشیروان لە گوندی بەرگەڵوو.

داوای بەردانی مەلا بەختیارم لێکرد، هەوڵ و مناقەشەیەکی زۆرم کرد بێ سوود بوو، وتی : ـ بەری نادەین، باوەڕی پێناکەم چونکە درۆی زۆر لەگەڵ کردوین. پێموت ئەم هەڵوێستە زۆر نابەجێیە و ناهەقە. گەڕامەو هیچم پێنەکرا . ئەمەو من خۆم ڕازی نەبووم لە هەڵوێستی مەلا بەختیار، پێموابوو ئەگەر ئەو نامەی پاکانەشی نەنوسیایە ئیعدامیان نەدەکرد. ئەگەر ئیعدامیش بکرایە نە دەبوو نامەکەی بنووسیایە.

سەرنج: ئەم بابەتە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی "بەهادین نوری"یە.