ڕاپەڕین لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا

ڕاپەڕین لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا

340 خوێندراوەتەوە

ڕاپەرین ڕابونێکی جەماوەری سەرتاسەری باشوری کوردستان بوو دژی ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕاپەرینەکەش هاوکاتی کشانەوە وتێکشکانی سوپای عێراق بوو لەدوای جەنگی کەنداو.

دایکی بروسکەکان کامەیە؟

"لە زمناکۆوە بۆئازاد ۱۷٦۰ ، تکایە برادەران ئاگادار بکەرەوە ۷ی مانگ زەماوەند بکەن" وەک چۆن هەمیشە لەکاتی شەڕدا پێویست دەکات هەندێک شت بەنهێنی بدرکێنرێت بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک دوژمن ئاگاداری جوڵە وبەرنامە ونەخشە سەربازیەکانت نەبێت، چ ئەوەی هەندێک جار فەرماندەکان ناو وناسناوی نهێنی بۆخۆیان هەڵدەبژێرن، چ ئەوەی کاتێک لەبێ تەل قسە دەکرێت بۆ هەندێک شوێن وجوڵەی سەربازی کۆد بەکاردەهێنرێت، بەهەمان شێوە پەیامی بروسکەی شەڕ وخۆئامادەکردن بۆڕاپەرین وهەڵکوتانە سەر بنکە وبارەگا سەربازیەکانی دوژمن بەنهێنی وەک کۆدێک خوێنراوەتە لەئێزگە، وەک ئەوەی بروسکەکەی "خالید ڕەزا ئەمین" کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە وماوەیەک پێش دەستپێکردنی ڕاپەرین بەردەوام لەئێزگە خوێنراوەتەوە، خالید ئەمین خاوەنی بروسکەی زەنگی دەسپێک بۆئامادەکاری ڕاپەڕین دەڵێت: دەکرێت ناوی بنێین دایکی بروسکەکان.

ئەو باس لەوەدەکات کەوا مەبەست لە زمناکۆ؛ سەرکردایەتی شانە چەکدارەکانی شاڵاو بوو هەرچی، ئازاد" یشە، مەبەست لێی وەک ڕەمزێک بووە بۆئاگادارکردنەوەی هەموو لایەک.

لەبری بەکارهێنانی "ڕاپەرین"یش زەماوەند بەکارهاتووە لەبروسکەکە، لەوەو پێشتریش هەموو شانەچەکدارەکان ئاگادارکرابونەوە کەوا موتابەعەی ڕادیۆبکەن بۆئەوەی ئاگاداری هەموو شتێک چونکە لەوانەبێت شتی زیاتریش بەبروسکەی نهێنی بڵاوبکرێتەوە.

بۆچی کاتی ئەنجامدانی ڕاپەرینەکە لە ۷ی مانگەوە پێش دەخرێت؟

دەردەکەوێت کە تەواوی ئامادەکاریەکان وتەوقیتی ڕاپەرین ۷ ی مانگ دەبێت، بەردەوام لەڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە تەئکید لەسەر ئەوە دەکرایەوە کەوا ڕاپەرین ۷ی مانگ دەست پێدەکات، بەڵام بۆچی پێشدەکەوێت بەروارەکە دەبێتە ٥ی مانگ، لەبەر ئەوەی کە هەندێ لەشانە چەکدارەکانی ناوشار پێیان وابوە ئەبێت زووتر دەست پێبکرێ بەر لەو وادەیەی دیاری کراوە، لە یەکێک لەنامەکان کە نەوشێروان مستەفا بۆ شەهید "عەلی نەبی" ناردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەوێش ۷ ی مانگ دیاری کراوە وەک تەوقیت بۆ ڕاپەرین، شەهید عەلی نەبی لە تۆمارێکی دەنگی دا باس لەو نامەیە دەکات کە نەوشێروان مستەفا بۆی ناردوە سەبارەت بە ڕاپەڕین، کە ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەکانی خۆیەتی: " لە ڕاپەرین دا لە مەکتەبی سیاسی یەوە کاک نەوشیروان نامەیەکی بۆ ئێمە نوسی بوو، لەگەل یەک جیهازی ڕاکاڵ کە بۆی ناردبوین، لەناو شار قەرار بوو ۷ ـ ۳ ڕاپەرین سەرهەڵدات و دەست پێبکات، کاک نەوشیروان ووتی ئێوە لەوێ خۆتان کۆبکەنەوە وخەریکی ڕێکخستن بن، ئەو چەکدارانەی بڕواتان پێیە قسەیان لەگەڵ بکەن وخۆتان ئامادەبکەن کە پێشمەرگە هاتن بۆ ناوشار، پشگیری وپشتیوانی هێزی پێشمەرگە بکەن، ئامادەبن بۆ لێدانی حکومەت، چونکە بڕیاربوو لە ۷ ـ ۳ لەسەرتاسەری کوردستان ڕاپەرین دەست پێبکات و لە ئەمن و ئیستخبارات وڕژێمی بەعس بدرێ، بەڵام ئێمە دەستپێشخەریمان کرد، چونکە هێزێکی گەورە و زۆری حکومەت بەڕێوە بوو، دیارە حکومەت هەستی پێکردبوو لە ۷ ـ ۳ ڕاپەرین دەست پێدەکات، بەنیاز بوو ڕانیە بەهێزێکی زۆر و لەشکرێکی گەورەی سوپاوە زیاد بکا، بەو حوکمەی سەر سنور بوو، بۆیە هێزێکی زۆر بەڕێ کەوتبوو، لێرەش لەناوشار دەزگا ئەمنیەکان پڕ هێز و پڕ چەک کرابوون، بۆیە ئێمە وتمان ئەگەر لەگەڵ هەمان بەروار بین، تاخیر دەبین وسەرکەوتوش نابین

،،

بۆیە ئێمە هانی جەماوەرمان دا و وتمان ئێمە حەزەکەین دەست پێبکەین پەلاماری حکومەت بدەین

هێز ولایەنە سیاسیە بەشداربوەکانی ڕاپەرین لەشار ڕاپەرین دەسکەوتێکی مێژوویی بوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدیاری کراویش پێشمەرگە وفەرماندەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لەڕاپەریندا، لەگەڵ ئەوەشا هەندێک لایەنی تریش لەشاردا بەشداری ڕاپەرینیان کرد، ئەمانیش:

یەک - پارتی کرێکارانی سۆشیالیست

دوو ـ یەکێتی خەباتی کۆمۆنیستی

سێ ـ ئاڵای شۆڕش

چوار ـ ڕەوتی کۆمۆنیست

پێنج ـ کۆمەڵەی خەباتی سور

شەش ـ کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کەلەشاریش ڕێکخستنیان هەبوو

حەوت ـ شانە چەکدارەکانی بروسک و شاڵاو بۆچی کاتژمێر ۷ی بەیانی دیاری دەکرێت؟

هەر زوو ڕێکخستنەکان هەموو لایەک لەوە ئاگادار دەکەنەوە کەوا باشترین دەرفەتی زێڕین بۆئەوەی بتوانن سودی لێوەرگرن کاتەکەیە، بیردەکەنەوە کەوا لەبەر ئەوەی فەرمانبەران لەکاتژمێر ۷ی بەیانیەوە خۆیان ئامادە دەکەن بچنە سەر کارەکانیان لەدام ودەزگاکانی دەوڵەت، بۆیە کاتێکی باشە، لە ۷ی بەیانیەوە دەست پێبکرێت، بۆئەوەی هیچ کامێک لەفەرمانبەران نەچنە دەوام وڕێگا سەرەکیەکان دابخەن وهاتوچۆ پەکی بکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانیش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەڕاپەرین بەشداری پێبکرێن، تاوەکو ورە وجۆش وخرۆش بدات بەهەموو چین وتوێژەکان، لەنێویشیان لەڕانیە ژنێک دەورێکی باڵای هەبووە لەجۆشدانی جەماوەر بۆهێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیس، ئەو ژنە ناوی هەمینە شوڕ بووە وبەداخەوە ئێستا لەژیاندا نەماوە ودایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریشە، ئیتر بە گوتنەوەی دروشم پێش جەماوەر دەکەوێت.

مزگەوتەکان دەوریان چی بوو لەو ڕۆژەدا؟

یەکێکی تر لەئامادەکاریەکان بۆئەوەی هەموو ماڵەکان ئاگاری ڕاپەرین بن، بەکارهێنانی بڵندگۆی مزگەوتەکان بووە، چەند مەفرەزەیەکی پێشمەرگە وچەند شانەیەکی ڕێکخستن لەبەیانیەکی زوودا هەڵدەستن بەشکاندنی قوفڵی دەرگای مزگەوتەکان ولەمزگەوتەوە بڵندگۆ بەکار دەهێنرێت وبانگی جەماوەر دەکرێت لەبەشداری کردنیان لەو ڕۆژە مەزنەدا، ئەو دوو مزگەوتە سەرەکیەی لەڕانیە لەبڵندگۆکانیانەوە بانگی ئازادی وهاواری ڕاپەرینی لێوە کراوە هەریەک لەمزگەوتی گەورەی ڕانیەیە کەدەکەوێتە چەقی شار وناوبازاڕەوە هەروەها ناجیە خانیش ئەویش لەسەرەتای بازاڕەوەیە، بەم شێوە هەموو ئەو خێزانانەی کە بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ڕاپەرین نەبون لەڕێی بانگ وهاوری بڵنگۆی مزگەوتەکانەوە توانیان ئەوانیش لە سەرهەڵدانی ڕاپەرین ئاگادار بنەوە.

ئەندازیاری ڕاپەرین کێ بوو؟

بەگشتی هونەری سەرکەوتن لەجەنگ دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی، ئەمانیش، نەخشە وپلانی سەربازی وپێداویستیە لۆجستیەکانی وەک چەک وتەقەمەنی، تەوقیتی هێرشکردن بۆسەر دوژمنیش بەیەکێک لەهەرە هۆکارە سەرەکیەکانی سەرکەوتن دادەنرێت، دوای تەواوبوونی ئامادەکاریەکان لەڕووی دابەشکردنی هێزەکە بەچەند قۆڵێکەوە، هەروەها دانانی فەرماداری بەتوانا وشارەزا لەبواری سەربازی بۆهەریەکێک لەقۆڵەکانی شەڕ، جگە لەوەش ئامانجی گەورە و ورەی خەڵک وجەماوەر وپێشمەرگەش لەپێناو ڕاپەرین و وەدەست هێنانی ئامانجە گەورەکە.

لەگەڵ ئەوەشا ئەکرێت پێگە وجێدەستی ئەندازیاری ڕاپەرین ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا لەو ڕاپەرینە بەرز بنرخێرێت، چونکە نەوشێروان مستەفا لەوپەڕی دونیا لەپێناو ئامانجێکی گەورەی وەک هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ وسەربەخۆیی گەلەکەی وڕاپەرین لەخۆشترین وڵاتی دنیاوە دوو دکتۆرا جێدێڵێت ودەگەڕێتەوە شاخەکانی کوردستان، وەک چۆن خۆی لەپەرتوکی لەکەناری دانوبەوە بۆخڕی ناوزەنگ لەلاپەڕەی حەوتدا " ڤیەننا " بەبوکی ڕازاوەی جیهان ناوی دێنێت، هەروەها لەلاپەڕەی دە دا ڤیەننا بەیەکێک لەهەرە خۆشترین شارەکانی دنیای دادەنێت، هەروەها وەک ناوەندێکی گرنگی دیبلۆماسی و مۆسیقا وفەلسە پێناسەی بۆدەکات.

ڕەنگ بێت جوانترین وەسف ئەو هۆنراوەیەی "ئیسماعیل ساڵح" بێت بۆ وەسفی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا، کە لەدەسپێکدا دەڵێت: لەکەناری دانوبەوە بەرەو ڕێگای خڕی ناوزەنگ، مێژووی شۆڕشێکی نوسی وگڕی بەردایە شەوە زەنگ، ئەو سەرکردە وپێشمەرگە بوو بۆسەرفرازی نیشتمان، ورەی بەرزی ئەندازیار بوو بۆسەربەخۆیی وپارتیزان، وەک سەرکردە جارێکی تر مێژووی دوبارە کردەوە....

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ڕاپەرین چی بوون؟

یەکەم: سڕینەوەی شوناسی کورد"تعریب"

دووەم: بەزۆرەملێی خەڵک بۆبوون بەئەندامی بەعس"تبعیس"

سێیەم: ڕاگواستنی بەزۆرەملێ دێهات نشینەکان"ترحیل"

چوارەم: نەبوونی ئازادی"عدم الحریة"

پێنجەم: ئەنفال وزیندانیکردن وجینۆساید ئەنفال کەبەهەشت قۆناغدا تێپەری، پڕۆسەی یەکەمی ئەنفال له ۲۱ شوباتی ۱۹٨٨ دەست پێدەکات ودوو ڕۆژ پێش نەورۆزی هەمان ساڵ قۆناغی هەشتەمی ئەنفال کۆتایی دێت.

شەشەم: کیمیابارانی هەڵەبجە وناوچەکانی سێوسێنان وقەرداغ وبالیسان هتد...

هۆکارەکانی سەرکەوتنی ڕاپەرینەکە یەکەم: جێ دەست و وجودی ئەندازیاری ڕاپەرین نەوشێروان مستەفا ئەمین وجێبەجێکردنی نەخشە وپیلانی ڕاپەرینەکە لەلایەن خەڵک وپێشمەرگە وجەماوەرەوە.

دووەم: تێکشکانی سوپای عێراق دوای جەنگی کەنداو، سوپای عێراق لەڕووی تەکنیکی سەربازی ولۆجیستی ومەعنەویشەوە توشی تێشکانی جەنگ وداتەپینی ورەی سەبازەکانی بوبویەوە، دوای شەڕی کوێت وداگیرکردن وکشانەوەی سوپای عێراق پاش فشاری دەوڵەتانی زلهێزی جیهان ولێدانی هاوپەیمانان لەسوپا تێشکاوەکەی عێراق.

سێیەم: ورەی پۆڵاینی پێشمەرگەو ولێهاتوویی شانە چەکدارەکانی ناوشار وپەیوەندی بەهێزی نێوان ڕێکخستنەکانی شار وشاخ.

چوارەم: کاریگەری ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، لەسەر جۆشدانی خەڵک وجەماوەر وپێشمەرگە.

پێنجەم: تەوقیتی ڕاپەرینەکە گرنگ بوو، چونکە سەرکردایەتی کورد بەوریاییەوە مامەڵەی کردووە لەگەڵ ڕوداوەکان، نەکشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لەکوەیت ئەگەر هەیە هاوپەیمانان زەنگی هێرشی زەمینی وئاسمانی بەڕووی سوپای عێراقدا لێبدەن، هەرئەوەشە ئەندازیاری ڕاپەرین نەوشیروان مستەفا لەنامەیەکا بۆسەرکردایەتی کورد دەنوسێت: " كە ئەبێت نیشتمانەكەی خۆمان رزگار بكەین‌و نابێت بەهیچ جۆرێکیش بهێڵین مەسەلەی كورد ببێتە بەشێك لە موئامەرەی نێودەوڵەتی، جگەلەوەش نابێت ڕێگە بدەین كەداوا ڕەواکانی گەلی كورد بکرێن بەدەسكەلای سیاسەتی دەوڵەتانی ئیقلیم وهاوپەیمانان، بۆیە پێویست دەکات سەربەخۆیی‌ خۆمان و هاوسەنگی خۆمان بەدادپەروەری لەو موعادەلەیە بپارێزین"

شەشەم: ئامانجی سیاسی گەورەی وەک سەربەخۆیی...

هۆکاری گەورەی شکستی ڕاپەڕین چی بوو؟

لە پاش شکستی گەورەی "سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووریی" ڕژێمی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت لە ۲ ـ ٨ ـ ۱۹۹۰، هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق بە تایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت، کە لەبەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکارە ڕاپەڕین و کۆتایی بە داگیرکاری دەیان ساڵەی ئەو ڕژێمە بهێنن....

بەڵام بۆچی سەرکەوتنی ڕاپەرین لەپڕێکدا بەشکست کۆتایی دێت؟

لەبەر ئەوەی تەوقیتی تەواوی سەرهەڵدان وناڕەزاییەکانی گەلی عێراق چ ئەوەی لەکوری عێراق چ ئەوانەشی لەناوەڕاست بوو هاوکاتی دەنگدانەوەی ناڕەزایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وهاوپەیمانان بوو بەرانبەر عێراق تەنها هۆکار داگیرکاری کوێت بوو لەلایەن عێراقەوە نەوەک ڕوخاندن وکەوتنی ڕژێمی سەدام حوسێن بووبێت، ئەوەبوو کە "جۆرج بوشی" باوک بەئاشکرا ڕایگەیاند کەوا ئامانجی ئێمە بریتی نیە لەڕوخاندنی بەعس وکۆتایی پێهێنانی، بەڵکو تاکە ئامانجی ئێمه ڕزگاردنەوەی کوێتە وکشانەوەی سوپای عێراقە لەو وڵاتە، ڕژێمی عێراق لەوە تێگەیشت کەوەک ئەوە وایە گڵوپی سەوزی بۆهەڵکرابێت لەسەرکوتکردن ودامرکاندنەوەی تەواوی سەرهەڵدانەکانی گەلی عێراق باکوریشەوە

،،

ئیتر دوای ئەوە عێراق لەڕێگەی بەکارهێنانی هێڵی ئاسمانیشەوە توانی کۆتایی بەو ڕاپەرین وسەرهەڵدان وناڕەزاییانە بهێنێت

یەکێکی تریش لەهۆکارەکانی شکستەکە نەبوونی هەماهەنگی بوو لەخوارووی عێراق ناوەڕاست وباکور، هەرچی پەیوەستیشە بەسەرهەڵدان وتەقینەوەی جەماوەری وڕاپەرینی کوردەکانەوە بەشێک لە هۆکاری شکستەکە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کەهەندێک لەسەرکردایەتی کورد بەتایبەت مەسعود بارزانی لەوبڕوایەدا نەبوو کورد بتوانێت لەڕێی ڕاپەرینەوە بتوانێت ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت لەبەرانبەر ڕژێمی عێراق، چونکە ئەوکاتەی نەوشیروان مستەفا لەنامەیەکدا داوای لێدەکات بۆئامادەکاری وخۆکۆکردنەوە وهێز کۆکردنەوە، لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی بڕوای پێنابێت بۆیە ناتوانێت هێز کۆبکاتەوە، تەنانەت لە ڕۆژی ۱۰ ئازار کاتێک هەریەک لە نەوشیروان مستەفا ومسعود بارزانی لەسۆران لەکۆمەڵگەی گەڵاڵە لەسەر دیواری حەوشەی ماڵەکەی مام عێزەت، وتارێک پێشکەش دەکەن سەبارەت بەو دەسکەوتە گەورەیە، بارزانی لەسەرەتای وتارەکەیدا باس لەوەدەکات ئەوەی ئێستا دەیبینین خەونە ونایشارێتەوە کەوا لەو بڕوایەدا نەبووە ڕۆژێک لەڕۆژان بەڕاپەرین خەونەکانمان بێتەدی، ئیتر دوای ئەوە نەوشێروان مستەفا وتارێک پێشکەش دەکات وڕودەکاتە خەڵکەکە ودەڵێت: نا بەعەکسەوە ئەوەی کەئێستا دەیبینین هیچ خەون نیە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کەلەوەو پێش کارمان بۆیکردوە وبەرنامەکاریمان بۆی کردووە، لەکۆتایشدا ڕایدەگەیەنێت کەوا نابێت بەم جۆرە بیربکەینەوە چونکە هێشتاش کاری گەرەترمان لەپێش ماوە دەبێت ئەنجامی بدەین.

دیارە کەنەوشیروان مستەفا مەبەستی ئازادکردنی هەموو کوردستان بووە، لەسەروو هەمووشیەوە کەرکوک، ئەوەبوو بۆ ۲۱ ئادار ئاگری نەورۆز لەکەرکوک هەڵکرا وئەوێش ئازادکرا... لەنامەیەکیشا بەبۆنەی ڕاپەڕین وئازادکردنی کەرکوکەوە نەوشیروان مستەفا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنە ئاراستەی گەلی کورد دەکات، لەبەشی کۆتایی نامەکەدا دەڵێت ؛ "بەم بۆنەیەوە کەڕۆژێکی مێژویی وتاجی سەرکەوتنی کردە سەری ڕاپەرینی گەلی کورد لەعێراق، داوا لەمیلەتەکەمان دەکەین کە بەیەکگرتن ویەکێتی ڕیزەکانی بەوریایی و هوشیاری پارێزگاری ئەم دەسکەوتە بکات" ئەمڕۆ بیست ونۆ ساڵی ڕێک تێدەپەرێت بەسەر ساڵیادی ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری نەوەد ویەکدا، بەڵام تا ئێستاش حکومڕانیەتی خۆماڵی کوردی لەئاست داخوازی وئامانجە نیشتمانیە گەورەکانی هاوڵاتیاندا نەبووە، کەبەرهەمی ڕەنج وخەباتی ئەنفال وکیماباران وجینۆساید وشەهیدبونی سەدان فەرماندە ودەیان هەزار پێشمەرگەی قارەمان بوو.