نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی دەربارەی لێخۆشبوون لە جاش و مستەشارەکان چیان بە یەکتر وت؟

نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی دەربارەی لێخۆشبوون لە جاش و مستەشارەکان چیان بە یەکتر وت؟

2948 خوێندراوەتەوە

ساڵێک بەر لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱، نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەبارەت بە دەرئەنجامی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوەو ئەگەری ئەنجامدانی ڕاپەڕین سازیان دابوو، دەربارەی مامەڵەی " بەرەی کوردستانی" لەگەڵ جاش و مستەشارەکاندا لە شاری کرماشان گفتوگۆ دەکەن. "

بەرەی کوردستانی" لەو کاتەدا لە هەشت حیزبی باشووری کوردستان پێکھاتبوو، " یەکێتی نیشتمانی کوردستان ــ پارتی دیموکراتی کوردستانــ حسک ، پاسۆک ــ پارتی گەل ــ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ــ حیزبی شیوعی کوردستان ــ عێراق ــ بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری" لە ڕۆژی ٢ی ئایار ساڵى ١٩٨٨ راگەیەندراو مەبەست لە پێکھێنانی " بەرەی کوردستانی" گرێدانی کارو خەباتی ئەو حیزبانە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس.

مەحمود سەنگاوی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا، باس لەوە دەکات کە ڕۆژی ۱٥ ــ ۲ ــ ۱۹۹۰ لە بارەگای بەتالیۆن لە پاوە بووە کە " دانای ئەحمەد مەجید" نوێنەری یەکێتی لە کرماشان تەلەفۆنی بۆ کردووەو کاتێک چووەتە سەر تەلەفۆن نەوشیروان مستەفا قسەی لەگەڵ کردووەو داوایلێکردووە کە بەخێرایی بچێت بۆ کرماشان.

وەکو مەحمود سەنگاوی لە بیرەوەرییەکانیدا باسیکردووە، کاتێک چووەتە کرماشان بۆ لای، نەوشیروان مستەفا داوایلێکردووە کە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین داببەزێت بۆ گەرمیان و ڕێنووێنیشی کردووە کە چۆن پەیوەندی بە دەستەکانەوە بکەن و خەڵک بۆ ڕاپەڕین ساز بکەن.

مەحمود سەنگاوی دەڵێت:" کاتێک کاک نەوشیروان قسەی بۆ دەکردم، پێشمەرگەکان وتیان کاک نەوشیروان کاک مەسعود بارزانی هات، کاک نەوشیروان چووە پیریەوەو پێشوازی لێکردن، چەند کەسێکیتری لەگەڵدا بوو، یەکێکیان عومەر ئاغای دۆڵەمەڕی بوو".

وەکو ئەو باسیدەکات نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی کەوتوونەتە گفتوگۆو لە میانی قسەکانیاندا باسیان لە مامەڵەکردنی بەرەی کوردستانی لەگەڵ جاش و مستەشارەکاندا کردووەو نەوشیروان مستەفا وتوویەتی:" ئێمە ئەبێت وەفامان هەبێت بۆ لێبوردنەکەی خۆمان و ڕێگە نەدەین کەس تاوانبارەکان بکوژێت، ئەگەر ئەوانە عەفو نەکەین

،،

ئەبێ بچن لە خوارووی عێراق بژین و پاش قەڕنێکیتر نەوەکانیان ئاوارەی کورد ئەبن، ئەگەر ئێستا عەفویان بکەین، نایەڵین جارێکیتر میللەتەکەمان ئاوارەی هەبێ".

مەحمود سەنگاوی باسلەوە دەکات کە لە بەرانبەر بۆچوونەکەی نەوشیروان مستەفادا، مەسعود بارزانی وتوویەتی:" من ڕام وا نییە، بە ڕای من ئەم جاشانە هەرچی ماڵیان کۆکردووەتەوە لەسەر خوێنی میللەت و خوێنی شەهیدو عارەقی پێشمەرگە کۆیان کردووەتەوەو ئەبێت هەموو ماڵ و سەروەتەکەیان لێوەربگرینەوەو بیدەینە ئەو پێشمەرگە تێکۆشەرانەی چەند سالێکە عەزیەتیان ئەبێت".

مەحمود سەنگای دەڵێت، ئەوە یەکەمجاری بووە کە مەسعود بارزانی دیوەو لە قسەکانیشیدا ناواقیعی بینیووە:" ئەو داوای سزادانی جاشی دەکرد، کەچی هەندێک زانیاریمان لایە کە زۆربەی جاشە دڕندەکانی کوردستان لە لایەن پارتییەوە ئاڕاستە ئەکران، من وای بۆ دەچووم ئەگەر یەکێتی داوای سزای خۆفرۆشانی بکردایە ئەوان پێیان لەسەر لێبووردن دا ئەگرت".