شۆڕشی ئه‌یلوولی ته‌مه‌ن ۱٤ ساڵ بە ۱٤ ڕۆژ هه‌ره‌سی هێنا

شا تۆڵەی بەیاننامەی ۱۱ی ئازاری لە بارزانی کردەوە

شۆڕشی ئه‌یلوولی ته‌مه‌ن ۱٤ ساڵ بە ۱٤ ڕۆژ هه‌ره‌سی هێنا

390 خوێندراوەتەوە

‏ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر له‌ ڕۆژی هه‌ینی 6ی ئازاری 1975 له‌ شاری جه‌زائیری پایته‌ختی وڵاتی جه‌زائیر له‌ نێوان محه‌مه‌د ڕه‌زا په‌هله‌وی شای ئێران و سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق و به‌ ناوبژیوانیی هه‌واری بۆمیدیه‌ن سه‌رۆك كۆماری جه‌زائیر واژۆ كرا. ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ خۆی ناوی (معاهدة الحدود الدولیة و حسن الجوار بین العراق و ایران)ـه‌، به‌ڵام دوایی به‌ناوی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری 1975 ناسرا.

ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌قێكی زۆر كورت و پوخته‌ و جگه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك و پاشه‌كییه‌كی كورت كه‌ ستایش و سوپاسی هه‌واری بۆمیدیه‌ن و بانگهێشتنامه‌ی سه‌رانی هه‌ردوو وڵاته‌ بۆ وڵاتانی یه‌كتر، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ته‌نیا چوار خاڵه‌ و زۆر به‌ كورتی نووسراوه‌ و ناوی كوردیشی تێدا نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ناڕاسته‌وخۆ به‌ ده‌سته‌واژه‌ی تێكده‌ر و پاراستنی ئاسایش و سنووربه‌زاندن و...تد ئاماژه‌ به‌ شۆرشی كوردستان و حزبه‌ ئۆپزیسیۆنه‌كانیان كراوه‌.

هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بوو كه‌ دواتر سێ پرۆتۆكۆل و ڕێكه‌وتنی ئاسایش و سنووری ئاویی و وشكانیی و چوار ڕێككه‌وتننامه‌ی دیكه‌ی به‌دواداهات. ‏ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر ئه‌نجامی ناكۆكیی و ململانێی دووردورێژی عێراق و ئێران بوو، كه‌ درێژكراوه‌ی هه‌ردوو ئیمپراتۆریی عوسمانیی و سه‌فه‌وه‌ییه‌كان بوو پاشتر به‌ میرات بۆ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ مابووه‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌شێكی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ش هۆكاره‌كه‌ی شۆڕشی كوردستان بوو. ‏پاش هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلوول، ئێران ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێگه‌ی كوردێكی به‌رپرسی ده‌زگای (ساواك) به‌ ناوی سه‌رهه‌نگ (عیسا په‌ژمان) په‌یوه‌ندییان دروست كرد و په‌ژمان بووه‌ لینكی نێوان ئێران و شۆڕش و تا كاتی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌و له‌سه‌ر كاری خۆی به‌رده‌وام بوو.

ئێران به‌ مادی و چه‌كی دژه‌ تانك و دژه‌ فڕۆكه‌ و تۆپی گه‌وره‌ و بچووك و چه‌كی ڕه‌شاش و سووك و فیشه‌ك و مه‌شق و ڕاهێنان و ته‌نانه‌ت زانیاریی و زۆر شتی تریش هاوكاریی شۆڕشی كرد. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه‌ عێراق ملكه‌چ بكات و بۆ ئێران بێته‌ سه‌ر چۆك. كه‌ له‌ كۆتایی كردیشی. ‏ئه‌ڵبه‌ت له‌سه‌رتاوه‌ شا قایل نه‌بوو هاوكاریی بارزانی بكات چونكه‌ له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستانه‌وه‌ بارزانی به‌ تاوانی كوشتنی سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی ئێرانی سزای له‌سێداره‌دانی هه‌بوو.

به‌ڵام عیسا په‌ژمان كه‌ كوردێكی شاپه‌رست بوو توانی شا قایل بكات و وتی هه‌ندێ پاره‌ی كه‌م و چه‌كی كۆنه‌ی عه‌مباره‌كانیان پێده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر به‌كه‌ڵكمان هاتن زیادی ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر نا ئێمه‌ زیانێك ناكه‌ین. ‏به‌ڵام ساڵی 1970 كه‌ بارزانی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازاری له‌گه‌ڵ عێراق مۆر كرد و شۆڕشی كوردستان گه‌یشته‌ چڵه‌پۆپه‌ی سه‌ركه‌وتن پرسیان به‌ شا و ئێرانییه‌كان نه‌كرد و ساواكییه‌كان هه‌وڵیان دا بارزانی له‌ ڕێككه‌وتن سارد بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌گوێی نه‌كردن و كاری خۆی ته‌واو كرد.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ شای ته‌واو تووڕه‌ و بێزار كرد و بڕیاری دا تۆڵه‌ له‌ بارزانی بكاته‌وه‌. ‏له‌ملایشه‌وه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی عێراق و شۆڕش هه‌ر ده‌ڵه‌مه‌ بوو و نه‌مه‌یی. بۆیه‌ بارزانی و شۆڕش كه‌وتنه‌ نێوان دوو دوژمن و هه‌ردووكیان خاڵی هاوبه‌شیان له‌ پشتشكاندنی شۆڕشدا بینییه‌وه‌. ‏سه‌دام حسێن كه‌ به‌ ناو جێگری سه‌رۆك كۆمار بوو، به‌ڵام له‌ڕاستییدا ده‌سه‌ڵاتدار خۆی بوو

،،

كه‌وته‌ بیری ئه‌وه‌ی چۆن خۆی له‌و به‌ڵێن و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی 11ی ئازار بدزێته‌وه‌ و شۆڕشیش تێك بشكێنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كه‌وته‌ پرسوڕاكردن به‌ دۆستانی خۆی.

موحسین دزه‌یی كه‌سایه‌تی زۆر نزیك له‌ بارزانی كه‌ ماوه‌یه‌ك وه‌زیر و ماوه‌یه‌كیش باڵیۆزی عێراق بوو له‌ پراگ له‌سه‌ر پشكی شۆرش، ده‌ڵێت: یه‌كه‌م كه‌س كه‌ سه‌دام ڕاوێژی پێكرد سه‌رۆكی یۆگسلاڤیا (جۆزیف بروس تیتۆ) بوو. تیتۆ سیاسه‌توانێكی خاوه‌ن ئه‌زموون و ماینڕه‌و و لێزان بوو. تیتۆ ئامۆژگاری سه‌دامی كرد كه‌ هه‌واری بۆمیدیه‌نی سه‌رۆكی جه‌زائیر و به‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ بگه‌نه‌ ئه‌مریكا و له‌گه‌ڵ شادا ئاشت ببنه‌وه‌ تا ڕێگه‌ له‌ شۆڕشی كورد بگرن.

شا و بارزانی و دیدارێكی بێئاكام ‏پاش ڕێككه‌وتنه‌كه‌، ڕۆژی 11/3/1975 بارزانی به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێك و ئه‌ندامێتی دكتۆر مه‌حموود عوسمان و دكتۆر شه‌فیق قه‌زاز و موحسین دزه‌یی له‌ كۆشكی نیاوه‌ران له‌ تاران سه‌ردانی شای ئێرانی كرد. له‌و دیاره‌دا جه‌نه‌راڵ نه‌سیری سه‌رۆكی ساواك و ئه‌سه‌دوڵای عه‌له‌م وه‌زیری ده‌رباری شا ئاماده‌بوون.

‏نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌رباره‌ی ئه‌و دیداره‌ ده‌ڵێت: 12ی مارت بارزانی له‌گه‌ڵ د.مه‌حمود و موحسین دزه‌یی بران بۆ دیده‌نی شا. له‌م دیداره‌دا سه‌رۆكی ساواك جه‌نه‌ڕاڵ نه‌سیری ئاماده‌بوو. پاش ئه‌وه‌ی بارزانی ده‌ستی شا ماچ ده‌كات، شا ڕێگای دانیشتنیان ئه‌دا و ده‌ست ئه‌كات به‌ قسه‌ و ده‌ڵێ: ئێمه‌ توانیمان ناكۆییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ عێراق كه‌ 42 ساڵه‌ نه‌مانتوانی بوو لابه‌لا بكه‌ین به‌جۆرێ به‌لادا بخه‌ین كه‌ ئێمه‌ ده‌مانویست.

ئێوه‌ش خۆتان ئازادن له‌وه‌دا چی ئه‌كه‌ن: ‏ـ دێنه‌ ئێران وڵاتی خۆتانه‌ و وه‌كو هاوڵاتی ئێرانی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین. ‏ـ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق به‌ڵێنم له‌ سه‌دام وه‌رگرتووه‌ كه‌ستان نه‌كوژێ. ‏ـ درێژه‌ به‌ شه‌ڕ ئه‌ده‌ن ئاره‌زووی خۆتانه‌، به‌ڵام من ئیتر سنوور له‌ یارمه‌تیدانی جه‌نگیی دائه‌خه‌م.

‏موحسین ده‌زه‌ییش ده‌ڵێت: سه‌عات 10ی به‌یانی 11ی ئازار بارزانی و وه‌فده‌كه‌ی كه‌ بریتیبوون له‌ دكتۆر مه‌حموود عوسمان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و دكتۆر شه‌فیق قه‌زاز نوێنه‌ری پارتی له‌ تاران و موحسین دزه‌یی سه‌ردانی شای ئێرانی كرد له‌ كۆشكی نیاوه‌ران.

‏دوای ماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانیی شا به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ و سڵاوی له‌ ئاماده‌بووان كرد. ئینجا وتی: ئێوه‌ سێ ڕێگه‌تان له‌پێشه‌:

یه‌كه‌م: عێراق له‌سه‌ر داواكاریی من لێبوردنی گشتیی بۆ هه‌مووان ده‌ركردووه‌ و ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

دووه‌م: له‌ ئێران بمێننه‌وه‌ و ببنه‌ په‌نابه‌ر.

سێیه‌م: ده‌توانن شه‌ڕ بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ یارمه‌تییه‌كتان ناده‌ین و له‌كۆتایی مانگی ئاداردا سنوور داده‌خه‌ین.

بارزانی وتی دوو رۆژ به‌رله‌ئێستا موحسینم ناردووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ مكوڕن كه‌ له‌شه‌ڕ به‌رده‌وام بن. ‏دكتۆر مه‌حموودیش وتی چۆن وه‌ڵامی میلله‌ته‌كه‌مان بده‌ینه‌وه‌ و ئاخۆ چیمان پێ ده‌ڵێن؟ شا به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ وتی: پێتان ده‌ڵێن سه‌ركرده‌كانمان به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ مافه‌كانیان بزر كردین. ‏منیش وتم: ئه‌گه‌ر شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت ئێران ڕێگه‌ ده‌دات په‌نابه‌ران و خێزانه‌كانیان لێره‌ بمێننه‌وه‌؟ ‏شا وتی: به‌ڵێ. ‏بارزانی ڕووی قسه‌ی كرده‌ شا و وتی: به‌ڕاستگۆیی ده‌ستمان خسته‌ ناو ده‌ستی ئێوه‌ نه‌ك ده‌ستمان ببڕن.

له‌وكاته‌دا شا هه‌ستایه‌ سه‌رپێ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كۆتایی دیداره‌كه‌. هه‌موو دیداره‌كه‌ نیو سه‌عاتی خایاند و هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌. ‏چه‌نده‌ باس له‌باره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانی كرا و ده‌كرێت، هێنده‌ش باسی كۆتا دیداری شانده‌كه‌ی شۆڕش و محه‌مه‌د ڕه‌زاشا ده‌كرێت، چونكه‌ چاره‌نووسی شۆڕش له‌وێ و به‌ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌كو چرایه‌ك كوژێنرایه‌وه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا و ئه‌یوب بارزانی كه‌ ئامۆزای مه‌سعوود بارزانییه‌ و هه‌روه‌ها دكتۆر مه‌حموود عوسمانیش كه‌ ئه‌وكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و ئه‌ندام ئه‌و وه‌فده‌ش بووه‌ كه‌ دیداری شایان ئه‌نجام داوه‌ هه‌ردووكیان ده‌ڵێن: مه‌لا مسته‌فا وتبووی: ئێمه‌ میلله‌تی تۆین. مادام تۆ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ڕازیت و قازانجی ئێرانی تێدایه‌ كه‌ دایكی ئێمه‌شه‌، ئێمه‌ش هیچمان له‌سه‌ری نییه‌. ئێمه‌ له‌ژێر فه‌رمانی ئێوه‌داین، بڵێ بمرن ئه‌مرین، بڵێ بژین ئه‌ژین. ئێمه‌ دڵسۆزی ئێوه‌ بووین و دڵسۆزی ئێوه‌ین و دڵسۆزی ئێوه‌ ئه‌مێنینه‌وه‌.

‏ ئه‌م قسه‌یه‌ كه‌سێك ده‌یگێڕێته‌وه‌ له‌ دۆسته‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی بارزانی و جێی متمانه‌ی زۆری بووه‌ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی و ئامه‌ده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بووه‌ و بۆخۆی شاهیدحاڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه‌. ‏ڕه‌نگه‌ بارزانی و هاوڕێكانی به‌و شێوازه‌ خۆیان بچووك نه‌كردایه‌ته‌وه‌ و قسه‌ی سووریان بكردبا شا هێنده‌ پێداگر نه‌ده‌بوو كه‌ هانیان بدات ئاشبه‌تاڵی لێبكه‌ن. چونكه‌ پێش چوونی بارزانی شا ده‌روونی ته‌واو تێكچووه‌ و شه‌رمه‌زارانه‌ چاوی پێی كه‌وتووه‌. ئه‌وه‌تا ئه‌سه‌دوڵای عه‌له‌م كه‌ پێشتر سه‌رۆك وه‌زیران و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا وه‌زیری ده‌ربار بوو، یه‌كێبوو له‌كه‌سه‌ زۆر نزیكه‌كانی شا و رۆژانه‌ پێكه‌وه‌ گفتوۆگیان ده‌كرد و گفتوگۆكانی هه‌موو له‌ كتێبێكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

عه‌له‌م ڕۆژێك پاش دیداری بارزانی و شا كه‌ خۆیشی ئاماده‌بووه‌، له‌ 12ی ئازار نووسوێتی: دوێنێ شا له‌كاتی پێشوازیی له‌ ڕێبه‌ری كورده‌كان مسته‌فا بارزانی له‌ ڕووی ڕۆحییه‌وه‌ ئاسایی نه‌بوو، هه‌ستی به‌ ئیحراجی و شه‌رمه‌زاریی ده‌كرد. ‏شای ئێران له‌م دیداره‌دا دووجار تۆڵه‌ی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری له‌ بارزانی كرده‌وه‌. جاری یه‌كه‌م بارزانی له‌ 26ی شوباته‌وه‌ بانگكرده‌ تاران و خۆی ڕۆیشت بۆ جه‌زائیر و ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی مۆر كرد و هاته‌وه‌ هێشتا ئه‌و هه‌ر چاوه‌ڕێی دیدار بوو. دوووه‌م: دیداره‌كه‌ی خسته‌ ڕۆژی 11ی ئازار.

مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێت: له‌سه‌ر داوای شا، بارزانی بانگهێشتی ئێران كرابوو، له‌ 26ی شوباتی 1975 به‌ یاوه‌ری مه‌حموود عوسمان و موحسین دزه‌یی به‌ره‌و ئێران چوو، به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ شا ویستوویه‌تی به‌هۆی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌عس له‌ئازاری 1970 تۆڵه‌ له‌ بارزانی بكاته‌وه‌، به‌ده‌رفه‌تی زانی بارزانی له‌ تاران بێت و ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت، شا له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانی به‌ سه‌رۆكی ئه‌ركان (سه‌رتیپ زه‌هاوی) كرد ده‌سته‌ی تۆپخانه‌ و بنكه‌كانی موشه‌كی له‌ كوردستان بكێشێته‌وه‌، ئه‌و كارانه‌ به‌بێ ئاگاداری ئێمه‌ كرا، بروسكه‌مان بۆ شه‌فیق قه‌زازی نوێنه‌ری خۆمان له‌ تاران نارد.

‏موحسین ده‌زه‌یی ده‌ڵێت: ئێواره‌ی ڕۆژی 10ی ئازار جه‌نه‌ڕاڵ نه‌سیری سه‌ردانی بارزانیی كرد و وتی به‌یانی واته‌ رۆژی 11ی ئازار شا پێشوازیی ده‌كات. لێره‌دا دڵڕه‌شی و ڕق و كینه‌ی ڕه‌شی شا له‌ شۆڕشی كورد به‌ گشتیی و كه‌سێتی بارزانی به‌ تایبه‌تی به‌دیاركه‌وت، به‌ ئه‌نقه‌ست 11 ئازاری بۆ پێشوازیكردنه‌كه‌ ده‌ستنیشان كردبوو وه‌كو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ شۆڕش، چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ یادی مۆركردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئادار بوو.

‏ئه‌و هاوكارییانه‌شی كه‌ ئێران دابینی ده‌كرد زۆرینه‌ی له‌ژێرده‌ستی خۆیدا بوو. بۆ نموونه‌ له‌ وتارێكی ڕۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ره‌نسییدا هاتووه‌ كه‌:

،،

ئێران هه‌رگیز نه‌یهێشتووه‌ كورده‌كان له‌به‌شی سێ ڕۆژ زیاتر ته‌قه‌مه‌نییان له‌به‌رده‌ستدابێت

كۆمه‌كی سوپای ئێران بۆ له‌شكری كورد زۆر به‌قورسی خرابووه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌. ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ شۆڕش هه‌موو هێلكه‌كانی خۆی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی شاوه‌ بۆیه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك كۆتایی به‌و شۆڕشه‌ 14ساڵییه‌ هێنرا.

ئایا سه‌ركردایه‌تی ئه‌وكاتی كورد ئاگاداری ئه‌و پیلانه‌ نه‌بوون؟ ‏ڕێككه‌وتن و ئاشتبوونه‌ی دوو وڵاتی نه‌یار و دژ به‌یه‌ك شتێك نییه‌ به‌ هه‌فته‌ و دوو هه‌فته‌ ئه‌نجام درابێت. حه‌تمه‌ن پێشنه‌ی زیاتری هه‌یه‌ و جموجووڵی زۆری كاربه‌ده‌ستانی عێراق و ئێرانی پێوه‌ دیار بووه‌ و ته‌نانه‌ت باڵیۆزه‌كه‌ی عێراق له‌ پراگ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشه‌ (موحسین دزه‌یی) هه‌ستی به‌و جموجووڵانه‌ كردبوو، سه‌ركردایه‌تییشی لێ ئاگادار كردبوو. ‏كاتێك شا چاوی به‌ ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی میسر ده‌كه‌وێت و ئه‌و هه‌وڵه‌ی عێراق و ئێران ده‌بیستێت. خودی بارزانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

كریس كۆچیرا له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: له‌ 20/2/1975 سه‌فیری میسر له‌ به‌یرووت به‌ نوێنه‌ری بارزانی ڕاگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك سادات حه‌ز ده‌كات نوێنه‌ری جه‌نه‌ڕاڵ بارزانی ببینێت.

دوای 48 سه‌عات سامی له‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ تاران ڕۆیی و له‌وێشه‌وه‌ بۆ قاهیره‌. له‌ 28ی شوبات سامی چاوی به‌ سادات كه‌وت و دواتریش محه‌مه‌د حه‌سه‌نه‌ین هه‌یكه‌لی بینی. سه‌رۆك سادات به‌ سامی وت: له‌ جه‌زائیر ڕێكه‌وتنێك له‌نێوان عێراق و ئێران ده‌كرێت و ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كوردیشه‌وه‌ هه‌یه‌. ‏ته‌نانه‌ت هه‌یكه‌ل كه‌ چاودێرێكی سیاسیی دیار و پیاوێكی به‌ئاگایه‌ و سه‌رۆكه‌كان حساب بۆ خوێندنه‌وه‌ و لێدوانه‌كانی ده‌كه‌ن. به‌ سامی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر عێراق و ئێران ڕێككه‌وتن ئه‌وكات ئێوه‌ چی ده‌كه‌ن؟ ‏هه‌روه‌ها له‌مانه‌ش ڕوونتر ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌دام حسێنه‌ كه‌ زۆر ڕاشكاوانه‌ به‌ ئیدریس بارزانییدا بۆ مه‌لا مسته‌فای ناردبوو.

سه‌دام له‌دوا دیداری وه‌فدی شۆڕش و میریییدا به‌ ئیدرس بارزانی وتبوو: به‌ باوكت بڵێ ناچارمان نه‌كات سازش بۆ شای ئێران بكه‌ین. ‏به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كرد له‌و قۆناغه‌دا هێنده‌ هۆشیار نه‌بوون هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ بكه‌ن و خۆیان بۆ پێشهاته‌كانی ئاماده‌ بكه‌ن. تا كتوپڕ كه‌وتنه‌ ناو ڕووداوه‌كانه‌ به‌خۆیان نه‌زانی. ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش واژۆ كرابوو و شایش گه‌ڕابووه‌وه‌ هێشتا سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی كورد كه‌ له‌ تاران بوون مقۆمقۆیان بوو كه‌ ئایا پیلان له‌ كورد كراوه‌ یان نا؟ موحسین دزه‌یی ده‌ڵێت من ده‌مگوت: مه‌ترسی له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ و هاوڕێكانم نكوڵییان ده‌كرد. ئه‌وه‌نده‌ بێتاقه‌ت بووم ئه‌و شه‌وه‌ خه‌وم لێنه‌كه‌وت. بۆ ڕۆژی دوایی چوومه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی بارزانی بینیم نیگه‌رانی به‌ ده‌موچاوی هه‌موویانه‌وه‌ دیاره‌.

له‌پڕ نوێنه‌ری شۆڕش له‌ تاران (دكتۆر شه‌فیق قه‌زاز) وه‌ژوور كه‌وت و بروسكه‌یه‌كی له‌ برایان ئیدریس و مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی هێنابوو، ناوه‌رۆكی بروسكه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ سه‌رجه‌م چه‌كه‌ پاڵپشته‌كان و هۆكاری به‌رگریی زه‌وی و ئاسمانیی حكومه‌تی ئێران به‌شه‌و كشاونه‌ته‌وه‌ و ته‌گبیری خۆپاراستن و به‌رگرییان كردووه‌ و ئێمه‌شیان ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

ئینجا زانیمان پیلانه‌كه‌ راسته‌. ‏شۆڕشی چوارده‌ساڵه‌ی ئه‌یلوول به‌ چوارده‌ڕۆژ هه‌ره‌سی پێهێنرا ‏سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كان جیاوازییان هه‌بوو له‌وه‌ی ئایا هه‌ره‌س به‌ شۆڕش بێنن و بچنه‌وه‌ ماڵی خۆیان، یان درێژه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشان بده‌ن. له‌سه‌ره‌تاوه‌ مه‌لا مسته‌فاش دوودڵ بووه‌، له‌ لای شا وتوویه‌تی تۆ چی ده‌ڵێی ئێمه‌ وا ده‌كه‌ین.

له‌ملایشه‌وه‌ كه‌ ده‌یبسیته‌وه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كان به‌تایبه‌تی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی (جه‌لالییه‌ كۆنه‌كان) ده‌یانویست درێژه‌ به‌ خه‌بات بده‌ن. له‌سه‌رێكه‌وه‌ ده‌ترسا شۆڕش بمێنێته‌وه‌ و له‌ده‌ستی ئه‌و و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌ربچێت. له‌سه‌رێكیشه‌وه‌ گومانی هه‌بوو به‌ درێژه‌دان به‌ شۆڕش یه‌كه‌م ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ و هێرش بۆ سه‌ر خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێت. بۆیه‌ چه‌ند ڕۆژێك شه‌نوكه‌وی بارودۆخه‌كه‌یان كرد. له‌ولایشه‌وه‌ شا دوا مۆڵه‌تی پێ وتبوو كه‌ كۆتایی مانگی ئازاره‌. ‏نازاناز محه‌مه‌د مه‌لا قادر كه‌ باوكی ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتییه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ‏بارزانی به‌ر له‌ دیداری له‌گه‌ڵ شا و پاش ئه‌و ئه‌و دیداره‌ش تا 19/3/1975 بڕیاری به‌رده‌وامیدانی به‌شۆڕش دابوو.

به‌ڵام دوای ئه‌م ڕیككه‌وته‌ له‌ژێر كۆمه‌ڵێ هه‌ڕه‌شه‌ی جدی بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش له‌لایه‌ن ڕژێمی ئێرانه‌وه‌، فه‌رمانی كۆتایی شۆڕشی ده‌ركرد. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ شا ده‌رفه‌تی دابوو به‌ سوپای عێراقی بچنه‌ ناوه‌وه‌ی خاكی ئێران و پێشمه‌رگه‌ گه‌مارۆ بده‌ن. كه‌ بێگومان هه‌ڕه‌شه‌ی جدییش بوو له‌سه‌ر ژیانی بارزانی و سه‌رانی تری حزب. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بارزانی ته‌مه‌نی 72 ساڵ بوو و تووشی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ش بووبوو بۆیه‌ حه‌ماسه‌تی ساڵانی 1947ی نه‌بوو كه‌ سێ سنووری وڵاتانی دراوسێی بڕی و له‌ ئاوی ئاراس په‌ڕییه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت. ته‌مه‌ن و نه‌خۆشی ڕێگه‌یان لێ گرتبوو. ‏ئه‌مه‌ش به‌ دیاریكراوی دوو خاڵ ده‌كاته‌ هۆكاری هه‌ره‌س.

یه‌كه‌م: پیری و به‌ساڵاچوونی بارزانی.

دووه‌م: نه‌خۆشییه‌كه‌ی بارزانی، كه‌ دواتر به‌و نه‌خۆشییه‌ سه‌ری نایه‌وه‌.

‏نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت: 20ی مارت باره‌گای بارزانی بروسكه‌ی بۆ هه‌موو فه‌رمانده‌ی هێزه‌كان لێدابوو واز له‌ شه‌ڕ بهێنن. چه‌كه‌كان بشكێنن و ته‌قه‌مه‌نی و ده‌بوكانیان بته‌قیننه‌وه‌ و بچن بۆ ئێران. له‌وكاته‌وه‌ كادر و پێشمه‌رگه‌كانی پارتی له‌ ناڕه‌زاییدا ئه‌م بڕیاره‌یان ناو نا (ئاشبه‌تاڵ) و وه‌كو زاراوه‌یه‌كی سیاسی كه‌وته‌ سه‌ر زمانی خه‌ڵك و بڵاوبووه‌وه‌. ‏

محه‌مه‌دی مه‌لا قادریش كه‌ خۆی سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری پارتی بوو ده‌ڵێت: رۆژی بیستی ئازار بروسكه‌یه‌ك هات له‌ بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ ده‌ڵێت بڕیارمان دا به‌ كۆتاییهێنان به‌ شۆڕش. بروسكه‌كه‌م جارێكی تر خوێنده‌وه‌ كوڕێكم له‌گه‌ڵ بوو ناوی عه‌بدوڵا سواره‌بوو خزمم بوو، به‌رانبه‌رم ڕاوه‌ستابوو منیش پشتم دابوو به‌دارێكه‌وه‌ ته‌ماشای منی كرد تێكچووم و ئاسایی نیم، وتی: مامۆستا ئه‌وه‌ مه‌لا مسته‌فا شه‌هید بووه‌؟ گوتم نه‌خێر له‌ مه‌لا مسته‌فا گه‌وره‌تر، كوردستان، كوردستان شه‌هید بووه‌. ئیتر ده‌ستی كرد به‌ گریان.

‏به‌ڵام دكتۆر مه‌حموود عوسمان كه‌ زۆر ئاگاداری نهێنی و ورده‌كارییه‌كانی ناو شۆڕش و پارتیی و باره‌گای بارزانییه‌، پێی وایه‌ ده‌كرا شۆڕش به‌رده‌وام بێت و شۆڕش له‌ ڕووی مادی و سه‌ربازییه‌وه‌ دۆخی باش بووه‌. ئه‌و ده‌ڵێت: شۆڕش پاره‌یه‌كی زۆری هه‌بوو كه‌ به‌ بڕی (24) ملیۆن دیناری عێراقی ئه‌وكاته‌ ده‌خه‌مڵێنرا.

بێجگه‌ له‌ قازانجی فرۆشگاكانی شۆڕش. هه‌روه‌ها له‌ ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ لانی كه‌م (15) ملیۆن فیشه‌كی جۆراوجۆری تفه‌نگ و ڕه‌شاش و (500) هه‌زار گولله‌ تۆپی جۆراوجۆر و (60) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی هه‌میشه‌یی و زیاتر له‌ (40) هه‌زار هێزی به‌رگریی میللی چه‌كدار و ده‌یان جۆر ڕه‌شاش و و بازكا و تۆپی قورس و سووك و هاوه‌نی هه‌بوو. ‏شۆڕش ئه‌م تواناگه‌وره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ست بوو كه‌چی یه‌ك مانگیش درێژی پێ نه‌درا.

ته‌نانه‌ت عیسا په‌ژمان ده‌ڵێت ماوه‌یه‌ك به‌رله‌ شه‌ڕی 1974 62 ملیۆن دۆلار دراوه‌ته‌ ده‌ستی بارزانی. بۆیه‌ ناكرێت بڵین شۆڕش توانای دارایی لاواز بووه‌. به‌ڵام پاش هه‌ره‌س پاره‌كه‌یان له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ خسته‌ ناو حساباتی بنه‌ماڵه‌كه‌وه‌ و كه‌س نه‌یزانی چی به‌سه‌رهات. ‏به‌مشێوه‌یه‌ شۆڕشی كوردستان كه‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵ بوو (1961 ـ 1975) به‌ 14 ڕۆژ (6 ـ20ی ئازار) كۆتایی پێهێنرا و له‌ كۆتا ساته‌كانی ڕۆشتن بۆ ئێرانیش هه‌ندێك له‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی ناو به‌ندیخانه‌كانی شۆڕش، له‌ جیاتی لێخۆشبوون كوژران.

‏سه‌ره‌نجام به‌ بڕیاری تایبه‌تی بارزانی كوانووی شۆڕش كوژێنرایه‌وه‌ و به‌یه‌كجاری ئاشبه‌تاڵی لێكرا. له‌وكاته‌شه‌وه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ بووه‌ته‌ زاراوه‌یه‌كی باوی كوردستان. ‏موحسین دزه‌یی ده‌ڵێت: ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان تا ڕۆژی 21ی ئازار به‌رده‌وام بوو بۆ دواجار ئه‌و یاده‌ی كرده‌وه‌ و پاشان ته‌قێنرایه‌وه‌. ‏ڕۆژی 25ی ئازار، بارزانی كاك مه‌سعوود و دكتۆر مه‌حموود عوسمان و سامی عه‌بدوڕڕه‌حمان و دارا تۆفیقی له‌گه‌ڵ بوو. بارزانی نوێژی نیوه‌ڕۆی كرد و داوامان لێكرد واباشتره‌ ناوچه‌كه‌ جێبهێڵین و بچینه‌ ناو خاكی ئێرانه‌وه‌، سه‌عات دووی پاش نیوه‌ڕۆی 25/3/1975 هه‌موومان به‌دڵێكی ته‌نگ و خه‌مێكی قووڵه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتین.

‏ لێكه‌وته‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر ‏ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ بوو به‌ ئاگرێك و كوردستان و عێراق و ئێرانی سووتاند. بۆ كورد ماڵوێرانكه‌ر بوو، هه‌ره‌سی شۆڕش و خۆكوشتنی زۆر فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ و بێئومێدبوونی گه‌وره‌ و ڕاگواستن و چۆڵكردنی به‌شێكی زۆر له‌ گونده‌كانی سه‌رسنوور و زاڵبوونی به‌عس بسه‌ر كوردستانی لێ كه‌وته‌وه‌. به‌ڵام خاڵێكی زۆر ئیجابییش له‌و نسكۆیه‌ ئه‌وه‌بوو پرۆسه‌ی دیموكراسیی هێنایه‌ كوردستان و فره‌حزبی دروست بوو. حوكمی تاكه‌ حزب و یه‌ك بنه‌ماڵه‌یی به‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان به‌ یه‌كجاری كۆتایی هات.

‏بۆ عێراق و ئێرانیش هه‌ر زیان بوو، ئه‌وانیش لێی نه‌حه‌سانه‌وه‌ و دوای شكستی شای ئێران سه‌دام ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی دڕاند و وتی ئه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و كۆتایی پێهات. ئیتر شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران و وێرانكرانی كوردستان و كیمایی و ئه‌نفالكردن و سووتان و خاپووركردنی هه‌زاران گوند و چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و دواجار سه‌ری سه‌دامیش و شایشی خوارد.

‏ ‏بۆ ئه‌م راپۆرته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

‏1ـ گفتگوهای من با شاه: اسدالله علم. ‏2ـ ڕێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر و ڕه‌هه‌نده‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ كوردستانی باشوور: كامه‌ران بابان زاده‌. ‏3ـ كورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیست: كریس كۆچیرا. ‏4ـ الحركة التحرریة الكردیة 1958 ـ 1975: ایوب بارزانی. ‏5ـ تندباد حوادث، گفتوگو با عیسا پژمان: عرفان قانعی فرد. ‏6ـ سیاسه‌تی ئێران به‌رانبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد: نازناز محه‌مه‌د عه‌بدولقادر. ‏7ـ ژیانی سیاسیی له‌ باشووری كوردستان 1975 ـ 1991: سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم. ‏8ـ مصطفی البارزانی اللاسطورة والحقیقة: د. فاضل البراك. ‏9ـ له‌ كه‌ناری دانووبه‌وه‌ بۆ خڕی ناوزه‌نگ: نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین. ‏10ـ تقییم مسیرة الثورة الكردیة وانهیارها والدروس والعبر المستخلصة منها: الحزب الدیمقراطی الكردستانی، اللجنة التحضیریة. ‏11ـ وێستگه‌كانی ژیانم: موحسین دزه‌یی. به‌شی دووه‌م. ‏12ـ سه‌ربرده‌: محه‌مه‌د مه‌لا قادر.

 

author photo

نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس، ئه‌زمونى 17 ساڵ كارى ڕۆژنامه‌وانى