گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە، یان؟

گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە، یان؟

548 خوێندراوەتەوە

کاروان گەزنەیی ــ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

ئەگەر حکومەتی ھەرێم زوو ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ناچارن پەنا ببەنەوەبەر پاشکەوتی مووچە، کە ئەمە ئینتیحاری سیاسی دەبێت!!

نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووەو دابەزینە، بە جۆرێک کە نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتووەتە ٣٧ دۆلاری ئەمەریکی، کە ئەمە چەند لێکەوتەیەکی نەرێنی ڕاستەوخۆیی بەسەر تەواوی عێڕاق و هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت.

ئەمانە لە کاتێکدان کە هەرێمی کوردستان (١٠) دۆلار کەمتر نەوت بە بازاڕ دەکات؛ واتا ئەگەر عێڕاق بە (٣٧) دۆلار نەوت بفۆرشێت، ئەوا حکومەتی هەرێم تەنها بە (٢٧) دۆلار دەفرۆشێت. لێکەوتەکان چین و چۆن دەبن:

یەکەم: حکومەتی هەرێم دان بەوە دادەنێت کە لە ڕۆژێکدا نزیکەی (٤٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بەبازاڕ دەکات، و بڕی (٣٠٠) ملیۆن دۆلار دەداتە وەزارەتی دارایی!

دووەم: سەرجەم گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوبەشن کە بە ستانداردی جیهانی واژۆ کراون.

بەم شێوەیە: ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە ٣٧ دۆلار بێت لە بازاڕی جیهانی، واتا هەرێمی کوردستان بەو هاوکێشەیەی سەرەوە بە (٢٧) دۆلار دەیفرۆشێت. ئەم پارەیە، بەسەر دوودا دابەش دەکرێت، و نیوەی پارەکە واتا (١٣.٥) دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و (١٣.٥) دۆلار دەمێنێتەوە. دیسانەوە بەشێک لەو پارەیە دەدرێتە بنیادنانی ناوچەی نەوت و کرێی گواستنەوە. ئەوەشی کە دەمێنێتەوە دەبێتە قازانجی نەوت و جارێکی تر لە نێوان کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوت و حکومەتی هەرێم دابەش دەکرێت و نیوەی پارەکە بۆ حکومەتی هەرێم و نیوەکەی تری دەدرێتە کۆمپانیاکە. لێرەدا کێشە ئەوەیە کە تا ئێستاش نازاندرێت کە ئایا کەپاسیتی بیوڵدینگ دەدرێت بەو ناوچەیەی نەوتی تێدایە یان نا، ئەگەر بدرێت هەڵبەت پارەکە کەمتر دەکات، و ئەگەریش نەدرێت، پێشلکارییەکی ڕوونی یاسایی گرێبەستەکەیە!

سێیەم: لە کابینەی (٨) پارەی نەوت دەدرا بە کۆمپانیای کوردستان، بەڵام کابینەی (٩) پارەکە دەدات بە بانکی (ئاڕ تی) کە کۆمپانیایەکی تایبەت، و پارەیەکی یەکجار زۆر قازانج دەکات، و دووبارە حکومەت لە بەرزی سووی کۆمپانیاکە زەرەرێکی زۆر دەکات!

چوارەم: با گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم (٤٥٠) هەزار بەرمیل بفرۆشێت کە زۆر زیاترە لەو پارەیە، ئەوە فرۆشی هەرێم بە (٢٧) دۆلار دەکاتە ( ١٧.٣٩٠) حەڤدە ملیۆن دۆلار و( ٥٢١،٧٠٠ ) نزیکەی پێنج سەد و بیست و دوو دۆلار بۆ مانگێک. بەڵام بەگوێرەی ئەو فۆرمیولەیەی سەرەوە، کە نزیکەی (١٠) دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنتەوە ئەوا داهاتی حکومەت لە نەوتەوە زیاتر نابێت لە نزیکەی (١٥٠) ملیۆن دۆلار کە دەکاتە (١٨٠) ملیار دینار بۆ هەر مانگێک!

پێنجەم: ھەلبەت ئەم ھاوکێشەیە بۆ حکومەتی ناوەندیش ھەر راستە و رایەک ھەیە کە حکومەتی ناوەندی نزیکی ٦٠ ملیار دینار عجزی ھەبێت بۆسالی تازە! کورتھێنانێکی گەورە لە بووددجەی ناوەندی بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت و چەند لێکەوتەیەکی دیکەی ئابووری و قەرزڕوودەدات. ئەگەر حکومەتی ناوەندی بچێتە ژێرباری ئەم کورتھێنانەگەورەیە، ئایا دەتوانێت ھەموومانگێک بری ٤٦٠ ملییار بنێرێت بۆ ھەرێمی کوردستان؟! بێگومان نەخێر.

،،

ڕەنگە حکومەتی ناوەندی بە جۆرێکی تر و زمانێکی تر قسە لەگەل ھەرێمی کوردستان بکات کە ھێشتا نازانین چۆن دەبێت!

شەشەم: لە ئێستادا حکومەتی هەرێم، ٣٠٠ ملیۆن لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەردەگرێت، ٣٠ ملیار دینار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەگەر کەمی نەکردبێت، بەشە بوودججەی بەغدا کە ٤٥٣ ملیار دینارە، و داهاتی ناوخۆش نزیکەی ٢٥٠ ملیار دینارە. لە بەرامبەردا، خەرجی وەبەرهێنان و و خەرجی ئاوەدانکردنەوە و مووچەمان هەیە.

کەواتا: بە کۆکردنەوەی هەموو داهاتەکان، حکومەتی هەرێم پێشتر سەرووی یەک ترلیۆن داهاتی مانگانەی بووە، بەڵام دوای دابەزینی نرخی نەوت، ئەم ڕێژەیە دەگاتە خوار ترلیۆنێک کە تەنها مووچەی فەرمانبەران نزیکە بووەتەوە لە (٩٠٠) ملیار دینار. واتا نزیکەی (١٥٠) ملیار دینار کورتهێنانمان دەبێت، تەنانەت بەم دۆخەی ئێستاشەوە!

پرسیارەکان ئەمانەن: حکومەت چۆن چارەسەری ئەم دۆخە دەکات؟ ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت داهاتی ناوخۆیی زیاد بکات؟ ئایا حکومەت دەتوانێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بگاتە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو؟ ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات؟

ڕەنگە جارێ نەگەڕێینەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە و کێشەی داھات و داراییش دروست نەبێت، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە ئاڕستەکەی خێرنابێت و پەککەوتنی بواری ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنانیش پەکیان دەکەوێت. ھۆکاری ئەمەش یەک سەرچاوەییە لە داھات، و لە بەرامبەرداھەمەجۆرکردنی ئابووری تاکە ڕێگەی دەرچوونە لەم دۆخە نەخوازراوەدا.

چارەسەر بۆ حکومەتی ھەریم زیادکردنی داھاتی ناوخۆییە بە ڕێکخستنی سیستمی باج، کە راپۆرتێکی تەواومان ئامادەیە و بلاو دەکەینەوەلە چەند رۆژی داھاتوو لەگەل رێکخستنەوەی خالە سنوورییەکان. ئەگەر حکومەتی ھەرێم زوو ڕێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ناچارن پەناببەنەوە بەر پاشکەوتی مووچە، کە ئەمە ئینتیحاری سیاسی دەبێت!!