ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاو بۆ كۆرۆنا چی ده‌گه‌یه‌نێت؟

ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاو بۆ كۆرۆنا چی ده‌گه‌یه‌نێت؟

521 خوێندراوەتەوە

له‌ كاتی ڕوودانی كاره‌سات و كێشه‌ی ته‌ندروستی و بڵاوبوونه‌وه‌ی پاته‌ و نه‌خۆشی، زۆرینه‌ی كات گوێمان له‌ ڕاگه‌یاندنی ( باری له‌ناكاو) بووه‌، ئێستاش كه‌ په‌تای كۆرۆنا سه‌رانسه‌ری جیهانی گرتۆته‌وه‌، له‌ چه‌ندین شوێنی جیهاندا باری له‌ناكاو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س له‌وه‌یه‌ نازانێت ئه‌م وشه‌یه‌ واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت.

بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی واتای وشه‌كه‌، ئێمه‌ وه‌ك نموونه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا وه‌رده‌گرین كه‌ تاكو ئێستا ڤایرۆسی كۆرۆنا 38 ویلایه‌تی گرتۆته‌وه‌، له‌ چه‌ندین شار و ویلایه‌تیش باری له‌ناكاو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.

له‌ ویلایه‌تی واشنتن و كالیفۆرنیا و میریلاند و كینتاكی و یوتا و نیویۆرك و فلۆریدا و ئۆریگۆن و نیوجیرزی و كولۆرادۆ و ماساچوستس و نۆرس و كارۆلاینا و میشیگان و ئه‌ریزۆنا باری له‌ناكاو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.

 

ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاو واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رۆك شاره‌وانی یان پارێزگار یان حاكمی شار یان وڵات ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رده‌كات، كاتێك قه‌یرانێك یان كاره‌ساتێك خه‌ریك بێت ڕووبدات.

• باری له‌ناكاو ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ حاكمی ویلایه‌ت و به‌رپرسان دوو كاری گرنگ ئه‌نجام بده‌ن ، كه‌ بریتی یه‌ له‌ ڕێكاری پێویست بۆ وه‌ڵامدانه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌.

• ویلایه‌ته‌كان یان ناوچه‌كان هاوكاری فیدراڵیان پێده‌درێت، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی خه‌رجیان كردووه‌، جێگای باسه‌ كۆنگرێس و سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسایه‌ك به‌ بڕی 8.3 ملیار دۆلار ده‌ربڕی، كه‌ وه‌ك هاوكاری به‌په‌له‌ دیاری بكرێت بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌كه‌.

• ڕێگا به‌ به‌رپرسان ده‌درێت كه‌ پاره‌ بۆ كارمه‌ندان خه‌رج بكه‌ن و كه‌ره‌سته‌ و پێداوستیه‌كان بكڕن، یان بۆ دابین كردنی كۆگای پێویست خه‌رجی بكه‌ن.

• ڕاگه‌یاندنی باری له‌ناكاو وا له‌ دانیشتوان ده‌كات، كه‌ هه‌ست به‌ بونی كێشه‌یه‌كی تایبه‌ت بكه‌ن و ڕێنمایی و یاساكان جێبه‌جێ بكه‌ن.

• حاكمی ویلایه‌ته‌كان ڕێگایان پێده‌درێت پابه‌ندی هه‌موو یاساكان نه‌بن، بۆ نموونه‌ ده‌توانن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بڕیاری دادگا، بڕیاری چاودێری ته‌ندروستی (كه‌ره‌نتیه‌نه‌) ده‌ربكه‌ن، ئازادی گروپ و كۆمه‌ڵه‌كان سنوردار بكه‌ن،گۆڕانكاری له‌ یاساكانی ته‌ندروستیدا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م كارانه‌ بۆ كاتێكی دیاری كراوه‌، كه‌ سه‌رۆك یان سه‌رۆكی شاره‌وانی و پارێزگاره‌كان دیاری ده‌كه‌ن.

بۆ نموونه‌ له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌كاربه‌ران ده‌ركراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یاری كردن به‌ نرخه‌كان بیانپارێزن، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ له‌ بواری ته‌ندروستیدا كار ده‌كه‌ن ڕێگایان پێده‌درێت له‌ ناوخۆی ویلاته‌كه‌ و له‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كاندا هاوكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، واته‌ هه‌ندێك له‌ ڕێساكانی بواری كاركردن یان هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌ یان سوك كراوه‌.

هه‌روه‌ها حاكمی ویلایه‌تی نیویۆرك به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی بڕیاری داوه‌، كه‌ پابه‌ندی هه‌ندێك له‌ یاساكانی گواستنه‌وه‌ نه‌بێت، هه‌روه‌ها یاساكانی په‌یوه‌ست به‌ كڕینی پێداویستیه‌كانی خوێندنگای سوك كرد.