بۆچی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئێراندا پلانی گرتنی هەڵەبجەیان داڕشت؟

بۆچی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئێراندا پلانی گرتنی هەڵەبجەیان داڕشت؟

1025 خوێندراوەتەوە

باست عوسمان

ئەوە ڕوونە کە ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لە دڕندەتریین و دیکتاتۆرترین رژێمەکانی دونیا! نوسینەکەمان پاکانە نییە بۆ تاوانەکانی بەعس! بەڵکو هەوڵدانە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، خوێندنەوە و تێگەشتنە لە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد! ‎بەنمونە کاتی بڕیاردان لەئازادکردنی هەڵەبجە! ئایا لەکاتی بڕیارێکدا چەندێک توانییویانە دەرئەنجامەکانی بخوێننەوە!

ئایا هیچ حسابێکیان بۆ دەرئەنجامی بڕیارەکان و رێکەوتنەکان کردووە؟

‎زۆربەی سەرکردەکانی کورد و نەوشیروان مستەفا لەکتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا لەلاپەرە ۱٤۷_۱٤۹ ، زۆر بەتوندی هێرش دەکەنە سەر ئەوانەی کەباوەڕیان وایە ئەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد و یەکیتی هۆکاربوون بۆ بۆمبارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوەو باوەڕیان وایە دەیانەوێت سەروەرییەکانی شۆرشی کوردی پێ بێنرخ و تاوانەکانی دوژمن بشۆنەوە!

بەڵام با ئێمە هەڵسەندگاندن بۆ ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بکەین! وە خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری ئازادکردنی هەڵەبجە بکەین لەلایەن یەکیەتی، پارتی، سۆشیالیست، بزوتنەوەی ئیسلامی لەلایەک و دەوڵەتی ئێران لەلایەکی ترەوە. ‎ئەگەر حیزبە کوردییەکان بیانوویان نەدایەتە دەست سەددام حسێن و هێزی سوپای پاسدارانی ئێرانیان نەهێنایەتە ناو هەڵەبجە و دەورووبەری!

ئەگەری کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە لاوازدەبوو! یان دەکرا کارەساتی کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە ڕووی نەدایە!

،،

لەلایەکەوە هاتنی سوپای پاسداران بیانوویەکی باشی دایەدەست رژێمی بەعس بۆ کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە!

لەبەرچی؟ لەبەرئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەزاندنی سنوری دەوڵەتێک لەلایەن دەوڵەتێکی ترەوە، رێگەپێدراو نییەو بەپێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت دادەنرێت، سنوربەزاندنی خاکی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، هۆکارێکی باشبووە بۆئەوەی رژێمی سەدام بەبیانووی بەرگریکردن لەخۆی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی هێرش بکاتە سەر هەڵەبجە! لەلایەکی ترەوە پلانی هێرش کردنە سەر هەڵەبجە ‎لەلایەن حیزبەکوردییەکانەوە، بیانوویەکی باش، وە هۆکارێکی سەرەکیی بووە بۆ کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە! ‎

هێزە کوردییەکان بۆچی پلانی گرتنەوەی هەڵەبجەیان داڕشت لەگەڵ ئێران ؟ ‎

هێزە کوردییەکان زۆربەیان لەدەرەوەی سنوری کوردستان بوون، بەجۆرێک زۆربەیان لەناو خاکی ئێراندا بوون! ئەمە جگەلەوەی یەکێتی نیشتیمانی وەک کاریگەرتریین هێز لەناو کوردستان مابوویەوە، لەشکستدا بوو بەرامبەر رژێمی بەعس!

بەجۆرێک سەرکردایەتی یەکیەتی لەژێر هەڕەشەی هێزە عەسکەرییەکانی ڕژێمی بەعسدابوو!

ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانی بۆ دەرپەڕاندنی سەرکردایەتی یەکیەتی دەستپێکردبوو! ‎هەر لەبەرئەمە بووە بەشێک لەسەرکردایەتی یەکیەتی پێیان وابووە پلانی هێرشکردنە سەر رژێمی بەعس دابڕێژن باشە! بۆ ئەوەی هێرش بۆسەر سەرکردایەتی یەکیەتی بوەستێت!

یان هیچ نەبێت کەمێک لەهێزە عەسکەرییەکانی بەعس ڕوو لەهەڵەبجە بکەن و فۆکسی هێزەکانی بەعس لەسەر دۆڵی بالیسان و سەرکردایەتی یەکیەتی لابچێت!

بەڵگەش بۆئەوە بروسکەیەک لەمەکتەبی سیاسییەوە هاتبوو، کە پەلەبکرێت بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە! چونکە عێراق هێرشەکانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و سەرکردایەتی و خەڵکی زیاتر کردبوو!

حەمەی حەمەسەعید، گازبارانی هەڵەبجە و ڕاستی ڕووداوەکە، ل،۷٤. ‎ئەمە جگەئەوەی نەوشیروان مستەفا لە کتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا، ل، ۱٤٥ دەڵێت : داوامان لە فەرەیدون و د. فوئاد کرد کەلەوکاتەدا لەئێران بوون پەلەبکرێت لەجێبەجێ کردنی نەخشەی ئازادکردنی هەڵەبجە بۆئەوەی ئەگەر عێراق بارەگاکانی سەرکردایەتی داگیربکات، شوێنێکی کەی هەبێ بۆی بچێ و بارەگای لێدابنێ.

‎ئەگەر پلانی ئازادکردنی هەڵەبجە دانەنرایە! چی ڕوویدەدا ؟

‎زۆربەی هێزەکوردییەکان لەناو خاکی ئێراندا بوون، جگە لە یەکێتی نیشتیمانی! لەو کاتەدا ڕژێمی بەعس بەهۆی شکستهێنانی گفتوگۆکانی لەگەل یەکیەتی، بڕیاری هێرشی بۆسەر سەرکردایەتی یەکیەتی دەرکردبوو! هێزەکانی یەکیەتیش توانای ڕووبەڕووبونەوەی ڕژێمی بەعسیان نەبوو!

ئەوکات دەبوو هێزەکانیان بکشێننەوە بۆسەر چیاکان و خاکی ئێران! ئێرانیش وەک هەمیشە ڕێگەی بەحیزبەکوردییەکان دەدا سنور ببەزێنن و ڕووبکەنە خاکی ئێران!یەکیەتیش وەک حیزبەکانی دیکە ڕوویان دەکردە ئێران و چاوەڕێی دەرفەتێکیان دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان! ‎

ئەکرێت ئەوە بخوێنرێتەوە دۆخی ناوخۆی عێراق و دۆخی دەولی ئەوەی ئەخواست گۆڕانکاری لەناو دەوڵەتی عێراقی ئەوسەردەمەدا ڕووبدات! ئەکرا هێزە کوردییەکان وەک هەمیشە لەچاوەروانیدا بوونایە بۆ ئەوگۆرانکاریانەی ڕوویان ‎دەدا!

هەروەک چۆن لەدوای کەمتر لەسێ سال، رژێمی بەعس هێرشی بۆسەر کوەیت ڕاگەیاند، وە هێزەنێودەولەتییەکان دژی وەستانەوە، رژێمی بەعس شکستی هێنا و بەناچاری هێزەکان و داموودەزگائیدارییەکانی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کشاندەوە! هێزە کوردییەکان بەئاسانی و بەبێ رووبەرووبونەوەیەکی قورس گەرانەوە کوردستان!

‎ ئایا چۆن سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەستیان بە دڵڕەقی ڕژێمی بەعس نەکردبوو!؟ ‎

لەکاتێکدا تەنها لەبەرئەوەی لەشەوی ۱۲ / ٥ / ۱۹۸۷ هەندێک لەرێکخستنەکانی حیزبی شیوعی و یەکیەتی، لەبڵندگۆکانی مزگەوتی جامیعەوە بانگەوازیان کرد بۆ ئەوەی خەلکی هەڵەبجە ڕاپەرن، لەبەرامبەردا ڕژێمی بەعس بۆ سبەینێ زۆر دڕندانە وەلامی دانەوە و گەڕەکی کانی ئاشقانی بەتەواوی تەختی زەوی کرد و ژمارەیەکی زۆر هاوولاتی هەڵەبجە بوونە قوربانی!

جگە لەئەوەی لەسالانی پێش ۸۸ دا، چەکی کیمیاوی دژی پێشمەرگە و خەلکی کوردستان و سوپای پازداران و خەلکی کوردستانی ئێران بەکارهێنابوو! هەروەک لەمانگی ۲ / ۱۹۸۸ دا، لەسەرگەڵوو، بەرگەڵوو.

لە ۱٥/٤/۸۷ دا هەڵەدن،کانی توو، ئاوەژێ . ۱۹۸۷ سێوسێنان، دوکان، بەلەکجار. خورەم شەهر، ۲٥ ی ئەیلولی ۱۹۸٦ کەبووە هۆی کوژران و برینداربوونی ۱۱٦٠ کەس! سەردەشتی رۆژهەلاتی کوردستان بووە هۆی قوربانی ۸٠۲٥ کەس! لە ۲٥ کانونی ۱۹۸۷ دا. حەمەی حەمە سەعید، گازبارانی هەڵەبجە و ڕاستی ڕووداوەکە،ل،ل ۱۳۲_۱۳۳.

بەرەی کوردستای چۆن درکیان بەوە نەکردبوو کە ئێران و عێراق لە کۆتایی جەنگ نزیک بوونەتەوە و پێویست ناکات قوربانی بدەن بەخەڵکی هەڵەبجە و ببنە داردەستی ڕژێمی ئێران!

،،

هەمیشە دەوڵەتە شەڕکەرەکان لەکۆتایی جەنگ و نزیک بوونەوەی ئاشتیدا هەولدەدەن نفوزی خۆیان لەقەڵەمڕەویی بەرامبەردا زیادبکەن و شوێنی زیاتر داگیر بکەن! ئێرانیش ئەم هەنگاوەی بۆئەوەبوو!

وە لەکاتی دانوستاندا وەک کارتی فشار بەکاری بێنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر! هەر لەدوای ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجەوە بە نزیکەی چوار مانگ هەردوو دەوڵەتی ئێران و عێراق پەیمانی ئاشتییان مۆرکرد! ‎وەک پشکۆ نەجمەدین لەئەزموون و یاد دا، لەلاپەرە ۳٤۲دا ، دەڵێت: سەرکردایێتی سیاسی کورد!

چلۆن پرکێشی ئەم کارەتان کرد و لەبەر ڕۆشنایی کام ئەقلدا، سەرکەوتنی خۆتان لەمەرگی شارێکدا دەبینن؟! وای لەڕێبەرانێک کەباکیان بەپیرۆزییەکانی نەتەوە نییە و هیچ هێلێکی سور ناناسن! بڵێی مێژوو چۆن ئەم ڕەفتار و کردە سیاسییەتان لەڕووپەڕی خۆیدا بنەخشێنێ؟