هەڵەبجە قوربانی بوو یاخود کرایە قوربانی؟!

هەڵەبجە قوربانی بوو یاخود کرایە قوربانی؟!

295 خوێندراوەتەوە

کۆچەر میرزا ئەنوەر

یەکێک لە لایەنی نەگەتیفی کەسایەتی کورد لە بیرچوونەوەیە، بەڵێ ئێمە زاکیرەیەکی لاوازمان هەیە. بۆ مێژوو و وە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان چەواشە نەکرێن و ڕاستییەکان وەک خۆی بنووسرێتەوە، لەیادی مەرگەساتی هەڵەبجەدا کۆمەڵێ ڕاستی دەخەمە روو.

لێرەدا بە پرسیارێک دەست پێدەکەم و دەڵێم: هەڵەبجە قوربانی بوو یاخود کرایە قوربانی؟!

لە وەڵامدا دەڵێم: هەڵەبجە قوربانی نەبوو بەڵکو کرایە قوربانی و بە بڕیاریش کرا. بەڵام ئەوانەی کردیانە قوربانی حسابی بەرخێکیان بۆکرد، نەک حسابی شارێک کەدانیشتوانەکەی ژمارەیان سەدەها هەزار مرۆڤ دەبێت.

،،

ئەوان شارێکیان کردە قوربانی تەنها لەبەر ئەوەی فشار لە سەر ناوچەکانی سەرکردایەتی کەم بکەنەوە.

زۆر باش دەیانزانی پەرچەکرداری سەدام زۆر تووند دەبێت بەرامبەر داگیر کردنی هەڵەبجە، چونکە پەلکێشی هێزێکی بیانیان کردووە بۆ داگیر کردنی هەڵەبجە کە بەشێکە لە وڵاتی عێراق.

بۆ ئەوەی کە دەڵێم دەیانزانی پەرچەکرداری سەدام زۆر توند دەبێت، بەڵگەم هەیە. بەڵگەیشم ئەوەیە بەر لەمانگێک ئەو پەرپرسانەی کە خەڵکی هەڵەبجە بوون، بەمانگێک بەر لە داگیر کردنی هەڵەبجە، خێزان و کەس و کار و ماڵە خەزور و ئاوەڵزاواشیان لەیاد نەچوو ! ئاگاداریان کردنەوە کە هەڵەبجە بە جێ بهێڵن، ئەوە بوو یان ڕوویان کردە ئێران یان چوونە ناوچەکانی تری کوردستان.

سەیر لەوەدابوو کاتێک هاتنە هەڵەبجە نەیاندەهێشت خەڵکی دەربچێت دەیانوت بەرگری بکەن، بە هۆی ئەم کردارەوە چەندەها خێزان کە بەزۆر گەڕاندبوونیانەوە هەموویان شەهید بوون.

ئەوانەی کە خەڵکیان بەزۆر دەگەڕاندەوە خۆیان بۆ چرکەیەکیش لە ناوشاردا نەمانەوە بەڵگەمان ئەوەیە کە کەسێک لەوان لە( ٣/١٦ ) دا شەهید نەبوون ! چیرۆکی ڕاستی بە قوربانی کردنی شارێک دوای داگیرکردنی هەڵەبجە ئێمەی خەڵکی ئاسایی، پێشبینی ئەوەمان دەکرد، کەسەدام بە هەموو هێزو زەبرێک گەورەترین گورز لە هەڵەبجە دەدات، تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە چەکی کیمیایی بەکاربێنێت.

ئەی بۆچی سەرجەم هێزە کوردییەکان کە هاوکاربوون لە داگیرکردنی شاری هەڵەبجەدا پێش ببنی ئەوەیان نەکرد و بە خەڵکیان نەوت شارچۆڵ بکەن؟!

هێزە کوردییەکان هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ ئەگەرەکان، بەڵکو هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو. دەسەڵات تەنها بە هێزەکانی ئێران بوو ، ئەمان تەنها وەک شەڕکەرێک حسابیان بۆ دەکرا ! کاتێک کار لە کار ترازا شار درا بە زەویداو کرایە قۆچی قوربانی، بەداخەوە لەجێی ئەوەی بەدەم قوربانییەکانەوە بڕۆن، شار کەوتە بەر هەڵمەتی تاڵانی و زۆر لە هێزە کوردییەکان و هەندێ لە بەرپرسەکان لەم ئابڕووچوونە تێوە گلان.

،،

بێگومان جگە لە هێزی چەکدار خەڵکێکی زۆری مەدەنی شاری هەڵەبجە لەم ئابڕووچوونە تێوە گلان.

ئەمانە کۆمەڵێ ڕاستین نابێت لە نەوەکانی داهاتووی بشارینەوە، بۆ ئەوەی جارێکیتر بە هەمان هەڵەی پێشوودا نەچینەوە، گەلانی دونیا بەو جۆرە سوودیان لە مێژوو وەرگرتووە، سوودیان لە شکست و هەڵەکانیان وەرگرتووە و نەیان شاردۆتەوە دانیان بە هەڵەکانیاندا ناوە و داوای لێبووردنیان کردووە.

لەیادی (٣٢) ساڵەی بە قوربانی کردنی شاری هەڵەبجەدا، باسەرجەم ئەو هێزانەی کە هەڵەبجەیان کردە قوربانی با بەڕوونی دان بەو هەڵەیاندا بنێن و داوای لێبووردن لە خێزانی قوربانیان و خەڵکی شاری هەڵەبجە بکەن.

لە داهاتوودا هەوڵی ئاوەدان کردنەوە و بوژاندنەوەی شاری هەڵەبجە بدەن. بەراوردێک لە نێوان قوربانی ئاسایی و بە قوربانی کردنی شارێک کاتێک کەسێکی ئاسایی قوربانی دەکات و خوای گەورە ئاواتەکەی بەدی دەهێنێت، کەسی قوربانی کەر باوەڕی بەهێزتردەبێت و زیاتر دەست کراوەتر دەبێت.

بەر لەوەی هەڵەبجە بکەنە قوربانی، قوربانیکەران دەرگای دونیایان لێ داخرابوو، بێ گومان مەبەستم حیزبە سیاسییەکانی کوردستانە، بە قسەی خۆیان بەر لەوەی هەڵەبجە بکەنە قوربانی سەرۆک یان سکرتێر یان ئەندامی باڵای حیزبە کوردییەکان، بە هەفتە لە بەردەم سەفارەتی وڵاتە زل هێزەکان دەوەستان بە قسەی خۆیان فەرمانبەری سەفارەتەکان ئامادەنەبوون بیان بینن.

دوای قوربانییە گەورەکە کە شاری هەڵەبجەیە دەرگاکانی دونیا لە بەردەم هێزە سیاسییەکان کرایەوە و دۆزی کورد بازێکی زۆر گەورەیداو بووە دۆزێکی جیهانی. هەموو دەرئەنجام و گۆڕانکارییەکانی عێراق دەرهاوێشتەی دوای بە قوربانی کردنی هەڵەبجەدابوو. کە هەرێمی کوردستانی گەیاند بەم ڕۆژە . دەبوو هیچ نەبا وەک ئەوەی کە قوربانی ئاسایی دەکات و نەرمی یەتەدی ، ئەمانیش کە ئەم هەموو خێرو بێرە بەسەریاندا ڕژاوە هەڵەبجەیان بکردایەتە جوانترین شاری کوردستان. بەڵام هەڵەبجە ئێستە گوندیش نییە نەک شار (٣٠٠) ساڵ بۆ دواوە گەڕاوەتەوە.